کریزتۆف کیشلۆڤسکی
کریزتۆف کیشلۆڤسکی
ژیانی کیشلۆڤسکی یان کیشلۆڤسکی کێ بوو؟ کریستۆف کیشلۆڤسکی (Krzysztof Kieślowski) یەکێک بوو لە فیلمساز و سیناریۆنووسە بەناوبانگ و کاریگەرەکانی پۆڵەندا و پەنجا ساڵی ڕابردووی ئەورووپا. لە ٢٧ی جونی ١٩٤١، لە گەرمەی دووەم جەنگی جیهان و دەورانی شەڕوشۆڕ و ترس، لە وارشۆی پایتەخت لەدایک بوو و لەگەڵ باوکی ئەندازیاری کە نەخۆشیی سیلی هەبوو، زۆر شوێن گەڕاون بە ئومێدی پەیداکردنی دەرمان و لە زۆر شارەدێ ژیاون. لە ساڵی ١٩٥٧ و لە تەمەنی شانزە ساڵانیدا بەبێ هیچ ئامانجێک لە وارشۆ دەچێتە کۆلێجی فێربوونی تەکنیکەکانی شانۆ لەبەر ئەوەی لەلایەن خزمێکیانەوە بەڕێوە دەبرا. ویستی ببێتە دەرهێنەری شانۆ، بەڵام لەبەر ئەوەی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی نەبوو، بۆی نەلوا و لە جیاتیدا خوێندنی فیلم و سینەمای هەڵبژارد. دواتر کیشلۆڤسکی خۆی لە قوتابخانەی فیلمی لۆدز ناونووس کرد، ئەو قوتابخانە گرنگەی کە گەورە دەرهێنەرانی وەک ڕۆمان پۆلانسکی و ئاندرێ واژدا لێی خوێندوویانە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دوو جاران داواکەی ڕەت کرایەوە. لە پێناو نەچوونی بۆ خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ لەو ڕۆژگارەدا، دەبێتە خوێنکارێکی بەشی هونەر و ئەوپەڕی هەوڵی دەدا سکی خۆی هەڵگوشێ و خۆی وشکوڕەق بکاتەوە تا لە خزمەتی سەربازی ببوێردرێ. دوای چەند مانگێک لە داواکەی و لە سێیەم هەوڵیدا لە قوتابخانەی فیلمی لۆدز قبووڵ دەکرێ. لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٦٤ هەتا ١٩٦٨، ئەو دەورانەی کە حکومەت ئازادییەکی تەواوەتی دابوو بە قوتابخانەکە، کیشلۆڤسکی چووە ئەو قوتابخانەیە و دەمودەست ئارەزووی بۆ شانۆ نەما و بڕیاری دا فیلمی دۆکیومێنتاری دروست بکا. لە کۆتا ساڵی خوێندنی لەو قوتابخانەیە، ساڵی ١٩٦٧، لەگەڵ دڵداری ژیانی زەماوەند دەکا و هەتا وەختی مردنی لەگەڵ ژنەکەی و تاقە کچەکەیان، مارتا (لەدایکبووی ٨ی جەنیوەریی ١٩٧٢) پێکەوە دەژین. کیشلۆڤسکی لە دوای دروستکردنی فیلمی ''سوور'' لە ساڵی ١٩٩٤ و لە ڤێستیڤاڵی سینەماییی فیلمی کان بە یەکجاری وازهێنانی لە فیلمسازی ڕادەگەیەنێ. کیشلۆڤسکی لە نەشتەرگەرییەکی کراوەی دڵ و بە جەڵتەی دڵ لە تەمەنی ٥٤ ساڵانیدا، ١٣ی مارچی ١٩٩٦، مرد و لە وارشۆی زێدی خۆی نێژرا. سینەمای کیشلۆڤسکی کە باس دەکا باسی چی دەکا؟ کریستۆف کیشلۆڤسکی، خاوەن ناوبانگی جیهانیی بە فیلمەکانی دە فرمانەکەی مووسا، جووت ژیانی ڤێرۆنیکا و سێ ڕەنگ: شین و سپی و سوور. دەرهێنەرێکی کەمهاوشانی ئێجگار بەبەهایە و سینەماکەی باس لە چیرۆکگەلێکی سادە بەڵام بە چەندین پرسیاری قورس و فەندەمێنتاڵ و گەردوونییەوە لەمەڕ هەستە ئاڵۆزەکانی مرۆڤەوە دەکا. ئەو هەوڵ دەدا وەڵامی پرسیاری ''پێویستە مرۆڤ چۆن بژی؟'' بداتەوە و لە چاوپێکەوتنێکدا گوتبووی، ''هەمووان دەیانەوێ جیهان بگۆڕن هەرکات کە هەوڵ دەدەن کارێک بکەن. من بەش بەحاڵی خۆم پێم وا نییە جیهان بگۆڕدرێ. من پێم وایە جیهان دەبێ پەسن بدرێ و باس بکرێ.'' وەرگێڕان و ئامادەکردن: هەژار عوسمان

فیلمەکانی

زنجیرەکانی