ڕۆبێرت زیمیكس
ڕۆبێرت زیمیكس
ڕۆبێرت لی زیمیكس، فیلمساز و سیناریۆنووس و بەرھەم ھێنەری ئەمێریكی؛ لە ١٤ی مایسی ساڵی ١٩٥٢ لە (شیكاگۆ) لەدایكبووە. زیمیكس ساڵی ١٩٧٣ لە كۆلێژی باشووری كالیفۆرنیا بەشی فیلمسازی دەخوێنێت و لەوێ (ڕۆبێرت گاڵ) دەناسێت و دەبێتە ھاوڕێی گیانی بە گیانیی و ھاوبەشی ھەمیشەیی سیناریۆی فیلمەكانی، ھەروەھا ناسیاویی و ھاوڕێیەتی لەگەڵ دەرھێنەری ئەمێریكایی (ستیڤن سپیڵبێرگ)دا پەیدا دەكات و لە كارەكانیاندا ھاوكاری یەكتریی دەكەن، ساڵی ١٩٧٩ (زیمیكس) و (گاڵ) پێكەوە سیناریۆی فیلمی (1941) دەنووسن كە (سپیڵبێرگ) كاری دەرھێنانی بۆ دەكات و دواتریش لە كۆمەڵێك فیلمی (زیمیكس)دا وەكو بەرھەم ھێنەر و جێبەجێكار كاری كردووە و كاری دەرھێنان بۆ یەكەم فیلمی درێژی (زیمیكس) و (گاڵ) بە ناوی (I wanna Hold Your Hand- 1978) دەكات و بەدوایدا (Used Cars- 1980)ی بۆ بەرھەم دەھێنێت. یەكەم سەركەوتنی دەرھێنەرەكە لە بواری فیلمسازیدا دەگەڕێتەوە بۆ دەرھێنانی فیلمی (Romancing The Stone- 1984) كە فیلمێكی ئاكشنی كۆمیدی و سەركێشی بوو و سەركەوتنێكی بەرچاوی بەخۆوە بینی، دوا بەدوای ئەو فیلمە و ساڵی ١٩٨٥ فیلمە گەشت كاتەكەی (Back To The Future) و پاشكۆكانی بەرھەم دەھێنێت و لەڕێگەیەوە ناوبانگ و قازانجێكی زۆر بەدەست دەھێنێت و ڕەوتی فیلمسازیی خۆی دادەمەزرێنێت و سێ ساڵ دواتریش (Who Framed Rogger Rabbit) دەھێنێتە سەر شاشەی سینەماكان. زیمیكس ساڵی ١٩٩٤ فیلمە لەیاد نەكراوەكەی خۆی بەناوی (Forrest Gump) بەرھەم دەھێنێت، (تۆم ھانكس) ڕۆڵی سەرەكی وەردەگرێت و بەجۆرێك نواندنەكەی بەرجەستە دەكات وەك ئەوەی فیلم نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵێك كەسایەتی مێژوویی لە فیلمەكەدا پێشان دەدات كەسەرنجی بینەرانی زیاتر بەلای خۆیدا ڕاكێشا؛ لەوانەش (جۆن كەنەدی) و (ئێلڤێس پرێسلی)، لە ئەنجامیشدا فیلمەكە خەڵاتی ئەكادیمی بۆ باشترین دەرھێنەر بۆ زیمیكس دەباتەوە. بەجۆرێكیش سەرسامی نواندنەكانی (تۆم ھانكس) دەبێت كە لە ساڵەكانی دواتردا و لە فیلمەكانی (Cast Away-2000) و (The Polar Express-2004)دا بەشداری پێ دەكاتەوە. دواتریش كۆمەڵێك تەكنیكی ھاوشێوە لە فیلمەكانیدا دووبارە دەكاتەوە وەكو وەرگرتنی سیناریۆ لە پەرتووكەكانەوە و چیرۆكە ڕاستی و ھەست بزوێنەكان و لەڕێگەیانەوە زیاتر دەناسرێت و بەناوبانگ دەبێت، پاشان (Beowulf-2007) و (A Christmas Carol-2009) بەرھەم دەھێنێت. دواتر دەگەڕێتەوە سەر بەرھەم ھێنانی فیلمە ئاكشن و پڕ سەركێشییەكانی و (Flight-2012) و (The Walk-2015) و (Alleid-2016) بەرھەم دەھێنێت. ساڵی ٢٠١٨ش لە چیرۆكی ڕاستەقینەی ژیانی ھونەرمەند (Steve Carell)ەوە فیلمێكی سەركەوتوو دروست دەكات. فیلمەكانی زیمیكس ھەمەچەشنن و ئایدیا و بیرۆكەی جیا جیا لە خۆیاندا كۆدەكەنەوە و گرنگییەكی زۆر بە ئیفێكت دەدات، ھەمیشەش جێی سەرنجی ڕەخنەگران و بینەران بوون بە جۆرێك لەگەڵ بەرھەم ھێنانی ھەر فیلمێكیدا چاوەڕێی فیلمێكی چەشن جیاواز لە فیلمی پێشووتری دەكەن. (دەیڤید تۆمسۆن)ی ڕەخنەگر لەبارەی زیمیكس و فیلمەكانییەوە دەڵێت: "ھیچ دەرھێنەرێكی ھاوچەرخ شك نابەم كە ھێندەی زیمیكس گرنگ و وردەكار بێت لە ئیفێكت و ئەنجامی فیلمدا ھەتاكو چیرۆكێكی درامی و سەرگوزشتەیەكی كاریگەر بە فیلم بگێڕێتەوە".

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی