Image-Description
فڕانسیس فۆرد كۆپۆلا
فڕانسیس فۆرد كۆپۆلا
فڕانسیس فۆرد كۆپۆلا، فیلمساز و بەرھەمھێنەر و سیناریۆنووسی ئەمریكیی لە ٧ی نیسانی ساڵی ١٩٣٩ لە "دێترۆیت"ی "میشیگان"ی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەدایكبووە. (كارماین)ی باوكی كۆپۆلا لە ئۆركێسترای (BNC)دا لەگەڵ (ئارتۆرۆ تۆسكانینی)دا نەیژەن بوو، ھەروەھا (ئیتاڵیا)ی دایكی نواندنكار بوو، خوشكە بچووكەكەیشی (تالیا) لەسەر ھەمان ڕێچكەی دایكی بوو بە نواندنكار، چەند ساڵێك پاش لەدایكبوونی كۆپۆلا؛ خانەوادەكەی بەرەو دێھاتەكانی "نیویۆرك" دەڕۆن و زۆربەی تەمەنی منداڵیی لەوێدا بەسەر دەبات. و لەتەمەنی نۆ ساڵیدا بەھۆی ئیفلیجییەوە بۆ ماوەی ساڵێك لە جێگادا دەكەوێت، تەواوی كاتەكانی بە سەیركردنی تەلەفزیۆن و یاریكردن بە بوكەڵە و نقوومبوون لە جیھانێكی خەیاڵیدا بەسەردەبات، پاش چاكبوونەوەیشی بە كامێرایەكی (٨ ملم)ی دەست دەكات بە درووستكردنی فیلم. كاتێك لە خوێندنگەی "Great Neck" خوێندكار دەبێت دەست دەكات بە خوێندنی فیلمسازیی و شەیداییەكی زۆری بە سینەمای (سیزگی ئەنشتاین)ەوە دەبێت، پاشان لە كۆلێژی "Hofstra" شانۆ و دراما دەخوێنێت و پاش تەواوكردنیشی لە زانكۆی "كالیفۆڕنیا" لە "لۆس ئەنجەلۆس" بەردەوامی بە خوێندنی فیلمسازیی دەدات، بەڵام ھێندە بێ ئارام بوو كە پۆل بەجێبھێڵێت و دەست بكات بە بەرھەمھێنانی فیلمەكانی خۆی و لەگەڵ (B- movie king)ی (ڕۆجەر كۆرمان)دا دەست بەكار دەبێت، لە ڕێی (كۆرمان)ەوە و ساڵی ١٩٦٣ لە ماوەی سێ ڕۆژدا سیناریۆی (Dementia 13) دەنووسێت، ئەگەرچی سەركەوتنێكی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینی بەڵام ھاندەر بوو بۆ ئەوەی كۆپۆلا ڕێچكەی فیلمسازیی بگرێت و ھەمان ساڵیش لەگەڵ (ئێلینۆر نیێڵ)دا ھاوسەرگیری دەكات. كۆپۆلا لە پاڵ كارەكەی خۆیدا وەكو فیلمسازێك؛ زۆرێك لە كەسە نزیكەكانی لە بواری سینەمادا كاریان كردووە و ئارەزوویەكی زۆریان بۆ سینەما و نواندن ھەبووە، لەوانەش (تالیا شێری) خوشكی خانمە نواندنكار بوو، ھەروەھا نواندنكار (نیكۆلاس كەیج) خوشكەزای بوو، (سۆفیا)ی كچی خانمە نواندنكار و یەكێك لە كوڕەكانیشی بە ناوی (ڕۆمان) وەكو نواندنكار و دەرھێنەر كاری كردووە، ھەروەھا كوڕە بچووكەكەیشی بە ناوی (گیان كارلۆ كۆپۆلا) بە ھەمان شێوە نواندنكار بوو كە ساڵی ١٩٨٦ لە ڕووداوێكی بەلەمدا كۆچی دوایی دەكات و دوای خۆی (گیا كۆپۆلای)ی كچی وەكو دەرھێنەر و سیناریۆنووس لە ھەمان بواردا كار دەكات. ساڵانی حەفتاكان، ساڵانی كار و چالاكی كۆپۆلا دەبێت، لەلایەن ڕەخنەگرانەوە گرنگییەكی زۆر بە سیناریۆكانی دەدرێت و دەبێتە جێی سەرنج، ساڵی ١٩٧٢ شاكارەكەی (The Godfather) لە ڕۆمانێكی (ماریۆ پوزۆ)وە بەرھەم دەھێنێت، ئەم فیلمە لە ئەكادیمیای ھونەری وێنەی جوڵاو و زانستەكانەوە بۆ یەكەم جار پاڵێورا بۆ بردنەوەی خەڵات وەكو باشترین دەرھێنەر و براوەی خەڵاتی باشترین وێنەگرتن و خۆی و (ماریۆ پوزۆ) براوەی خەڵات بوون بۆ باشترین سیناریۆ. ساڵی ١٩٧٤ بەشی دووەمی (The Godfather) بەرھەم دەھێنێت و فیلمەكە براوەی خەڵاتی ئەكادیمی بوو بۆ باشترین كاری وێنەگرتن لە ھەمان ئەو ساڵەدا، پاشان ساڵی ١٩٩٠ بەشی سێیەمی تریۆلۆجی (The Godfather) دەھێنێتە سەر شاشەی سینەماكان. لە ماوەی نێوان ساڵانی كاركردنی لەسەر ھەر سێ بەشی تریۆلۆجی (The Godfather)دا چەندین كاری دیكە بەرھەم دەھێنێت، ساڵی ١٩٧٤ (The Conversation) و ساڵی ١٩٧٩ (Apocalypse Now) بە سەركەوتنێكی زۆرەوە پێشكەشی بینەرانی دەكات و درێژە بە كاری فیلمسازییەكەی دەدات. ساڵانی ھەشتا ھەتاكو نەوەدەكان چەندین فیلمی دیكە بەرھەم دەھێنێت، لەوانەش؛ (The Outsiders- 1983) و (The Cotton Club- 1984) و (Dracula- 1992) و (Jack- 1994). كۆپۆلا پاش بەرھەم ھێنانی (The Rainmaker- 1997) لە یەكێك لە پڕفرۆشترین ڕۆمانەكانی (جۆن گریشام)ەوە؛ بۆ ماوەیەك لە كاری فیلمسازی دوور دەكەوێتەوە و لەپشتی كامێراوە وەكو بەرھەمھێنەر و سیناریۆنووس كار دەكات، ساڵی ١٩٩٩ وەكو بەرھەمھێنەر لە یەكەم فیلمی (سۆفیا كۆپۆلا)ی كچیدا كە (The Virgin Suicides) بوو وەكو بەرھەمھێنەر بەشدار دەبێت، ھەروەھا لە چەندین فیلم و زنجیرەی تەلەفزیۆنیدا وەكو جێبەجێكاری بەرھەمھێنەر بەشدار دەبێت، لەوانەش؛ (Lost In Translation- 2003) و (Kinsey- 2004) و (Marie Antoinette- 2006) و (The Good Shepherd- 2006). پاشان ساڵی ٢٠٠٧ بەردەوامی بە كاری فیلمسازییەكەی دەدات و ساڵی ٢٠٠٩ (Tetro) دەھێنێتە سەر شاشەی سینەماكان. لە پاڵ خەڵاتە جیاجیاكانیدا كە بۆ فیلم و كارەكانی بەدەستیھێناون؛ كۆپۆلا ساڵی ٢٠١٠ لە لایەن ئەكادیمیای ھونەری وێنەی جوڵاو و زانستەكانەوە خەڵاتی "Irving Thalberg"ی پێدەدرێت و ساڵی ٢٠١٣ لە لایەن ڕێخراوی ھونەریی ژاپۆنەوە خەڵاتی "Praemium Imperiale"ی بۆ شانۆ و فیلم پێدەدرێت.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی