گادفازەر و لۆجیکی هێز
گادفازەر و لۆجیکی هێز
گادفازەر یان باوکی ڕۆحی، لە نیگای یەکەمدا ئاماژەیە بە ناوی ڕۆمانێکی ماریۆ پوزۆ، کە دواتر کراوەتە فیلمێکی سێ بەشی و لە ساڵانی 1972 و 1974 و 1990دا بەرهەمهێنراوە و نمایش کراوە. فیلمەکە لە سەرجەمی ئاستەکاندا پەسن دەدرێت و خاوەن ناوبانگێکی تایبەتە لە مێژووی سینەمادا، لە زۆر ڕاپرسی و لەکاتی وەرگرتنی سەرنجی بینەران و ڕەخنەگرانی سینەمادا، وەک یەکێک لە دە باشترین فیلمەکانی مێژووی سینەما، ئەژمار دەکرێت. بەڵام ئایا فیلمەکە کۆمەڵێک وێنە و وردە ڕووداوی خەیاڵییە و هیچی تر؟ یان تا چەند پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لەنێوان گادفازەری سینەمایی و کاراکتەرە ئابووری و سیاسییە واقیعییەکاندا هەیە؟ پێش هەر شتێک، گادفازەر لە سیاقێکدا دەژی و بەردەوام دەبێت، کە دەشێت بە سیاقی دەسەڵات ناوببرێت. دەسەڵاتیش جۆر و دەرکەوتەی زۆرە؛ نەرم و ڕەقی هەیە، ئاشکرا و شاراوەی هەیە، تاکەکەسی و دەستەجەمعیی هەیە. گادفازەر کۆکەرەوەی هەموو دەرکەوتە جیاوازەکانی دەسەڵاتە: ئەو وەک تاکەکەس بەهێزە، بەڵام هێزەکەشی بەدەر نییە لە پاڵپشتیی بنەماڵە (کڵان)ەکەی؛ هێزی ڕەقیشی هەیە، کە خۆی لە کوشتن و لەناوبردنی نەیارەکانیدا دەبینێتەوە، بەڵام کەسێکی دیپلۆماسییە و باوەڕی بە نەرمەهێزیش هەیە؛ وەکچۆن ئاشکرا لە ڕێگەی گازینۆ و قومارخانەکانەوە پارە پەیدا دەکات و هێزی خۆی دەسەپێنێت، لە ڕێگەی کاری تری نایاساییشەوە، وەک بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانەوە، هێزی خۆی دەسەپێنێت. بەم پێیە بێت، گادفازەر تەنیا وێنەی باو (ستیریۆتایپ)ی پیاوی دەسەڵاتدار نییە، بەڵکو دەکرێت بە وێنەیەکی مۆدێرنیش ناوی ببەین. مۆدێرنە، چونکە لە سیاقی شار و سیاسەت و ئابووری و بازاڕ و سەرمایەداریی مۆدێرندا، کارەکانی خۆی بەڕێدەکات. گادفازەر تەنیا وێنە و هەواڵە باو و ڕۆژانەییەکانی سیاسەت و ئابووری ناسەلمێنێت، بەڵکو وردەکاری و درز و جومگە و دەرکەوتەکانی تری دەسەڵاتیش، نیشان دەدات. دەکرێت بە وێنە ئێکس ڕەی بچووێنرێت، کە چۆن ناوەوەی شتەکان نیشان دەدات. هەڵبەت تەنیا گادفازەر بە وەها ئەرکێک هەڵناستێت، هەموو فیلمەکانی تریش بیانەوێت یان نا، بە خۆ بزانن یان نا، وەها کارێک دەکەن. بەڵام وێنەکە لە گادفازەردا ڕاستەوخۆ و ڕاستەوانە و بێ پێچ و پەنایە. گادفازەر دەتخاتە بەردەم خودی وێنە واقیعییەکە. بەم پێیەش فیلمی گادفازەر، فیلمێکی بە پلەی یەکەم ڕیالیستییانەیە. ناوبانگی زۆری فیلمەکەش لەم خاڵەوە دێت، بەو پێیەی لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، دەبێتە یەکێک لە سەرەکیترین ئەو فیلمانەی، کە بە دامەزرێنەری ڕەوتی ڕیالیزم لە سینەمای ئەمەریکی (هۆلیوود)دا دادەنرێن. دەسەڵات لە پەیوەندیی نێوان دوو مرۆڤەوە پەیدا دەبێت، لەوێشەوە تا دەگاتە خێزان و ئینجا خێڵ و دواتریش دەوڵەت. فیلمەکە هێندە تیژبینانە سەیری دەسەڵات دەکات، کە لە هەرکوێدا بەر کورسی و پێگەی دەسەڵات کەوتین، نەتوانین بیر لە فیلمەکە نەکەینەوە. هەموو شتەکان بە دیقەتێکی لە ڕادە بەدەر نیشان دەدرێن. لە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتدا هەموو وردەکارییەکان گرنگن، هەموو شتێک حساب دەکرێت: تەنانەت دەنگ و ڕەنگ و شێوازی جووڵەش. دۆن کۆرلیۆنی، بۆ نموونە، هەرچەندە پیاوێکی تاوانبارە، بەڵام بیرتیژ و وردە، بە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی جوان و چاکەوە لەسەر کورسی دادەنیشێت، زۆر لەسەرخۆ و بە وریاییەوە دەجووڵێتەوە و قسە دەکات، تەنانەت بۆ جارێکیش قسەی لە دەم دەرناپەڕێت. ئەوەی لەسەر ئەو کورسییەش دانیشت، دەسەڵاتی هەیە، ئەوەشی دەسەڵاتی هەیە دەتوانێت بڕیار بدات. وەکچۆن دێڕی یەکەمی هەر کتێبێک، بەتایبەتی دەقی ئەدەبی، گرنگە، ئاواش یەکەم دیمەنی فیلم گرنگە. گادفازەر هەر لە سەرەتاوە تێماندەگەیەنێت، کە لەبارەی چییەوەیە: لە یەکەم دیمەنی بەشی یەکەمدا، دۆن کۆرلیۆنی لەسەر کورسییەک (کە نیشانەی دەسەڵاتە) دانیشتووە. کەسێکیش، کە پێی وایە ستەمی لێ کراوە، هاتووە و لە شێوەی پاڕانەوەدا داوای بەهاناوەچوونی لە دۆن دەکات. کابرا بە حوکمی دادگا و ڕێوشوێنەکانی پۆلیس ڕازی نییە و، هاتووە لە ڕێگەی دۆنەوە بە جۆرێکی تر تۆڵە بکاتەوە. دۆن سەرەتا ڕازی نابێت یارمەتیی کابرا بدات، بەو پێیەی پێشتر نەهاتووە و برابچووکیی خۆی نیشان نەداوە؛ ددانی بە دەسەڵاتی دۆندا نەناوە. بەڵام کە کابرا لە ڕێگەی ماچکردنی دەستی دۆنەوە، ملکەچیی خۆی دووپات دەکاتەوە، دۆن ڕازی دەبێت و بەڵینی هاوکاریی پێ دەدات. تا ئێرە دیمەنەکان زۆر کپن، جگە لە گفتوگۆی کاراکتەرەکان گوێمان لە هیچی تر نییە. لە دوای ئەمەشەوە گوێمان لە میوزیکی ئاهەنگی هاوسەرگیریی کچە تاقانەکەی دۆن دەبێت. ئەمەش ئاماژەیەکە بەوەی تا کاتێک سەرقاڵی پەیوەندی و ململانێ و دەسەڵاتن، گوێیان لە هیچی تر نابێت. دەسەڵات کەڕی کردوون، جگە لە فراوانکردن و چەسپاندنی زیاتری دەسەڵاتی خۆیان، بیریان لای هیچی تر نییە. دەسەڵات، بەتایبەت لە سەردەمی ئێستادا، کە سەردەمی میدیا و وێنە و زانیارییەکانە، دوو دیوی هەیە: شاراوە و ئاشکرا، کە هەمیشە سیاسییەکان و دەسەڵاتخوازان دەیانەوێت ئەم دووە پێکەوە بگونجێنن، بەڵام هەمیشە بوارێکی فراوان بۆ بڕیار و تاکتیک و لێکدانەوەی نێو ژوورە تاریکەکان دەمێنێتەوە. دۆنیش هەروا دەکات. لە لایەکەوە لەسەر کورسیی دەسەڵات دانیشتووە و بڕیاری کوشتن و بڕین دەردەکات. هەمیشە دیمەنی نێو ژوورەکەی دۆنیش تاریکە، ڕووناکییەکی تەواو کزی تێدایە. ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ناڕوونی و لێڵیی ژوورەکانی بڕیاردان. لە لایەکەی تریشەوە و لە مامەڵەی لەگەڵ دەوروبەری خۆیدا، وەک باوکێکی ڕۆحیی میهرەبان دەردەکەوێت: لەگەڵ کچەکەیدا سەما دەکات، لەگەڵ نەوەکانیدا یاری دەکات، بۆ کوڕەکانیشی دەگری. بەڵام ئەوانەی لە دەرەوەی ژوورە تاریکەکەوەن، هیچ ئاگایان لە نێو ژوورەکە نییە. ژوورەکەی دۆن، جگە لە چەند کەسێکی نزیک و جێی متمانەی خۆی، کەسی تر ئاگای لە وردەکارییەکانی نێوی نییە. ئەوانەشی لە دەرەوەن، نازانن بڕیارەکانی نێو ژوورە تاریکەکە چۆن دەدرێت. دەسەڵات و هێز و توانایی، یەکتر بەرهەم دەهێننەوە و تەواو دەکەن. بۆیە ئەو ژیانە دوولایەنییەی دۆن، پێویست بە سەرسووڕمان ناکات. بۆ خۆی جێگەیەک نییە سێبەری دەسەڵاتی دۆنی بەسەرەوە نەنیشتبێت: هەر لە گازینۆ و کافتریا و قومارخانەکانەوە بگرە، تا دەگاتە سەندیکای کرێکاران، هونەرمەندان و فیلمسازەکان، دادوەر و پەرلەمانتارەکان. دۆن وەک سێبەری دەسەڵات دەردەکەوێت، بەڵام دەسەڵاتی فیعلی، دەسەڵاتی ڕاستەقینە لای ئەوە. ئەو لەو هونەرمەندە دەچێت، کە لە شانۆییەکاندا بوکەڵەکان دەجووڵێنێت. تۆی بینەر سەیری بوکەڵەکان و جووڵەکانی جەستەیان دەکەیت، پێیان پێدەکەنیت و لەوانەیە لەگەڵیشیان بگریت، بەڵام لە پشتەوە کەسێک هەیە، کە ئەو بوکەڵانە دەخاتە گەڕ، هەڵیاندەسووڕێنێت، بەتەواوەتی بەسەریاندا زاڵە. ژمارەیەک دادوەر و پەرلەمانتا و کرێکار و هونەرمەند و بازرگان و سەرمایەداریش، لە سایەی دەسەڵاتی دۆندا، وەک ئەو بوکەڵانە دەردەکەون و هیچی تر. دۆن تەنیا بەڵێ ناکات، بەڵکو هەندێک جاریش لە ڕێگەی وتنی نەخێرەوە، لە ڕێگەی ڕەتکردنەوەی ئەوی ترەوە، خۆی دەسەپێنێت. وەک ئەوەی لە حاڵەتی ڕەتکردنەوەی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەردا، دەیکات. ئەو چونکە دەسەڵاتی هەیە، دەتوانێت بڵێت نەخێر، چونکە نەخێر بەشێکە لە تاکتیکی ئەو بۆ هێشتنەوەی دەسەڵات. نەک نەخێر، بەڵکو بۆ مانەوە وەک دەسەڵاتدار، ئامادەیە گرەو لەسەر گیانی خۆیشی بکات. تەنانەت پۆلیسیش تا کاتێک بەها و ڕۆڵی هەیە، کە بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات بپارێزێت. کاتێک ئەو بەرژەوەندییانەی خستە مەترسییەوە، دەبێتە شتێکی بێ بەها و گەندەڵ، کە دەبێت لەناو ببرێت. وەها لەناوبردنێک (وەک ئەوەی مایکڵ لەگەڵ سەرۆکی پۆلیسەکاندا دەیکات)، پێویستییەکی دەسەڵاتە بۆ هێشتنەوەی سەروەری و بەرژەوەندییەکانی خۆی. لە هاوکێشەکانی ڕیال پۆلیتیک و ڕیالیزم و دەسەڵات و هێزدا، یەکەم شتیک کە دەبێتە قوربانی، ئەخلاق و پێوەرەکانییەتی. چونکە پێودانگێکی جێگیر نامێنێتەوە، کە مرۆڤەکان بتوانن لەسەری ڕێک بکەون، ئەخلاق و پرسی چاکە و خراپە، پرسی جوان و ناشیرین، بەپێی کات و بەرژەوەندیی فیعلی، دەگۆڕێت. خێزانی کۆرلیۆنی و چوار خێزانە گەورەکەی تری نیویۆرک، کە گەورەترین خێزانی مافیایین، لەنێو خۆیاندا و بەپێی بەرژەوەندییەکانیان، پێوەر بۆ ئەخلاق دیاری دەکەن: ئەمانن دیاریکەری ئەوەی، کە چی ئەخلاقییە و چی نا، چی دەبێت بکرێت و چی نەکرێت (وەک ئەوەی مادەی هۆشبەر نەدرێتە منداڵان و نەبرێتە نزیکی قوتابخانەکان، بەڵام بدریتە ڕەسپێستەکان، چونکە پیسن و شایەنی لەناوبردنن). پێنج خێزانەکە بۆیان گرنگ نییە خەڵکی تر چۆن دەژین، گرنگ ئامانجەکانی خۆیانە، وەکچۆن ماکیاڤیللی دەیوت "ئامانج ئامراز ڕەوا دەکات". ئامانجی ئەوانیش دەسەڵاتیانە، بۆ ئەوەش سڵ لە پەلاماردان و کوشتنی یەکتریش ناکەنەوە. بەپێی لۆجیکی فیلمەکە، بابەت یان پرسیاری سەرەکی، چاکی و خراپیی ئەبستراکتی مرۆڤەکان نییە. بەڵکو دەبێت لە پەیوەست بە پرسی دەسەڵات و هێزەوە، لە وەها پرسیارێک نزیک ببینەوە. دۆنەکان، یان سەرۆکی خێزانەکان پێش گەیشتنیان بە کورسیی دەسەڵات، خەڵکی بێگەرد و دڵساف و بگرە ئاشقیشن (وەک مایکڵ کۆرلیۆنی). بەڵام کە دەبنە دەسەڵاتدار، سەرشێت دەبن و چاو سوور دەکەنەوە. کاتێکیش واز لە باوکایەتی و دەسەڵاتی فیعلی دەهێنن، دەبنەوە بە مرۆڤێکی ئاسایی و سادە و، چیتر تاوانکارەکەی پێشوو نین، بگرە دەبنە پیاوێکی خۆشەویست و باوکێکی دلۆڤان. بەڵام ناکرێت نکۆڵی لە ڕاستییەک بکەین، کە فیلمەکە نیشاندانی دەسەڵاتی پیاوسالارە. ژنیش لە سایەی کۆنترۆڵ و زەبری پیاوەکانی دەسەڵاتدایە. پیاوان سەرقاڵی سیاسەت و شەڕ و بازرگانی و مافیایی خۆیانن، ژنانیش چێشت لێدەنێن و مایەی سەرگەرمی و دڵخۆشیی پیاوانن. ژنان توانایی بەرگریکردنیان لە خۆشیان نییە، بۆیە دەبێت پیاوان بە وەها ئەرکێکیش هەستن (وەک ئەوەی سۆنی بەهۆی بەرگریکرنەوە لە خوشکەکەی، دەکوژرێت). ژنان قوربانیی چێژە کاتییەکانی پیاوانی دەسەڵاتدارن (وەک ژنی یەکەمی مایکڵ لە سیسیلی). تەنانەت ژنان مافی گلەیی و نەخێر وتنیان نییە، مافی پرسیارکردن و گومانکردنیان نییە، تەنیا دەبێت بڵێن بەسەرچاو و بێدەنگ بن. بەڵام پیاو چەندە دەسەڵاتدار و گەورە و بەهێز بێت، هێشتا ناتوانێت بە ئاسانی دڵی ژنێک داگیر بکات. لەتیف هەڵمەت وتەنی، ئازایەتی ئەوە نییە پیاو بگاتە سەر ڕووی مانگ، بەڵکو ئەوەیە بتوانێت بگاتە دڵی ژنێک. پێدەچێت تەنیا خاڵی بەهێزیی ژنان، هەر ئەمە بێت. بۆیە شکستی هەمیشەیی مایکڵ (گادفازەری دووەم)، ئەوەیە، کە ناتوانێت دڵی خۆشەویست/هاوسەرە ڕەنجاوەکەی (کەیت) بەدەست بهێنێتەوە. بۆیە وا بیر دەکاتەوە، کە نەیتوانیوە هاوشێوەی باوکی، خێزانێکی تۆکمە و شایستەی هەبێت. لەمەشدا جیاوازیی هێزی پیاو و هێزی ژن، دەردەکەوێت. ئەوی یەکەم زیاتر ئاشکرا و ڕەق و ڕاشکاوانەیە، لەکاتێکدا ئەوی دووەم نەرم و شاراوە و لەسەرخۆیە. لە پەیوەست بە مایکڵەوە شتێک پەنهانە، نەوتراوێک هەیە. مایکڵ هیچی ناوێت، جگە لەوەی لە باوکی بچێت. ئەو وەک زۆر کەسی تر، نایەوێت باوکی تێپەڕێنێت. گەر فرۆیدییانە قسان بکەین، ئەو نایەوێت باوکی بکوژێت، بەڵکو ڕێک دەیەوێت یادی باوکی هەمیشە زیندوو بێت. ئەمەش واتە سەرباری ئەوەی مایکڵ هێندە بەهێز دەردەکەوێت، هێشتا جۆرێک لە خەسان و وەستاویی تێدایە. بەڵام دواجار سروشتی دەسەڵاتی ڕیالیست وایە، زۆر کەم لەگەڵ گۆڕان و گۆڕین و تێپەڕاندندایە، تەنیا مەگەر وەها دۆخێکی نوێ، مانەوە و بەهێزیی ئەوی مسۆگەر کردبێت. ئەمەش سروشتی هەموو هێزێکی کۆنەپارێز یان کۆنەخوازانەیە: هەمیشە گۆڕین و گۆڕانکاری، وەک کوتەکێک بەسەر مانەوە و بەهێزیی خۆیەوە دەبینێت. بۆیە زۆربەی هێزە کۆنەخوازەکان، لەگەڵ شێوازی سیاسەت و ئیدارەی ناوەندی(مەرکەزی)دان. سیانەی پیاو و خێزان و خودا، مێژووی چەند هەزار ساڵەی ڕابردوویان داگیر کردووە. بە وتەی میشێل فوکۆ، لە هەموو پەیوەندییەکدا دەسەڵات هەیە، خواست لەسەری هەیە و هەوڵی بۆ دەدرێت. بە وتەی عەبدوڵا ئۆجەلانیش، مێژووی زیاتر لە پێنج هەزار ساڵی ڕابردوو، مێژووی سەپاندنی دەسەڵات و هەژموونی پیاوانە بەسەر ژنان و بەسەر یەکتریشدا. گادفازەر و خێزانە مافیاییەکانی تریش، پاشماوەی سەردەمی دەرەبەگایەتی (فیودالیزم)ن، پاشماوەی سەردەمی بەهاکانی خێزان و خێڵ و خودان. بەڵام پێیان ناوەتە سەردەمی نوێوە و خۆیانیان لەگەڵیدا گونجاندووە. ئەمانە پاشماوەکانی سەردەمی کەلتوور و زمانی ناوچەیی و لۆکاڵیین، سەردەمی پەرتەوازەیی و حوکمی بنەماڵەیی و هەرکەس بۆ خۆی، سەردەمی نەبوونی یاسا و قۆرخ نەکردنی دەسەڵاتی پێڕەوکردنی هێزی ڕەوا لە لایەن دەوڵەتەوە. تا کاتێکیش وەها بنەماڵە و نەریت و پێڕەوگەلێک هەبن و بمێنن، ناتوانرێت باس لە دروستبوونی نەتەوە بە مانا مۆدێرنەکەی، بکرێت. چونکە لە دەوڵەتی مۆدێرندا بڕێکی زۆر مرۆڤ سەنتەرە، زەوی سەنتەرە، دامودەزگا سەنتەرە. بەڵام لای ئەم جۆرە خێڵانە ئەوی سەرۆک خێڵ دەیڵێت، یاسایە، پیرۆزە، دوایین قسەیە و دەبێت جێبەجێ بکرێت. بۆیە وەها ژیانێک لەگەڵ ئایدیای مافەکاندا، کە سەرەکیترین ئایدیای سەردەمی نوێیە، هیچ نایەتەوە. وەک ئەوەی ئۆجەلان و زۆر کۆمەڵناس و ئەنارکیستی تریش جەختی لێ دەکەنەوە، دەسەڵات لەگەڵ خۆیدا پلەبەندی (هیرارکییەت) دەهێنێت. بۆیە گەر ئاواتەخوازین هیرارکییەت نەمێنێت، باش و خراپ، جوان و ناشرین، بەهێز و لاواز، ژن و پیاو، سپی و ڕەش نەمێنن، دەبێت هەوڵی گۆڕینی وەزیفەی پایەکانی دەسەڵات و هێز بدرێت. دەبێت ڕادیکاڵانە لە پرسی دەسەڵات و هێز نزیک ببینەوە. کۆمەڵگەیەک، کە بیەوێت کۆمەڵگەی یەکسان و خۆشگوزەران و ئاسوودە بێت، نابێت بیر لە دیموکراسی نەکاتەوە، بیر لە ئایدیای مافەکان نەکاتەوە، بە هەموو ڕێوشوێن و یاسا و ڕێسا و نەریتەکانی خۆیدا نەچێتەوە. کۆمەڵگەیەک، کە بیەوێت توندوتیژی کەم بکاتەوە، ڕێگە لە مافیاکانی وەک پێنج خێزانەکەی نیویۆرک و گادفازەرەکان بگرێت، دەبێت هەرچی زیاترە ڕێوشوێنەکانی ناناوەندێتی (نامەرکەزی) بچەسپێنێت. چونکە تا کاتێک ژیان و بازاڕ و خێزان و پەیوەندی و خۆشەویستی، لە دەستی کەسێک یان چەند کەسێکی کەمدا گیر درابێتن، تێپەڕاندنی توندوتیژی یان کەمکردنەوەی، مەحاڵە. بۆ ئەوەی ڕێگە بە مایکڵ نەدەین، کە دەرگا بە ڕووی کەیتدا دابخات، بۆ ئەوەی دەسەڵات دەرگا بە ڕووی خۆشەویستی و ئەخلاق و هاووڵاتیبووندا دانەخات، گرنگە لە دەستی کەسانی قۆرخکار و خۆپەرست دەربهێنرێت.