Image-Description
تێرنیس مالیك
تێرنیس مالیك
تێرنیس فریدریك مالیك، فیلمساز و بەرھەمھێنەر و سیناریۆنووسی ئەمریكی؛ لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٤٣ لە "ئۆتاوا"ی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەدایكبووە. مالیك؛ كوڕی "ئێرین مالیك" و "ئیمیل مالیك"ە و دوو برای دیكەی ھەبوون بە ناوەكانی "كریس" و "لاری" و ھەردووكیان لە خۆی بچووكتر بوون، "لاری" گیتارژەن بوو، لە كۆتایی ساڵانی شەستەكاندا بۆ خوێندن ڕوو لە ئیسپانیا دەكات، ساڵی ١٩٦٨ بەھۆی پەستانی خوێندنی میوزیكەوە دەستەكانی خۆی دەشكێنێت و باوكیان بۆ یارمەتیدانی كوڕەكەی ڕوو لە ئیسپانیا دەكات، بەڵام پاش ماوەیەكی كەم "لاری" خۆی دەكوژێت. مردنی براكەی لەو تەمەنە كەمەدا؛ كاریگەرییەكی زۆری بەسەر مالیكەوە دەبێت و لە ھەریەكە لە فیلمەكانی "The Tree Of Life- 2001" و "Knight Of Cups-2015"دا ڕەنگی داوەتەوە. مالیك لە "تێكساس" و "ئۆكلاھۆما" گەورە بووە و ساڵی ١٩٦٥ لە زانكۆی "ھاڤارد" فەلسەفە تەواو دەكات، پاشان لە كۆلێژی "ماگدالین"ی "ئۆكسفۆرد" بۆ خوێندنی "Rhodes Scholar" وەردەگیرێت، بەڵام تەواوی ناكات و لەجیاتی ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان و وەكو ڕۆژنامەنووس بۆ چەندین گۆڤار و ڕۆژنامە كار دەكات، ماوەیەكی كەمیش لە پەیمانگای تەكنیكی "Massachussetts" فەلسەفە دەڵێتەوە، گرنگی بە فینۆمینۆلۆژی دەدا و كاری لەسەر فەلسەفەی "مارتن ھایدگەر" و "كیكەرگارد" دەكرد، وتاری "Vom Wesen des Grundes "ی "مارتن ھایدگەر"یشی وەرگێڕا. ساڵی ١٩٦٩ دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریكا و لە پەیمانگایەكی فیلمدا پەرە بە خوێندنی فیلم دەدات. مالیك لە ساڵی ١٩٧٠ ھاوسەرگیری لەگەڵ "جیڵ جەیكس" دەكات و ساڵی ١٩٧٦ جیادەبنەوە، پاشان ساڵی ١٩٨٥ لە فەڕەنسا و لەگەڵ "میشێل ماری مۆرێت"دا ھاوسەرگیری دەكەن و ساڵی ١٩٩٦ جیادەبنەوە، دوای ئەوەش لەگەڵ "ئەلیكساندرا واڵس"دا ھاوسەرگیری دەكات كە لە قۆناغی ئامادەیی خۆشەویستی یەكدی بوون. ھەروەھا فیلمی "To The Wonder" لە ئەنجامی كاریگەری پەیوەندییەكانی لەگەڵ "مۆرێت" و "واڵس"دا بەرھەم ھێناوە. مالیك بە فیلمی (Badlands- 1973) دەست بە پیشەی فیلمسازی دەكات و دواتریش (Days Of Heaven- 1978) بەرھەم دەھێنێت، كە خەڵاتی باشترین دەرھێنەر و باشترین سینەماتۆگرافی بۆ دەباتەوە لە فێستیڤاڵی فیلمەكانی كاندا، دوای ئەم دوو فیلمە و پاش بیست ساڵ بە فیلمی (The Red Line- 1998) دەگەڕێتەوە بۆ كاری فیلمسازی كە پاڵێورا بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین سیناریۆ و دەرھێنەر و لە ٤٩یەمین فێستڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلینیشدا خەڵاتی (ورچی ئاڵتونی) دەباتەوە، دواتریش (The New World- 2005) و (The Tree Of Life- 2011) بەرھەم دەھێنێت؛ كە لە ٦٤ـەمین فێستیڤاڵی فیلمی كان'دا خەڵاتی (Palme d’Or) دەباتەوە و دواتریش خەڵاتی (FIPRESCI) بۆ باشترین فیلمی ساڵ دەباتەوە و پالێورابوو بۆ وەرگرتنی سێ خەڵاتی دیكەی ئەكادیمی بۆ باشترین دەرھێنەر و باشترین وێنە و باشترین سینەماتۆگرافی. ساڵێك دواتریش (To The Wonder- 2012) دەھێنێتە سەر شاشەی سینەماكان و بەدوایدا (Knight Of Cups- 2015). مالیك لەسەر ڕەوتی فیلمسازیی خۆی بەردەوام دەبێت و ساڵی ٢٠١٧ (Song to Song) و ساڵی ٢٠١٩ (A Hidden Life) دەھێنێتە بەرھەم. مالیك بەرلەوەی دەست بە فیلمسازی خۆی بكات؛ وەكو سیناریۆنووس كاری لەسەر چەندین فیلمی دیكە كردووە، لەوانەش (Dirty Harry- 1971) و (Drive, He Said- 1971) و (Pocket Money- 1972) و (The Gravy Train- 1974). ھەروەھا پاش ئەوەش كە وەكو دەرھێنەر دەست دەكات بە نووسین و دەرھێنانی فیلمەكانی خۆی؛ ھێشتاش كار لەسەر سیناریۆی فیلم دەكات بۆ دەرھێنەرەكانی دیكە. لە كۆتاییەكانی ساڵانی نەوەدەكاندا كۆمپانیایەكی بەرھەمھێنانی فیلم دادەمەزرێنێت. تێرنیس مالیك، خاوەنی ڕەوتی دەرھێنانی تایبەت بە خۆیەتی و فیلمەكانی بەوە دەناسرێنەوە كە ناوەڕۆكێكی فەلسەفی و سوڕیاڵییان ھەیە، خاوەنی بەرزترین ئاستی سینەماتۆگرافین و بەوردی كار لەسەر كاراكتەری نواندنكارەكان و نواندنەكانیان دەكات، زۆرێك لە فیلمەكانی لەلایەن ڕەخنەگرانەوە بە "شاكاری سینەمایی" ناسراون.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی