Image-Description
ململانێی خراپ ، سەبارەت بە گەمەی تەختە پاشاییەکان - بەشی سێهەم
ململانێی خراپ ، سەبارەت بە گەمەی تەختە پاشاییەکان - بەشی سێهەم
زۆر بەسادەیی و لە کورتترین پێناسەدا ھیچ ھێزێکی دڕندە نیە ساتێک لە ساتەکان مەلمەسی لەتەک خۆشەویستیدا نەبێت. لێرەدا زیاتر لەسەر خۆشەویستی دەوەستین لەبەر بەکارھێنانی ووشەکان و ھاوکات کۆیی چیرۆکەکەش، ئێمە وەک بینەر تەنھا سەروکارمان لەگەڵ خۆشەویستیدایە وەک سەبجێکتێکی مەتاتی کە توانای جێگرتنەوەی خۆی ھەیە لە پەیوەندی نێوان دوو کەسەوە تا نزیکایەتی دوو تاقمی جیاواز و تەنانەت حزوری بەردەوامیشی لەناو سیاسەت دا ھەیە. بە کەم نەزانینی مۆتیڤی خۆشەویستی لەناو زنجیرەکەدا وەک مۆتیڤێکی وون و تا ئەندازەیەکیش ئاڵۆز، لەبەر ئەوەی ھەرکاتێک خۆشەویستی لە شوێنیکی زنجیرەکەدا سەرھەڵدەدات، بەردەوام جۆرە < دژێکیش > لەگەڵیدا لە دایک دەبێت و سەرھەڵدەدات ، وەک ئەویش گەورە دەبێت. جارێکیتر دەگەڕێینەوە لای سلاڤۆی ژیژەک کە بەم دواییانە وتارێکی لەسەر ھەمان زنجیرە نوسیبوو، لە جێگەیەکدا دیالۆگێکی < دینیریس> مان وە بیر دێنێتەوە کە تیایدا بە جۆن سنۆو دەڵێت: ئەگەر تۆ من وەک شاژنی خۆت بناسێنیت و منت وەک شاژن خۆشبووێت، ئەوکات با ترس لەو پەڕی ھێزدا بێت. جنون دينيريس فانتازيا ذكورية/ سلافوي جیجیک/ ترجمة: أمير زكي. لێرەدا خۆشەویستی بە جۆرێک لە جۆرەکان گرێدراو و درێژکراوەی ئۆبجێکتیڤیتەکانی پێش خۆیەتی. ئەوەی وا دەکات بەو کتوپتڕییە دینیریس و جۆن بکەونە خۆشەویستیەوە تەنھا لە بەر ھۆیەکی سادەیی خۆشەویستی کچێک بۆ کورێک یان بە پێچەوانەوە نیە، بەڵکو زیایر ھەڵگری خەسڵەتێکی سیاسیانەشە لە ناوەوە. سیاسەت و ویستی دەسەڵات دەتوانن بەردەوام گەمەیی سەیر بکەن، وابکەن دوو مرۆڤ لە ناکاو ببنە خۆر و مانگی یەکدی و رۆژێکیش داوا لە پاسەوانێکی شەو بکات خۆشیی بوێت. بە تەواوەتی مەبەستم خۆشەویستی یەکەمی دینیریسە بۆ خاڵ دراگۆ کە پێی دەوت خۆر و مانگی من، بەڵام لە راستیدا دینیریس ئاماژەیی بۆ جۆرە یارییەکیتر دەکرد کە ئەوکات لای بینەر ونبوو. شاژنە شێتەکە پێویستی بە خۆشەویستی بوو تا لە دەسەڵاتدا بەردەوام بێت، ھەمووان دەبوو ئیگۆی دینیریس تێر بکەن، دەبوو کە سێک ھەبێت خۆشی بووێت و لە پێناویشیدا بمرێت ، تا لە ڕێگەیەوە ئیگۆی خاوەندارێتی خۆی تێر بکات و ھەست بە شکانی ئیفتیخاری نەکات. لە راستیدا ئیفتیخاری پادشایەک یان حاکمێک تەنھا دەسەڵاتەکەی نیە، بەڵکو ئەوان پێویستیان بەوەیە ببنە حاکم و سەردار تا خەڵکی پیایاندا ھەڵبدەن و خۆشییان بوێین و ئیگۆیان تێر بکەن. ئیگۆ ئەو جانەوەرە ترسناک و ئاڵۆزەیە کە لەگەڵ یەکەم بەرکەوتەیدا لەتەک ووشەیی خۆشەویستیدا زیاتر لەھەر کاتێکیتر بە ئاگا دێت و جڵەو دەگرێتەوە دەست. ئەوکاتەی ھەستدەکەیت لەبەر ھەر ھۆکارێک و بە ھەر ڕێگەیەک بێت کە کەسێک پێت دەڵێت خۆشمەوێیت یان خۆشتبووێم، جۆرە خاوەندارێتیەک لە تۆ سەرھەڵدەدات بەرامبەر بە خۆت، تا زیاتر خەڵکی خۆشیان بووێت نرخی زیاتر لەسەر خۆت دادەنێت و وەک بەنرخترین سەبجێکت لە خۆت دەڕوانیت. لۆژیکێکی زۆر سادەیە، تەواوی فەرمان ڕەواکان پێویستیان بە فیداکاری و خۆشەویستی ئەویدیکەیە، ئەویدیکەی گرگن و ترسنۆک و کۆیلە. دینیریس و شاژنەکەی کینگزلاندین لە ڕوبەروو بوونەووی کۆتایدا ھەردوکیان بە یەک جۆرە دیسپلین ئیشیان دەکرد، یەک میتۆدیان ھەبوو ، بردنەوە و بەس، ئەم بردنەوەیەش بۆ ئەوان تەنھا پرسی ئیگۆیە و ھیچیتر. لێرەدا ئەوانەی زیاتر لە یاری خۆشەویستی بزانن ئەوا زیاتر لەھەر کەسێک نزیکن لە کورسی دەسەڵاتەوە. لە راستیدا من باوەڕم بەوە نیە جەنگی ژیان و مردن لە سیاقێکی ئایدۆلۆژیدا مامەڵە بکەم، لێرەدا بەتەواوی نازانم مەبەستی دەرھێنەر چیە لە دروستکردنی جەنگێک لە نیوان ژیان و مردندا. سوپای مردن مردوو بێت و سوپاسی ژیان زیندوو، ئەگەر وەک تەکنیکیش بێت و بۆ جوانکردنی چیرۆکەکە بێت، ھێشتا لەو باوەڕەدا نیم ژیان بەسەر مردندا وەک گەمەیەکی سینەماییش بێت سەرکەوێت. مردن لێرەدا جۆرە شپرزەییەک دروستەکات، مردووەکان کە مردوون و ھیچ بەھانەیەکیان بۆ مردن نیە، تەنھا لە پێناو سڕینەوەی یادەوەری مرۆڤدا شەڕدەکەن، یاخود ئەمەش جۆرە گەمەیەکی ئایدۆلۆژیە کە دەتوانێت وابکات مردووەکان لە خۆشەویستیان بۆ ژیان شەری زیندوەکان بکەن. دینیریس کە بەژداری لە جەنگی مردووەکاندا کرد دیسان لەبەر ئەو ھۆیە سادەیە نەبوو کە جۆن سنۆوی خۆشدەوێت، دینیریس پێویستی خوڵقاندنی ئوستورەی نوێ بوو تا ژمارەی مەعشوقەکانی زیاد بکات، سێکس وەک بکەرێکی نوێ و ئارەزویەکی سادیستی لە دینیریس دا سەرھەڵدەدات، بەوەی لەسەرەتاوە چیتر ڕێگە نادات تەنھا ئەم لە ژێر خاڵ دراگۆ دا بناڵێنێت، دەبێت ئەمیش ئیدی بێتە سەرەوە. لەراستیدا ئەمە ھەڵگری ھیچ دروشمێکی فیمینیستانە نیە ھێندەی وەک ژیژەک دەڵێت ئارەزوییەکی نێرانەیە. لێرەدا وردتر دەتوانین لە خۆشەویستی دینیریس بگەین بۆ ئەوانیتر، ئەو لە کاتێکدا کەسێکی خۆشدەوێت و لای پەسەندە کە جگە لەوەی دەبێت بۆی بنوشتێتەوە و خۆشیبووێت، ھاو کات دەبێت بوێری ئەوەشی تیابێت جۆرێک لە بەرەنگاری ئایدیایی جیاوازی دینیریس ببێتەوە، لێرەوە دینیریس بەردەوام لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکەوێتە ململانێوە تا ھێزی خۆی خاڵیبکاتەوە. دەکرا جۆن سنۆو داواکەی دینیریس پەسەند بکات و نەی کوژێت، جیھان چی لێدەھات ئەوە پرسیارێکە و لێرەدا دەرفەتی وڵام دانەوەیمان نیە، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە کوشتنەکەیەتی. جۆن سنۆویش ئەوی خۆشدەویست، بەڵام دیسان ئەوەی وایکرد جۆن ئەو کەسە بکوژێت کە خۆشیدەوێت، ھەستکردنە بە جۆرێک لە شانازیی، شانازییەک کە درەنگ دەبیسترێت یان ڕەنگە ھەر نەشبیسترێت، بەڵام غروری جۆن سنۆو لەو پەڕی بەرزیدا دەمێنێتەوە بەوەی جیھانی لە شاژنێکی شێت ڕزگار کردووە. جۆن دەیزانی گەر نەی کوژێت ھیچ کات ناتوانێت وەک ئەو ئیگۆی خۆی تێر بکات، چونکە ئەو کات دینیریس فەرمان ڕەوا دەبوو، جۆنیش مەعشوقێکی عابید. بەشی سێهەم - کۆتایی نوسین : شەنگار سابیر