وۆنگ كار-وای
وۆنگ كار-وای
"وۆنگ کار-وای"، فیلمساز و سیناریۆنووس و بەرھەمھێنەرێکی چینیە، لە ١٧ی تەمموزی ساڵی ١٩٥٨ لە "شەنگاھای" وڵاتی "چین" لەدایكبووە. بچووكترین منداڵی خێزانەکەی بووە پاش لەدایكبوونی سێ خوشك و برا، باوکی دەریاوان و دایکی ژنی ماڵەوە بووە. لە تەمەنی پێنج ساڵییدا دەبێت كاتێك شۆڕشی چینی کرێکاران لە وڵاتی "چین" سەرھەڵدەدات و کاریگەری بەسەر وڵاتەكەوە دەبێت، ھەربۆیە خانەوادەکەی بڕیار دەدەن "چین" بەجێبھێڵن و بەرەو "ھۆنگ کۆنگ" بەڕێدەكەون، لەوێش لە شاری "شم شا-شیۆ" نیشتەجێ دەبن و باوکی لە یانەیەکی شەوانە كار دەكات، لەسەرەتادا وا بڕیار بوو دوو منداڵەکەی دیکەیان لەگەڵیاندا بڕۆن، بەڵام سنوورەکان دادەخرێن و لە وڵاتی "چین" دەمێننەوە و ١٠ ساڵ لە "وۆنگ"ی برایان و دایك و باوكیان بێ بەش دەبن، ئەم ڕووداو و دابڕانانە لە خوشك و برا و وڵاتەكەی كاریگەری بەسەر "وۆنگ" و ڕەوتی ژیان و كارەكانییەوە بەجێدەھێڵن. دواتریش ھەوڵی فێربوونی زمانی ئینگلیزی و کانتنیس دەدات و لە تەمەنێكی كەمەوە ئاخاوتنێكی باشی بەو دوو زمانە دەكرد. "وۆنگ" ئارەزووی لە گرافیك دیزاین بوو، لەسەرەتادا لە پۆلیتەكنیكی "ھۆنگ كۆنگ" لەو بوارەدا بڕوانامەی دبلۆم دەھێنێت و دواتریش لە كۆلێژی "ھۆنگ كۆنگ" ھەمان بوار دەخوێنێت، پاش ئەوەی تەخەڕوجیش دەكات لە کۆرسێکی فێرکاری سەر بە تۆڕی تەلەفزیۆنی TVB وەردەگیرێت، كۆرسەكە بۆ فێربوونی دیزاین و دەرھێنان و بەرھەمھێنان بوو. ھەر زوو دەستیکرد بە پیشەی نووسینی سیناریۆ و سەرەتا بە نووسینی سیناریۆی زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان و زنجیرە دراماکان دەستیپێكرد، زنجیرەی (Don't Look Now 1981) بۆ تەلەفزیۆنێك بەرھەم دەھێنێت. پێش ئەوەی وەكو سیناریۆنووس دەست بەكاربێت؛ وەکو بەشێك لە تیمی فیلمەکاندا کاری دەکرد و بەشدار بوو لە ژانەرە هەمەجۆرەکانی وەکو ژانەری ڕۆمانسی و کۆمیدی و تاوانکاری و چیرۆکی هەستبزوێن. پاشان "پاتریك تام"ی دەرھێنەر دەناسێت و دوو ساڵ بە نووسینی سیناریۆی (Final Victory-1987)یەوە خەریك دەبێت. یەكەم كاری دەرھێنانی "وۆنگ" لە ساڵی ١٩٨٨ و بە فیلمی (As Tears Go By) دەستیپێكرد كە بە سادەترین فیلمی دەرھێنەرەكە دادەنرێت بەراورد بە سەرجەم فیلمەكانی دیكەی لە ڕووی مۆرك و ناوەڕۆك و ستایڵی ھەمیشەیی دەرھێنەرەكەوە. بەدوایدا (Days Of Being Wild- 1990) بەرھەم دەھێنێت، كە یەكەم فیلمی بوو تێیدا تەكنیكی "چیرۆكبێژیی" بەكاردەھێنێت و یەكەم فیلمیشی بوو لەگەڵ دوو ھاوڕێ و ھاوكارە ھەمیشەییەكانید كە "كریستۆڤەر دۆیڵ"ی سینەماتۆگرافەر و "تۆنی لیونگ"ی ئەكتەر بوون. فیلمەكە لە بۆكس ئۆفیس پێشوازییەكی باشی لێ نەكرا بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ئاھەنگی خەڵاتەكانی فیلمی "ھۆنگ كۆنگ"دا خەڵاتی باشترین فیلم و باشترین دەرھێنەری بۆ بردەوە. دواتریش دوو ساڵ بە بەرھەمھێنانی فیلمی (Ashes Of Time-1994)ەوە خەریك دەبێت و پاش دوو مانگ لە بەرھەمھێنانیشی دەست دەكات بە دروستكردن و ھێنانە سەر شاشەی فیلمی (Chungking Express-1994) و سەرگوزەشتە و سینەماتۆگرافی فیلمەكە بینەری ھەمیشەیی تایبەت بە وۆنگی پەیدا كرد و ساڵی ١٩٩٥ لە ئاھەنگی خەڵاتەكانی ھۆنگ كۆنگدا خەڵاتی باشترین فیلم و دەرھێنەری بۆ بردەوە. كاركردنی لەسەر شەپۆلی نوێی فەڕەنسی و نووسینی سیناریۆ و دەقەكان بە ژانەری جیاواز و میوزیكی سەردەمییانە؛ ناوبانگێكی زۆریان بە "وۆنگ" بەخشی. ساڵی ١٩٩٧ ڕوو لە "بۆینس ئایرس" دەكات بۆ بەرھەم ھێنانی فیلمی (Happy Together)، كە لە ڕۆمانێكی "مانوێڵ پویگ"ەوە وەریدەگرێت و فیلمەكە لە ڤێستیڤاڵی كانی فیلم؛ لە ھەمان ساڵدا خەڵاتی باشترین دەرھێنەری بۆ دەباتەوە. پاشان دەگەڕێتەوە بۆ "ھۆنگ كۆنگ" و (In The Mood For Love- 2000) بەرھەم دەھێنێت، ئەم فیلمە بە ناوازەترین فیلمی دەرھێنەرەكە دانرا لە ڕووی ناوەڕۆك و تەكنیك و میوزیك و نەریتی وڵاتەكە و ڕەنگ و ھەروەھا بە یەكێك لە باشترین و جوانترین فیلمی چیرۆكی ھەستبزوێن ھەتاكو ئێستا ھەژماركراوە و نواندنەكانی ھەر یەكە ئەكتەران "تۆنی لیونگ" و "ماگی چیونگ" یەكێك لە ئازیزترین فیلمەكانی دەرھێنەرەكەیان بەرھەم ھێنا. ھەربۆیە ساڵی ٢٠٠٤ ھەڵدەستێت بە بەرھەم ھێنانی پاشكۆی فیلمەكە و فیلمی (2046) وەكو تەواوكەری (In The Mood For Love) بەرھەم دەھێنێت، فیلمێكی پڕاوپڕ لە میوزیك و ڕەنگ و چیرۆكی جیاواز و ناوھێنانی ناڕاستەوخۆ و فیلمەكە كۆكراوەی فیلمەكانی پێشووتری دەرھێنەرەكە لەخۆ دەگرێت! پاشان ڕوو لە ئەمێریكا دەكات و یەكەم فیلمی خۆی بە زمانی ئینگلیزی و لەگەڵ نواندنكاری بیانیدا بەرھەم دەھێنێت بە ناوی (My Blueberry Nights-2007) و تێیدا خانمە گۆرانیبێژی پۆپ و شۆخ و شەنگ "نۆرا جۆنز" ڕۆڵی سەرەكی گێڕا، بەڵام فیلمەكە ئەو سەركەوتنەی بەدەست نەھێنا كە لێی چاوەڕێ دەكرا و بینەرانی دەرھێنەرەكەی لە "ھۆنگ كۆنگ" بێ ھیوا كرد. ساڵی ٢٠٠٨ جارێكی دیكە و بە كورتبڕیی و دەستكارییەوە (Ashes Of Time) دەھێنێتەوە سەر شاشەی سینەماكان و ساڵی ٢٠١٣ فیلمێكی ھونەریی-جەنگیی بە ناوی (The Grandmaster) بەرھەم دەھێنێت كە سەرگوزەشتەی ژیانی "ییپ مان" بوو، لە لایەن ھاوكارە ھەمیشەییەكەوە "تۆنی لیونگ" ڕۆڵی سەرەكی بەرجەستە كرا. پاشان سیناریۆی فیلمی دارمی-كۆمیدی (See You Tomorrow- 2016) دەنووسێت و "ژانگ جیجیا" كاری دەرھێنانی بۆ دەكات. "وۆنگ كار-وای" لە نێوان ساڵانی ١٩٨٢ ھەتاكو ١٩٨٧ سیناریۆی دە فیلم دەنووسێت، لەوانەش كە ناوبانگ و سەركەوتنی بەرچاویان بە خۆیانەوە بینی (Just For Fun-1983) و (Rosa-1986) و (The Haunted Cop Shop Of Horrors-1987). بەمەش ئاشنایی لەگەڵ چەندین دەرھێنەر و نواندنكار و تەكنیككاردا پەیدا دەكات كە لە بەرھەم ھێنانی فیلمەكانیدا یارمەتی و كاریگەرییەكی زۆریان دەبێت. سینەمای "وۆنگ" كەشێكی تایبەت بە خۆی ھەیە، بینەری فیلمەكانی تەواو جیاوازن لە ھەر بینەرێكی دیكە، مۆركی سینەمایی "وۆنگ" لە ھەر شوێنێكدا ببینرێت دەناسرێتەوە، فیلمەكانی ئەگەرچی چیرۆكەكانی سادە و دووبارەن؛ دەوڵەمەندن بە ڕەنگ و میوزیك و مۆنتاژی خێرا و ھەمیشە ھەوڵیداوە كلتور و نەریتەكانی "چین" و "ژاپۆن" بخاتە بەرچاوی بینەرەكانی و ھەر شتێك لە ھەر دیمەنێكدا دەردەكەوێت واتای تایبەت بە خۆی ھەڵدەگرێت. "وۆنگ كار-وای" و "ئیثێر"ی ھاوژینی خاوەنی كوڕێكن بە ناوی "كینگ" و ئەوەی جێی سەرنجە لە ژیانی تایبەتی دەرھێنەرەكەدا ئەوەیە كە بەوە ناسراوە ھەمیشە بە چاویلكەیەكی ڕەشەوە دەردەكەوێت و دەكرێت ئەمەش وەكو ھەر یەكە لە بەشە پێكھێنەرەكانی فیلمەكانی واتایەكی تایبەتی ھەبێت. ساڵی ١٩٩٢ کۆمپانیای بەرھەمھێنانی خۆی دادەمەزرێنێت و ماوەی سی ساڵە بەردەوامە لە پیشەی فیلمسازی.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی