ژان لوك گۆدار
ژان لوك گۆدار
ژان لوك گۆدار لە دیسەمبەری ساڵی ١٩٣٠ لە خانەوادەیەكی دەوڵەمەند لەدایكبووە، گۆدار دووەم منداڵ بووە لە چوار منداڵەكەی باوانی و لە Switzerland گەورە بووە، خانەوادەكەیشی جاروبار بەرەو "فەڕەنسا" گەشتیان دەكرد؛ تەنانەت لە ماوەی جەنگی جیھانی دووەمیشدا. باوكی گۆدار پزیشك و باپیرەیشی یەكێك بوو لە دیارترین بانكەوانەكانی "فەڕەنسا". گۆدار یەكێك نەبوو لەو دەرھێنەرانەی كە لە تەمەنی منداڵیدا زوو زوو سەردانی سینەمایان دەكرد، بەڵام خوێنەرێكی جدی بوو؛ ھەر بەو جۆرەش و لەڕێگەی خوێندنەوەوە ئاشنای جیھانی سینەما بوو. لە تەمەنی چواردە ساڵیدا دەست لە خوێندنەوەی پەرتووكی منداڵانە ھەڵدەگرێت و دەست دەكات بە خوێندنەوەی كارە فەلسەفییەكانی (Malraux) و (Andrè Gide). ھەرچەندە دەبوو دوای خوێندنی بیركاری لە خوێندنگەی ئەندازیاریدا خۆی ناونووس بكات بەڵام لە تاقیكردنەوەی بەدەستھێنانی بڕوانامەی بەكالۆریۆسدا شكست دەھێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ Switzerland. ساڵێك دواتر دەگەڕێتەوە بۆ "پاریس" و لە "زانكۆی پاریس"دا بۆ كۆرسێكی ئەنثرۆپۆلۆجی [زانستی مرۆڤناسی] خۆی ناونووس دەكات. ھەرچەندە بە دەگمەن ئامادەی وانەكان دەبوو؛ لەبەرئەوەی لە "Cinè Clubs"دا لەگەڵ گروپێك لاو لە ڕەخنەگرانی فیلمدا پەیوەندی بەستبوو كە شەپۆلی نوێیان دەستپێكرد. پاشان داوایەك پێشكەشی خوێندنگەی فیلم دەكات و داواكەی ڕەت دەكرێتەوە. گۆدار بە تەماشاكردنی فیلم لە سینەماكانی "Henri Langlois" و "Cinè Club" خۆی پەروەردە دەكات، لەو سینەمایانەشدا ئاشنایەتی لەگەڵ (فرانچۆیس ترافۆت) و (جاكوێس ڕیڤێت) پەیدا دەكات و ھاوڕێیەتییان لەوێوە دەست پێدەكات، پێكەوە لە ڕۆژێكدا سێ فیلم یاخوود زیاتریان تەماشا دەكرد، ھەندێكجاریش تەواوی ڕۆژیان لە سینەماكان بەسەر دەبرد. ساڵی ١٩٥٠ دەستیكرد بە نووسینی وتار و لێرەشەوە ئاشنایەتی لەگەڵ یەكێكی تر لە ھاوڕێكانی پەیدا دەكات ئەویش (Maurice Schèrer) بوو كە دواتریش بە [Èric Rohmer] ناسرا. گۆدار لەگەڵ (Rohmer) و (Rivette)دا دەستیان كرد بە نووسینی كورتە فیلم بۆ گۆڤارەكان و ئیدی دەیانویست خۆیان چیرۆك و سیناریۆ بنووسن و ببن بە دەرھێنەر. ساڵی ١٩٥٣ یەكەمین كاری فیلمسازەكەی لەخۆگرت، كاتێك داوایەكی پێشكەشكرا كە بە ھاوكاری دایكی وەكو كامێرامان بۆ تەلەفزیۆنێكی سویدیی لە "زیوریخ" كار بكات، بەڵام زیندانی كرا و دواتریش ڕەوانەی لای پزیشكی دەروونی كرا بەو ھۆكارەی پارەی لە كۆمپانیایەك دزیبوو. ساڵی دواتریش وەكو كرێكاری ئاوەدانكردنەوە لە "Grande Dixence Dam" دەستیكرد بە كاركردن و لێرەشەوە دەرفەتی بۆ دەڕەخسا دۆكیۆمێنتاری بەرھەم بھێنێت. گۆدار بە كورتە دۆكیۆمێنتاری "Opèration Bèton" و كورتە فیلمێكی دە خوولەكی بە ناوی " Une Femme Coquette" لە ساڵی ١٩٥٥ دەستی بە پیشەی فیلمسازی كرد. ھەروەھا بەر لەوەی دەست بكات بە بەرھەم ھێنانی یەكەم فیلمی درێژ چەند كورتە فیلمێكی دیكەیشی پێشكەشی مێژووی سینەما كرد. گۆدار ساڵی ١٩٦٠ یەكەم فیلمی درێژ و شاكارە سینەماییەكەی خۆی بە ناوی "Breathless" بەرھەم دەھێنێت كە دەتوانین بڵێین بۆ ھەمیشە سینەمای گۆڕی؛ فیلمەكە بووە ھۆی زیاتر ناساندنی گۆدار و ڕێگەخۆشكردنی بەرەو "شەپۆلی نوێی فەڕەنسی". ساڵی ١٩٥٩ لە ڕێكلامێكی سابووندا بۆ "Palmolive" چاوی بە "ئانا كارینا"ی خانمە مۆدێل دەكەوێت و بەشێك لە فیلمی "Breathless"ی پێشكەش دەكات كە ڕۆڵی تێدا بگێڕێت بەڵام خانمەكە ڕەتی دەكاتەوە. دواتر ھە بەزوویی گۆدار شەیدای "ئانا كارینا" دەبێت و لە كۆمەڵێك لە فیلمەكانی فیلمسازەكەدا بەردەوام دەبینرێت؛ وەكو "Vivre Sa vie/ 1962" و "Bande À Part/1965" و "Alphaville/1965" و "Pierrot le Fou/ 1965". ساڵی ١٩٦٦ فیلمێك لە ھەوڵێكی سۆسیۆلۆجییانە با ناوی "Masculin Fèminin) سەركەوتووانە بەرھەم دەھێنێت و ساڵی ١٩٦٧ "La Chinoise" بەرھەم دەھێنێت و پاشان لەگەڵ ھاوژینەكەیدا بەرەو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گەشت دەكەن كە لەوێ بۆ چەند كۆلێژێك وانەی فیلمی دەگووتەوە. گۆدار ڕەوتی شەپۆلی نوێی فەڕەنسی درێژە پێداوە و دواین كاری لە ساڵی ٢٠١٨ بەناوی "The Image Book" ھێنایە سەر شاشەی سینەماكان. ئەگەرچی بەھۆی نەمانی ڕەوتەكەوە بۆ ماوەی نیو سەدەوە دەشێت وەكو فیلمێكی سەر بە ئەو ڕەوتە لێی نەڕوانین بەڵام بەدڵنیاییەوە یەكێكە لە كارە ناوازەكانی فیلمسازەكە. گۆدار لە ھەریەكە لە وڵاتەكانی "بەریتانیا و ئیتاڵیا و چایكۆسلۆڤاكیا و فەڵەستین و ئەمریكا و فەڕەنسا" فیلمی بەرھەم ھێناوە. بەشێكی زۆرلە كارەكانی بەردەوام لە لایەن ڕەخنەگرانەوە جێی مشت و مڕ بوون و ھەریەكەیان گەوھەرێكی بەنرخی سینەمایین.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی