بەستەر کیتن
بەستەر کیتن
"جۆزێف فڕانك كیتن" فیلمسازی ئەمریكی؛ لە ٤ی تشرینی یەكەمی ساڵی ١٨٩٥ لە "پیكوا"ی "كانساس"ی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەدایكبووە. "جۆی" باوكی و "ماریا"ی دایكی ھەردووكیان دوو نواندنكاری لێھاتووی شانۆگەری بوون؛ بەھۆی ئەوان و ھاوبەشیپێكردنی كوڕەكەیان لە شانۆگەرییەكاندا؛ "بەستەر كیتن" لە تەمەنی سێ ساڵییەوە دەچێتە نێو دنیای نواندنەوە. لە تەمەنی ١٨ مانگییەوە نازناوی "بەستەر" دەباتەوە. لە سەرەتای ساڵی ١٩٠٧ەوە بەشێكی زۆری منداڵی لە "Muskegon" بەسەر دەبات، كە باوكی یارمەتی كۆمەڵەی نواندنكارانی دەدا، لەو كاتەشدا ئەو ناوچەیە شوێنێكی باش و لەبار بوو بۆ ئەم خانەوادە ھونەرییە كە پەرە بە بواری شانۆ و نواندنەكەیان بدەن و "كیتن"ی لاویش زیاتر بچێتە نێو بوارەكەوە. ساڵی ١٩١٧ لە "The Butcher Boy"ی "ئاربۆكڵ"دا یەكەمی ڕۆڵی خۆی وەكو نواندنكارێكی كۆمیدی وەردەگرێت و ھەتاكو دوو ساڵ دواتریش بە بڕی ٤٠ دۆلار بۆ ھەر ھەفتەیەك بەردەوامی بە كاركردن دەدات لەگەڵ "ئاربۆكڵ"دا "Arbuckle"، ئەمەش ھاندەر و ئامادەكارییەكی باشی "كیتن" بوو بۆ باشتر بەرەوپێشچوونی لە نواندن و سینەمادا. ساڵی ١٩٢٠ "بەستەر كیتن" ڕەوتی فیلمسازی خۆی دەگرێتە بەر و بە (One Week- 1920) و (The Playhouse- 1921) و (Cops- 1922) دەست پێدەكات. ساڵی ١٩٢٣ دەست دەكات بە نووسین و دەرھێنانی فیلمی ماوە درێژ و ھەر یەكە لە فیلمەكانی (The Three Ages- 1923) و (Sherlock, Jr- 1924) و (The General- 1927) بەرھەم دەھێنێت. "بەستەر كیتن" لە فیلمی (The General- 1927)دا وەكو نواندنكار و سیناریۆنووس و دەرھێنەر كاری كرد؛ لەسەرەتا بەھۆی بە بازرگانی كردنی فیلمەكەوە بینەر و ڕەخنەگران لێی بێ ئومێد بوون، بەڵام دواتر بە یەكێك لە شاكارە سینەماییەكان و یەكێك لە ڕەوتە ھونەرییە بەرزەكان ھەژمار كرا. لە ناوەڕاستی ساڵانی بیستەكاندا؛ لە پاڵ (چارلی چاپلین)دا وەكو "ئەستێرەیەكی دیكەی سینەمایی بێدەنگ" ناوبانگی دەكرد، مووچەكەی گەیشتە ٣,٥٠٠ دۆلار لە ھەفتەیەكدا و لە "Beverly Hills" ماڵێكی ٣٠٠,٠٠٠ دۆلاری بنیات نا. ساڵی ١٩٢٨ "بەستەر كیتن" ھەنگاوێكی نا كە بە ھەڵەیەكی ڕاستی ژیانی ناوی دەبات؛ لەگەڵ كۆمپانیای "Metro Goldwyn Mayer"دا كە خاوەنی گەورەترین ستۆدیۆ بوو گرێبەستێك دەبەستێت، كە دەبوو "كیتن" لە فیلمە كۆمیدییە ڕەوت نوێیەكاندا ڕۆڵێكی وەھا بگێڕێت لە لایەن بۆكس ئۆفیسیشەوە پەسەند بكرێت و ڕەوتێكی بەھێزی فیلمسازی بگرێتە بەر، یەكەم فیلمیشی بۆ ئەو كۆمپانیایە فیلمی (The Cameraman- 1928) بوو، بەڵام ئەوەی چاوەڕێ دەكرا ڕووبدات؛ ڕووینەدا. "كیتن" نەیدەتوانی بەسەر كار و فیلم و نواندندا زاڵ بێت، یەكێك لە ھۆكارەكان جیابوونەوەی بوو لە خانمە نواندنكار "ناتالی تالمەیج"ی ھاوژینی كە خاوەنی دوو كوڕیش بوون، ساڵی ١٩٣٤ گرێبەستەكەی كۆتایی پێدەھێنێت و مایەپووچ دەبێت، ھەموو سەرمایەكەیشی ١٢,٠٠٠ دۆلار دەبێت، ساڵێك دواتریش لە "مای سكریڤن"ی ھاوژینی دووەمی جیادەبێتەوە. ساڵی ١٩٤٠ ژیانی فیلمسازەكە تا ڕادەیەك بەرەو باشتر دەچێت، بۆ جاری سێیەم و لەگەڵ سەماكارێكی تەمەن ٢١ ساڵدا بە ناوی "ئێلینۆر مۆریس" ھاوسەرگیری دەكاتەوە، كە ھاوكار و ھاندەرێكی باش بوو بۆ باشتركردن و جێگیركردنی ژیان و بارودۆخی "كیتن" و ھەتاكو ساڵی ١٩٦٦ واتا ھەتاكو كاتی مردنی "بەستەر كیتن" پێكەوە مانەوە. ساڵانی "١٩٥٠"كان ناو و ناوبانگی بۆ دەگەڕێتەوە، لە تەلەفزیۆنێكی بەریتانیدا و لە زنجیرە پڕۆگرامێكدا دەردەكەوێت، ھەروەھا لە ئەمریكاش جارێكی دیكە گوێگران و بینەران ئاشنای "كیتن" بوونەوە پاش ئەوەی لە (Sunset Boulevard- 1950) و دواتریش لە (Limelight- 1952)ی "چاپلین"دا ڕۆڵی گێڕا. ھەروەھا لە ڕێگەی دەركەوتنی لە چەندین پڕۆگرام و بەرنامەی ئەمریكی و بازرگانیدا زیاتر پێگەی خۆی قایم كرد و ساڵی ١٩٥٦ بڕی ٥٠,٠٠٠ دۆلاری پێدرا بۆ بەرھەمھێنانی فیلمی (The Buster Keaton Story) كە باس لە ژیانی نواندنكارە كۆمیدییەكە و ڕۆژانی ڕۆڵگێڕان لە شانۆگەریدا باس بكات. لە تشرینی یەكەمی ساڵی ١٩٦٥دا "بەستەر" و ناو و ناوبانگی گەیشتە لوتكە، پاش ئەوەی چوار مانگ بەر لە مردنی بانگھێشتی "فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنێس" كرا، كە تێدا دواین كاری خۆی نمایش كرد؛ فیلمێكی بێدەنگی ٢٢ خوولەكی، كە سیناریۆكەی "ساموێل بیكێت" نووسیبووی و ساڵێك پێشووتر لە "نیویۆرك" كاری دەرھێنانی بۆ كردبوو، لە دوای پێشكەشكردنی قسەكانیشی كە بە چاوی پڕ فرمێسكەوە گووتی "ئەمە یەكەم جارە بانگھێشتی فێستیڤاڵێكی فیلم بكرێم، بەڵام ھیوادارم دواین جاریش نەبێت"؛ بۆ ماوەی پێنج خوولەك ئامادەبووان وەكو ڕێزێك بۆی ھەستانە سەر پێ. "كیتن" ساڵی ١٩٥٩ بە پێدانی خەڵاتی ئەكادیمی ڕێزی لێگیرا. لە بەرواری ١ی شوباتی ساڵی ١٩٦٦ "بەستەر كیتن" لە ماڵەكەی خۆیدا لە "Woodland Hills" و لەنێو جێخەوەكەیدا بەھۆی ناڵاندنی بە نەخۆشی شێرپەنجەی سییەكانەوە كۆچی دوایی كرد، تەرمەكەیشی لە گۆڕستانی "Forest Lawn Memorial" بە خاك سپێردرا.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی