كریستۆفەر نۆڵان
كریستۆفەر نۆڵان
كریستۆفەر ئێدوارد نۆڵان، فیلمساز و سیناریۆنووس و بەرھەم ھێنەری بەریتانی-ئەمێریكیی؛ لە ٣٠ی تەمموزی ساڵی ١٩٧٠ لە باوكێكی بەریتانی و دایكێكی ئەمێریكی لە لەندەن لەدایكبووە، لەگەڵ "ئێما تۆماس"دا ھاوسەرگیری دەكات كە لە سەرجەم فیلمەكانی دەرھێنەرەكەدا كاری بەرھەم ھێنانی كردووە و خاوەنی چوار منداڵن. بەردەوام لەگەڵ خانەوادەكەیدا لە نێوان "شیكاگۆ" و "لەندەن"دا ھاتووچۆیان بووە، لە "كۆلێژی لەندەن" ئەدەبی ئینگلیزی و لە "خوێندنگەی كۆمەڵەی فیلم" خوێندنی فیلمی تەواو كردووە، ھەر لە منداڵییەوە ئارەزوویەكی زۆری بۆ فیلم و سینەما ھەبووە و یەكەم كورتە فیلمی خۆی لە تەمەنی حەوت ساڵیدا بەرھەم دەھێنێت. نۆڵان لەو فیلمسازانەیە كە فیلمەكانی بەئاسانی واتا بەدەستەوە نادەن و مێشكی بینەر پڕ دەكەن لە ژاوەژاو، فیلمەكانی ئاڵۆز و پڕ بیرمەندیی و زانستی و دەروونیی قووڵ و چیرۆكی نائاسایین و سوڕیاڵییانە ھەندێك لە بابەتەكان بەرجەستە دەكات، پیاو لە فیلمەكانی نۆڵاندا وەكو قارەمانێك ڕۆڵ دەگێڕێت كە ھەوڵ دەدات بەسەر ڕابردوویدا زاڵ بێت و لەگەڵ ئاڵۆزییەكانی ڕۆژگاری ئەمڕۆیدا خۆی بگونجێنێت، ئافرەتەكانیش كەسانی ڕۆمانسی و پاڵەوان و دەروون نەخۆشن. پاش تەواوكردنی ئەدەبی ئینگلیزی لە كۆلێژی لەندەن؛ بە فیلمی (Following-1998) دەست بە كاری فیلمسازی دەكات، پاشان (Memento-2000) بەرھەم دەھێنێت و دەبێتە براوەی خەڵاتی ئەكادیمی بۆ باشترین سیناریۆ، پاشان بە بەرھەم ھێنانی فیلمی (Insomania-2002) لە بەرھەم ھێنانی فیلمی سەربەخۆوە ھەنگاو دەنێتە بەرھەم ھێنانی فیلم لە ستۆدیۆكاندا و تریۆلۆجی (The Dark Knight/ 2005-2012) دەخاتە سەر شاشەی سینەماكان، پاشان (Prestige -2006) و بەدوایدا (Inception-2010) بەرھەم دەھێنێت كە پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسكار بوو بۆ باشترین سیناریۆ و وێنەگرتن، پاشان ساڵی ٢٠١٤ فیلمی (Intersteller) بەرھەم دەھێنێت كە براوەی خەڵاتی (Saturn) بوو بۆ باشترین فیلمی زانستی خەیاڵی، و ساڵی ٢٠١٧ش (Dunkirk) دەخاتە سەر شاشەی سینەماكان كە بەھۆیەوە بۆ یەكەمجار براوەی خەڵاتی ئەكادیمی بوو بۆ باشترین دەرھێنەر. لە فیلمەكانیدا "جۆناثان نۆڵان"ی برای لە نووسینی سیناریۆدا یارمەتی داوە و "ئێما"ی ھاوژینیشی كاری بەرھەم ھێنەریی بۆ كردووە، فیلمەكانی نۆڵان لە ئێپیستۆمۆلۆژی و مێتافیزیاییەوە ڕەگیان داكوتیووە و ھەمیشە لە پاڵ ئاڵۆزترین فیلمەكاندا ناوی دەھێنرێت، براوەی چەندین خەڵاتی ئەكادیمییە و ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٩ وەكو یەكێك لە ١٠٠ كاریگەرترین مرۆڤی جیھان ناوی ھێنراوە، فیلمەكانی زیاتر لە ٣٤ جار بۆ خەڵاتی ئۆسكار پاڵێوراون و ١٠ جار براوە بووە. دواین فیلمیشی لەم ساڵدا ٢٠٢٠ خرایە سەر شاشەی سینەماكان و چاوەڕێ دەكرێت سەركەوتنێكی بەرچاو بەدوای خۆیدا بھێنێت.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی