ڕیچارد لینکڵەیتەر
ڕیچارد لینکڵەیتەر
ڕیچارد ستوارت لینكڵەیتەر، فیلمساز و سیناریۆنووس و بەرھەمھێنەری ئەمێریكی؛ لە ٣٠ی تەمموزی ساڵی ١٩٦٠ لە ھاوستنی ویلایەتی تێكساس لەدایكبووە، تەمەنی منداڵیی لەگەڵ "دێن مارگرێت"ی دایكیدا بەسەربردووە و لە تەمەنی ١٧ ساڵییەوە لەگەڵ "چاڕڵس لێنكڵەیتەر"ی باوكیدا لە ھاوستن ژیان بەسەردەبات، سەرەتا وەكو یاریزانی تۆپی پێ و دواتر لە تیمی بەیسبۆڵی كۆلیژی (San Houston State) وەردەگیرێت، پاش ماوەیەك دەردەكرێت و دەگەڕێتەوە بۆ ھاوستن بۆئەوەی لە كارگەیەكی نەوت لە یەكێك لە كەنارەكاندا دەست بە كاركردن بكات، لەو دەمەدا كە لە كەنارەكەدا كاری دەكرد ڕۆمانی دەخوێندەوە و دەچووە سینەما و حەز و ئارەزووی بۆ فیلم تێدا ھەڵگیرسا. لێرەوە بۆی دەركەوت كە دەیەوێت لە بواری فیلمدا كار بكات و سەرجەم پارەكانی كاركردنی بۆ كڕینی كامێرایەكی باش كۆدەكاتەوە، ساڵی ١٩٨٣ دەگەڕێتەوە بۆ ئۆستن'ی تێكساس و كامێرایەكی (Super-8) دەكڕێت و لە كۆلێژێكی فیلم لە ئۆستن بۆ خوێندنی فیلم وەردەگیرێت. لینكڵەیتەر ساڵی ١٩٨٨ یەكەم فیلمی خۆی بەناوی (It's Impossible to Learn to Plow by Reading Books) بەرھەم دەھێنێت و تێیدا وەكو دەرھێنەر و بەرھەمھێنەر و وێنەگر و ئاكتەر كاردەكات، بەدوایدا و ساڵی ١٩٩١ دووەم فیلمی خۆی بەناوی (Slacker) بەرھەم دەھێنێت، ئەم فیلمە و سەركەوتنەكەی لینكڵەیتەریان بردە ھۆڵیوودەوە و بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین دەرھێنەر پاڵێورا و پاشان یەكەم فیلمی بۆ ستۆدیۆ بە ناوی (Dazed and Confused-1993) بەرھەم دەھێنێت. ساڵی ١٩٩٥ دەست دەكات بە بەرھەم ھێنانی یەكەم فیلمی تریۆلۆجییەكەی كە (Before Sunrise) بوو، فیلمەكە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە بەرلین خەڵاتی ورچی زیو'ینی بۆ باشترین دەرھێنەر بۆ دەرھێنەرەكە بردەوە. پاشان دوو فیلمی دیكە و بە ناوەكانی (subUrbia-1996) و (The Newton Boys- 1998) بەرھەم دەھێنێت و ساڵی ٢٠٠١ بە بەرھەمھێنانی فیلمی (Waking Life) ھەمان شێوە و ستایڵی یەكەم فیلمی خۆی دووبارە دەكاتەوە، كە بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین دەرھێنەر و باشترین سیناریۆ دەپاڵێورێت. ھەمان ساڵ (Tape -2001) و ساڵی ٢٠٠٣ (School Of Rock) بەرھەم دەھێنێت. لە ساڵی ٢٠٠٤دا و پاش نۆ ساڵ، دووەم فیلمی تریۆلۆجییەكەی كە (Before Sunset) بوو؛ دەھێنێتە سەر شاشەی سینەماكان و فیلمەكە پاڵێورا بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین سیناریۆ. پاشان زنجیرەك فیلمی دیكە بەرھەم دەھێنێت كە لە لایەن بۆكس ئۆفیس و ڕەخنەگرانەوە پێشوازییەكی باشیان لێ نەكرا، لەوانەش؛ (abad News Bears -2005) و (A Scanner Darkly - 2006) و ( Fast Food Nation -2006) و (Me and Orson Welles -2008). پاشان ساڵی ٢٠٠١ فیلمێكی كۆمیدی وەرگیراو لە چیرۆكی ژیانی ڕاستەقینەی بكوژی بێوەژنێكی دەوڵەمەندەوە بە ناوی (Bernie) بەرھەم دەھێنێت و بەھۆی چیرۆكەكەیەوە بینەرێكی زۆر لە خۆی كۆدەكاتەوە و فیلمەكە لە لایەن ڕێكخراوی ڕەخنەگرانی فیلم لە ئۆستن بە باشترین فیلمی ئۆستن ھەژماركرا. ڕیچارد لینكڵەیتەر ساڵی ٢٠١٣ سێیەم فیلمی تریۆلۆجییەكەی بە ناوی (Before Midnight)ەوە دەھێنێتە سەر شاشەی سینەماكان و پێشوازی و سەركەوتنێكی بەرچاوی بەخۆوە بینی، ھەروەھا فیلمەكە پاڵێورا بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین سیناریۆ. بە دوایدا و ساڵی دواتر فیلمی (Boyhood -2014) بەرھەم دەھێنێت، ئەم فیلمە لە لایەن ئەكادیمیای زانست و ھونەر و وێنەی جوڵاوەوە پاڵێورا بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین وێنەگرتن و دەرھێنەر و سیناریۆ و دەستكاریی و ئەكتەری پاڵپشت و ئەكترێسی پاڵپشت و براوەی خەڵاتی باشترین ئەكترێسی پاڵپشت بوو. ھەروەھا براوەی خەڵاتی گۆڵدن گڵەب بوو بۆ باشترین دەرھێنەر و باشترین وێنەی جوڵاو، لەگەڵ ئەوەشدا لە چل و شەشەمین فێستڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلیندا خەڵاتی ورچی زیو'ینی بەدەست ھێنا بۆ باشترین دەرھێنەر. ھەروەھا خەڵاتی ڕێزلێنان بۆ باشترین فیلم و باشترین دەرھێنەر لەلایەن (ڕێكخراوی ڕەخنەگرانی فیلم لە لۆس ئەنجەلۆس، كۆمەڵەی ڕەخنەگرانی فیلم لە بۆستن، بازنەی ڕەخنەگرانی فیلم لە نیویۆرك، ڕێكخراوی ڕەخنەگرانی فیلم لە واشتنتۆن دی سی، ڕەخنەگرانی فیلم لە نیویۆرك بەشێوەی ئۆنڵاین). پاشان (Everybody Wants Some -2016) بەرھەم دەھێنێت، و ساڵی ٢٠١٩ لە یەكێك لە پڕفرۆشترین ڕۆمانەكانی "ماریا سێمپڵ"ەوە فیلمێك بە ناوی (?Where’d You Go, Bernadette) بەرھەم دەھێنێت. فیلمەكانی ڕیچارد لینكڵەیتەر بەوە ناسراون كە شێواز و ستایڵێكی ڕوون و ئاشكرایان ھەیە، چیرۆك و سەرگوزەشتەی فیلمەكانی چێژبەخشن و سادەن و بینەر لە كاتی تەماشاكردنیان ھەست بە بێزاریی ناكات. ھەریەكە لە فیلمەكانی (Boyhood) و (Before Trilogy) لەگەڵ ھەمان ئەكتەر و ئەكترێسدا لە پاش تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەرھەم ھێناوە. لینكڵەیتەر ساڵانی نەوەدەكان لەگەڵ "كریستینا ھاریسۆن"دا ھاوسەرگیری دەكات و ساڵی ١٩٩٤ دەبنە خاوەنی كچێك و ساڵی ٢٠٠٤ دووانەیەكی كچیان دەبێت، كچە گەورەكەیان بە ناوی (لۆرێڵ لینكڵەیتەر) لە فیلمی (Boyhood)دا بەشداریكرد و یەكەم دەركەوتنی بوو وەكو ئەكتەر. لینكڵەیتەر لە لایەن خوێندنگەی فیلم لە لەندەن خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشراوە و ساڵی ٢٠١٥ لە لایەن لیستی ساڵانەی ١٠٠ كەسی كاریگەر؛ وەكو یەكێك لە ١٠٠ كاریگەرترین كەسەكانی جیھان ناوی ھاتووە.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی