كوینتین تارانتینۆ
كوینتین تارانتینۆ
كوینتین تارانتینۆ، لە ٢٧ی ئازاری ١٩٦٣ لە "نۆكسیڤێڵ"ی ھەرێمی "تێنیسی" لەدایكبووە، تاكە منداڵی "كۆنێ ماكھوگ"ی دایكی و ئەكتەر "تۆنی تارانتینۆ" بوو؛ كە بەر لەوەی تارانتینۆ لەدایك ببێت خێزانەكە بەجێدەھێڵێت. لە تەمەنی چوار ساڵیدا بەرەو "كالیفۆرنیا" دەڕۆن و داپیرەی بەردەوام دەیبات بۆ سەیركردنی فیلمەكانی "جۆن واین" و لەو تەمەنە كەمەوە خۆشەویستییەكی زۆر و سەیری بەرامبەر فیلم و سینەما بۆ دروست دەبێت. چیرۆك دەنووسێت و بەسەرھاتی سەیر دەگێڕێتەوە، لەمبارەیەوە جارێكیان لە میانەی چاوپێكەوتنێكدا دایكی تارانتینۆ گووتی: "چیرۆكی دایكانەی خەماویی بۆ دەنووسیم، ھەمیشە دەیكوشتم و پێی دەگووتم لەو بارەیەوە ھەستی چۆنە، ئەو چیرۆكانەی بەس بوون كە بەردەوام فرمێسك لە چاوەكانمدا بن". تارانتینۆ ڕقی لە خوێندن و خوێندنگە بوو، ئەو بە لایەوە باشتر بوو كە كاتەكانی بە تەماشاكردنی فیلم و كۆمیكەوە بەسەر ببات نەوەكو بخوێنێت، تاكە بابەتیش كە لەگەڵی گونجابا؛ "مێژوو" بوو، لەو بارەیەشەوە دەڵێت: "مێژوو، بابەتێكی خۆشە و منیش لەو بابەتەدا باش بووم، چونكە بە جۆرێك لە جۆرەكان وەكو فیلم وەھایە". پاش بەجێھێشتنی خوێندنگە، بۆ ماوەیەك لە ھۆڵێكی شانۆگەریی لاواندا وەكو بەڕێوەبەری ھۆڵ كار دەكات، ھەروەھا پۆلی نواندنیشی وەردەگرت، پاشان لە "مانھاتن" كارێك لە "Video Archives" وەردەگرێت و لەگەڵ "ڕۆجەر ئاڤاری"دا كار دەكات و ئاشنایەتی پەیدا دەكات. خۆشەویستییەكی زۆریان بۆ فیلم ھەردووكیان پێكەوە كۆدەكاتەوە و لە بیرۆكەی چەندین سیناریۆشدا پێكەوە كار دەكەن. لە ماوەی مانەوەی لە "Video Archives"دا؛ لەسەر چەند سیناریۆیەك كار دەكات، لەوانەش (True Romance) و (Natural Born Killers)، ھەروەھا وەكو میوان لە ڕۆڵی "ئێلڤێس پریسلی"دا لە "The Golden Girls"دا بەشدار دەبێت. پاشان ساڵی ١٩٩٠ "Video Archives" بەجێدەھێڵێت و ڕوو لە كۆمپانیایەكی بەرھەمھێنان دەكات، لە ڕێگەی بەرھەمھێنەرێكی كۆمپانیاكەوە دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسا سیناریۆی "True Romance" بخاتە ڕوو و "تۆنی سكۆت"ی بەرھەمھێنەریش پاش ئەوەی سیناریۆكەی بەدڵ دەبێت مافی ئەوەی پێ دەدات كاری لەسەر بكات. بە كاركردنیشی لەگەڵ "لاورێنس بێندەر"ی بەرھەمھێنەردا دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا ڕێچكەی فیلمسازیی خۆی دەستەبەر و قایم بكات، ساڵی ١٩٩٢ سیناریۆی "Reservoir Dogs" دەنووسێت و ئەكتەر "ھارڤی كیتێڵ" بە خوێندنەوەی سیناریۆكە سەرسام دەبێت و بڕیار دەدات بە ڕۆڵگێڕان و گرتنە ئەستۆی كاری بەرھەمھێنان تێیدا قایل و بەشدار ببێت. ساڵی ١٩٩٤ (Pulp Fiction) بەرھەم دەھێنێت، فیلمێكی چاوەڕواننەكراو و پڕ توندوتیژی و كلتوری پۆپ، كە لەپاڵ سەركەوتنەكەی لە ڕووی بازرگانییەوە؛ ڕەخنە و مشت و مڕێكی زۆریشی بە خۆوە بینی، فیلمەكە زیاتر لە ١٠٨ ملیۆن دۆلاری لە بۆكس ئۆفیسدا قازانج كرد و بووە یەكەم فیلم كە ئەو دەستكەوتەی ھەبێت، ھەروەھا لە فێستیڤاڵی كانی فیلم بۆ ساڵی ١٩٩٤ خەڵاتی "Palme d’Or" بردەوە، لەپاڵ ئەوەشدا پاڵێورابوو بۆ حەوت خەڵاتی دیكە؛ لە نێویاندا بۆ باشترین كاری وێنەگریی و باشترین دەرھێنەر، دواتریش خەڵاتی باشترین سیناریۆی لەگەڵ خۆیدا بردەوە. ساڵی ١٩٩٥ سیناریۆی یەكێك لە چیرۆكەكانی "Four Rooms" دەنووسێت و كاری دەرھێنانی بۆ دەكات، سێ چیرۆكەكەی دیكەش لە لایەن ھەریەكە لە فیلمسازان "Allison Anders" و "Alexandre Rockwell" و "Robert Rodriguez" دەنووسران، پاش بڵاوبوونەوەشی؛ تارانتینۆ و "ڕۆبێرت ڕۆدریگێز" كار لەسەر "From Dusk Till Down-1996" دەكەن، تارانتینۆ سیناریۆكە دەنووسێت و "ڕۆدریگێز"یش كاری دەرھێنانی بۆ دەكات، بەڵام سەركەوتنێكی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینی و زۆرترین ڕەخنە و بۆچوونی نەرێنیی لە لایەن ڕەخنەگران و بینەرانەوە وەرگرت. ھەربۆیە ساڵێك دواتر و بە بەرھەمھێنانی "Jackie Brown- 1997" ھەوڵ دەدات ھاوسەنگی و بۆچوونە ئەرێنییەكان بۆ فیلمەكانی بگەڕێنێتەوە، ھەرچەندە ئەم فیلمەیشی سەركەوتنێكی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینی. ساڵی ٢٠٠٣ "Kill Bill: Vol. 1" و ساڵی ٢٠٠٤ "Kill Bill: Vol. 2" بەرھەم دەھێنێت، پاشانیش "Grindhouse-2007" و "Inglourious Basterds-2009" بەرھەم دەھێنێت. پاش ماوەیەك پشوودان، بە "Django Unchained-2012" دەگەڕێتەوە بۆ كاری فیلمسازی و فیلمەكەی سەركەوتنێكی زۆر بەدەست دەھێنێت لە ڕووی بازرگانی و تێڕوانین و بۆچوونی ئەرێنییەوە، لە ٨٥ـەمین ئاھەنگی خەڵاتە ئەكادیمییەكانی ساڵی ٢٠١٣ دەبێتە براوەی خەڵاتی ئەكادیمی بۆ باشترین سیناریۆ و پاڵێورابوو بۆ بردنەوەی خەڵاتەكانی ئۆسكار بۆ باشترین كاری وێنەگریی و باشترین سینەماتۆگرافی و دەنگسازیی. پاشان "The Hateful Eight- 2015" بەرھەم دەھێنێت كە پاڵێوراوی خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بوو. تارانتینۆ دوای پەیوەندییەكی سۆزداری درێژخایەن لەگەڵ خانمە نواندنكار "میرا سۆرڤینۆ"دا؛ ساڵی ٢٠١٦ لەگەڵ "دانێلا پیك"ی كچی سترانبێژ و ستراننووس "Tzvika Pick"ی ئیسرائیلیدا دەست دەكات بە ژووان بەستن و ساڵی ٢٠١٧ ئەڵقەی ھاوسەرگیری دەگۆڕنەوە و تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ ژیانی ھاوسەرگیری پێك دەھێنن. چوار ساڵ دواتریش "Once Upon a Time In Hollywood- 2019" دەھێنێتە سەر شاشەی سینەماكان. كوینتین تارانتینۆ ڕێچكە و شێوازی تایبەت بە خۆی ھەیە لە بواری فیلمسازییدا، فیلمەكانی چاوەڕواننەكراو و پڕ توندوتیژی و خوێناوین، بینەری سینەمای تارانتینۆ كەسانێكی سەرشێتن و ھەمیشە ئەوەی دەیانەوێت لە سینەمای تارانتینۆدا دەستیان دەكەوێت.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی