کوبریک وەک ئەوانی تر بیرناكاتەوە، کوبریک لە دەرەوەی بازنەکەیە
کوبریک وەک ئەوانی تر بیرناكاتەوە، کوبریک لە دەرەوەی بازنەکەیە
نووسینی: سورکێو یاسین کاتێک مرۆڤ بۆ یەکەمین جار بەر ئەو بەشە نەزانراو و ونە دەکەوێت کە بۆ دەیان سەدە تەنها لە ئەندێشەیدا توانیویەتی وێنای بکات، بە دڵنیاییەوە ئەمە دەبێتە وەرچەرخانێکی تەواوی ئەو ڕەوتە فەلسەفییەی چەندین ساڵە لەبری زۆرینە بڕیاردەدات و پێی وایە هەر خۆی ڕاستە، بیرکردنەوەی "کوبریک" هەر لە یەکەم ئیمپرێشنەوە جودا و جوداخوازیش بووە، کوبریک وەک ئەوانی تر بیر ناکاتەوە، ئەو تەنێکی نامۆت نیشان دەدات و هەرگیزیش لەسەر ئەمە ڕونکردنەوە نادات، ئەو جودا لەوانی تر دیوە نابوت و ناجۆرەکەی مرۆڤت نیشان دەدات، وە تەنانەت جودا لە خۆیشی هیچکام لە بەرهەمەکانی پەیوەست نین بە یەک سەرچاوەی بیرکردنەوەوە.

کوبریک لە دەرەوی بازنەکەیە، کاتێک مرۆڤ سەرگەرمی گرفتەکانی سەر زەوییە و کوبریک دێت باسی گەردونت بۆ دەکات، وە بەهەمان شێوە کاتێک ئەوانی تر بیر لە جەنگ دەکەنەوە کوبریک دێت ڕەخنە لە سیستەم دەگرێت، وە هەتادوایی. ئەو پێی وایە هیچ پیرۆزکراوێک بوونی نییە و ئەوانەشی پیرۆز دەکەن پووچ و بێبەهان، بە دیوێکی تر ئەو نیشانماندەدات کە پێویست ناکات فەیلەسوفێک بۆمن بیر بکاتەوە بەڵکو خۆم دەتوانم بیربکەمەوە، هەڵبەت کەسانی وەک "ئاکیرا کۆروساوا" ش بە نزیکەیی بیرکردنەوەیەکی وایان هەیە بەڵام وەک کوبریک سەربەخۆ نین و پەیوەستن بە بابەتێکەوە، بۆ وێنە کۆروساوا ترسی لە مرۆڤ بووەتە دێوەزمەیەک و هەردەم سێبەرەکەی لە فیلمەکانیدا دەبینین، یان "کۆپۆلا" پشت بە لایەنە خێزانییەکە دەبەستێت، یان "تارکۆڤسکی" کە تۆ یەکەسەر هەست بە مەراقێک دەکەیت و خەمێکی سەیرت هەیە کاتێک فیلمەکانی دەبینیت، وە هەتادوایی. ئەو جوداخوازییەی کوبریک هێنایە ناو سینەما لە ڕابردوودا، وابیردەکەمەوە گرنگترین خاڵی وەرچەرخانە، کوبریک پێت دەڵێت سەرمایە گرنگە و پێویستە مرۆڤ لەپێناویدا هەوڵبدات لەهەمان شوێندا پێت دەڵێت نەخێر گرنگ نییە و لەم هەوڵدانە گەمژانەیەت بوەستە، کوبریک پێت دەڵیت هەر بەڕاستی مرۆڤ بێبەهاترین و گەمژەترینە کە لە دەیان فۆڕمدا خۆی وێنادەکات لە هەمان شوێندا پێت دەڵیت مرۆڤ بوونەوەرێكی باڵایە و زیرەکە، کوبریک لێت دەگەڕێت خۆت بیربکەیتەوە وە خۆت بڕیار بدەیت، بابەتە مەیدانییەکان بە درۆدەخاتەوە و پێت دەڵێت هەرشتێکی گرنگ بیت لە کۆتاییدا دەمریت، ئەمە لە ترسانکترین زەنگەکانە کە کوبریک لێیدەدات. کوبریک دەتوانێت پشت بەزانست نەبەستێت کە خۆی تەواو زانستییە... لە گرنگترین ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی فیلمێک بابەتە زانستییەکەی ناو چیرۆکەکەیە، کە کوبریک دەتوانێت ئەم ئامرازە فەرامۆش بکات و دێت فیلمی (ڕوناکی) دروست دەکات، وە یەکێک لە خۆشەویسترین. ئەکتەرەکان دەکات بە دێوەزمەی چیرۆکێکی خەیاڵی پڕ خورافیات، کوبریک دەتوانێت پشت بە زانست نەبەستێت لە کاتێکدا خۆی بە بنچینەی شۆڕشی زانستی دادەنرێت لە سینەمادا و دێت فیلمی (گەشتی بۆشایی 2001) دروست دەکات.

گرنگترین خاسیەتی فیلمەکانی لێکنەچونە وەک پێشتریش باسم کرد کە هیچکات فیلمێکی وەک فیلمەکەی پێشوتری نییە و بە تەواوی مانا جیاوازە، ئەمە خۆی لەخۆیدا دەبێتە جیاکەرەوەی "کوبریک" لە ئەوانی تر، کە هەردەم خۆیان لێ لاداوە دوو فاقی مرۆڤ وەک تارماییەک هەردەم لە فیلمەکانیدا دێت و دەچێت، کە ئەمەش ئەو ڕاستەقینە تاڵەی ژیانی ئەمڕۆی ژێر چەپۆکی بیروباوەڕمان نیشان دەدات، ئەو دەڵێت پێویستە مرۆڤ هیچ بیروباوەڕێکی نەبێت تا لە ژێریدا بیربکاتەوە. چونکە دواجار بە بێ سانسۆر ناتوانێت تەنانەت هەنگاوێکیش هەڵبهێنێت کە دەرەنجامەکەی کارەساتە، ئەمەش بە ڕوونی لە فیلمی (چاوە قەپاتەکان) دا دەبینین، بیرو باوەڕێک زاڵ بووە بەسەر مرۆڤ گەلێکی زۆردا و هەردەم لە نێوایدا دەخولێنەوە، ئیدی لەڕێگەی دینەوە بێت یاخود هەڵێنجراوی ڕێبازێکی فەلسەفی یان هەر شتێکی دیکە. لەم ڕەوتە یاخییەکی کوبریک ئەوە تێدەگەین کە بەڵێ هەر بەڕاستی ژیان پوچییەکی تەواوە و لە لوتکەشدا ناگاتە پنتێکی هیوادار، وە مرۆڤ و تەواوی ئەو پێکهاتە بووانەی لەڕابردوو و ئێستا و داهاتوشدان گرنگ نین، بگرە هەموو شتێک پوچ و بێبەها دەبێت، وە مرۆڤ کاتێک بەمە دەگات بە دڵشکاوی و پوچییەوە درێژە بەو ژیانە بەزۆرەی دەدات کە پێی ناچار کراوە، لەهەندێک وێستگەدا زۆر جار بڕیاری خۆکوژی دەدات چونکە پێی وایە لەودیو ئەم بابەتە تۆقێنەرەوە بابەتێکی دڵخۆشکەر هەیە، لێرەدا وابیردەکەمەوە ئەوانە هێشتا تێیاندا هیوایەک هەیە چونکە ئەم بابەتی خۆکوژییەش بە هیوایەک ئەنجام دەدرێت، ئەمما جۆری دووەم ئەوانەن کە تەنانەت خودی مردنیش پوچ دەبینن و بەڵکو هیچکات گرنگی بە ژیان و مردن نادەن ئەوەندە تۆقێنەرە جۆری دووەم کە تەنانەت بیرکردنەوە لێی دەبێتە هۆی پەژارە و دواجار بێئومێدی، ئەم دوو دەرەنجامەش زادەی ئەو ژیان و ئەزموون کردنەیە کە ئەمڕۆ لە تەواوی جیهان گەیشتوەتە ترۆپکی قێزەونی، کوبریک ئەم قێزەونییە نیشانی ئێمە دەدات بە تێپەڕبوون بەناو تەواوی ئەو ئاست و ئەزموونانەی باسمکرد. قێزەونی بووەتە بەشێکی گرنگ تەنانەت ئەگەر لە سوچێکدا یاخود بەیەک دیمەن ئەمەمان نیشان بدات، ئەو پرسیار دەکات بۆچی هەردەم مرۆڤ دەبێت لەدەست مرۆڤ بناڵێنێت، لەکاتێکدا ژیان کورت و پوچە، وە مرۆڤ و تەواوی گرفتەکانی لەسەر گەردێکی بچوکی ئەم گەردونە زەبەلاحە هەڵکەوتون.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئەگەر لە دیوێکی دیکەی ژیانکردنەوە لە یەکێک لە ئامانجەکانی "کوبریک" قوڵ ببینەوە، بێگرنگی خێزان و بەها ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگا فرە بیرەکان دەبینین کە هەندێک جار فەرامۆشی تەواوی یاسا سروشتیەکان کراوە و دیوە شاراوەکەی مرۆڤ بەرجەستە دەبێت لەمڕ خێزان و خۆیەتییەوە کە هەندێک جار بیرکردنەوە لە کردارێکی ڕابردوو دەتوانێت خێزانەکان بشێوێنێت، هەندێک جاری دیکە تەنانەت ئەو پەڕی بەد ئەخلاقی ئەمە ناکات، جوداخوازی نێو خێزان کە هەموو مرۆڤێک دەیشارێتەوە لای کوبریک دەتوانین بیبینین. باوک کەسێکێ خۆشەویست نییە و بەڵکو کابوسێکە بۆ خێزان، لە بەرامبەردا دایک دەبێتە پارێزگار و خۆشەویست بەڵام ناگاتە لوتکە بەڵکو سادەیە و هەروا ئاسان دەیبینین کە ئەویش مرۆڤێکە وەک تەواوی مرۆڤەکانی دیکە و دەتوانێت لە هەر چرکەساتێکدا بگۆڕی و دیوە نابوتەکەی دەربکەوێت، ئەمەش تەواو لەو ڕەوتە سۆزدار و پڕ هەستە دور دەکەوێتەوە کە دەڵێت خێزان گرنگترین هۆی بەردەوامبوونی مرۆڤە، بەڵکو ئەو دەڵێت نەخێر خێزان تەوقێکە و لە گەردنی مرۆڤ ئاڵاوە کە نەدەتوانیت لێی هەڵبێیت نە دەتوانیت تێیدا بەردەوام بیت. سیستەم دەکاتە سەپێنراوێکی داپڵۆسێنەر و جوداخواز جگە لەوەی بەو پەڕی نادادپەروەرییەوە مامەڵە دەکات، ڕەخنە دەگەیەنێتە ئەوپەڕی بەرامەبەر بەو بڕیارانەی تاکە کەسێک دەیدات بەسەر زۆرینەدا لەهەر بارودۆخێک بێت، دەرەنجامی ئەمەشمان نیشان دەدات و دەبینین بڕێک جار لەژێر ئەم دۆخەدا کاسانێک بەرەنگار دەبنەوە و ئەو تاکە ئەقڵەی پێی وایە هەر خۆی ڕاستە، دواجار لەبەین دەبەن،بەڵام لە کەمترین باسکردندا ئەو لەبەین چونە دەبینیت، بەڵکو درێژەی باسەکە بریتیە لە خۆسەپاند چونکە لای کوبریک خۆسەپاندنە کە ئاراستەی ڕوداوەکان دەگۆڕێت جا بە هەر دیوێکدا بێت.

دیوە زانستییەکەی کوبریک تەواو تەڵخە و مرۆڤ بۆ تێگەشتن لێی پێویستە بە پێشینە هەیە لەگەڵ فیلمەکانیدا، چونکە ئەو کەسێکە دەست بۆ پشت بیرکردنەوەکانی مرۆڤ دەبات، تەنانەت هەندێک جار وات لێدەکات بکەویە گومانەوە دەربارەی هەڵەی ناو فیلمەکانی، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەزموون و تەکنیکە تایبەتانەی خۆی تێدەگەین تەنانەت ئەو شتانەش کە پێمان وایە هەڵەن بە ئەنقەستن و بگرە چیرۆکێک یاخود دوێکی تری بابەتێکمان پشان دەدات، بۆ وێنە لە فیلمی (ڕوناکی) لە سینی یەکەمدا کاتێک دیمەنی سێبەری هێلیکۆپتەری وێنەگرتنەکە دەردەکەوێت زۆرێک لە شیکەرەوانی فیلم ئەمە بە ئاماژەیەک دادەنێن بۆ بەرزبوونەوەی مرۆڤ لە کاتێکدا دیمەنەکە بریتیە لە قەتپاڵێک و دەرچەیەکی شێوە پیتی "ئەی" ئنگلیزی کە وەک ئاماژەیەک بۆ کەشتی ئەپۆڵۆ یانزە لێک دەدرێتەوە، وە چەندین کۆد و نهێنی دیکە لە تەواوی فیلمەکانی دیکەیدا. هەروەها "کوبریک" کوشتەی دەستی جینۆسایدی کەمە نەتەوەکان بووە و هەردەم لەو مەراقەدا تلاوەتەوە، بەتایبەت هەردوو جینۆسایدی جولەکە و هیندییەسورەکان، کە لە چەندین جێگادا بە ڕونی ئەم چینایەتیە سەرزەنشت دەکات، بڕێک جار لەڕێگەی دیالۆگەوە و بڕێک جاری تر بە جودا کردنەوەی هێڵەکانی" ڤیوفایندەر" لەسەر یەک کە هەردەم یەکێک لە خانەکان ژێر کەوتوی ئەوی دیکەیە و شپرزە،لەبەر ئەم هۆکارانە "کوبریک" هەردەم بینەرێکی زۆری نەبووە، چونکە بەتایبەت تێگەشتن لەو قورسە و پێویستی بە مەودای بیرکردنەوەی فراوان هەیە، ئەمەش ئەو ڕاستییەیە کە دەمانگەیەنێتە خالێک کە بڵێین "کوبریک" بۆ هەموو کەسێک فیلم دروست ناکات.