Image-Description
سەدەیەک لە سینەما
سەدەیەک لە سینەما
سەدەیەک لە سینەما نوسینی: سوزن سۆنتاگ وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: دالیا رەئوف بەشی یەکەم: سەد ساڵەی سینەما وادێتە بەرچاو شێوەی "سوڕی ژیانـ"ی هەبێت: لەدایکبوونێکی حەتمی،کەڵەکەبوونێکی چونیەکی شکۆ و سەرکەوتنەکان و دەستپێکێکی ناپەسەند لە دەیەی ڕابردوودا، کەوتن و نوشستێکی بێ گەڕانەوە. ئەمە واتای ئەوە نییە چیتر ئێمە ناتوانین چاو لە ڕێی فیلمی نوێ بین و سەرسامیان ببین. ئەم جۆرە فیلمانە پێویستە تەنها جیاواز و تایبەت نەبن (ئەوە ڕاستە بۆ دەستکەوتە مەزنەکان لە هەر هونەرێکدا)، بەڵکو ئەم فیلمانە دەبێ لادانێکی ڕاستی بن لەو پێوەر و دابونەریتانەی کە هەنوکە فەرمەنڕەوایی و کۆنتڕۆڵی وەبەرهێنانی فیلم دەکەن لەهەموو شوێنێکی سەرمایەداری، یان ڕوونترە بووترێ لە جیهانی سەرمایەداری فیلمە ئاساییەکان، ئەو فیلمانەی بەرهەمهێنراون تەنها بۆ مەبەستی کاتبەسەربردن (ئەمانە بۆ مەبەستی بازرگانی بەرهەمدەهێنرێن) سەرسوڕهێنەرانە بێمانان، زۆرینەیان بەشێوەیەکی بەرچاو و گاڵتەجارانە شکستدەهێنن لە بەدەستهێنانی سەرنجی بینەرە چاوەڕوانکراوەکانیان. لە کاتێکدا ئامانجی فیلمی مەزن ئێستا زیاد لەهەر کاتێکیتر، ئەوەیە ببێتە یەک جۆر دەسکەوت. سینەمای بازرگانی خۆیی یەکلایی کردووەتەوە بۆ سیاسەتی هەڵاوسان و ناڕەسەنی وەبەرهێنانی فیلم، کەڵەکەبوونێکی ناساز یان دووبارە کەڵەکەبوونی هونەر، بەهیوای دووبارە وەدەستهێنانەوەی سەرکەوتنەکانی ڕابردوو. ڕۆژانێک بوو سینەما وەک هونەری سەدەی بیستەم ئاماژەی پێدەکرا، ئێستا وادیارە هەروەک چۆن ژمارەکانی ئەم سەدەیە ئاوادەبن، بەهەمان شێوە هونەری سینەما ڕوو لە ئاوابوون دەکات. بەڵام ڕەنگە ئەوەی ڕوو لەئاوابوون و کۆتایی هاتن بێ سینەما نەبێت بەڵکو سینفیلیا (ناوی جۆرێکی تایبەتی خۆشەویستیە کە لە سینەماوە ئیلهام وەردەگرێ) هەر هونەرێک خەیاڵ و ئەندێشەکانی برەوپێدەدات و پەروەردەیان دەکات. ئەو خۆشەویستیەی کە سینەما ئیلهامبەخشی بوو لەگەڵ ئەوەی تایبەت بوو، هاتنە ژیانی و دەرکەوتنی باوەڕێک بوو کە سینەما هونەرێکە جیا لەوانیتر: ڕیشەییانە مۆدێرنە، زۆر ئاسان بەردەستە، شاعیرانە و نهێنیئامێز و ئیرۆتیک و ئەخلاقی (هەموو لەیەک کاتدا) سینەما پەیامبەرانی هەبوو. (وەک ئاین) سینەما جەنگ بوو بۆ سینفیلیکان، سینەما هەموو شتێکی لە ناو خۆیدا کۆدەکردەوە وەک کەپسولێک، سینەما هەر دوو کتێبی هونەر و ژیان بوو.

وەک زۆرینەمان دەزانین، دەستپێکی بەرهەمهێنانی فیلم سەد ساڵ لەمەوبەر بوو، یان باشترە بوترێ جووت دەستپێک. بەنزیکەیی ساڵی ۱۹٨٥ دوو جۆر فیلم بەرهەمهێنران، دوو شێواز کە لە دواتردا وادەردەکەوێت سینەما لێیانەوە گەشەدەکات و پەرەدەستێنێت. سینەما وەک لەبەرگرتنەوە و وێناکردنی ژیانی واقعی وەک فیلمی (The Lomiere brothers) وە سینەما وەک داهێنان و فێڵ و هەڵخەڵەتاندن، وەهم، ئەندێشە (خەیاڵ) وەک فیلمی (Melies)، بەڵام ئەمە ململانێیەکی ڕاست نەبوو، هەموو بیرۆکەکە ئەوەبوو بۆ یەکەمین بینەرەکان، نواندنی ڕاستیەکی بێبایەخ (وەک لە فیلمی The Lomiere brothers دا گەشتنی شەمەندەفەرەکە بۆ وێستگەی La Ciotat Station) ئەزمونێکی سەیرو نایاب بوو. سینەما لە سەرسامیەوە دەستی پێکرد، ئەو سەرسامیەی کە ژیانی ڕاستی دەتوانرێ دەمودەست وێنابکرێ و لەبەر بگیرێتەوە، هەموو سینەما هەوڵێکە بۆ نەمرکردن و دووبارە داهێنانەوەی سەرسامی. هەموو شتێک لە سینەما لەو ساتەوە دەستی پێکرد دروست سەد ساڵ لەمەوبەر، کاتێک شەمەندەفەرکە پاڵنرایە ناو وێستگەکە، خەڵکی فیلمیان بردە ناو خۆیان، و لەڕاستیشدا خۆیان نەویکرد بۆ شەمەندەفەرەکە کە وادەرەدەکەوت بەرەو ڕووی ئەوان بجوڵێت. تا ئەو دەمەی هاتن و دەرکەوتنی تەلەفزیۆن هۆڵی سینەماکانی چۆڵکرد، هەفتانە لە سەردانکردنی سینەماکانەوە فێردەبوویت ( یان هەوڵتدەدا فێر ببیت) چۆن پیاسە بکەیت، جگەرە بکێشیت، ماچبکەیت، شەڕ بکەیت، شین بکەیت. فیلمەکان ئامۆژگاریان دەکردیت چۆن سەرنجڕاکێش دەربکەویت. بۆ نموونە: ئاساییە چاکەت لەبەربکەیت کاتێک باران نابارێت، بەڵام لە بینینی هەر فیلمێک هەرچیەکت لەگەڵ خۆت ببردایەتە ماڵەوە تەنها پارچەیەک بوو لە ئەزمونێکی گەورەتری نقومکردنی خۆت لە ژیانێکدا کە هی خۆت نەبوو، حەز و ویستی ونکردنی خۆت لەناو ژیانی ئەوانیتر.... لەناو ڕوخساریان. ئەمە جۆرە حەزێکی گەورەتر و گشتگیرترە کە لە ئەزمونکردنی فیلمدا خۆی بەرجەستە دەکات. هەتا زیاد لە ڕادە ڕێگەت بەخۆت دابوو ئەزمونێکی گواستەوەی خود و خۆبەدەستەوەدان بکەیت بۆ ئەو وێنەیی لەسەر شاشەیە. تۆ دەتویست وێنەکە لەگەڵ خۆی بتبات و بتڕفێنێت (ڕفاندن بەمانای نقوم بوون لەناو بوونی فیزیکی وێنەکان) کە ئەزمونی "چوونە فیلم" بەشێک بوو لێی. کاتێک فیلمێکی مەزن لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن دەبینیت وەک ئەوە نییە بەڕاستی ئەو فیلمەت دیبێت. ئەمە تەنها مەسەلەی قەبارە و دووری وێنەکان نین: جیاوازی و نایەکسانی نێوان ئەو وێنە گەورەترەی سینەما لەگەڵ ئەو وێنە بچوکەی ناو سندوقەکەت و هەلومەرجی سەیرکردنی فیلم لە ماڵەوەدا لە بنەڕەتدا بێڕێزیە بەرامبەر فیلم. ئێستا چیتر فیلمەکان قەبارەیەکی ستانداردیان نییە، شاشەی تەلەفزیۆنەکەت دەکرێ بە قەبارەی ژووی دانیشتن یان ژوورە نوستنەکەت بێت، بەڵام تۆ هەر لە هەمان ژووردا دەمێنتەوە. بۆ ئەوەی فیلم سەرسامتبکات و بتڕفێنێت دەبێت لە ناو هۆڵی سینەما لە نێوان بێگانە نەناسراوەکان دابنیشیت لە تاریکدا. چیتر دەربڕینی خەمی زیاتر نەریتە بزربووەکان (ئیرۆتیک، تێفکرینی قوڵ و درێژخایەن) ی تاریکی هۆڵەکانی سینەما زیندوو ناکاتەوە. کورتکردنەوەی سینەما لە کۆمەڵی فیلمی شێوێنراو و دەستکاریکردن (ئیدیتی)ی نابەرپرسانەی (بڕینی زۆر لە دیمەنەکاندا) بۆ ئەوەی زیاتر ببنە مایەی سەرنج. ئەمانە سینەمایەکی نا بەرجەستە و بێکەڵکیان بەرهەمهێناوە کە ناتوانێ بەقوڵی سەرنجی بینەر ڕابکێشێ. فیلمەکان ئەمڕۆ بەهەر قەبارە و لەسەر ڕووی جیاواز دەردەکەون: لەسەر شاشەی هۆڵەکانی سینەما و لەسەر دیواری دیسکۆکان و لەسەر شاشە زەبەلاحە هەڵواسراوەکانی گۆڕەپانە وەرزشیەکان. بوونی ڕەها و بەربڵاوی داواکاری لەسەر وێنە جوڵاوەکان بەرەبەرە ستانداردەکانی لاوازکردووە، ئەو ستانداردانەی کە ڕۆژانێک خەڵکی هەیانبوو بۆ سینەما هەم وەک هونەر و هەم وەک سەچاوەیەک بۆ کاتبەسەربردن.

لە ساڵانی سەرەتادا بەشێوەیەکی بنەڕەتی جیاوازیەک نەبوو لە نێوان ئەم دوو جۆرەدا. هەموو فیلمەکانی (silent era)* (لە شاکارەکانی Feuillade, D. W. Griffith, Dziga Vertov, Pabst, Murnau and King Vidor تا ڕووکەشترین میلۆدراما و فیلمی کۆمیدی) هەموویان ئاستێکیی هونەری بەرزیان هەبوو بە بەراورد بەو فیلمانەی کە دواتر بەرهەمهێنراون. لەگەڵ هاتنی دەنگ دروستکردنی فیلم زۆر لە جوانیی و شاعیریەتی خۆی لەدەستدا و ستانداردە بازرگارنیەکان زیاتر سەپێنران و توندتر کرانەوە. ئەم شێوازی بەرهەمهێنانی فلیمە (کە سیستەمی هۆلیوود باڵادەستە تێیدا بە نزیکەیی بۆماوەی بیست و پێنج ساڵە و بەزۆری لە نێوان ساڵانی ۱۹۳۰ بۆ ۱۹٥٥) هەتا دەرهێنەرە بەتواناکانی وەک Erich von Strohυeim و Orson Welles لەلایەن ئەم سیستەمەوە بەزێنران و چوونە تاراوگە لە ئەوروپا (کە لەوێش کەم و زیاد ئەم سیستەمە کوالیتی بەزێنە باڵادەستە)، لەگەڵ بودجەیەکی کەمتر و تەنها لە فەڕەنسا نەبێت ژمارەیەکی زۆر فیلمی نایاب لەو ماوەیەدا بەرهەمێنران. پاشان لە ناوەڕاستی ساڵانی ۱۹٥۰ کاندا دووبارە بیرۆکە پێشەنگەکان کۆنتڕۆڵیان گرتەوەدەست کە ڕەگیان داکوتابوو لە سەر بیرۆکەی سینەما وەک پیشەیەکی هونەری لەلایەن فیلمە ئیتالیەکانی دوای جەنگ. ژمارەیەکی بەرچاو لە فیلمی ڕەسەن و نایابی زۆر جدی بەرهەمهێنران.

بەشی دووەم: لەم ساتە تایبەتەدا بوو کە سەد ساڵەی مێژوو سینەما و چوونە سینەماو تێفکرین لە فیلم و گفتوگۆ دەربارەی بووە خولیا و حەزی خوێندکارانی زاکۆ و گەنجەکان. تۆ دەکەوتیتە دوای خۆشەویستی سینەما خۆیەوە نەک تەنها ئەکتەرەکان. سینفیلیا بۆ یەکەمجار لە ساڵانی ۱۹٥۰ کاندا لە فەڕەنسا دەرکەوت: ناوەندەکەی ئەفسانەی گۆڤارە فیلمی Cahiers du Cinem (بەدوایدا چەند گۆڤارێکی تری جدی هاوشێوە لە ئەڵمانیا و بەریتانیا و سوید و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، کانادا) لە کاتێکدا بیناکانیان لەسەرتاسەری ئەوروپا و ئەمریکادا بڵاوبووبوونەوە، زۆریان هۆڵەکانی نمایش و یانەکان بوون کە تایبەتکرابوون بە فیلمە کۆنەکان و ئەو دەرهێنەرە کۆنخوازانەی کە دەرکەوتبوون. ساڵانی ۱۹٦۰ ـەکان و سەرەتاکانی ۱۹۷۰ کان گەرموگوڕترین سەردەمی بینینی فیلم لە سینەما بوو، لەگەڵ ئەو سینۆفیلانەی کە بەردەوام دەیانویست تا دەکرێت کورسیەک نزیکتر لە شاشە گەورەکەوە بدۆزنەوە، سێیەم ڕیز زۆر نمونەیی بوو بۆ دانیشتن. "کەس ناتوانێ بێ Rossellini بژی" کاراکتەرێک لە فیلمی " Before the Revolution (1964)" دا وا دەدوێت و تەواو مەبەستەکەی دەپێکێت. پانزدە ساڵێ لەمەوبەر بەنزیکەیی لە هەر مانگێکدا شاکارێک هەبوو. ئێستا ئەو سەردەمە چەن دوور دێتەبەرچاو. بێگومان هەمیشە ململانێ هەبووە لە نێوان سینەما وەک پیشەسازی و سینەما وەک هونەر، سینەما وەک ڕۆتین و سینەما وەک ئەزموون. بەڵام ئەم ململانێیە هێندە زەق نەبووە کە بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی فیلمی باش مەحاڵ بێت بڕێکجار لە ناوەوە و لە دەرەوەی ڕەوتی سینەماش. ئێستا هاوسەنگیەکە بە سود و قازانجی سینەما وەک پیشەسازیەک شکاوەتەوە. سینەمای مەزنی ساڵانی ۱۹٦۰ و ۱۹۷۰ کان بەتەواوی دەستیانلێبەردراوە. هەر لە ساڵانی ۱۹۷۰ کاندا هۆلیود دەستی کردبوو بە دزینی بیرۆکە و بێبایەخکردنی نوێکاریەکانی شێوازی گێڕانەوەی چیرۆک و و دەستکاریکردنی فیلمە ئەوروپیە نوێیەکان و فلیمە ئەمریکیە سەربەخۆکان. پاشان لە ساڵانی ۱۹٨۰کان تێچوونی بەرهەمهێنانی فیلم برزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی کە مسۆگەری دووبارە سەپاندنەوەی ستانداردە پیشەسازیەکانی کرد لە زۆری بەرهەمهێنان و بڵاو کردەوەی فیلم ئەمجارە لە هەموو جیهاندا. بەرزبوونەوەی تێچوونی بەرهەمهێانی هەر فیلمێک واتای ئەوەبوو دەبێت دەستبەجێ فیلمەکە لە مانگی بەکەمی نمایشیدا داهاتێکی زۆر کۆبکاتەوە، دەبوو فیلمەکە قازانجبەخش بێت (ئەم ئاڕاستەیە ئەو جۆرە فیلمانەی لاپەسەندبوو تا ئەو فیلمانەی تێچوونیان کەم بوو) ئەگەرچی زۆری ئەو فیلمانە شکستیان دەهێنا، تەنها چەند فیلمێکی کەم نەبێت کە سەرکەوتوودەبوون لە سەرسامکردنی بینەران. وادەی بڵاوکردنەوەی فیلمەکان کورتتر و کورتتر دەبوو (وەک ماوەی مانەوەی کتێبەکانی سەر ڕەفەی کتێبفرۆشیەک)، زۆر لە فیلمەکان بۆ ئەوە دیزاینکرابوون بکرێنە ڤیدیۆ. هۆڵەکانی سینەما دادەخران (چیتر زۆر لە شارۆچکەکان هۆڵی سینەمایان نییە). لەبەر ئەوەشە فیلمەکان بوونەت جۆرێکی تایبەتی خو و کاتبەسەربردن لە ماڵەوە. لە وڵاتێکی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نائومێدبوون لە باشی کوالیتی و ئومێدی گەورە بە دەستکەوتی ماددی وایکردووە مەحاڵبێت دەرهێنەرە ئەمریکیە بەتواناکانی وەک Francis Ford Coppola و Paul Schrader بە زۆرترین توانای خۆیانەوە کاربکەن. هەرچی لە دەرەوەشە بەرەنجامی ئەم بارودۆخە دەتوانرێ ببینرێت لە چارەنوسی خەمناکی مەزنترین دەرهێنەرەکانی سەدەی ڕابردوو. ئێستا چ شوێنێک بۆ دەرهێنەرێکی سەربەخۆی وەکHans- Jurgen Syberberg ماوەتەوە کەوازیهێناوە لە دروستکی فیلم، چ شوێنێک بۆ Godard ی مەزن ماوەتەوە کە تازەگی دەستی کرووە بە دروستکردنی فیلمێک لەسەر مێژووی فیلم بە ڤیدیۆ؟ لەگەڵ هەندێ حاڵەتی تری هاوشێوە.

بە نێودەوڵەتی بوونی سیستمی دارایی بووەهۆی زیانێکی گەورە بۆ کاستی فیلمەکان هەروەک ئەوەی Andre Tarkovsy ڕووبەڕوی بووەوە لە دوو فیلمی کۆتایی ژیانە پیشەییە ناوازەکەیدا (کە زۆر کورت بوو). ئێستا Aleksandr Sokurov چۆن پارەی دەستدەکەوێت تا بەرهەمهێنان بۆ فیلمەکانی بکات لە ژێر ئەو بارودۆخە سەختەی سیستەمی سەرمایەداری ڕوسی. بەشێوەیەکی چاەڕوانکراو خۆشەویستی بۆ سینەما بەرەوە کاڵبوونەو دەڕوات. خەڵکی هێشتا ئارەزوویانە بچنە سینەما و گرنگی بەفیلم دەدەن و چاوەڕێی شتێکی تایبەت و پێویستن. هێشتاش فیلمگەلێی نایابی وەک فیلمی "Naked" ی دەرهێنەر Mike Leigh و فیلمی "Lamerica" ی دەرهێنەر Gianni Amelio و فیلمی "Fate" دەرهێنەر Fred Kelemen بەڵام چیتر بە سەختی دەتوانین لانیکەم لە نێوان دەرهێنەرە گەنجەکان خۆشەویستیەکی سینفیلیک ی ناوازە بۆ فیلمکان بەدی بکەین کە ئەمەش بەسادەیی خۆشەویستی نییە بەڵکو چێژبینینێکی تایبەتە لە فیلمەکان (پەیوەستە بە ئارەزووی زۆری تەماشاکردن و دووبارە تەماشاکردنەوەی زۆرترین شاکارە سینەماییەکانی ڕابردوو(. ئێستا سینفیلیا خۆی کەوتۆتە ژێر ڕەخنەی ئەوانەی کە بە کۆن و بەسەرچوو و لەخۆبایی وەسفی دەکەن. بۆ سینفیلیا فیلمەکان ناوازە و دوبارەنەبووەوە و ئەزمونگەلێکی جادوئاسان. سینفیلیا پێماندەڵێت کە فیلمی "Breathless"ی دەرهێنەر Godard کە هۆلیود دووبارەبەرهەمیهێناوەتەوە، هەرگیز ناکرێ وەک فیلمە بنەڕەتیەکە جوان بێت. سینفیلیا هیچ ڕۆڵێکی بۆ نەماوەتەوە لە سەردەمی هایپەرئیندەستریاڵی فیلمەکاندا. سینفیلیا ناتوانێت به‌ هه‌مان ڕێژه‌ و هه‌ڵبژاردنی تاسه‌ و تامه‌زرۆییه‌كانی، یارمه‌تیده‌ر له‌ پاڵپشتیكردنی ئایدیای فیلمه‌كه‌، پێش هه‌ر شتێك، وه‌ك بابه‌تێكی شیعری، پاشانیش ناتوانێت یارمه‌تیده‌ر بێت له‌ هاندانی ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی پیشه‌سازیی فیلمن، وه‌ك نیگاركێشان و نووسه‌ران، تا بیانه‌وێت فیلم دروست بكه‌ن. ئەگەر سینفیلیا بمرێت، فیلمەکانیش دەمرن..... گرنگ نییە چەند فیلمی باش یان زۆر باش بەرهەمبهێرنێن، ئەگەر سینەما بتوانێ دووبارە زیندوو بکرێتەوە، تەنها لەڕێی لەدایک بوونی جۆرێکی نوێ دەبێت لە خۆشەویستی سینەما.

پەراوێز: *silent era: ئەو سەردەمەی کە فیلمەکان تەنها وێنەی جوڵاو بوون و دەنگیان نەبوو