درەختـی ژیان، فیلمێك دەربارەی هەموو شتێك
درەختـی ژیان، فیلمێك دەربارەی هەموو شتێك

درەختی ژیان ٢٠١١ سەرەتا هیچ شتێک بوونی نەبوو، خودا فەرمووی "ڕووناکی" وە ڕووناکی هاتە بوون. - ئینجیل فیلمی درەختـی ژیانی( تێرینس مالیك) هاوشێوەی سەرەتای ئینجیل، هاوشێوەی خەڵقی گەردوون، دەست پێدەکات. سەرەتا تاریکی، و دواتر ڕووناکییەکی سوورکاڵ کە هێواش هێواش گەورەتر دەبێ و زیاتر دەگەشێتەوە. خوێنەر بەر لە خوێندنەوەی ئەم نوسینە پێویستە بینەری فیلمەکە بووبێت وە، بەر لە بینینی فیلمەکە دەبێ ئاگاداربێت چ فیلمێکی چڕ و قوڵی لەبەردەستە، باشتر دەبێت ئەگەر ئاشنایەتی لەگەڵ کارەکانی پێشووتری( تێرینس مالیك)ـدا هەبێت. گرینگە بینەر بزانێت فیلمەکانی(مالیك) زیاترن لە دوو کاتژمێری ئاسوودەبەخشی پەتی، فیلمەکانی خاو و تاقەتپڕوکێنن، بینەری ئاسایی بە ئەندێشەێکی تەنک تەنها ماندووبوون و بێزاری بۆ دەمێنێتەوە. فیلمی درەختی ژیان زیاتر لە شیکردنەوەیەکی بۆ هەیە، مانا و پەیامی کۆتایی فیلمەکە دەوەستێتە سەر بینەر خۆی. گرینگە بینەر باکگراوندێکی ئایینیی ، فەلسەفیی و زانستیی هەبێت بەلانی کەمەوە. (مالیك)خۆی کۆرسی فەلسەفەی لەزانکۆی هارڤارد خوێندووە و بیرمەندێکی گەورەی دونیای سینەمایە. کارەکانی گرینگن و پێوستە بە گرینگەییەوە لێوەیان بڕوانرێت. شایەنی باسە درەختی ژیان بڕاوەی خەڵاتی چڵەخورمای ڤیستیڤاڵی (کان)ـە، کە پلەدارترین خەڵاتی ڤیستیڤاڵەکەیە وە، پالێوراوە بۆ سێ خەڵاتی ئۆسکار، لەوانیشەوە خەڵاتی باشترین دەرهێنان بۆ (تێرینس مالیك)، باشترین سینەماتۆگرافی بۆ(ئیمانوێل لەبیزکی)، وە باشترین فیلمی ساڵ.

ئێستا: جاك ئۆ. برایەن ( شۆن پێن) پیاوێکی خێزاندارە، لەناوەڕاستەکانی تەمەنی ژیانی دایە، بازرگانێکی سەرکەوتووە، سەرەڕای کامڵ بوونی ژیانی لەڕووی ماددییەوە, کەچی هێشتا سەرلێشێواوە. تووشی قەیرانێکی گەورەی ڕووحیی بووە، خەریکە بەتەمەندا دەچێت بەڵام هێشتا پرسیارگەلێکی بێ وەڵام لە مێشکیدا هەن، ئۆقرەیان لێ بڕیوە. (جاك ئۆ. برایەن)، وێڵ و سەرگەردان لەنێو سەحرای نەزانیی دا وون بووە، عەوداڵی قومێک ئاوی داناییە کەمێک تێنوێتی مێشکی بشکێنێت لەو هەموو پرسیارە نهێنی-ئامێزەی تێیکەوتووە. پرسیارەکانی جاک دەربارەی بوونی خودا، باوەڕ، چاکە و خراپە، و مانای ژیانن. وە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە پێویستە لە دونیای مۆدێرن بچێتە دەرەوە و بگەڕێتەوە منداڵی خۆی، شریتی یادگاریەکانی ڕابوردوو لێبداتەوە، تا بزانێ لە کوێوە پاکێتی و باوەڕی لەدەستداوە، تا بزانێ چۆن لە منداڵێکی بێتاوانی باوەڕداروە گۆڕا بۆ پیاوێکی وونبوو لەناو دونیای مۆدێرنی بێ مانای بێ ڕۆح.

ڕابردوو: [شریتی یادگارییەکان] خێزانی ( ئۆ. برایەن) لە ویلایەتی تەکساس دەژین، لەئەمێریکا، لە ساڵانی پەنجاکان، لە پێنج ئەندام پێکهاتوون. بەڕێز ئۆ. برایەن ( براد پیت) و خاتوو ئۆ. برایەن ( جێسیکا کریستن) بەرپرسیاریەتی بەخێوکردن و فێرکردنی سێ منداڵی کوڕیان لەسەر شانە ( جاك، ئاڕ ئێڵ، وە ستیڤ). کورە گەورەکەیان جاك ( هەنتەر ماککراکن)، کە دواتر دەبێتە پیاوە سەرلێشێواوەکەی دونیای بەتاڵی مۆدێرن و ڕۆڵەکەی لەلایەن( شۆن پێن)ـەوە دەگێڕدرێت، تەرکیزی کامێرا لەسەر ئەوە. لەساتی لەدایکبوونی تاوەکو بوون بە هەرزەکارێکی تەواو، گشت قۆناغەکان بە ووردی بەرجەستە دەکرێت بەجوانترین شێوە. لەوانەیە ئەوە یەک لە باشترین بەرجەستە کردنی گەشەسەندنی منداڵ بێت لە مێژووی فیلم دەرهێنان، دەرهێنانی(مالیك) بە کوالێتییەکی یەکجار بەرز و سینەماتۆگرافی ( ئیمانوێل لەبیزکی) چەندین دیمەنی ئەفسووناوییان خوڵقاندووە، بەبێ زێدەڕۆیی دیمەنە سرووشتییەکان لە ئاستی سینەمای(ئەندرێ تارکۆڤسی) ڕووسین وە، دیمەنە مۆدێرنەکانیش لەئاستی سینەمای(ستانلی کوبرێك)ںی ئەمێریکین. (خاتوو ئۆ. برایەن) ئافرەتێکە وەک فریشتە میهرەبانە. هەر لە زووەوە(جاك)ـی کوڕی فێری ژیانکردن دەکا بەوشێوەیەی کە خۆی بڕوای پێیەتی. ئەو بۆ (جاك) رووندەکاتەوە کە ژیان دوو رێگای هەیە، مرۆڤی پێگەیشتوو لەسەر خۆیەتی کام لەم دوو ڕێگایە هەڵبژێرێت، پێویستە دایباب لە زووەوە هەردوو ڕێگاکە بۆ منداڵەکانیان ڕوون بکەنەوە و هانیان بدەن و ئاڕاستەیان بکەن بەرەو ڕێگای خوازراو. رێگای یەکەم ڕێگای خێرە، ئەو مرۆڤانەی ئەم رێگایە هەڵدەبژێرن چاکەکارن، خۆنەویست و بەخشندە و میهرەبانن. رێگای دووەم ڕێگای سرووشتە، ئەو مرۆڤانەی ئەم رێگایە هەڵدەبژێرن خۆپەرستن، بەخشندەنین، سەرکەوتنی خۆیان لەهەموو شتێک پێ گرنگترە. بڕوایان وایە مانەوە بۆ بەهێزەکانە وە، لاواز و بچووکەکانیش دەبنە قوربانیی دەستی گەورەکانەوە. [ ژیان پڕە لە ساختەچیێتی ، ئەگەر زۆر باش بیت سەرکەوتوو نابیت]. (خاتوو ئۆ. برایەن) منداڵەکان لەسەر ڕێگای خێر پەروەردە دەکات، وە (بەڕێز ئۆ. برایەن) لەسەر رێگای سرووشت. ئەوەش منداڵەکان  بەرەو سەرلێشێواوی دەبات لەداهاتوو. (خاتوو ئۆ. برایەن) باوەڕی وایە چاکە بکەی تەنها چاکە دێتەوە سەر ڕێگات، بڕوای وایە مرۆڤەکان چی بچێنن ئەوە دەدورنەوە. وە دەڵێت تائێستا هیچ کەسێک تووشی کۆتاییەکەی ناخۆش نەبۆتەوە ئەگەر رێگای خێری هەڵبژاردبێت. لەبەرئەوە هەرسێ کوڕەکەی( جاك، ئاڕ ئێڵ وە ستیڤ) لەسەر رێگای خێر پەروەردە دەکا. وە ئەو بیروباوەڕەش لەکۆنەوە لەناو یۆنانییەکان باو بووە، کە گوایە ڕەفتاری ئەخلاقییانەی مرۆڤ چارەنووس و داهاتووی مرۆڤەکە دیاری دەکا. بەڵام ئەم بیروباوەڕەی (خاتوو ئۆ. برایەن) تووشی ڕاچڵەکاندن دێت و باوەڕی بەخودا و قەدەر دەکەوێتەوە مەترسییەوە کاتێک هەواڵی مەرگی کوڕەکەی، ( ئاڕ ئێل)، پێدەگات لەتەمەنی نۆزدە ساڵی. ئەو بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا دەست بە گومانکردن دەکات لەخودا. تێناگات خودا بۆچی دەبێ ئازاری مرۆڤە باشەکان بدات، مەگەر ئەوان رێگای خێریان هەڵنەبژاردووە؟! پرسیار لە شێوازی کارکردنی خودا دەکا وە، ئاهوناڵەکانی لەشێوەی سەرزەنشتکردنی قەدەرن، ئەوەش بەهۆی ئەو ڕاستییە تاڵەی ناچارە قووتی بدات، کە مردنی کوڕەکەیەتی. لێرەوە بینەران دابەش دەبن بەسەر دوو بەرە، وە( تێرینس مالیك)ںی دەرهێنەر ڕا و بۆچوونی هەردوولا زۆر بە کارامەیی دەخاتە ڕوو. بەرەی یەکەم: ئەوانەی پێیانوایە ئەو نەهامەتییەی تووشی خێزانی(ئۆ. برایەن) بۆتەوە تاقیکردنەوەی خودایە. ئەوەش بەگەڕانەوە بۆ سەر چیرۆکی( پێغەمبەر ئەیوب) لە ئایینە ئیبراهیمییەکان. پێغەمبەر ئەیوب پیاوێکی دیندارو و چاکەکارە، رێگای خێری هەڵبژاردووە. خوداش لەبەرامبەردا بێ بەشی نەکردووە لە ناز و نیعمەتەکانی. تا ڕۆژێک شەیتان دەچێتەوە لای خودا و پێی دەڵێت کە هۆکاری باشی و باوەڕداری ئەیوب بۆ خۆشگوزەرانییەکەی دەگەڕێتەوە ئەگەرنا خۆی لەناخەوە پاک و چاکەکار نییە. خوداش بۆ تاقیکردنەوەی ئارگیومێنتەکەی شەیتان هەرچی خراپە دەیکات بەرامبەر ئەیوب، 10 منداڵی لە کارەساتێکی سرووشتی دەمرێنێت، سەروەت و سامانی، تەندروستی، ژیانی، هەمووی لێ دەسەنێتەوە. ئەیوب سەرەڕای ئەوەی هەرگیز لەهۆکاری بەدبەختییەکەی تێناگات و دەپرسێت [ ئەی ڕەقیبی مرۆڤایەتی! لەبەرچی منت کردۆتە ئامانجت؟ ] و زۆربەی ژیانی بەئازار چەشتنی نەخۆشییەکی کوشندەی پێست بەسەردەبات، بەڵام بەردەوام دەبێت لە پەرستنی خودا و هێشتنەوەی پتەویی باوەڕەکەی. بەرەی دووەم: ئەوانەی پێیانوایە ئەو نەهامەتییانەی تووشمان دەبن لە بێ ئاگایی خودایە، یا خودا ئێمەی لەبیرکردووە، یا خۆی خراپەکارە، یا هەر بوونی نییە و ئێمە تەنهایین و کەس بە هانامانەوە نییە. (تێرینس مالیك) زۆر بەجوانی ئەو ڕا و بۆچوونە لە دیمەنێك نیشاندەدات، کاتێک (خاتوو ئۆ. برایەن) شین و ڕۆڕۆیەتی [ کوڕەکەم! ڕۆحەکم! ڕووناکی ژیانم!] ( ترێنس مالیك) لە جیاتی نیشاندانی ڕووخسار و کاردانەوەی( خاتوو ئۆ. برایەن) وێنەی هەسارەی کەیوان و موشتەری نیشاندەدات. بەو مانایەی کە ئازارەکانمان لە دیدگایەکی گەردوونییەوە هیچ بایەخێکییان نییە، هاواری دایکە جەرگ سووتاوەکەمان بە ئاسمانەکان ڕاناگا. قسەکردن لەسەر فیلمی درەختی ژیان یەکجار زیاتر درێژە دەکێشێت، هێشتا خاڵی زۆر گرنگ ماوە ئاماژەیان پێبدەم بەڵام هەرچۆنێک بێت(خێزانی ئۆ. برایەن) بڕیاردەدەن رێگای خێر هەڵبژێرن، سەرەڕای هەموو ئازار و ناڕەحەتییەکان، تەنانەت(بەڕێز ئۆ. برایەن) کە ڕێگای سروشتی پێ ڕاست بوو، دواتر پەشیمان دەبێتەوە و دەلێت. [ دەمەویست خۆشەویستیم بەرامبەر بنوێنن چونکە خۆم لا مەزن بوو؛ پیاوێکی مەزن. بەڵام هیچ نیم. سەیری ئەو پیرۆزییانەی دەوروبەرمان بکەن، درەختەکان، باڵندەکان. شەرمە بۆمن کە بێڕێز بووم بەرانبەریان و تێبینیم نەدەکردن] وە( خاتوو ئۆ. برایەن) هەر جەخت لەسەر رێگەی خێر دەکاتەوە و دەلێت[ تاکە ڕێگەی خۆشبەختی خۆشەویستییە. هەتا خۆشەویستی نەنوێنیت، ژیانت لەبەر چاوانت بەفیڕۆدەچێت. چاکە بکە. بیربکەوە. هیوابخوازە.]

داهاتوو: جاكـی سەرلێشێواو خەریکە دەگاتە کۆتایی گەشتە زیهنییەکەی، خەریکە لەناو سەحرای مێشکی خۆیدا دەگات بە کەنار دەریایەک کە تێیدا هەموو خۆشەویستانی کۆبوونەتەوە و کەمێک لە ئاوی دانایی دەخواتەوە. لەکۆتاییدا دەگاتە ئاسوودەیی دەروون. ئەوەش دوای بەسەرکردنەوە و تێگەیشتن لە ڕابوردوو، چونکە هەر رابردووە کە ئێستامانی درووستکردووە. جاك بڕیار دەدات ئەوندەی تەمەنی ماوە رێگای خێر هەڵبژێرێت، بە سەرسامیەوە لە باڵەخانە گەورە مۆدێرنەکانی دەورووبەری دەڕوانێت هەروەک ئەوەی ئامادەبێت ڕۆحییان بکاتە بەر، سەرلەنوێ مانا بەژیان ببەخشێتەوە، هەروەک چۆن دایکی فێری کربوو.