خەونەکانی شاعیرێکی مردوو
خەونەکانی شاعیرێکی مردوو
پێموایە فیلمی خێرا وەک قسەکردن وایە و فیلمی خاویش وەک گفتوگۆ. لە فیلمی خێرا دەرهێنەرێک قسەی زۆری پێیە و هەموو شت لەسەر جیهانی ناو فیلمەکە دەزانێ و بێوچان قسە دەکات و ڕێگە بە کەسیش نادا رەئی خۆی لەسەر پرس و بابەتەکان بدا تا کۆتایی فیلمەکە. هەرچی فیلمی خاوە، لە نێوانی هەموو دوو دێڕێك بۆشاییەکی پێویست هەیە بۆ بیرکردنەوە، هەم بۆ بینەر و هەموو بۆ دەرهێنەر خۆی. لەو ساتەدا لەمێشکی بینەر دوو فیلم دەڕوات، یەک لە هزری بینەر خۆی و یەکیش فیلمە خاوەکە. وە بە گشتی گفتوگۆ بەرهەمدارترە و زیاتر لە مێشك دەمێنێتەوە. عەباس کیارۆستەمی، کە کاریگەری زۆری هەیە لەسەر کاك سەرکەوت، دەڵێ؛ "فۆتۆگرافی دایکی سینەمایە". وە کاك سەرکەوت سەلیقەیەکی جوانی فۆتۆگرافی هەیە، بەتایبەتی لە دیمەنە سرووشتییەکان، بەوهیوایەی ئەو فیلمە سەرەتای لەدایکبوونی دەرهێنەرێکی باشی کورد بێت. کارەکتەری سەرەکی فیلمەکەمان وەک نیچەی فەیلەسوف پشت لە کۆمەڵگایە و ڕوو لە سرووشت و تەناهییە. پەیوەندییەکی جوان لەنێوان فەلسەفەی نیچە و کارەکتەرەكە هەیە. کڕۆکی فەلسەفەی نیچە باس لەوە دەکات کە ئاستەنگی و ئازار و هیچیەتی ژیان ئاساییە و باوە. هەرچی نیچە ناکوژێت بەهێزتری دەکات. لەهەمان کاتدا، ئەکتەرەکەمان رۆژانە تاڵی ژیانی ئێستای و مەرگی داهاتووی دەچێژێت، شەوانە لە بێ ئیلهامیەوە دەخەوێت و رۆژانەش مۆتە خەبەری دەکاتەوە، بەڵام، سەرەڕای سەختی ڕێگاکان، کارەکتەرەكەمان ڕۆژانە ڕوو لە چیاکان دەکا و بەسەر کۆسپەکان سەردەکەوێت و دەگاتە ترۆپک و لەوێشەوە لە جیهان دەڕوانێت، وە لەوانەشە بیربکاتەوە "هەرچی نامکوژێت بەهێزترم دەکا" یەك لە توخمە سەرەکییەکانی فیلمەکە شیعرە، لە بری قسە و گفتوگۆ، شیعر هاوەڵی دیمەنەکان دەکا. ئەو تەکنیکە هاوشێوەی تاقە دۆکیۆمێنتاریەکەی شاعیری ئافرەتی فارسیی، فروغ فروخزادەیە؛ "خونە سیا است"، ماڵەکە تاریکە. هاوکات ئەو تەکنیکە وەك پەنجەمۆرێکە بۆ ناسینەوەی فیلمەکانی تێرینس مالیك، تەواو لە فیلمەکان و دۆکیۆمێنتاریەکانی ڕەنگی داوەتەوە. شیعری فیلمەکە کەشێکی ڕەشبینانەی دروست و کردەوە و رێبەریمان دەکات بەرەو ناخی کارەکتەرەكە و بە ئازار و ترسەکانیمان دەناسێت. بە درێژایی شیعرەکان دەبینین کە گەورەترین ترسی ئەکتەرەکە مەرگ و فەنابوونە. نمونەیەک لە شیعرەکان؛ "من گۆڕستانی خۆمم، دەستەکان، قاچەکانم و چاوانم لەناو خۆمدا ناشتووە، قژم وەک گوڵێکی کێوی لەسەر گۆڕەکەم ڕواوە" بە گشتی خەونەکانی شاعیرێکی مردوو فیلمێکی سەرکەوتووە وەک دەستپێک و هەنگاوی یەکەم. بەوهیوایەی فیلمەکانی داهاتوو لە هەموو روویەکەوە دەوڵەمەندتر بێ.