ئەو حەقیقەتەی کە باس لە ڕزگار بوونی جیهان دەکات، لە ڕاستیدا خۆی بەشێکی گەورەیە لەو وێرانکاریە یەک لەدوای یەکانەی بەسەر جیهاندا دێن. لە ئەفسانەکانەوە هەتا ئیمڕۆ مرۆڤ یەک هێڵ هەیە کە وەک حەقیقەت مامەڵەی لەتەکدا دەکات، ئەو حەقیقەتەش بریتیە لە چەمکی " چاکە " واتا ئەوەی جیهان ڕزگار دەکات چاکەیە. بەڵام کام چاکە؟ ڕەنگە بۆ ئەوەی بزانین مەبەستمان لە چاکە چیە، دەبێت بزانین چاکە هەمیشە بەدیلە، واتا چاکە بەدیلی " خراپە "ـیە. لە مانا ئایدیالیستیەکەیدا چاکە ئەو شتەیە کە چاکە، واتا شتێکی چاک جیاوازە لە کردەوەیەکی ئینسانی چاک.

نیگاری: The Fall of the Rebel Angels چاکە لەم مانایەدا دەکرێت بیکەین بە دوو بەشەوە: یەکەم ئەوەی لە بنەڕەتەوە چاکە بەهای چاکەی خۆی لەناو خۆیدایە، ئوبێکتێکە خۆی هەڵگری خەسڵەتەکانی چاکەی خۆیەتی، ئەوەی کە خۆی هەمیشە هەر چاکە لەدەرەوەی سوبێکتە. بە زمانێکی تر سوبێکت ناتوانێت هەمیشە چاک بێت و هەڵگری خەسڵەتی چاکەی ئەبەدی بێت، کەوایە ئەوەی خۆی چاکە و بەها پێدراوەکانی خۆی لەناو خۆیدایە، شتێکە وەک " سپەیس " و لەسەروو عەقڵی سوبێکتەوەیە وەک " خودا " کە هەڵگری چاکەی خۆیەتی لەناو خۆیدا هەیە. بەهەمان بۆچونی ئایدیالیستی دەتوانین هەمان پێناسە بۆ خراپەش بکەین کە " شەیتان " بەهای خراپەی خۆی لەناو خۆیدایە، لەکاتێکدا خودی شەیتان و خودا دەکرێت سوبێکتیش بن. دووەم: سوبێکت کە ئیشێکی چاک دەکات ئەم چاکەیەی کردەوەیەکە دەبینرێت و هەستی پێدەکرێت، بۆیە بەهای پێدەدرێت وەک چاکە، بەڵام ئەوەی کردەوەیەکی خراپ دەکات، بەهای پێدراوی ئەویدیکەیە کە ناوی دەنێت خراپە. دیارە ئەم بۆچونە ئایدیالیستیە لە هەموو زەمەنێکدا حزوری هەیە و دەژی، بەڵام ئەوەی دەکرێت زیاتر لەسەری بوەستین " ئەودیو چاکە و خراپەیە " ئەودیو چاکە و خراپە جۆرە میتافۆرێکە بۆ تێگەیشتن لە " ئێرە – ئێستا " ئەودیو چاکە و خراپە جۆرێکە لە هەڵبژاردنی سێهەم، شتێکە لەدەرەوەی شتەکانیتر. لەودیو چاکەو خراپە واقع هەیە، بەڵام واقعێک لێرە نەوەک لەناو " ماترێکس " یاخود لەودیو فەنتازیاکانی ماترێکسەوە کە واقعێکی نادیارە. ڕوونتر بڵێم واقعی ناو ماترێکس واقعێکی مەجازیە کە لەناو واقعی ئیستادا دەژی. واتا ئەو واقعەی دەکرێت لەودیو چاکە و خراپەوە لێی تێبگەین، واقعێکیتری لە خۆیدا حەشارداوە کەواقعی مەجازیە. هاوکات لەودیو ماترێکسەوە جۆرە واقعێکی دیکە هەیە کە لە ئێستایا ناتوانین قسەیەکی ڕوونی لەبارەوە بکەین. ئەو واقعە ئیستایەیی کە دەبێت لێی تێبگەین زبرترین جۆری واقعە، کە واقعە مەجازیەکە وێنە ڕاستەقینەکەمان بەردەوام لیدەشێوێنێت، واقعە مەجازیەکە دابەشی چاکە و خراپەیە، بەپێچەوانەی واقعە زبرەکەوە کە لەو دیوو چاکە و خراپەوەیە.

نیگاری: Third of May ئەمەش بۆچوونێکی ڕونترمان دەداتێ بەوەی کە هەمان ئەو حەقیقەتە " ئەفسانەیە و دینیە " کە باس لە ڕزگار بوونی جیهان دەکات، لەناو واقعی واقعدا مامەڵە بکەین. بۆ نمونە: عیسای مەسیح بۆ ڕزگار کردنی جیهان هات و جیهانی ڕزگار نەکرد. ئەگەر وردتر بیر بکەینەوە هەموو پاڵەوانە ئەفسانەیی و پێغەمبەرەکان کە هاتن بەناوی ڕزگارکردنی جیهانەوە هاتن، بەڵام ئەوان تەنها هاتن لەبەرامبەر خراپەدا بوەستنەوە و هیچیان ئەڵتەرناتیڤیان پێنەبوو بۆ ئەو وێرانکاریەیی جیهان تووشی هاتووە. ئەوان وەک نوێنەری چاکە هاتن و شەڕی خراپەیان کرد، دواتر کەپیتالیزم هات و هەمان ئایدیایی بەکار هێنایەوە و بەمەش داگیرکاریە یەک لەدوای یەکەکان ڕویاندا بەناوی ڕزگار کردنی جیهانەوە.

نیگاری: Poussin La Victoire de Gédéon contre les Madianite سینەما بەهەمان شێوە ئیدامەی بەم هێڵە ئیشکردنەدا و ئەم جارە لە بری پێغەمبەرەکان، هات و ئایدیای " ئەبەر مرۆڤی " نیتچەی کرد بە کاڵا و پاڵەوانی یەک لەدوای یەکی دروستکرد کە ئیشکردنیان بریتیبوو لە ڕزگار کردنی جیهان وەک " ئایرۆن مان و سوپەر مان و سپایدەرمان و هتد.." کە هەموو ئەم فیگۆرانە هیچ نەبوون جگە لە بە مۆدێرنکردنی فیگۆرێکی دینی بۆ ڕزگار کردنی جیهان، هاوکات ئەم فیگۆرانەش تەنها شەڕیان لە دژی خراپە کرد و وەک نوێنەری " چاکە " کە هەڵگری حەقیقەتی ڕەهایە دەرکەوتن. هەموو ئەم پاڵەوانانە لە مانا فەلسەفی و ڕاستەقینەکەیدا دژی پاڵەوانەکەی نیتچەن. ئەبەر مرۆڤی نیتچە بۆ شەڕ دژی خراپەیەکی پەتی نەهات، بەڵکوو هات و باسی ئەو واقعەی کرد کە مرۆڤ بەدەستیەوە دەناڵێنێت، باسی ئەو واقعەی کرد کە ئەفسانەکان و دینەکان شاردویانەتەوە و واقعێکیتریان خستۆتە شوێنی. ڕەنگە تاکە ئەڵتەرناتیڤ و ئایدیایی زبر لە سەد ساڵی ڕابردوەوە هەتا ئیستا هاتبێت و زۆر بە توندی هەوڵیدابێت شەڕی ئەو واقعە دەستکرد و مەجازیانە بکات " مارکسیزم " بووبێت. ئەوەی مارکسیزم و هێڵە دەرونشیکاریەکەی نیوەی دووەمی سەدەی بیست شەڕی دەکات بریتیە لەو مەترسیەیی کە لێیتێدەگات، بریتیە لەو ماسک و کەڤەرە جیاوازانەی دین و کەپیتاڵیزم پێکەوە دروستیان کردووە. کۆمپانیایی " مارڤڵ " کە هێڵی ئیشکردنی " سوپەر هیرۆیە " و وەک باسمانکرد دونیایەک پاڵەوانی لەخزمەت کەپیتاڵیزمدا دروستکردوە و دەیەوێت ئەو وێنەیە لای بینەر دروستبکات کە ئەوەی جیهان ڕزگار دەکات ئێمەین، ئەمجارە فیلمێکی بەرهەمهێنا کە پڕبوو لە ئەڵتەرناتیڤ دژی خۆی و وێنەیەکیتری لەسەر ڕزگار کردنی جیهان دروستکرد.

نیگاری: Wanderer above the Sea of Fog فیلمی " ڤینۆم – ژەهر " فیلمێکە باس لە مۆتیڤێکی جیاواز دەکات. واتا ئەمجارە ڤینۆم نایەت جیهان ڕزگار بکات، بەڵکو دێت تا لە واقعی خۆمان تێبگەین. دێت تا پێمان بڵێت ڕەنگە یەکێک لەو چەکانەی کە دەکرێت دژی هەموو ئەم وەهمانە بوەستنەوە ئایدیایەکی زبر و دەرە ستاتیکی بێت. ڕەنگە ئەو تیوریایە لەم شوێنەدا دروستبێت کە " بۆ لێدان لە کەپیتاڵیزم و پەک خستنی پێویستمان بە کەپیتالیزم خۆیەتی ."

وۆڵپەری فیلمی ڤێنۆم واتا بە کەپیتالیزم شەڕی کەپیتاڵیزم خۆی بکەین، تا ئەو ماسکەی ناوی واقعی مەجاز و گەوجاندنی سوبێکتێکی چەپێنراوە بە لیبراڵیزم کاڵی بکەینەوە و نەخشەی واقعە واقعیەکە خۆی ببینین. ڤینۆم نوێنەری هیچ نیە و نەهاتووە شەڕی دژی هەموو شتێک بکات، ئەو نەهاتووە جیهان ڕزگار بکات، بەڵکوو هاتوە تا ئێمە لە ڕێگەی ڤینۆمەوە بزانین لە کوێدا دەژین. نووسین و ئامادەکردنی: شەنگار سابیر