ستیڤن سپیڵبێرگ
ستیڤن سپیڵبێرگ
ستیڤن ئاڵان سپیڵبێرگ، فیلمساز و سیناریۆنووس ١٨ی كانوونی دووەمی ١٩٤٦ لە "سینسیناتی"ی "ئۆھایۆ"ی "ئەمێریكا" لەدایكبووە، لە تەمەنی منداڵییدا لەگەڵ خانەوادەكەیدا چەندین جار بارگەیان بۆ چەندین شوێنی جیاواز گواستووەتەوە و بەشێكی تەمەنی منداڵیی و گەنجیی لە "ئاریزۆنا"ی "ئەمێریكا" بەسەربردووە. دووجار ھاوسەرگیری كردووە، جاری یەكەم لەگەڵ خانمە نواندنكار "ئامی ئێرڤینگ"و ھەروەھا بۆ جاری دووەم لەگەڵ "كەیت كاپشاو" ھاوسەرگیری دەكەن. سپیڵبێرگ لە تەمەنێكی كەمەوە ئارەزوویەكی زۆری بۆ فیلم لەلا دروست دەبێت و لە تەمەنی ھەرزەكاریدا یەكەم فیلمی خۆی بە ناوی (Escape to Nowhere/1262) بۆ فێستیڤاڵێكی فیلم بەرھەم دەھێنێت و بەو فیلمە جەنگییە چل خوولەكییە یەكەم سەركەوتن و خەڵاتی خۆی لە بواری فیلمسازیدا بەدەست دەھێنێت و ئەمەش زیاتر ھانی دەدات ڕێچكەی فیلمسازیی بگرێت؛ بەدوایدا یەكەم فیلمی درێژ و زانستیی خۆی بە ناوی (Firelight/ 1964) بەرھەم دەھێنێت، پاشان جێبەجێكارێك لە ستۆدیۆكانی (Universal)دا دەرفەتی كاركردن لە ستۆدیۆدا بە سپیڵبێرگ دەبەخشێت و فیلمسازەكە كاری دەرھێنان بۆ چەندین زنجیرەی تەلەفزیۆنی ئەنجام دەدات و ساڵی ١٩٧١ یەكەم فیلمی تەلەفزیۆنیی خۆی بەرھەم دەھێنێت. پاش بەرھەم ھێنانی فیلمی (Jaws/1975) سپیڵبێرگ وەكو دەرھێنەرێكی سەركەوتوو و بەناوبانگ ناسێنرا و فیلمەكە دەستكەوتێكی مەزن بوو بۆ فیلمسازەكە، ھەروەھا خەڵاتی ئەكادیمی بۆ باشترین كاری وێنەگرتن و خەڵاتی ئۆسكاری بۆ ساوندتراكەكەیشی بردەوە. پاشان ساڵی ١٩٧٧ بە فیلمە خەیاڵییە زانستییەكەی (Close Encountters of the Third Kind) خەڵاتی ئەكادیمی بۆ باشترین دەرھێنەر دەباتەوە و سینەماتۆگرافییەكەیشی كە لە لایەن (Vilmos Zsigmond)ەوە بوو؛ خەڵاتی ئۆسكاری بۆ بردەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا یەكەم دەرھێنەر بوو لە مێژوودا كە بەم فیلمە ١٠٠ ملیۆن دۆلار قازانج بكات. پاش بەرھەم ھێنانی (1941/1979) بێ ھیواییەك ڕوو لە فیلمسازەكە دەكات؛ چونكە بینەران و ڕەخنەگران بە فیلمێكی ناكۆمیدی و سەرنەكەوتوو لێیان دەڕوانی، پاشان (Raiders of the lost Ark/1981) دەھێنتە سەر شاشەی سینەماكان و بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئەكادیمی بۆ باشترین دەرھێنەر باشترین كاری وێنەگرتن دەپاڵێورێت. لەم سەركەوتنە زۆرانەی بەردەوام دەبێت و ساڵێك دواتر (E.T: The Extra-Terrestrial/1982) بەرھەم دەھێنێت و بۆ بردنەوە خەڵاتی ئەكادیمی بۆ باشترین سیناریۆ و سینەماتۆگرافی دەپاڵێورێت. پاش بەرھەم ھێنانی (Indiana Jones and the Temple of doom/1984) سپیڵبێرگ (The Color Purple/1984) لە ڕۆمانێكەوە سەركەوتووانە دەھێنێتە سەر شاشەی سینەماكان و پاڵێوراوبوو بۆ بردنەوەی چەندین خەڵاتی جیاجیا ئەگەرچی لەنێویاندا نەیتوانی خەڵاتی ئۆسكار بباتەوە. ساڵی ١٩٩٣ (Schindler’s List) بەرھەم دەھێنێت و بە یەكێك لە گرنگترین فیلمەكانی فیلمسازەكە دەژمێردرێت كە بینەرانی سینەمای سپیڵبێرگ بۆ جارێكیش بێت پێویستە بینەری بن، فیلمەكە لە پاڵ بردنەوەی خەڵاتی ئۆسكار بۆ باشترین دەرھێنەر؛ براوەی شەش خەڵاتی دیكەش بوو، لەنێویاندا بۆ باشترین كاری وێنەگرتن. ھەروەھا بە فیلمی (Saving private Ryan) بۆ جاری دووەم خەڵاتی ئەكادیمی بۆ باشترین دەرھێنەر دەباتەوە و لەپاڵ ئەوەشدا بۆ بردنەوەی ١١ خەڵاتی دیكەش دەپاڵێورێت و لە ڕووی بازرگانیشەوە سەركەوتنێكی مەزنی بەدەست ھێنا. ساڵی ٢٠١٢ بە سیناریۆیەكی "تۆنی كوشنەر"ەوە فیلمی (Lincoln) دەھێنێتە سەر شاشەی سینەماكان و لە بۆكس ئۆفیسدا سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست ھێنا و پاڵێوراوی ١٢ خەڵاتی ئۆسكار بوو؛ لە نێویاندا بۆ باشترین دەرھێنەر و كاری وێنەگرتن. سپیڵبێرگ گەلێك فیلمی دیكەی ناوازەی پێشكەش بە مێژووی سینەما و سینەمادۆستان كردووە؛ فیلمەكانی ھەمەجۆرن و بەجۆرێك كار لە بینەر دەكەن كە ھەمیشە بینەر چاوەڕێی ئەوەیە فیلمێكی نوێی فیلمسازەكە ببینێت، ڕەوت و شێوازی تایبەتی خۆی لە بواری سینەمادا وایكردووە ھەمیشە دەرھێنەرێك بێت لەو دەرھێنەرانەی چاوەڕێ دەكەیت ھەر فیلمێكی تەواو جیاواز بێت لە فیلمەكانی پێشووتری؛ لە ڕووی ناوەڕۆك و ژانەر و تەنانەت كاری وێنەگرییەوە. لەگەڵ بردنەوەی خەڵاتە ئەكادیمییەكاندا؛ سپیڵبێرگ بەردەوام لە لایەن شوێن و پێگە جیاجیاكانەوە نازناو و خەڵات و ڕێزلێنانی تایبەت و جیاوازی پێشكەش دەكرێت و ساڵی ٢٠١٥ "مەدالیای ڕابەری ئازادیی" پێدەبەخشرا.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی