جەعفەر پەناھی
جەعفەر پەناھی
جەعفەر پەناهی دەرهێنەر و فیلمنامەنووسی ئێرانی، لە ١١ی تەمموزی ١٩٦٠ لە شاری میانەی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات لەدایکبووە، سەرەتای کارکردنی پەناهی وەك یاریدەدەری دەرهێنەر بوو لە فیلمەکانی (عەباس‌کیاڕۆستەمی)دا. فیلمەکانی پەناهی زۆربەیان باس لە کێشەکانی کۆمەڵگای ئێرانی دەکەن؛ ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانێت لە وڵاتی خۆی فیلم نمایش بکات، هەروەها فیلمەکانی وەکو جۆری نیوریالیزم دەناسرێن. پەناهی لەگەڵ خاتوو (طاهرە سەعیدی) هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی دوو منداڵە بەناوەکانی (سولماز) و (پەناهـ). لەبەرئەوەی فیلمەکانی لەجۆری نیوریالیزمی ئێرانین و بۆیە هەموویان باس لە (هەژاری، بێکاری، بەدبەختی، نادادپەروەری) دەکەن. پەناهی لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٠٩ ی ئێران کە لە دژی گەندەڵی و بەلاڕێدابردن و فێڵ لە هەڵبژاردنی سەرۆك کۆماردا کرا؛ دووجار دەستگیر کرا، جاری یەکەم لە ڕۆژی ٣٠ تەمموزی ٢٠٠٩ بوو، لە کاتێکدا کە لەگەڵ چەند فیلمسازێکی دیکەدا (لە ناویاندا محمد رسول‌اف) بۆ ڕێزگرتن لە مردنی چالاکوانانی خۆپیشاندانەکان ڕۆشتبوو بۆ گۆڕستانی بەهەشتی زەهرای تاران دەستگیرکرا و دوای چەند ڕۆژێك ئازادکرا. جاری دووەم لە ١ی مارسی ٢٠١٠ کاتێک لەگەڵ ١٨ کەس لە خزمان و هاوڕێیانی لە ماڵەکەی خۆی کۆبووبونەوە بە شێوەیەکی سەیر دەستگیرکرا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کورسی ئەو وەك دادوەرێك لە فیستیڤاڵی کانی ئەو ساڵەدا بەخاڵی بمێنێتەوە، دواتر لە زیندان بۆ ماوەیەك مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاند. پەناهی لە ڕۆژی ٢٥ی ئازاری ٢٠١٠ بە فرمانی دادوەری گشتی تاران بە سزای ٢٠٠ ملیۆن تمەن لە زیندان ئازادبوو. بەپێی فرمانی دادگا پەناهی بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و پلاندانان لەدژی حکومەتی کۆماری ئیسلامی" (بە ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٢٠ ساڵ ڕێگری لە کاری فیلمسازی و ٢٠ ساڵ ڕێگری لە کاری نووسینی سیناریۆ و فیلمنامە و ٢٠ ساڵ ڕێگری لە چوونە دەرەوەی لە وڵاتی ئێران و ٢٠ ساڵ ڕێگری لە هەموو چاوپێکەوتن و قسەکردنێك لەگەڵ هەر میدیایەکی جیهانی و ئێرانیدا) سزادرا. لە ڕۆژی ٢ی شوباتی ٢٠١١ بەرپرسی هونەری ئەوکاتی فیستیڤاڵی کان، لە کۆنفرانسێکی چاپەمەنی کە بۆ پاڵپشتی لە پەناهی و محمد رسول‌اف کە لە سینەماتکـی پاریس ئەنجامدرا، گووتی کە ئەمساڵ خەڵاتی تایبەتی (ڕاهێنەری زێڕ) دەدەن بە پەناهی، هەروەها گووتی "لەمەودوا جەعفەر پەناهی، ئەندامێکی تەواوی فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان دەبێت و شوێنی بەتاڵ بۆ ئەو دادەنرێت. پەناهی وەکو دەرهێنەر خاوەنی ٩ فیلمـە کە ئەوانیش بە ڕیزبەندی : (بادکنک سفید، آینه، دایره، طلای سرخ، افساید، این یک فیلم نیست، پردە، تاکسی، سه رخ)، کە چوار فیلمی کۆتایی لە سەردەمی سزاکەی کۆماری ئیسلامیدا بەرهەمهێنراون بە کامێرای تایبەتی خۆی. هەروەها خاوەنی حەوت کورتەفیلمە. پەناهی خاوەنی ١٧ خەڵاتی گرنگی فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانە لە نێویاندا (فیستیڤاڵی کان و ڤێنیس و لەندەن و لۆکارنۆ). ‌خاوەنی خەڵاتی (کامێرای زێڕین)ـە بۆ فیلمی (بادکنک سفید)، هەروەها خەڵاتی (پڵنگی زێڕین) بۆ فیلمی (آینە) و (شێری زێڕینی فیستیڤاڵی ڤێنیس) بۆ فیلمی (دایره)، هەروەها (ورچی زێڕین) بۆ فیلمی (تاکسی) و (ورچی زیوی) بۆ باشترین فیلمنامە بۆ فیلمی (پردە) و خەڵاتی تایبەتی داوەران بۆ فیلمی (سه رخ). هەروەها لە فیستیڤاڵی شاری سلێمانی خاوەنی دوو خەڵاتە بۆ فیلمی (سه رخ). پەناهی لە پێنج فیستیڤاڵدا وەکو داوەر بەشداربووە؛ ئەوانیش (کارلووی واری، ئۆراسیا، کرالا، ڕۆتەردام، مۆنتڕال).

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی