ڕیدڵی سکۆت
ڕیدڵی سکۆت
وەرگێڕان: ژانیار بێستون دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری ئینگلیز (ڕیدڵی سکۆت) لە ٣٠ تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٣٧ لە باشوری شاری "شیڵدز"ی سەر بە پارێزگای "دورهام"ی ئینگلتەرا لەدایکبووە. (دیکسۆن سکۆت)ی مامی پێشڕەو بووە لە کردنەوەی سینەمادا و چەندین سینەمای کردۆتەوە لە دەوروبەری شاری "تینیساید"، یەکێک لە سینەماکانی بەناوی (Tyneside Cinema) ئێستاش لە شاری "نیوکاسڵ" دەکرێتەوە. دوو ساڵ پێش دەستپێکی جەنگی جیهانی دووەم لەدایکبووە، و لە خێزانێکی سەربازیدا گەورەبووە. باوکی ئەفسەر بووە لە سوپای بەڕیتانی (Royal Engineers)، و زۆربەی ژیانی له تەمەنی گەنجێتیدا دوور لە ماڵەوە بەسەربردووە. برا گەورەکەی (فرانک) لە تەمەنێکی بچووکدا چووەتە پاڵ هێزی دەریایی بەڕیتانی (Merchant Navy). برا بچووکەکەی بەناوی (تۆنی) بەهەمان شێوە بووە بە دەرهێنەری فیلم. لەدوای جەنگ، خێزانی (سکۆت) گەڕانەوە بۆ پارێزگای "دورهام"، لەکۆتایشدا لە شاری "تیساید"دا نیشتەجێ بوون. ئارەزووەکانی بۆ چیرۆکی خەیاڵی زانستی دەستیپێکرد بە خوێندنەوەی ڕۆمانەکانی نووسەری ئینگلیز (ئێچ، جەی، وێڵز) لە تەمەنی منداڵیدا، هەروەها ئەم فیلمانەی کە سەر بەم ژانەرەن کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەبووە، لەوانەش (It! The Terror From Beyond Space)، (The Day The Earth Stood Still)، و (!Them). بەڵام هیچیان هێندەی فلمەکەی دەرهێنەری ئەمریکی (ستانلی کوبریک) بەناوی (2001 : A Space Odyssey) کاریگەریان لەسەری نەبووە، کە خۆی لەوبارەیەوە دەڵێت "هەرکە ئەم فلمەم بینی، زانیم دەتوانم چی بکەم". لە کۆلێژی (West Hartlepool College of Art) دەست بە خوێندن دەکات و بڕوانامەی دبلۆم بەدەست دێنێت لە بواری دیزاین، دواتر لە شاری "لەندەن" دەچێتە کۆلێژی (Royal College of Art) لەوێوە درێژە بە خوێندنەکەی دەدات. لەدوای تەواوکردنی کۆلێژ، لە ساڵی ١٩٦٣ وەکو دیزاینەرێکی ڕاهێنراو لە کۆمپانیای "بی، بی، سی" دەست بەکاردەبێت و کار لەسەر زنجیرەی (Z-Cars) و زنجیرەی زانستی- خەیاڵی (Out of the Unknown) دەکات. لەساڵی ١٩٦٥، لەگەڵ (تۆنی) برای کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فیلم و بازرگانی بەناوی (Ridley Scott Associates) دادەمەزرێنن. (سکۆت) یەکەمین فیلمی درێژی لە دەرهێنانی خۆی لەساڵی ١٩٧٧ بەناوی (The Duellists) بەرهەمهێنا، کە لە ئەوروپا کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە و بۆ چەندین خەڵات پاڵێورا لە ڤیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی "کانس" و توانی ببێت بە براوەی خەڵاتی باشترین فیلم. دواتر لەساڵی ١٩٧٩ فیلمی (Alien) بەرهەمهێنا لە ژانەری ترسناک، زانستی-خەیاڵی، کە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا. لەساڵی ١٩٨٢ کاری دەرهێنانی بۆ فیلمی (Blade Runner) کرد، کە بەگشتی لەڕووی بازرگانییەوە شکستی هێنا و لە سینەماکاندا بینەری نەبوو، بەڵام ئێستا لەلایەن ڕەخنەگرانەوە بە فیلمێکی زانستی- خەیاڵی کاریگەر دادەنرێت کە تا ئێستا بەرهەم هێنرابێت. دواتریش فیلمەکانی (Legend\1985) و (Someone to Watch Over Me\1987) و (Black Rain\1989) بەرهەمهێنا. لەساڵی ١٩٩١ فیلمی (Thelma & Louise) بەرهەمهێنا لە ژانەری دراما، تاوانکاری، سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێنا و بۆ یەکەمین جار (سکۆت) بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئەکادیمیای ئۆسکار بۆ باشترین دەرهێنەر پاڵێورا. لەساڵی ٢٠٠٠دا کاری دەرهێنانی بۆ فیلمی (Gladiator) کرد، کە بەیەکێک لە سەرکەوتووترین فیلمەکانی ئەم فیلمسازە دادەنرێت، توانی جێگەی خۆی لە دڵی بینەران و ڕەخنەگراندا بکاتەوە، لە ڕۆڵگێڕانی سەرەکی ئەکتەری ئوستڕاڵی (ڕەسڵ کڕۆو)، بۆ دوازدە خەڵاتی ئەکادیمیای ئۆسکار پاڵێورا و توانی پێنجیان بباتەوە بۆ باشترین فیلم و باشترین ئەکتەر لە ڕۆڵی سەرەکی و باشترین تێکەڵکردنی دەنگ و باشترین ڤیژوەڵ ئیفێکت و دیزاینی جلوبەرگ، هەروەها پلەی ٣٩ەمی گرتووە لە ٢٥٠ باشترین فیلمەکانی مێژوو و بە شاکارێکی سینەمایی دادەنرێت، هەروەها فیلمەکە بەشێکی لە وڵاتی مەغریب وێنەگیراوە. چیرۆکی فیلمەکەش باس لە سەردەمی ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی دەکات کە ژەنەڕاڵێکی پێشووی ڕۆمانی (ماکسیمس) دەست دەکات بە تۆڵەکردنەوە لە ئیمپڕاتۆر بەهۆی ئەوەی خێزانەکەی و منداڵەکەی کووشتووە. دواتر (سکۆت) ڕایگەیاند کە لە داهاتوویەکی نزیکدا کاری دەرهێنان بۆ بەشی دووەمی دەکات و وابڕیارە هەر لە وڵاتی مەغریب کاری وێنەگرتنی دەست پێبکات. لەساڵی ٢٠٠١ کاری دەرهێنانی بۆ فیلمی (Hannibal) کرد و دواتر فیلمی (Black Hawk Down) بەرهەمهێنا، کە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و دوو خەڵاتی ئەکادیمیای ئۆسکاری بردەوە. دواتر لەساڵی ٢٠٠٥ (Kingdom of Heaven) بەرهەمهێنا، فیلمەکە دەربارەی هێرشی خاچپەرستەکانە، کە ٢١٨.١ ملیۆن دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسدا قازانج کرد. لەساڵی ٢٠١٢ فیلمی (Prometheus) بەرهەمهێنا، لە ژانەری ترسناک زانستی- خەیاڵی، کە دووەم بەشی بەناوی (Alien: Covenant) وەکو پاشکۆ لەساڵی ٢٠١٧دا بەرهەمهێنا. لەساڵی ٢٠١٤دا فیلمی (The Martian) بەرهەمهێنا، بە بەشداری ئەکتەری ئەمریکی (مات دەیمن)، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و زیاتر لە ٦٣٠ ملیۆن دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسدا قازانج کرد. لەساڵی ٢٠٢٠ فیلمی (The Last Duel) بەرهەمهێنا و لەساڵی ٢٠٢١ فیلمی (House of Gucci) بەرهەمهێنا، کە باس لە کوشتنی گەورەبازرگانی ئیتاڵی (ماوریزیۆ گوچی) دەکات، زیاتر لە ١٥٣.٣ ملیۆن دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسدا قازانج کرد. دواتریش ڕایگەیاند کە کاری دەرهێنان بۆ فیلمی (Napoleon) دەکات، فیلمەکە دەربارەی ژیاننامەی ئیمپڕاتۆر و سەرکردەی سوپای فەڕەنسی (ناپلیۆن پۆناپارت)ە، لە ڕۆڵگێڕانی سەرەکی ئەکتەری ئەمریکی (خواکین فینیکس). (سکۆت) لەساڵی ١٩٦٤دا ژیانی هاوسەرگیری پێکهێنا و بوو بە باوکی دوو کوڕ بەناوەکانی (جەیک) و (لوک) کە هەردووکیان وەکو دەرهێنەر لە کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فیلم و بازرگانی (Ridley Scott Associates) کاردەکەن. بەڵام لەساڵی ١٩٧٥ لە هاوسەری یەکەمی جیابۆوە و دووبارە ١٩٧٩دا هاوسەرگیری کردەوە و بوو بە باوکی کچێک بەناوی (جۆردان سکۆت) کە بەهەمان شێوە دەرهێنەری فیلمە.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی