“گرتەی نزیك، گرتەی نزیکی ئازار و ژیان”
“گرتەی نزیك، گرتەی نزیکی ئازار و ژیان”
“گرتەی نزیك، گرتەی نزیکی ئازار و ژیان” سـینەما حەقیقەتە ھەر چرکەیەك بیست و چوار بار ژان لۆك گۆدار ڕەنگە بۆ ھەر بینەرێکی فیلم سینەما جۆرێك لە فریوو و پێچدانەوە بێت لەمەڕ واقیع و بەرکەوتەی ئێمە لەگەڵی بەوەی واقیع ھەمیشە تاڵتر و ئازاردەرتر و شکنەجەترە وە سینەما ھەرچەند لێمانەوە نزیك بێت و لەمسمان بکات وەك ھێزی واقیع و ڕووتێتی ژیان نامان وروژێنێت و گەرمی و ساردی لەشمان ئاڵوگۆڕ ناکات بەھەر حاڵ نزیکایەتی واقیع و سینەما گەر فریودەر و ڕەسەن نەبێت جۆرێك لە تێکەڵاویی و ئاوێزەبوونیان ھەیە کە بەردەوام لەسەر یەکتر دەژین و بەردەوامی دەدەن بە یەکتر تا ئاستی قەرز و دزیکردن لە یەکتر. “گـرتـەی نـزیك”لە فیلمە بیرنەچووەوەکانی عباس کیاڕۆستەمییە کە کامڵی و یونیڤێرساڵ بوونی بە سینەمای کیاڕۆستەمی بەخشی و خۆشی کردە یەکێك لە خالقەکانی سینەما.چیرۆکێکی ڕاستی لێرەدا ھەر بەتەنھا ناکرێت فیلم و گێڕەرەوەی نمایشانەی واقیعەکە بەڵكو خودی واقیع دێتە نێو کامێراوە و چیتر سنوری نێوان واقیع و سینەما بوونی نامێنێت و ھەردوو لە نێو یەکتردا ئەویدی تەواو دەکەن و بەرەو دروستکردنی کۆتایی چیرۆکێك دەڕۆن کە خەیاڵ و پەراوێزی و عەشقی سینەما خولقاندویەتی. “حوسەین سەبزیان” کە لە چینی کرێکار و خوارەوەی کۆمەڵگەیە و پەراوێزی ژیان گیرۆدەی دەرچوون لە شوناسی خۆی کردووە و ھەموو ھەوڵی سەبزیان دەرچوونە لە وێرانەیی خۆی ئەمەش ئاسایی و تا ڕادەیەکیش سادە و بەردەوام دێتە پێش چاوان چونکە ھەر وەك کامۆ دەڵێت”مرۆڤ تاکە ڕۆحلەبەرە کە نایەوێت ئەوەبێت کە ھەیە”بەم جۆرە سەبزیان سینەفیلیاکەی بۆ دەرچوون و ڕزگار بوون لە خۆی بەکاردەھێنێت ئەوکات ھەم لە خۆی دێتە دەروو ھەمیش دەتوانێت لە نێو ئەو عەشقەی بۆ سینەما ھەیەتی لە ئۆبژێکتی ژیانێك کە ھی ئەو نەبووە بێتە سەبژێکتی ژیانێك کە شەیدایەتی.

گەر بۆ فیلمە تازەکەی”بۆنگ جون ھو””مشەخۆر”بگەڕێینەوە ئەوەڵین پرسێك دێتە زەینمانەوە چونیەکی و ھاو دەردیی و مشەخۆری خێزانە ھەژار و پەراوێزەکەی نێو فیلمەکەیە لەگەڵ ئاغای سەبزیان بە ھەڵاوێرکردنی شێوازی دەرچوون لە وێرانەیی و پەراوێزی ھەردوو بە جۆرێك گەر ڕێگەو پلانی ھەردوو جیاواز بێت ئەوا پاڵنەر و ھۆکارە بنچینەیەکانی مشەخۆری یان دەرچوون لە خود لە ھەردوولادا تاڕادەیەکی زۆر ھاوبەش و لێکچووە بەوەی ھەم سەبزیان و ھەم خێزانی نێو فیلمەکەی “بۆن جون ھو”ساویلکەی و یان وەك خۆیان دەڵێن گەمژەی بەرامبەر بەکاردەھێنن بۆ گەشتن بەو دۆخ و جۆرە لە ژیان و چێژ کە خۆیان دەیخوازن ھەڵبەت ئەوەی ھەژار و پەراوێزەکان شەڕی بوون بە خاوەن چێژ و سامان و ناوداری و پێش چاوی دەکەن و بۆ گەشتن بەمەش ئامادەن ھەموو شێوازێك لە گەشتن بگرنە بەر یاخود چیتر توانای مانەوەیان لە دۆخی جیاوازی چینایەتی و ئازار و دەردی زۆردا نیە و وەكو ئەوانیکە ھەموو جۆرە ژیان و چێژێك بە ڕەوا دەبینن بۆ خۆیان ڕوون نییە!گەر کردەی سەبزیان و خێزان مشەخۆرەکە وەربگرین و بە تیۆرە یاساییەکان نیگا بکەین ئەوا دواجار بۆ ڕوودانی ھەر واقیعەیەکی یاسایی پاڵنەر و ھۆکارێك ھەیە کە بە ھەمە جۆری ژیانی بکەرەکانی جۆرایەتی لە پاڵنەر و ھۆکارەکان دەخولقێت.ئەمە جگە لەو ترس و ڕقە زۆرەی کە لە نێوانیاندا ھاوبەشە لە گەڕانەوە بۆ واقیع و ژیانی ئاسایی. سەبزیان بەردەوام دەڵێت کە ھەستم دەکرد لەو دۆخە دروستکراوەی خۆم دەھاتمە دەروو بەر واقیع دەکەوتم ترس و بێزاری دایدەگرتم ھەروەك چۆن خێزانی ناو فیلمەکەی “بۆنگ جون ھو”بەردەوام ترسی ئەوەیان ھەیە و بێزارن لەوەی بگەڕێنەوە بۆ خاڵی سەرەتا و پلان و دەرچوون لە ژیانی ئاساییان پوچەڵبێتەوە.

“گرتەی نزیك”جگە لە چیرۆکێکی ڕووتی ئازار تێکەڵاوی و بەگژداچوونی حەقیقەت و درۆیە کە بەردەوام لە فیلمەکەدا درۆ و ڕاستی جێگۆڕکێ و بەریەکەوتنی قوڵ دەکەن و سەبزیان گێژ و سەراسیمە دەکەن لەوەی ھەر بەڕاستی درۆ دەتوانێت ببێتە حەقیقەت یاخود بە پێچەوانەوە حەقیقەت وەك نیچە دەڵێت”ھیچ نییە جگە لە گەورەترین درۆی نێو مێژوو” کیاڕۆستەمی قوڵتر و زیاتر لە ھەر فیلمێکی دەچێتە نێو ژیانەوە و دەیەوێت سینەما لە ئازار و ئازار لە سینەما بخولقێنێت ھەڵبەت بە خواستی سەبزیان و بە تکایی چاوە پڕ لە عەشق و دەردەکانی بۆ سینەما.ھەڵبەت بەھۆی ئاوێزان بوونی واقیع و تێکەڵی فیلمەکە لە دەرەوەی ڕێوڕەسمە سینەمایی و ماکیاژە سینەمایەکان فیلمەکە دەتوانین بڵێن گرتەی لێدانی دڵ و ھاژەی خوێنی ژیانە ئەمە جگەلە لە گرتە شاعیری و فەزا شیعریە قوڵەکەی کیاڕۆستەمی لە فیلمەکەدا کە سەراپا فیلمەکەیان ئەبەدیی و بیرنەچووە کردووە.

دادگایی”سەبزیان”دادگایی سینەفیلیایەکی سینەمایە لە دادگایەکی ئیسلامی کە تێیدا سەبزیان شەڕی دۆزینەوە و ھێناوەی پاساوێکی قوڵ و قانعکەر بۆ دادگا و خانەوادەی نیکخا دەکات تاکو ڕەوایەتی بە فریوو جێگۆڕکێکی کەسایەتی خۆی لە کرێکارێك کە پارەی کڕینی جبسێکی بۆ منداڵەکەی نییە بۆ دەرھێنەرێکی بەناوبانگی ئەو دەمەی ئێران”موحسن مەخمەلباف”ە بدات.پاش دانپێدانان و قەولی گرتبەری ڕێگایەکی دروست لە باقی ژیانی بە پێودانگە یاسایی و کۆمەڵایەتیەکان خێزانی ئاغای نیکخا لە مافی کەسی خۆیان خۆش دەبن و پێیان وایە سەبزیان نەخۆشێك زیاتر نییە و بێکاری و بێ پوڵی ناچار بە کارێکی وایان کردووە ئەم تێگەشتنەی خێزانی نیکخا لە سەبزیان تازە نیەو بەقەولی نیچە لە کۆمەڵگەیەکی نەخۆشدا ساغەکان بە نەخۆش دادەنرێن.بەڵام دواجار دەبێت سەبزیان بچێتە زیندان بە ھەبوونی سزای مافی گشتی لە تاوانەکەیدا. کۆتایی فیلمەکە نزیك دەبێتەوە لە پاش ھاتنەدەرەوەی سەبزیان لە زیندان و بەخێرھاتنەوەی لە لایەن دەرھێنەر”موحسین مەخمەلبافەو”وە لێرەدا مەخمەلباف دەپرسێت”ئێستا مەخمەلبافی باشترە یان سەبزیانی؟ پیاوی چاك من خۆم لە مەخمەلبافی بێزارم تۆش خۆت کردووە بە مەخمەلباف؟!”ئەم پرسیارەی مەخمەلباف دەمانباتەوە بۆ سەرەتا و دەستپێکی فیلمەکە ھیچ کەس نایەوێت ئەوە بێت کە ھەیە و ھەمیشە گیرۆدەی دەرچوون لە خۆمان لەگەڵمان دەژی و بڕێك جاریش ناچارمان دەکات وەك سەبزیان بۆ ھەڵاتن لەو گیرۆدەییە ڕووە و خۆمان و ئەوانیکە بڵێین”من سەبزیانم! کێ؟مەخمەڵبافم!.”

سەبزیان بە باوەشێك لە گوڵ و فرمێسکەوە دەگەڕێتەوە نێو ژیان بەڵام چیرۆکی ھەڵاتن لە خود و گیرۆدەی ئازار ئەبەدییە و ھێزی فریوودانیش کۆتایی و نەبڕاوەیە لە سەبزیانەوە بۆ خێزانی نیکخا و لە کیاڕۆستەمیەوە بۆ سەبزیان و لە ژیانەوە بۆ سەبزیان و پاشانیش بۆ ھەموومان دواجاریش وەك گۆدار دەڵێت :سینەما جوانترین فریوو، فێڵی دونیایە”.