جەیمس وان
جەیمس وان
جەیمس وان وەرگێڕان: ژانیار بێستون دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر و سیناریۆنووسی ئوستوڕاڵی (جەیمس وان) لە ٢٦ی شوباتی ساڵی ١٩٧٧ لە شاری (کوچینگ)ـی ویلایەتی (ساراواک)ـی مالیزیا لەدایکبووە. لە دایک و باوکێکی چینییەوە هاتۆتە دنیاوە. لە تەمەنی حەوت ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی چووەتە ئوستوڕاڵیا و لەوێ گەورەبووە. لە شاری "مێلبۆرن" دەچێت بۆ کۆلێژی (Royal Melbourne institute of Technology)، لە ساڵی ١٩٩٨ بڕوانامەی بە کالۆریۆس لە بەشی هونەر لە میدیادا بەدەست دەهێنێت. حەز و خولیای ئەم فیلمسازە بۆ فیلمی ترسناک وایکردووە بەتایبەتی کاری دەرهێنان بۆ ئەو فیلمانە بکات کە سەر بەم ژانەرەن و بەیەکێک لە باشترین دەرهێنەرەکانی فیلمی ترسناک دادەنرێت. هەروەها دامەزرێنەری کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فیلم و تەلەفزیۆنی (Atomic Monster Productions) و نووسەری پەڕتووکی کۆمیکە. سەرەتا بە زنجیرە فیلمەکانی (Saw) دەستی بە پیشەکەی کرد، لەگەڵ (لی وانێل)ـی هاوڕێی کە سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەرێکی ئوستوڕاڵیە دەستیان بە نووسینی سکریپتەکە کرد، و بە بودجەیەکی زۆر کەم دەستیان بە کاری وێنەگرتنی کرد، بۆیە یەکەم بەشی فیلمەکەی لە دەرهێنانی خۆی لە ساڵی ٢٠٠٤دا بەرهەمهێنا، و لەڕووی بازرگانییەوە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، زیاتر لە ١٠٣ ملیۆن دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسدا قازانج کرد. دواتریش هەشت بەشی تری لێ بەرهەمهێنرا. لە ساڵی ٢٠٠٧دا کاری دەرهێنانی بۆ دوو فیلم کرد، یەکەمیان فیلمێکی ترسناک بوو بەناوی (Dead Silence)، و لەلایەن (وانێل)ەوە سیناریۆکەی نووسراوە، کە دواتریش ڕایانگەیاند فیلمەکە ئەزموونێکی نەرێنی بوو بۆ ئەوان. سەرەڕای بوونی دیمەنی خوێناوی، (وان) بە "فیلمێکی بووکەڵەی ترسناک" وەسفی کردووە. زیاتر لە ٢٢ ملیۆن دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسدا قازانج کرد، بەڵام لەلایەن ڕەخنەگرانەوە ڕەخنەیەکی زۆری لێگیرا. لە هەمان ساڵدا دووەمین کاری دەرهێنانی بۆ فیلمێک بوو لە ژانەری ئەکشن- دراما بەناونیشانی (Death Sentence) کە لە ڕۆمانەکەی نووسەری ئەمریکی (بریان گاڕفیڵد) وەریگرتووە لەژێر هەمان ناونیشاندا. فیلمەکەش باس لە باوکێک دەکات کە دەیەوێت تۆڵەی کوڕەکەی بسێنێتەوە، کە لەلایەن باندێکی ناوچەکەوە کوژراوە. فیلمەکە ١٧ ملیۆن دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسدا قازانج کرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆچوونی نەرێنی بەدوای خۆیدا هێنا. دوای ماوەیەک بە زنجیرە فیلمی (Insidious) گەڕایەوە، یەکەم بەشی فیلمەکەی لە ساڵی ٢٠١٠دا بەرهەمهێنا و لە ڤیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی "تۆرنتۆ" لە کەنەدا نمایشکرا، دووەم بەشی وەکو پاشکۆ لە ساڵی ٢٠١٣ بەرهەمهێنا. لە هەمان ساڵدا کاری دەرهێنانی بۆ بەشی یەکەمی فیلمی (The Conjuring) کرد، فیلمەکەش باس لە دوو لێکۆڵەر دەکات یارمەتی خێزانێک دەدەن کە چوونەتە ناو خانوویەکی کێڵگەوە و لەلایەن ڕووحە شەڕانگێزەکانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر. سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و لەلایەن بینەران و ڕەخنەگران پێشوازییەکی باشی لێکرا، بوو بە براوەی خەڵاتی (Empire Award) بۆ باشترین فیلمی ترسناک، زیاتر لە ٣١٩.٥ ملیۆن دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسدا قازانج کرد. لەساڵی ٢٠١٦دا کاری دەرهێنانی بۆ بەشی دووەمی کرد. دواتر کاری بەرهەمهێنانی بۆ فیلمی (Annabelle/2014) و بەشی دووەمیش بەناوی (Annabelle: Creation/2017) وەکو پێشکۆ بۆ زنجیرە فیلمی (The Conjurning) کرد، هەروەها لەگەڵ (گاری داوبێرمان) کە سیناریۆنووس و دەرهێنەرێکی ئەمریکییە، دەقی فیلمەکانی (The Nun/2018) و (Annabelle: Comes Home/2019) نووسیوە. بەدەر لە ژانەری ترسناک، کاری دەرهێنانی بۆ بەشی حەوتەمی زنجیرە فیلمی (Fast & Furious) کردووە لە ساڵی ٢٠١٥دا، بووە سەرکەوتووترین بەشی فیلمەکە، زیاتر لە ١.٥١٥ بلیۆن دۆلاری لە سەرتاسەری جیهاندا کۆکردەوە. هەروەها کاری دەرهێنانی بۆ فیلمی (Aquaman/2018) کردووە، کە فیلمێکی سوپەرهیرۆی سەربە جیهانی (دی، سی)یە. هەردوو فیلمەکە زیاتر لە ١ بلیۆن دۆلاریان لە بۆکس ئۆفیسدا قازانج کرد، کە ئەوەش (وان) دەکات بە هەشتەم دەرهێنەر کە بە دوو فیلم ئەم داهاتە بەدەست بهێنێت. لە ساڵی ٢٠٢١دا لە ڕیزبەندی نۆزدەیەمین ئەو دەرهێنەرانە بوو کە زۆرترین قازانجیان کردبوو لە بۆکس ئۆفیسدا، کە داهاتی فیلمەکانی زیاتر لە ٣.٧ بلیۆن دۆلار بوو.

فیلمەکانی

ئاكشن - سه‌ركێشی - خه‌یاڵی
ترسناك - ئاڵۆز - چیرۆكی هه‌ست بزوێن
كورته‌ فیلم - ترسناك - چیرۆكی هه‌ست بزوێن
ترسناك - ئاڵۆز - چیرۆكی هه‌ست بزوێن
ترسناك - چیرۆكی هه‌ست بزوێن -خەیاڵی
ترسناك - ئاڵۆز - چیرۆكی هه‌ست بزوێن
تاوانكاری - ترسناك - ئاڵۆز
ئاكشن - سه‌ركێشی - چیرۆكی هه‌ست بزوێن

زنجیرەکانی

نییەتی