کۆمیدیا ناتوانێت
کۆمیدیا ناتوانێت "جیم کێری" هەڵبگرێت
کۆمیدیا ناتوانێت "جیم کێری" هەڵبگرێت نووسینی: سورکێو یاسین

کۆمیدیا ئەو مۆدێلە هونەرە بەپێز و دژەیە کە لەسەر بابەتە نەنگ و هەستیارەکان دەدوێت بە هەر هۆیەکی گەیاندنبێت، بە بێ گوێدانە هەر سانسۆر و سنورێک. سینەما کە یەکێکە لە هۆیە پێشەنگەکانی بەرجەستەکردنی کارەکتەری کۆمیدی، ساڵانێکە چەندین کەسایەتی کۆمیدی بەرز تێیدا نەشونمایان کردووە و بەپێشەنگ دادەنرێن، وەک (چاری چاپڵین، ستڤین مارتن، بێڵ مورای،ڕۆبین وڵیامس و ستیڤ کارڵ و چەندانی تر) کە هەریەکێک لە مانە لە قۆناغێکی کۆمیدیادا نواندن دەکەن، وە هەندێک جار دەکرێت بڵێین لە هەریەکەیان لە فۆرمێکی جیاوازی کۆمیدیادا، وە بە گشتی کار لەسەر تاکە بابەتێک دەکەن، ڕونتر تەواوی نواندە کۆمیدیەکانیان لەدەوری یەک بابەت دەسوڕێتەوە، بەرجەستە کردنی کارەکتەری کۆمیدیش لەڕێگەی دوو ئامرازەوەیە، کە بریتین لە (زمان و جەست)، بەزۆری ئەو بڕێزانەی لەسەر کۆمیدیای زمان کار دەکەن زیاتر کەسانی زمانەوان و گێڕەرەوەی باشن و ڕێژەیان زۆرترە وە بە بڕوام ئەمە لەڕێگەی فێربوون و ئەزموونکردنەوە هەر کەسێک دەتوانێت پێی بگات. بۆ نمونە کەسێکێ وەک "جاک نیکڵسن" کە خۆی لە ژینگەی کارئەکتەری واقعی و جدیدا کار دەکات وەک لە فیلمەکانی (ڕوناکی) و فیلمی (چایناتاون) و (دیپارتد) دەیبینین، دەتوانێت بە ئاسانی بچێتە ناو کارئەکتەرێکی کۆمیدی وەک "ئاڕ جەی مەکمۆرف" لە فیلمی (یەکێک بەسەر هێلانەی شێتەکاندا فڕی)، وە چەندین نموونەی دیکەی وەک "مۆرگن فریمان" و کەسانی دیکە هەن.

بەڵام هەرچی ئەوبەڕێزانەی لە کۆمیدیای جەستە کار دەکەن چەن کەسانێکی کەمن و ڕێژەیان لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکات، چوونکە ئەمجۆرەی کۆمیدیا زۆر جار تەنانەت ئەزموونکردنی زۆریش ناتوانێت بتگەیەنێتە ئاستێکی باڵا، نواندنی جەستە دەچێتە ناو مێشک و بیری مرۆڤەوە، گرنگترین خاسیەتی ئەم جۆرە لە کۆمیدیا لەهەر سەردەمێکدا تەنیا دەتوانێت لە چەند کەسانێکی کەمدا جێگەری بێتەوە، وەک "چاپڵین" لەسەدەی پێشودا و"جیم کێری" لە ئێستادا هەرچەند کۆمیدیای ئەم دوانە جودان لەیەکدی و دوو ستایلی جیاوازن. ئەوەی لەم بابەتەدا مەبەستمە باسی بکەم جیاوازی "جیم کێر" ییە لە هەموو تایپەکانی کۆمیدیا. جەیمس یوجن کێری" ئەو تاکە کەسەیە کە دەتوانێت بتباتە ئەوپەڕی پێکەنین و بیرکردنەوە، نواندنەکانی" جیم" پەنجەرەیەک دەکەنەوە کە هەرگیز هیچ کەسێکی دیکە نەیتوانیوە بیکاتەوە، لە ناو هەر بازنەکەیدا بیت دەتوابیت پێبکەنیت وە بیر بکەیتەوە، پێکەنین بە گەمژەیی و بیرکردنەوە لە زەرەرمەندی مرۆڤ لەسەر زەوی. کاتێک دەڕوانیتە فیلمی"بروس ئەڵمایتی" جگە لە دیوە بەرزە کۆمیدیەکەی، دەبینیت مرۆڤ دەگاتە ئاستێک خوایەتی تاقی بکاتەوە لە پێناو تێگەشتن لە هۆکاری ڕوداوەکان، کە ئەمە ئەو پنتە ترسناکەیە کە لە کۆمەڵگەدا کێ دەوێرێت دەستی بۆ ببات؟.

دیوە فەلسەفییەکەی نواندن لە "جیم" دا دەگاتە ئاستێک کە هەڵدەگەڕێتەوە بۆ دژەکەی و هەرچی پیرۆزی و گرنگییە وەلای دەنێت و نەفرەتیان لێدەکات، بەجۆرێک کە خودی کارئەکتەرەکەش دەبێت دژی خۆی، وە هەموو بەها گرنگەکان فەرامۆش دەکات تەنانەت بابەتی ژیان و مردن تەواو ئاسایی دەکاتەوە و وەک سێرکڵێکی فیزیکی پشانی دەدات کە هیچ گرنگ نییە. هەمیشە بەڕونی تۆ دەتوانیت جۆراو و جۆرییەتی کەسەکان ببینیت لە جەستەیەکدا وەک لە فیلمەکانی (من و خۆم و ئێرین) و (درۆزن درۆزن) دا هەن. جەستە لای "جیم" جەستەیەکی لاستیکیە و هەرکات بیەوێت دەتوانێت بیکشێنێت، هەر ئەم خاسیەتە بە تەنها دەتوانێت جیاواز بێت لە هەموو ئەوانی تر، چونکە ئەم بابەتە پەیوەست دەبێت بەوپەڕی جوڵەی خۆڕسک و هەبوو لە لەکەسێکدا، وە پشت نابەستێت بە ئەزموونکردن وەک لە پێشتردا باسمکرد. بابەتی لاساییکردنەوەش دیسان دەبێتە هۆیەکی دیکەی جیاوازیی لای"جیم" بۆ وێنە جیم دەتوانێت "کلینت ئیستود" یان "بروس وەین" یان " جاک نیکڵسن" و چەندین کەسایەتی دیکە بەو پەڕی وردییەوە هەر لە ڕوخسار هەتا شێوازی قسەکردن و جوڵەکانی جەستە بەو پەڕی وردییەوە لاسایی بکاتەوە، ئەمە جگە لە لاسایی کردنەوەی چەندین جۆرە ئاژەڵ و تەنانەت تەنە بێگیانەکان.

هەڵبەت "جیم" لاسایی کردنەوە ناخاتە چوارچێوەی جوان لاسایی کردنەوە، بەڵکوو وەک هۆیەکی پێکەنین و گاڵتە ئامێز ئەمکارە دەکات، کە خۆی لە خۆیدا لە ناو کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنان کێشەیە و زۆرێک خۆیان لەم بابەتە نادەن. زنجیرە تەلەفزیۆنیەکانی وەک(کەسێک لە باکگراوندا) و (شوتايمی ئازاد) و ( منداڵی) شێوازی جۆراو جۆریەتی هونەر پشان دەدات لای "جیم" وە هەندێک جار ئەو دیوە ڕاستەقینە جدییەی ژیانی تایبەتی ناوبراو وەک هۆیەکی کابوس و تەنیایی پشان دەدات، کە بەدواداچون بۆ ئەم بابەتە دەگەیەنێتە ئاستێکی نێگەتیڤ کاتێک ئەکتەرە دڵخوازەکەت دەبینیت، لە تەنیاییدا دەگری یاخود پوچی لە نیگارەکانیدا ناخشێنراون. جگە لە دیوە ڕەشەکەی کۆمیدیا لای "جیم"دەتوانێت کۆمیدیایەکی ڕوناک بێت و ڕەخنە لە هیچ بابەتێک نەگرێت بەڵکو ڕەخنەگرتنیش ناپەسەند پێناسە بکات. وەک لە فیلمی (بروس ئاڵمایتی) ئەمە دەبینین. دیالۆگ وەک خێراترین هۆی گەیاندن لە شێوازی "جیم" دا ئەوپەڕی گرنگە، کەخۆی لە خۆیدا ئەمە ڕوانینی زۆرێک لە بینەر دەبات و تێکی دەدات ئەگەر کەسێکێ دیکە ئەمە بکات، بەڵام "جیم" توانیویەتی ئەو هاوسەنگییە ڕابگرێت و هەرگیز بەتەنیا تەرکیز ناخەیتە سەر یەکێکیان. ئەو ئەزموونە زۆرەی کارکردن و بەریەککەوتنی "جیم" و ڕۆڵە جیاوازەکان بێگومان نابێتە هۆی دابڕینی ئەو کەسە لە دونیا واقعی و تراژیدیاکە بۆیە لە فیلمێکی وەک(تاوانە قێزەونەکان) دەیبینینەوە. بەگشتی ئەوەی پێویستە بیڵێم ئەوەیە"جیم کێری" لە گرنگترین هۆیەکانی پێشخستنی سینەمایە،وە بڕوام وایە کۆمیدیا ئەو چەمکە پڕبەپێستە نییە کە بتوانێت ئەو هەڵبگرێت بەڵکو ئەو پێویستی بە چەمکێکێ نوێیە تا تێیدا جێگای ببێتەوە.