لەبارەی گۆشەگیری و تۆتالیتاریزمەوە
لەبارەی گۆشەگیری و تۆتالیتاریزمەوە
بەس بوونی یاسا درێژخایەنەکان شتێکی ڕاست بووایە، گەر یاسا هەتاهەتاییەکان بوونیان هەبووایە و بە شێوەیەکی ڕەها فەرمانڕەوایەتی هەموو ئەو شتانەیان بکردایە کە مرۆیین، تەنها شتێکیش کە مرۆڤ لەسەری بووایە، ملکەچیەکی ڕەها بێت بۆ ئەو یاسایانە، ئەو کات ئازادی خۆی دەبوو بە گاڵتەجاڕی و کۆمیدیا. گەر وا بووایە، دانایی یەک کەس بەس بووایە، ئیدی زانین و زانیاریەکانی ئێمەی مرۆڤ هیچ بایەخێکیان نەدەبوو، ئەو کات تەنها شتێک کە گرنگ بووایە، بوونی چالاکیەکی تەواو و بەردەوام بوو کە لەم کۆنتێکستە دیاریکراوەی داناییدا ئیشی دەکرد، کۆنتێکستێک خاوەن ئەو لۆژیکەی کە سەرکردە تۆتالیتێرەکان بەکاری دەهێنن و بۆ زەمینەی فیکری هاوشێوە دادەمەزرێنرێن: بۆ سەروەریی بێ چەندوچۆنی یاسا، بەبێ بوونی هیچ دۆخێکی تایبەتمەند و ئاوارتە. دیارە مەبەست لە لۆژیک ئەو هزرە پەتیەیە کە هیچ نرخ و کێشێک بۆ ئەزموون و راستیەکان دانانێ: لۆژیک وەک کەموکوڕیە ڕاستەقینەکەی گۆشەگیریی. وا دیارە هۆکاری کەموکورتیەکانی گۆشەگیریی لە واقیعدا و بە شێوەیەکی نایەکسان بریتیە لەو نائومێدیەی کە هاوشان و تەریبە بە گۆشەگیریی خۆی. ئەو گۆشەگیریەیشی کە لە جیهانی ئێمەدا بوونی هەیە و هەموو پەیوەندیە مرۆییەکانی پارچەپارچە کردووە، سەرباری ئەوەی کە دۆخی ئەو داڕمانە هاوبەشەی نێوان هەموومانی قۆستۆتەوە کە دەیگوزەرێنین. ئەمە جگە لەوەی خودی گۆشەگیری هیچ نیە جگە لە دەرەنجامی کاریگەری شۆڕشەکانمان، کە ئەمیش دیسان بۆ خۆی ئەنجامی داڕمانێکی ترە. ئەو گۆشەگیرییە کە لەوە کەوتووە بەتەنها کێشەیەکی دەروونی بێت و بەس، دەتوانین بە چەندین زاراوەی خۆشئاواز و هاوکات بێمانایش، هێند گفتوگۆی لەبارەوە بکەین تا هێڵنج دەدەین: بۆ نمونە بە زاراوەکانی وەک داخران و هاوکات کرانەوەیش بەسەر ئەوانی تردا. لە ڕوانگەی مرۆڤەوە، گۆشەگیریی وەک ئەنجامی نائامادەبوون و پێواری هاوڕێکانمان، وەک دەرەنجامی نامۆبوون، ئەو نەخۆشیە درێژخایەنە کوشندەیەیە کە جیهانی ئێمە بە دەستیەوە دەناڵێنێت. تەنانەت گەر ئەوەیش ڕاست بێت، دەتوانین بڕێکی زۆر کەم لە خەڵک ببینین کە بەبێ هیچ پاڵپشتیەک، توند توند دەستیان بەباڵی یەکەوە گرتووە. ئامرازەکانی پەیوەندیگرتن هیچ سودێک بەو کەسانە ناگەیەنێت، تەنها جیهانێکیان پێشکەشدەکات کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش دامەزراوە. بەڵام ئەو کەسانە یارمەتیمان دەدەن تا هەموومان لە نەفرەتی نامرۆڤبوون ڕزگارمان ببێت، لە کۆمەڵگەیەکدا کە وا دیارە ئەستێرەی هەمووان ئاوابووە و کەسیان پێویست نین، هەمووان ئەوی تر بەم شێوەیە دەبینن. گۆشەگیریی جیایە لە تەنیایی. ئێمە لە تەنیاییدا هەرگیز لەگەڵ خۆماندا تەنیاناکەوین. ئێمە لە تەنیایدا هەمیشە دوو کەسین لە ناو یەک کەسدا، تا دواتر دەبینە یەک تاکەکەس: تاکەکەسێکی تەواو، بە هەموو سنوورداری و بەرفراوانی گونجاو خۆیەوە کە ناچار بە هاوەڵایەتی و پەیوەندیەتی بە ئەوانی ترەوە. پرسیارە میتافیزیکیە گەورەکانی وەک گەڕان لەدوی یەزدان و ئازادی و نەمری، پرسیارەکانی بوون و نەبوون، پەیوەندی مرۆڤ بە جیهانەوە یا زیندوومانەوە لە نێوان مەرگ و ژیاندا، کۆی ئەم پرسیارانە زادەی تەنیایین: تەنیایی دروست و فۆرمەلەیان دەکات. تەنانەت ئەو کاتەیشی کە مرۆڤ بە ویستی خۆی واز لە شتەکان دەهێنێت، هێشتا هاوەڵی شتەکانە و پێیانەوە بەندە. کاتێک هەقیقەتی مرۆڤ، گەر هاتوو بۆ چرکەساتێکیش بووە، لە تاکێتی و خودێتی مرۆڤ جیادەبێتەوە، ئەو جیابوونەوەیەی ڕێگەی بۆ خۆشدەکات پرسیارە هەتاهەتاییەکانی مرۆڤایەتی دابڕێژێت. ئەوەی وا دەکات دوای هەموو ئەو پرسیارانە بکەوێت کە لای تاکەکەس دروستدەبن و دەبنە مایەی تێڕامان، هەمیشە مەترسی تەنیایی لەوەدا پەنهانە کە مرۆڤ خۆی لەدەستبدات. رەنگە یەکێک لە ئێمە بڵێت: ئەوە ریسک و مەترسیەکی پیشەگەرانەیە بۆ فەیلەسوف، مادام بە دوای راستیدا دەگەڕێت، خۆی بە پرسیارگەلێکەوە سەرقاڵدەکات کە پێیان دەڵێین میتافیزیکی، لەکاتێکدا پرسیارێکە کە لە واقیعدا هەمووان پێوە سەرقاڵن و بۆیان گرنگە. وا دیارە، چارەسەری فەیلەسوفەکان ئەوە بوو تێبینی ئەوە بکەن کە لە هزری مرۆڤدا ڕەگەزێک هەیە دەتوانێت هەموو ڕەگەزەکانی تر بخاتە ژێر ڕکێڤی خۆیەوە و ملیان پێبدات، هەروەها هێزێکی دیاریکراو بخوڵقێنێت. ئێمە وا راهاتووین کە بەم بیرکردنەوەیە بڵیین لۆژیکی دەستکراوەیی و مافی بڕیاردان، لۆژیکێک کە هەر کات بڵێین فڵانە پرنسیپ یا گوزارشتی دیاریکراو لەناو خودی خۆیدا خاوەنی هێزی باوەڕپێهێنانە، دژمان دەوەستێتەوە. واتە بڵێین تایبەتمەندێتیەک هەیە کە بەسەر مرۆڤیدا دەسەپێنێت بە فڵانە پرەنسیپ ڕازی بێت و قبوڵیبکات. بەو دواییانە بۆمان دەرکەوت کە ئەوەی دەستکراوەیە و وەک هێزێکی زەبەلاحی ملپێکەچکردن دەسەڵاتی بەسەر هزری خەڵکیدا هەیە، ستەمکارییە، هزری ستەمکارانەیە نەک ئەو بەڵگە و بیانوانەی کە لەسەریان دروستبووە و خزمەت بە ستەمکاریی سیاسی دەکەن. بەڵام ئەو ڕاستیەیش هەر دەمێنێتەوە کە دەڵێت: هەموو کۆتاییەک لە مێژوودا، لە هەناوی خۆیدا هەڵگری سەرەتایەکی نوێیە. سەرەتا تاکە بەڵێنێکە، تاکە پەیامێکە کە هەر کۆتاییەک دەتوانێت بیدات و بیگەیەنێت. جارێک (ئۆگەستین) یش وتویەتی: مرۆڤ بۆئەوە خوڵقاوە تا سەرەتای تازە بوونیان هەبێت، تاکە گەرانتیش بۆ ئەو سەرەتایە پابەندە بە لەدایکبوونی نوێوە کە لە ڕاستیدا بریتیە لە هەموو مرۆڤێک. ژان لۆک گۆدار وەرگێڕانی: بروا عەلادین سەرچاوە: https://www.youtube.com/watch?v=v6ac8mDSx08