Image-Description
تیۆریای گومانکاری لە فیلمی دێزیگنەیتد سەڤایڤڵدا
تیۆریای گومانکاری لە فیلمی دێزیگنەیتد سەڤایڤڵدا
تیۆریای گومانکاری لە فیلمی دێزیگنەیتد سەڤایڤڵدا نووسینی: دانا نازەنین

لەکاتی ڕاپۆرتی ساڵانەی کابینەی حوکمەتەکەیدا لەلایەن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکاوە، لەناچاوەڕوانیەکدا کۆشکی سپی دەتەقێنرێتەوە، تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەن و سینات و وەزیرەکان و سەرۆکیش دەمرن. ڕێخراوێکی ڕادیکاڵی ئیسلامی لە جەزائیر ئەم تەقینەوە تیرۆریستیە دەگرنە ئەستۆی خۆیان لەگرتەیەکی ڤیدیۆیدا؛ ئیدی پەناهەندە و موسوڵمانەکان دەکەونە بەر نەفرەتی خەڵکی و میدیا و حوکمەتی ئەمەریکی و جیهانی. (کیفەر سازلاند) کە ڕۆڵی "تۆم کێکمان" دەگێڕێت و وەزیری دەرکراو و لەکارخراوی پێشووی ئاوەدانی لەلایەن پنتاگۆنەوە هەر ئەوشەوە و لەبڕیارێکی ناپێشبینی کراودا دەبێتە سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریکا. لەکاتێکدا سەر بە هیچ پارتێکی سیاسی نیە و دەبێتە یەکەمین سەرۆکی بێلایەن لە مێژووی ئەمەریکادا.

(هانا واڵس) کە کارمەندێکی FBI یە و خۆشەویستەکەی لەو تەقینەوەیەدا لەدەست دەدات و گومانی لە کردەکە هەیە؛ پاش بەدواداچوون سەرەداوەکانی ئەو تەقینەوەیە دەدۆزێتەوە، تۆڕێکی ڕێکخراوی نهێنی کە چەند دەستە و چەند کەسێکن لەپشتەوەی دەسەڵاتی ڕوونی سیاسی و سەرۆکایەتی و سەربازی و میدیاییەوە لەپشت کارەکەوەن لە ژورێکی نهێنی لە پنتاگۆندا نەخشەی ئەم تەقینەوەیان داڕشتووە و بەپارەیەکی زۆر ئەو گروپە ئیسلامیەیان قایل کردووە ھەتاكو ئەو کارە بگرنە ئەستۆی خۆیان.

ئەم گروپە خاوەنی ئەجێندای (كارنامە)ی ڕەگەزپەرستین و پێیانوایە دەبێت ئەمەریکا بگەڕێننەوە بۆ ڕەگەزی سپی پێستی لەداهاتوودا، ئەندامی نهێنیان هەیە؛ لەناوەوە و دەرەوەی حوکمەت، کۆمپانیا و شوێنی تایبەتیان بەخۆیان هەیە و سەرمایەداری گەورەن و خەڵکێكی زۆر بەنهێنی کاریان بۆ دەكات، درووشمی تایبەت بەخۆیان هەیە، وە یەكێك لەسەرۆکە دۆڕاوەکانی خولەکانی پێشوتریش لەنێو ئەو دەستەیەدایە. هەڵبژاردنی (تۆم کێمان) بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا خواستی ئەوانە، چونکە پێیانوایە کەسایەتیەکی ناسیاسی و سەرۆکێکی لاواز و بێلایەنە و لەپشتی ئەوەوە دەتوانن ئەجێنداکانیان (بەرنامەی كارەكانیان) جێبەجێ بکەن، بەڵام بەپێچەوانەی چاوەڕوانیەکانیەوە (کێمان) یەکێك دەبێت لە بەهێزترین سەرۆکەکانی ئەمەریکا و جەنگێکی قورس دژ بە چەسپاندنی ئەجێنداکانیاندا جێبەجێ دەکات. زنجیرەکە ئیشکردنە لەسەر تیۆریای گومانکاری conspiracy theory و بەجۆرێك لەجۆرەکان ئەو واقیعە دەخاتە بەر گومان لای تاکی ئەمەریکی کە ئێستا لەجیهاندا تێدەپەڕێت، ڕووداوەكان سەرنج ڕاکێشن و هەم لەڕووی تەکنیك و تێمەوە، فیلمەکە پڕە لەڕووداوی ناچاوەڕوانکراو. جەنگی ڤایرۆسی و بایۆ تیرۆر یەکێکە لەتێمە گرنگەکانی فیلمەکە کە جەنگێکە دژ بە کەمینە ئیسنیکیە ڕەشپێست و گەنم ڕەنگەکان و چینە هەژارەکانی ناو ئەمەریکا، بۆ لەنێودانی ئەو ڕەگەزانە لەڕێگەی ڤایرۆس و تیرۆری نەبینراو و نەرمەوە. بەڵام خاڵی چەق و گرنگترینی زنجیرەکە تێڕوانینی ناسیاسیانەی سەرۆکە بۆ جیهان، (تۆم کێمان) سەرۆکێکی ناسیسیە و ناشیەوێت سیاسی بێت و جەنگی ئەو لەگەڵ مرۆڤە سیاسیەکاندایە، خەیاڵدانی بینەر دەخاتە بەردەم ئەوەی کە دەکرێت دنیا بەدەر لەم پێناسە باوە قێزەونەی سیاسەت بەڕێوە ببرێت لەلایەن کەسانی ناسیاسیەوە؟ داخۆ ئەو دونیا دەبێت چۆن بێت؟

زنجیرەکە سێ وەرزە، وەرزەی یەکەم و دووەمی هەریەکەیان ٢٢ زنجیرەیە و وەرزی سێیەم ١٠ زنجیرەیە، هەر زنجیرەی لەنێوان ٤٤ بۆ ٥٤ خولەکدایە، یەکەمین زنجیرەی لە ٢٠١٦ دا پەخش کراوە و دوا زنجیرەشی لە ٢٠١٩ دا پەخش کراوە. لەلایەن هەردوو کۆمپانیای نێت فلێکس و ABC یەوە پەخش کراوە و دەرهێنەری فیلمەکە (دەیڤد گوگنهایم)ە و ئەکتەرە سەرەکیەکانیش "کیفەر سازرلاند" و "ئیتاڵیا ریچی" و "ئادان کانتۆ" و "ماگی کیو"ن.