یۆرگۆس لانثیمۆس
یۆرگۆس لانثیمۆس
جیۆرجیس یۆرگۆس لانثیمۆس، فیلمساز و سیناریۆنووس و بەرھەمھێنەر و فۆتۆگرافەر و دەرھێنەری شانۆیی یۆنانی؛ لە ٢٣ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧٣ لە "پانگرات"ی "ئەسینا"ی وڵاتی "یۆنان" لەدایكبووە. "ئانتۆنیس لانثیمۆس"ی باوكی یاریزانێكی پیشەگەری باسكتبۆڵ بوو كە بۆ تیمی باسكەی "پانگرات" و "تیمی باسكەی نێودەوڵەتی یۆنان" یاری كردووە و لە خوێندنگەی "مۆرایتس" وانەی باسكەی گووتووەتەوە. لانثیمۆس لە "خوێندنگەی فیلمی ستاڤراكۆس" دەرھێنانی بۆ فیلم و تەلەفزیۆن خوێندووە، بەدرێژایی ساڵانی نەوەدەكان كاری دەرھێنانی بۆ زنجیرەیەك ڤیدیۆ بۆ كۆمپانیاكانی "Dance-theatre"ی یۆنانی كردووە، لە ساڵی ١٩٩٥ەوە كاری دەرھێنانی بۆ ژمارەیەكی زۆر لە ڕێكلامی بازرگانی تەلەفزیۆنی كردووە، لە پاڵ كاری میوزیك ڤیدیۆ و كورتە فیلم و شانۆگەریدا، ھەروەھا یەكێك بوو لە ئەندامەكانی تیمی بەڕێوەبردنی "یارییەكانی ئۆڵۆمپای ٢٠٠٤ی ئەسینا". "لانثیمۆس" بە فیلمی (Kinetta) بەرەو دنیای فیلمسازی و دەرھێنانی فیلم ھەنگاو دەنێت و فیلمەكە لە فێستیڤاڵەكانی فیلمدا لە (تۆرۆنتۆ) و (بەرلین) دەخرێتەڕوو، بە دووەم فیلمیشی كە (Dogtooth- 2009) بوو لە فێستیڤاڵی فیلمەكانی كاندا بۆ ساڵی ٢٠٠٩ دەبێتە براوەی خەڵاتی (Certain Regard) و ساڵی ٢٠١١ بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئەكادیمی ئۆسكار بۆ باشترین فیلمی بیانی دەپاڵێورێت. پاشان ساڵی ٢٠١١ فیلمی (Alps) دەھێنێتە سەر شاشەی سینەماكان و لە فێستیڤاڵی فیلمی ڤیەنادا بۆ ساڵی ٢٠١١ دەبێتە براوەی خەڵاتی (Osella) بۆ باشترین سیناریۆ و ساڵی ٢٠١٢ لە فێستیڤاڵی فیلم لە سیدنی دەبێتە براوەی خەڵاتی باشترین فیلم. یەكەم فیلمی دەرھێنەرە یۆنانییەكە بە زمانی ئینگلیزی فیلمی (The Lobster- 2015) بوو؛ كە لە ٦٨ەمین فێستیڤاڵی فیلمەكانی كاندا براوەی خەڵاتی (Jury Prize) بوو، ھەروەھا ساڵی ٢٠١٥ لە لایەن فیلمە خەڵاتكراوە ئەوروپییەكانەوە براوەی خەڵاتی باشترین سیناریۆ و كەستەم دیزاین بوو، ساڵی ٢٠١٧ بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئۆسكار بۆ باشترین سیناریۆ پاڵێورا و نواندنكار (كۆلین فارێڵ) پاڵێورا بۆ بردنەوەی خەڵاتی "گۆڵدن گڵەب" و خەڵاتی ئەكادیمی لە لایەن فیلمە خەڵاتكراوە ئەوروپییەكانەوە بۆ باشترین كاری نواندنی لەو فیلمەدا. پێنجەم فیلمی لانثیمۆس (The Killing Of A Sacred Deer) بوو، فیلمەكە لە ٧٠ھەمین فێستیڤاڵی فیلمەكانی كاندا براوەی خەڵاتی باشترین سیناریۆ بوو، ھەروەھا لە لایەن فیلمە خەڵاتكراوە ئەوروپییەكانەوە پاڵێورا بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین سیناریۆ و باشترین دەرھێنەر و باشترین نواندنكار كە (كۆلین فارێل) ڕۆڵەكەی بەرجەستە كرد. ھەروەھا (The Favourite- 2018) دواین فیلمی دەرھێنەرە یۆنانییەكەیە ھەتاكو ئێستا، كە ساڵی ٢٠١٨ لە ٧٥ەمین فێستیڤاڵی فیلمەكانی ڤیەنادا براوەی خەڵاتی (Grand Jury Prize) بوو و ھەریەكە لە نواندنكاران "سیلڤەر لیۆن" و "ئۆلیڤیا كۆلمان" براوەی خەڵاتی (Copa Volpi) بوون بۆ باشترین خانمە نواندنكار لە فیلمەكەدا، ھەروەھا "ئۆلیڤیا كۆلمان" براوەی خەڵاتی "گۆڵدن گڵەب" بوو بۆ باشترین خانمە نواندنكار و فیلمەكە براوەی دە خەڵاتی BIFA و پاڵێوراوی دە خەڵاتی BAFTAS بوو كە توانی حەوتیان بباتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ بردنەوەی دە خەڵاتی ئەكادیمی ئۆسكار پاڵێورا؛ لە نێویاندا خەڵاتی باشترین دەرھێنەر و كاری وێنەگریی و باشترین نواندنكاری پاڵپش و باشترین نواندنكار كە "ئۆلیڤیا كۆلمان" خەڵاتەكەی بەدەستھێنا. یۆرگۆس لانثیمۆس لە ساڵی ٢٠١٣ەوە ھاوسەرگیری لەگەڵ خانمە نواندنكاری یۆنانی-فەڕەنسی "ئاریان لابێد" پێكھێناوە و ساڵی ٢٠١٩ دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆوە كە دەرھێنەرە یۆنانییەكە كار لەسەر ڕۆمانێكی "جیم تۆمپسۆن" دەكات، كە چاوەڕێ دەكرێت فیلمێكی سەركەوتووی لێ بھێنێتە بەرھەم.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی