دەیڤد فینچەر
دەیڤد فینچەر
دەیڤد ئەندریۆ لیۆ فینچەر، ٢٨ی ئابی ساڵی ١٩٦٢ لە "دێنڤەر"ی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەدایكبووە، دایكی (كلاری مەی) پەرستار و باوكیشی (ھاوارد كێڵی فینچەر) لە یەكێك لە دەزگا حكومییەكاندا فەرمانبەر بوو، لە تەمەنی دوو ساڵیدا خانەوادەكەی بەرەو "سان ئەنسێڵمۆ"ی "كالیفۆڕنیا" دەڕۆن و بووە و لەوێ و لە تەمەنێكی كەمدا حەز و ئارەزووی بۆ سینەما و فیلمسازیی تێدا دەردەكەوێت و پەرەی پێدەدات؛ ھەروەھا (جۆرج لوكاس)ی دەرھێنەر یەكێك دەبێت لە دراوسێیەكانی ئەم خانەوادەیە و كاریگەری بەسەر فینچەرەوە دەبێت لە بواری فیلم و سینەمادا، فینچەر لە تەمەنی ٨ ساڵیدا و بە كامێرایەكی (8 mm) دەست دەكات بە كاری فیلمسازیی. لە تەمەنی ١٨ ساڵی و دواتردا لە ستۆدیۆی (Korty Films)دا كار بۆ (John Korty) دەكات و پاشان لە ستۆدیۆی (Industrial Light & magic)ی دەرھێنەر (جۆرج لوكاس)دا دەبێت بە یاریدەدەری وێنەگر و لە ناوەڕاستی ساڵانی ھەشتاكاندا دەست دەكات بە كاری دەرھێنان بۆ ڕێكلامی بازرگانی و ئەمەش ئەزموونێكی باش و یاریدەدەر دەبێت بۆ كاری دەرھێنانی فیلم. پاشان دەست دەكات بە بەرھەمھێنانی چەند كارێك كە قازانجێكی دارایی باشیان لێ دەكات؛ لەوانەش (Express Yourself و Vougue و Oh Father و Bad Girl) بۆ خانمە ھونەرمەند "مادۆنا" و (Cradle Of Love) بۆ "بیلی ئیدۆڵ" و (Who is it) بۆ "مایكڵ جاكسۆن" و چەندین كاری دیكە. پاشان ساڵی ١٩٩٢ یەكەم فیلمی درێژی خۆی بە ناوی (Alien 3) بەرھەم دەھێنێت، ھەرچەندە فیلمەكە پاڵێورا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسكار بۆ سپێشەڵ ئیفێكتەكانی بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە لایەن ڕەخنەگرانی فیلم و بینەرانەوە پێشوازییەكی باشی لێ نەكرا و بە فیلمێكی شكستخواردووش ناویان برد. سێ ساڵ دواتر (Se7en- 1995) بەرھەم دەھێنێت كە پێشوازییەكی باشی لێكرا لە لایەن ڕەخنەگران و بۆكس ئۆفیسیشەوە و زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار داھاتی كۆكردەوە، و ساڵی ١٩٩٧یش ڕەوتی فیلمسازیی پەرەپێدەدات و (The Game) بەرھەم دەھێنێت. فینچەر فیلمی داھاتووی لە ڕۆمانێكەوە وەردەگرێت كە (Fight Club- 1999) بوو؛ فیلمەكە چەندین بۆچوون و تێڕوانینی جیاوازی وەرگرت و لە لایەن بۆكس ئۆفیس و زۆرێك لە ڕەخنەگرانەوە شكستخواردوو بوو، چەند ساڵێك دواتر چەندین كەس لەو ڕەخنەگرانە بۆچوونی خۆیان گۆڕی و بە یەكێك لە كارە ھەرە سەركەوتووەكانی دەرھێنەرەكە ناویان برد، ساڵی ٢٠٠٦یش گۆڤاری بەریتانی (Total Film) لەنێو ١٠٠ لە باشترین فیلمەكانی مێژووی سینەمادا (Fight Club)ی وەكو چوارەم باشترین فیلم ھەڵبژارد. ساڵی ٢٠٠٢ فیلمی (Panic Room) بەرھەم دەھێنێت و پێنج ساڵ دواتریش (Zodiac- 2007) دەھێنێتە سەر شاشەی سینەماكان، پاشان لە یەكێك لە پڕفرۆشترین ڕۆمانەكانی جیھانەوە فیلمی (The Curious Case Of Benjamin Button- 2008) دەھێنێتە بەرھەم و ھەرچەندە فیلمەكە ھێندەی (Zodiac) سەركەوتوو نەبوو بەڵام پاڵێورا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئەكادیمی بۆ باشترین دەرھێنەر. پاشان (The Social Network- 2010) دەھێنێتە سەر شاشەی سینەماكان و خەڵاتی "گۆڵدن گڵەب" بۆ باشترین دەرھێنەر بۆ فینچەر دەباتەوە و بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئەكادیمییش دەپاڵێورێت. فینچەر ساڵی ٢٠١١ لە یەكێكی دیكە لە پڕفرۆشترین ڕۆمانەكانەوە فیلمێكی دیكە بەرھەم دەھێنێت كە (The Girl With The Dragon Tattoo) و بەدوایدا درامای (House Of Cards/2013-2018) بەرھەم دەھێنێت. لەو نێوەندەدا و ساڵی ٢٠١٤ فیلمی (Gone Girl) لە ڕۆمانێكەوە بەرھەم دەھێنێت. فینچەر لە ٢٠٢٠یشدا (Mank) دەھێنێتە سەر شاشەی سینەماكان و پێشوازییەكی باشی لێكرا و چاوەڕێی سەركەوتنێكی زۆری لێدەكرێت.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی