Image-Description
گای ستیوارت ڕیچی
گای ستیوارت ڕیچی
وەرگێڕان: ژانیار بێستون دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر و سیناریۆنووس و بازرگانی ئینگلیز (گای ستیوارت ڕیچی) لە بەرواری ١٠ی ئەیلولی ساڵی ١٩٦٨ لە (هاتفیڵد) لە ویلایەتی (هارتفۆردشایەر)ـی بەڕیتانیا لەدایکبووە. (ڕیچی) لەدوای سەیرکردنی فیلمی (Butch Cassidy and the Sundance Kid) لە تەمەنی منداڵیدا، زانی کە لە داهاتوودا دەیەوێت لە بواری دەرهێنەری فیلمدا کاربکات. لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا وازی لە قوتابخانە هێناوە و لە ساڵی ١٩٩٥ بووە بە یاریزانی ڕاکەر. شایەنی باسە هەرگیز نەچۆتە قوتابخانەی سینەمایی و لەوبارەیەشەوە دەڵێ "کارەکانی دەرچووانی بەشی فیلمسازی شایەنی سەیرکردن نین و بێزارکەرن" لەکۆتاییدا دەستی کرد بە پیشەی دەرهێنەری، زۆر بەخێرایی پەرەی سەند، لە ساڵی ١٩٩٥ دەستی کردووە بە کاری ڕیکلامی تەلەفزیۆن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ کلیپ بۆ باندە میوزیکییەکان. هەروەها کاری دەرهێنەری بۆ چەند کورتە فیلمێک کردووە لەوانە (The Hard Case/ 1995). (ڕیچی) یەکەمین فیلمی درێژی لە نووسین و دەرهێنانی خۆی لە ساڵی ١٩٩٨ دا بەرهەمهێنا بەناوی (Lock, Stock and Two Smoking Barrels) کە لە ژانەری کۆمیدی و تاوانکارییە، ناوبانگێکی زۆری دەرکرد، بۆ سێ خەڵات پاڵێورا و لەنێوانیاندا بوو بە براوەی خەڵاتێکی (بافتا) بۆ فیلمی ساڵ. پاش ئەو سەرکەوتنانەی کە فیلمەکە بەدەستی هێنا، (ڕیچی) بڕیاریدا زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی بەرهەم بێنێت بەناوی (...Lock, Stock). دواتر لە ساڵی ٢٠٠٠ فیلمێکی تر هەر لە نووسین و دەرهێنانی خۆی بەرهەمهێنا بەناوی (Snatch) دووبارە لە ژانەری کۆمیدی و تاوانکاری، کە باس لە کۆمەڵێک تاوانبار دەکات بەدوای ئەڵماسێکی دزراودا دەگەڕێن. قازانجێکی زۆری کرد لە بۆکس ئۆفیسدا و کۆمەڵێک ئەکتەری ناسراو تیایدا بەشداربوون لەوانە (براد پیت) و (جەیسن ستەیسم). لە ساڵی ٢٠٠٢، کاری دەرهێنانی بۆ فیلمی (Swept Away)ـی خانمە دەرهێنەری ئیتاڵی (لینا وێرتمولەر) کردۆتەوە لەژێر هەمان ناونیشاندا، فیلمەکە لەلایەن ڕەخنەگرانەوە ڕەخنەیەکی زۆری لێگیرا تەنانەت بوو بە براوەی پێنج خەڵاتی (Golden Raspberry Award) کە ئەم خەڵاتەش دەدرێت بەو فیلمانەی کە نواندنیان لاوازە لە جیهانی سینەمادا. هەروەها لە پێگەی (Rotten Tomatoes) تێکڕای ٥٪ی وەرگرتووە. دواتریش کاری دەرهێنانی بۆ فیلمی (Revolver/2005) و (RocknRolla/2008) کرد، کە سەرکەوتنێکی کەمتریان بەدەستهێنا بەبەراورد بە کارەکانی تری. پاشان لە ساڵی ٢٠٠٩ فیلمی (Sherlock Homles) بەرهەم دەهێنێت، ناوەکەی لە کارەکتەری ڕۆمانەکەی نووسەری بەڕیتانی (Sir Arthur Conan Doyle) وەرگرتووە. هەردوو ئەکتەری ناودار (ڕۆبێرت داونی جۆنیۆر) و (جۆد لۆو) ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن. جیاواز لە کارەکانی پێشووی، ئەم فیلمە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، لەلایەن بینەران و ڕەخنەگران پێشوازییەکی باشی لێکرا، زیاتر لە ٥٢٠ ملیۆن دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسدا قازانج کرد، چەندین خەڵاتی بردەوە و بۆ وەرگرتنی دوو خەڵاتی ئۆسکار پاڵێورا، و (داونی) خەڵاتێکی "گۆڵدن گڵەب"ی بردەوە بۆ باشترین ئەکتەر. لە ساڵی ٢٠١١ (ڕیچی) بەشی دووەمی فیلمەکە بەناوی (Sherlok Homles: A Game Of Shadows) بەرهەمهێنا، بەهەمان شێوەی بەشی یەکەم سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، زیاتر لە ٥٤٥ ملیۆن دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسدا قازانج کرد. دواتر لە ساڵی ٢٠١٩ کاری دەرهێنانی بۆ فیلمی لایڤ ئەکشنی "دیزنی" (Aladdin) کرد، فیلمەکەش لەڕووی بازرگانییەوە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، کە زیاتر لە ١ بلیۆن دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسدا قازانج کرد، بەمەش بوو بە یەکێک لەو فیلمانەی کە زۆرترین قازانجیان کرد لە ساڵی ٢٠١٩دا. دواتر لە هەمان ساڵدا ڕایانگەیاند کە لە داهاتوویەکی نزیکدا کاری دەرهێنان بۆ بەشی دووەمی فیلمەکە دەکات. دواین فیلمەکانی بەناوی (The Gentleman/2020) لە ژانەری کۆمیدی و تاوانکاری و فیلمی (Wrath Of Man/2021) لە ژانەری ئەکشن و هەستبزوێن، بە بەشداری ئەکتەری ناودار (جەیسن ستەیسم). لە ساڵی ٢٠٠٠ (ڕیچی) هاوسەرگیری لەگەڵ خانمە گۆرانیبێژی ئەمریکی (مادۆنا) کرد، باوانی دوو منداڵن بەناوەکانی (ڕۆکۆ) و (دەیڤد)، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٨ لەیەکتری جیابوونەوە. لە ساڵی ٢٠١١ پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ خانمە مۆدێل (جاکوی ئاینسلی) بەست و باوانی سێ منداڵن بەناوەکانی (ڕافایل) و (ڕیڤیکا) و (لیڤی).

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی