تەواوی خێزانەکان لەسەر نەریتێکی بۆماوەیی درێژە بە فەرمان ڕەوایی دەدەن، بەم جۆرە لە باوکەوە بۆ کوڕ دەسەڵاتی فەرمان ڕەوایی دەگوازرێتەوە. دیارە سەردەمەکە باس لە قۆناغەکانی پێش بیرکردنەوەی سیستمی دەنگدان و ئازادانە ھەڵبژاردن فەرمان ڕەوا دەکات. لێرەدا ھەموو فەرمان ڕەوایەک پێویستی بە جێنشینە، دیارە لە کورترین تەفسیردا جنشین یەکێکە لە ڕەگەزەکانی مەرگ. پادشاکان دەبێت نەوە بخەنەوە، چونکە دەزانن ڕۆژێک دەمرن. لێرەدا منداڵی پادشاکان مەحکومن بەوەی لە ساتێکدا بچنە سەر تەخت و شوێنی باوک بگرنەوە. تەنانەت گەر ویستێکیان بۆ دەسەڵاتیش نەبێت، ئەوا لەبەر یاسا نەگۆڕەکان ناچارن قبوڵی بکەن. بەڵام وەک لە زنجیرەکەدا دەیبینین کێشەیەکی گەورەتر دێتە ئاراوە، ئەویش بریتیە لەوەی ھەندێک لە پاڵەوانەکان پێیان وایە قەدەری ئەوانە پادشابن، وای دادەنێن کە ئەوان خوێنی ڕەسەنی حاکمیەتیان تێدایە و پێشوەختە بۆیان نوسراوە کە دەبێت فەرمان ڕەوا بن.
<< خالیسی_دایکی دراگۆنەکان>> لە خێزانی تارگێریان و کچی پادشا شێتەکە، دێتەوە تا بجەنگێت لە پێنا و تەختی ئاسنیندا تا ببێت بە شاژنی حەوت شانشینەکە.
خالیسی یەکێکە لە کێشە گەورەکان بەوەی کە ھەر قۆناغەو بەرکەوتەیەکمان لە گەڵیدا دەبێت. وەک دەبینین لە سەرەتادا دەستدەکات بە ڕزگارکردنی کۆیەلەکان و خانەدانەکان لە ناو دەبات، ئەمە وەھمی ئەوەی لا دروستدەکات کە دەبێت جیھان لە کۆیلەیەتی و چینایەتی ڕزگار بکات. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت بگەڕێتەوە سەر تەختی ئاسنین، چونکە ئەو نێردراوە تا جیھان ڕزگار بکات. لێرەدا چارەنوس << قەدەر>> تەنھا ئەگەرێکی ڕێژەیی نیە، بەڵکو ھەڵگری جۆرێک لە موتڵەقیەتیشە. مادام خالیسی پێی وایە چارەنوسی ئەو بریتیە لە ڕزگار کردنی جیھان، کەوایە چارەنوسشیەتی ببێتە شاژنی حەوت شانشینەکە. لێرەدا چارەنوس شتێکە و بڕاوەتەوە و ھەموان یەقینیان پێی ھەیە. چارەنوس< ئیزافە > نیە، بەڵکو سۆبێکتە و ئەوانیدیکەش تەنھا وەسیلەن تا ئەم چارەنوسە بگەڕێتەوە پێگە و مەقامی خۆی.
بە قەولی سلاڤۆی ژیژەک < ژیانی مرۆڤ تەنھا ژیان نیە و بەس، بەڵکو پانتاییەکی نەبینراویشی تێدایە بۆ خستنە سەر( ئیزافەکردن)، کە ئەم خستنە سەرەش بۆ ژیان، جۆرێکە لە مەرگ> ژیژک/ قمارکردن بر سر محال/گلین دالی/مراد فرھاد پور.
لێرەدا چارەنوس بەرامبەر بەم خستنە سەرە ھیچی پێ نییە، گەر چارەنوسی کچی پادشا شێتەکە بووبێت کینگز لانیدن وێران بکات و بەو نیەتەی ببێتە فەرمانڕەوا وەک بۆی دیاری کراوە، ئەوا خستنە سەرێکی لە ناکاو ھەبوو کە زۆر بەسادەیی لەلایان شۆڕشگێرە فانەتیکیەکەوە کوژرا کە << جۆن سنۆو بوو>>.
دیارە ئەم چارەنوسە لایی سنۆو جۆرێکە لە نوکتە و، ئیشی ئەو ئەوەیە جیھان ڕزگار کات. بەڵام لەدەرەوەی چارەنوسەوە.
دیارە ئەوەشمان بیرنەچێت کە وەرزی کۆتایی زنجیرەکە و، تەواوبوونی بەم چەشنە زۆر بێمانایە، کە خاڵی بوونەوە و خۆدزینەوەیەکی گەورە بوو لە ئایدۆلۆژیا، ھاوکات جارێکیتر بە قەولی ژیژەک پەلە پروزێیەکی زۆری پێوە دیار بوو. دیارە پێچەوانەی ھەموو خواستەکانی بینەر و بە ئاستێکی زۆر نزم کۆتایی ھات. وە بینەرانیش بەم دوایانە داوای ئەوە دەکەن وەرزی کۆتایی سەحب بکرێتەوە و بە ئارامی کۆتاییەکی دیکەی بۆ دابنرێت، ئەمەیان قسەگەلێکی دیکە و چاوەڕوانی تری دەوێت.
ئەوانەی بەردەوام خەون بە بوون بە حاکمیەتەوە دەبین، ھەڵگری غەریزە سروشتیەکانن< مرۆڤن> واتا تەنھا مرۆڤە دەتوانێت لە گشت و بەشیشدا شەڕی خۆی بکات و لە کۆنتێکستی < گشت و بەشدا> دەرنەچێت و خەونەکانی تیا بەرھەم بھێنێت.
چارەنوسی دانێریس تارگێریان وەک ھەر خەون بینێکی تر و خوازەی دەسەڵاتداری، دابەشە بەسەر گشت و بەشدا. بە واتایەکیتر چیرۆکی خالیسی و ھەممەکانی لە گشتێکی ئەخلاقیەوە دەستپێدەکات و بە بەشێکی غەریزەیی << وەک خستنە سەر >> کۆتایی دێت.
خالیسی چەنێک خەون بە دادپەروەریەوە ببیبێت و، چەنێک ھەوڵی ژیانێکی دوور لە جەنگ بدات، بەڵام ھێشتا وەک ھەر ئینسانێکیتر دانەبڕاوە لە جانەوەرە دڕندەکەی ناوخۆی و ئەمەش لە بەشە بچوکەکانی ناو
خۆیدا بە ھیواش ھیواش درەدەکەوێت.
ئەوکاتەی سەربازەکانی کینگزلاندین خۆیان دەدەن بەدەستەوە، بە پێی ڕێکەوتنەکە خالیسی نابێت ئازاری کەس بدات، بەڵام لەو چرکەساتەدا جانەوەرە دڕندەکەی ناوی دیسان بە ئاگادێت و خالیسی لە پێغەمبەرێکی چاکەکارەوە دەبێت بە سەرکردەیەکی دڕندە و ترسناک.
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا < سلاڤۆی ژیژەک> دەڵێت: ھەر مرۆڤێک کە وتی من باوەڕم بە ئایدۆلۆژیا نیە و لە دەرەوەی ئایدۆلۆژیا دەژیم، لە ھەمووان زیاتر لەناو ئایدۆلۆژیادا دەژی. لێرەدا ئەم قسەیە بۆ کەسێکی وەک خالیسی دەست دەدات بەوەی دوور لە ھەر ئەگەرێکی توند و تیژانە بیری دەکردەوە، بەڵام لە چرکە ساتێکدا لە ھەمووان خوێنڕێژتر و ئایدۆلۆژیتر دەرکەوت.
خالیسی دوو بەھانەی ھەبوو بۆ ئەم ریئاکشنە ترسناکە، یەکەم/ ویستی تۆڵەکردنەوە لەوەی دراگۆنەکەیان کوشت. دووەم/ بەوەی شوێنی ڕاستەقینەی ئەم تەختی ئاسنینە کە چارەنوسە بۆ ماوەییەکی بۆی دروست کردووە.
بەشی دووەم
نووسین : شەنگار سابیر