تارکۆڤسکی بۆ من گەورەترین [دەرهێنەر]ـە، ئەو کەسەیە زمانێکی نوێی خولقاند، وێنەی ژیانی وەک ئاوێنەدانەوەیەک گرت، ژیان وەک خەونێک.
- ئینگمار بێرگمان
مرۆڤ دەنووسێ چونکوو ئێشی هەیە، چونکوو گومانی هەیە. ئەو مرۆڤەی ئێشی هەیە و گومان، پێویستی بەوەیە بەردەوام بۆ خۆی و بۆ ئەوانی تری بسەلمێنی کە شایستەی هەندێک شتە. سا چ دەبێ ئەگەر من بزانم کە بەڵێ ژیر و عەبقەریم؟ کەوایە ئیدی بۆ بنووسم؟ لەبەر خاتری چ جەهەننەمێک؟
-ئەندرێ تارکۆڤسکی.
ئەندرێ ئارسێنیڤیچ تارکۆڤسکی، گەورە دەرهێنەری ڕووسی لە ٤ـی ئەپرڵی ١٩٣٢ لە گوندی زافراژی لە ئیڤانۆڤۆ ئۆبلاست لەدایکبوو. باوکی تارکۆڤسکی یەکێک لە گرینگترین شاعیرەکانی ڕووسیا بوو، ئارسێنی ئەلیخاندرۆڤیچ تارکۆڤسکی، بە ئەسڵ خەڵکی ئۆکراین بووە. و دایکی تارکۆڤسکی، ماریا ئیڤانۆڤا ڤیشنیاکۆڤا، دەرچووی پەیمانگەی ئەدەبیی ماکسیم گۆرکی بووە.
تارکۆڤسکی منداڵێتی خۆی لە یوریڤێتس گوزەراند. لە ساڵی ١٩٣٧، باوکی خێزانەکە جێ دێڵێ. بۆ ئەندرێ ئەمە ڕووداوێکی تراجیدی بوو و زۆر بەزەقی کاری لێی کرد. لەگەڵ دایکی مایەوە و پاشان لەگەڵ دایکی و خوشکەکەی، مارینا، باریان کرد بۆ مۆسکۆ، لەوێ دایکی لە دەزگەیەکی چاپەمەنی کتێب کاری کرد. دایکی دەیویست تارکۆڤسکی لە بواری هونەر و میوزیکدا بخوێنێ و تەواوی بکا. لە قوتابخانەیەک لە مۆسکۆ فێری پیانۆ بوو و ئامادەی تەواوی کڵاسەکان دەبوو لە قوتابخانەیەکی هونەردا. بەڵام تارکۆڤسکی خۆی لەززەتی لە ئەدەب دەبرد و بەلایەوە گرینگ بوو بەتایبەتی شیعر.
زۆربەی زۆری تێماکانی منداڵێتی – لەڕەگ¬هەڵکەنین و وەدەرنان، دایکی و دوو منداڵەکەی، گەڕانەوەی درەنگوەختی باوک ئاوێنەی داوەتەوە لە فیلمەکەیدا، ئاوێنە – The Mirror.
تەواوی ئەو قوتابخانە و دەرهێنەرانەی کاریگەرییان لەسەر تارکۆڤسکی دانا بەر لەوەی دەست بە کاری دەرهێنان بکا و دواتریش بریتی بوون لە؛ نیوڕیالیستی ئیتالیایی، شەپۆلی نوێی فرەنسا و دەرهێنەرانێکی وەک؛ کۆرۆساوا، بونوێڵ، بێرگمان، بریسۆن. ئەم دەرهێنەرانە بوونە کاریگەرییەکی زۆر مەزن بۆ ئەندرێ.
لە ساڵی ١٩٥٦، تارکۆڤسکی یەکەمین فیلمی خۆی (کورتەفیلم) دەرهێنا بەناوی بکوژەکان، کە لە چیرۆکی 'بکوژەکان'ـی 'ئێرنێست هەمەنگوەی'ـیەوە سەرچاوەی گرتبوو.
ساڵی ١٩٥٧ ئەندرێ تارکۆڤسکی هاوسەرگیری لەگەڵ ئیرما راوش کرد، کە لەگەڵ خۆی دەیخوێند. هاوسەرگیرییەکەیان تا ساڵی ١٩٧٠ـی خایاند. بەڵام لە ساڵی ١٩٧٩ هەمدیس هاوسەرگیری دەکاتەوە، بۆ جاری دووەم.
بە فیلمی منداڵێتی ئیڤان - Ivan's Childhood تارکۆڤسکی ناوبانگێکی نێونەتەوەیی بەدەستهێنا و هەر لەسەر ئەو فیلمە ساڵی ١٩٦٢ خەڵاتی 'شێری ئاڵتوونی - Golden Lion 'ـی لە فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیس - Venice Film Festival وەرگرت.
تارکۆڤسکی، لە فیلمی منداڵێتی ئیڤاندا، هاوتەریب بە باسی قێزەونی جەنگ و دابەشبوونی منداڵێتی بەهۆی جەنگەوە ڕووبەڕووبوونەوەی دوو شتی گرینگیش پیشان دەدا: مێژووی مرۆڤایەتی و چارەنووسی تاک بە تاکی مرۆڤ.
لە کۆتایی ڕۆژانە یادداشتەکانی خۆیدا (١٥ دیسێمبەر، ١٩٨٦) تارکۆڤسکی دەنووسێ: ''بەڵام ئێستا ئیتر هێزم لەبەر بڕاوە – ئەوە کێشەکەیە''. ڕۆژانە یادداشتەکان کە هەندێجار پێشی دەگوترێ ''شەهیدۆلۆگیا'' لە پاش مەرگی خۆی لە ساڵێ ١٩٨٩، و بەزمانی ئینگلیزی لە ساڵی ١٩٩١ بڵاو بوویەوە.
تارکۆڤسکی لە ٢٩ـی دیسێمبەری ١٩٨٦ لە پاریس مرد. لە ٣ـی جەنیوەری ساڵی ١٩٨٧ لە گۆڕستانێکی ڕووسی لە پاریس بەناوی Sainte-Geneviève-des-Bois بەخاک سپێردرا.
فیلمۆگرافی
بکوژەکان – The (کورتەفیلم، ١٩٥٨)
Extract (کورتەفیلم، ١٩٥٨)
There Will Be No Leave Today (کورتەفیلم، ١٩٥٩)
The Steamroller and the Violin (کورتەفیلم، ١٩٦٠)
منداڵێتیی ئیڤان - Ivan’s Childhood (١٩٦٢)
ئەندرێ روبلۆڤ - Andrei Rublev (١٩٦٦ – ١٩٧١)
سۆلاریس – Solaris (١٩٧٢)
ئاوێنە – Mirror (١٩٧٤)
ستاڵکەر – Stalker (١٩٧٩)
Tempo di viaggio (دۆکیومێنتاری تەلەڤزیۆنی، ١٩٨٣)
نۆستالژیا – Nostalgia (١٩٨٣)
قوربانی - The Sacrifice (١٩٨٦)
______
سهرچاوه: سوليۆن ميديا
فیلمەکانی
زنجیرەکانی
نییەتی