كیم كی-دوك
كیم كی-دوك
كیم كی-دوك، لە ٢٠ی كانوونی یەكەمی ساڵی ١٩٦٠ لە "بۆنگووا"ی باشوری كۆریا لەدایكبووە، لە تەمەنی نۆ ساڵیدا بەھۆی كێشە و سەختی باری داراییەوە لەگەڵ خانەوادەكەیدا بەرەو "سیئۆل" گەشت دەكەن، لە تەمەنی ١٦ ساڵییشدا واز لە خوێندنگە دەھێنێت و لە كارگەیەكدا دەست دەكات بە كاركردن، تەمەنی بیستەكانیشی بە خزمەتی سەربازی و كاركردن لە پەرستگادا بەسەر دەبات كە ھاوكاری نابیناكانی دەكرد، تەنانەت لە بواری ئامۆژگاریكاری دینی "قەشە" دەخوێنێت بەڵام تەواوی ناكات و سەركەوتوو نابێت تێیدا، لە تەمەنی منداڵییەوە ئارەزووی لە ھونەرە جوانەكان دەبێت و لەكۆتاییدا خەونەكەی بە دی دەھێنێت و لەنێوان ساڵانی (١٩٩٠-١٩٩٣) لە كۆلێژی ھونەرە جوانەكانی پاریسدا ئەو بوارە دەخوێنێت و وەكو ھونەرمەندی سەرشەقام كار دەكات. ئەو كارەش تاكە ڕێگا بوو بۆ پەیدا كردنی بژێوی ژیانی. ئەو بارودۆخە سەختانەی كە كیم كی-دوك لە تەمەنی منداڵییەوە ھەتاكو بەردەوامیی ژیانی پێیاندا تێپەڕیووە كاریگەرییان لەسەر ڕەوتی ژیان و فیلمسازییەكەی كردووە و بەڕوونی بە كارەكانییەوە دەبینرێن. یەكێك لە شتە نامۆكانی ژیانی ئەم فیلمسازە ئەوەیە كە بۆ یەكەمین جار لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا دەبێت كاتێك لە "فەڕەنسا" تەماشای فیلم دەكات؛ چونكە لەو بڕوایەدا بوو كە فیلم و سینەما بۆ كەسە ڕۆشنبیر و دەوڵەمەندەكانن و بەدڵنیاییەوە خۆی بە یەكێك لەوان نەدەژمارد. ئەو یەكەم فیلمەش كە تەماشای كرد و زۆر كاریگەری بەسەریەوە ھەبوو (The Silence Of The Lambs-1991) بوو، پاشان (Leos Carax-1991) دواتر دەگەڕێتەوە بۆ باشوری كۆریا و بڕیار دەدات وەكو سیناریۆنووس دەست بە كاركردن بكات، لە كێبڕكێیەكدا كە لە لایەن "ئەنجوومەنی كۆریای فیلم"ەوە ڕێكخرابوو؛ ساڵی ١٩٩٥ سیناریۆیەك دەنووسێت و لە كێبڕكێكەدا براوە دەبێت و یەكەم خەڵاتی خۆی دەباتەوە، پارەی ئەم خەڵاتەش بۆ بەرھەم ھێنانی فیلمی (Crocodile-1996) تەرخان دەكات. لەو كاتەشەوە ھەتاكو ساڵی ٢٠٠٨ ساڵانە لایەنی كەم فیلمێكی بەرھەم دەھێنا. ساڵی ٢٠١١، پاش ماوەیەكی زۆر دیار نەبوونی لە بواری فیلمسازیدا؛ بە فیلمی (Amen) دەگەڕێتەوە، ھپاشان فیلمی Arirang بەرهەم دەهێنێت ئەم فیلمە بە تەواوی لە لایەن خۆیەوە بەرھەم ھێنرا، ھەر لە كاری نووسینی سیناریۆكەوە ھەتاكو كاری دەرھێنان و كامێرا و دەستكاریكردن و ئەكتەری پاڵپشت. یەكێك لە فیلمە ھەرە تایبەتەكانی ژیانی فیلمسازەكەیە؛ (Arirang) گۆرانییەكی كۆرییە كە خەڵكی لە كاتی خەمباری و دڵخۆشیشدا دەیچڕن، پردێكە لەنێوان ڕابردوو و ئێستای فیلمسازەكەدا. ساڵی ٢٠١٤ لە دوو فێستڤاڵی جیاوازی فیلمدا خەڵاتی باشترین دەرھێنەر بۆ دوو فیلمی جیاواز دەباتەوە، لە "فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە بەرلین" بۆ فیلمی (Samaritan Girl/ 2004) و لە "فێستیڤاڵی فیلم لە ڤێنس" بۆ فیلمی (Iron-3/ 2004). كیم كی-دوك یەكێكە لە گرنگترین و كاریگەرترین فیلمسازەكانی ھونەری-سینەمایی باكوری كۆریا، فیلمەكانی براوەی خەڵاتە جیاجیاكانی فێستیڤاڵە سینەماییە ئەوروپییەكان بوون، بەڵام لە وڵاتەكەی خۆیدا ئەم سەركەوتنانەی نەبووە و بگرە بە شكستخواردوو ھەژمار دەكرێت، خەڵكانی كۆریا بەوە ناوی دەبەن كە فیلمەكانی ترسناك و مەترسیدار و تۆقێنەر و لە ھەمان كاتدا زۆر ئەوروپییانەن، پێدەچێت ھۆكارەكەشی شێواز و ڕەوتی كاركردنی دەرھێنەرەكە بێت كە بە تەواوی جیاوازە لە دەرھێنەرە كۆریاییەكانی دیكە و پەیوەندی بە باس و بابەتی فیلمەكانییەوە ھەبێت. سیناریۆی سەرجەم فیلمەكانی خۆی نووسیوونی و تەنانەت ھەندێكجار بەبێ سیناریۆ وێنەگرتنی فیلمەكانی بە ئەنجام گەیاندووە، بۆ نموونە فیلمی (Spring, Summer, Fall, Winter...And Spring)، ھەروەھا زۆرجار لە ناوەڕاستی كاری وێنەگرتندا ھەڵدەستا بە گۆڕینی سیناریۆكان؛ ئەمەی بەپێویست دەزانی بۆ زیندوێتی فیلمەكانی و ھەوڵی دەدا لە شێواز و ستایڵی دەرھێنەرانی شەپۆلی نوێی فەڕەنسی نزیك ببێتەوە. فیلمەكانی پڕن لە دیمەنی توندوتیژیی و بە پێچەوانەی دەرھێنەرە كۆریاییەكانی دیكەوە ھەرگیز شەرمی لەوە نەكردووە كە كێشەكانی كۆمەڵگای كۆریا بھێنێتە نێو فیلمەكانییەوە و بیانخاتە ڕوو. بەگشتی پاڵەوانانی فیلمەكانی كەسانی لە چین نزم و مامناوەندەكانن و لەبارەی ئەو كەسانەوە فیلم دروست دەكات كە بیر ناكەنەوە، لەم بارەیەوە كیم كی-دوك دەڵێت: "بۆیە لە بارەی ئەم كەسانەوە فیلم دروست دەكەم؛ چونكە دەمەوێت بینەران بیر لەوە بكەنەوە كە ھەر بەڕاستی ژیان چۆنە". پاڵەوانەكانی كەم قسە دەكەن و بە ڕەفتارەكانیان ھەستەكانیان دەردەبڕن، بۆئەوەی لێیان تێبگەیت پێویست ناكات گوێ لە وشەكانیان بگریت؛ بەڵكو سەرنجدان لە ڕەفتار و جووڵەكانیان ناخ و بیركردنەوەكانیان پیشان دەدات، نواندنكارەكانی كەسانێكی كەم قسە و بێدەنگن بەھۆی ئەو كارەسات و ئازارانەوە كە لە ڕابردوودا ئەزموونیان كردووە.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی