جیم جارمووش
جیم جارمووش
سەرچاوە: 24celebs.com لە ئینگلیزییەوە: چرۆ عیزەت. (جیم جارمووش)، فیلمساز و سیناریۆنووس و نواندنكار و میوزیكژەنی ئەمریكی، لە ٢٢ی كانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥٣ لە ویلایەتی (ئۆھایۆ)ی سەر بە (ئاكرۆن)ی (ئەمریكا) لەدایكبووە، باوكی لە كۆمپانیایەكی بەرھەمھێنانی تایەی ئۆتۆمبێلدا كرێكار بوو، دایكیشی ھەڵگری بڕوانامەی دبلۆم بوو لە ڕۆژنامەگەریدا و لە بواری سینەماشدا كاری دەكرد. (جارمووش)ی لاو ساڵی ١٩٧١ بۆ خوێندنی ڕۆژنامەگەری ڕوو لە كۆلێژی "نۆرثوێسترن" دەكات، بەڵام دوای ساڵێك بۆی دەردەكەوێت زیاتر ئارەزووی لە ئادابە، ھەربۆیە بۆ خوێندنی ئادابی ئینگلیزی ڕوو لە (پاریس) دەكات. پاشان لە (پاریس) خولیایەكی دیكەی دەبێت، ئەویش سینەمایە، خاڵی دەستپێكیشی سەردانیكردنی سینەماكانی (پاریس) بوو، سەیركردنی ئەو ھەموو فیلمە كاریگەرییەكی زۆریان لەسەر نووسەرە لاوەكە ھەبوو، پاش گەڕانەوەی بۆ نیشتیمانەكەی بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە ئادابی ئینگلیزیدا بەدەست ھێنا، بەڵام ئەوەی لەپێش ھەر شتێكی دیكەوە بوو بۆی "سینەما" بوو. (جارمووش) وەكوو یاریدەدەر لەگەڵ (نیكۆلاس ڕەی)دا كاری كرد و یەكەمین ئەزموونی وێنەگرتنی فیلمی كرد، بەوریاییەوە سەیری فیلمی (Lightning Over Water)ی كرد كە لە دەرھێنانی ھەردوو دەرھێنەر (نیكۆلاس ڕەی) و (ڤیم ڤێندەرس) بوو، فیلمەكەش دۆكۆمێنتارییەكی درامی بوو سەبارەت بە دواین مانگەكانی ژیانی (ڕەی) كە بەھۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە دەمرێت، لێرەوە (جارمووش) تێكەڵ بە دنیای فیلمسازی و دەرھێنان دەبێت. ساڵێك دواتر و بە بودجەیەكی كەمەوە كە ١٥,٠٠٠ دۆلار بوو بە فیلمی (Permanent Vocation/1989) یەكەم كاری فیلمسازی دەست پێ دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا لە لایەن ڕەخنەگرانەوە پێشوازییەكی باشی لێ كرا، بەگشتی پلۆتی فیلمەكە دیاریكراو نییە، كاراكتەری سەرەكی بەنێو خانووە بەجێھێڵدراوەكانی (نیویۆرك)دا دەسوڕێتەوە، سەردانی دایكە نەخۆشەكەی دەكات كە لە نەخۆشخانەیەكی دەروونیدایە، بۆ پەیداكردنی پارە و گەشتكردن بۆ (پاریس) ئۆتۆمبێل دەدزێت. بەڵام بەم فیلمە و بودجە كەمەكەی ئیدی (جارمووش)ی ئەستێرەی داھاتووی (ئەمریكا) ڕێچكەی فیلمسازی خۆی دەگرێت. لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٨٩-١٩٨٤ وەكوو نواندنكار لە فیلمی دەرھێنەرەكانی دیكەدا بەشدار دەبێت، چوار ساڵ دوای یەكەم فیلمیشی و ساڵی ١٩٨٤ فیلمی (Stranger Than Paradise) بەرھەم دەھێنێت، كە دواتر لە لایەن ڕەخنەگرانەوە بە یەكێك لە باشترین و گرنگترین فیلمەكانی سینەمای سەربەخۆی وڵاتەكە دانرا و لە فێستیڤاڵی فیلمەكانی (كان)دا خەڵاتی (d’Or)ی بۆ بردەوە، فیلمەكە بە شێوازێكی ناوازە كاری وێنەگرتنی بۆ كراوە، وێنە و دیمەنە ڕەش و سپییەكان ستایڵێكی جوان و جیاوازیان بە چیرۆكی فیلمەكە بەخشیووە. دوای دوو ساڵ كاری وێنەگرتنی بۆ یەكێكی دیكە لە فیلمەكانی كرد، فیلمێكی كۆمیدی شەش خولەكی بۆ ھەر بەشێك بە ناوی (Coffee And Cigarettes)، ئەم فیلمە یەكەم فیلم بوو خۆی لە زنجیرەی ١١ ڕۆماندا ببینێتەوە كە ١٧ ساڵ دواتر و بە ھەمان ناو لە سینەماكاندا پەخش كرا، ھەر بەشێكی فیلمەكە لە گفتوگۆیەكی پێكەنیناوی پێك دێت لەنێوان نواندنكار و مۆسیقاژەنەكاندا لەكاتێكدا قاوە دەخۆنەوە و جگەرە دەكێشن. ساڵەكانی ١٩٨٦ و ١٩٨٩ فیلمەكانی (Down By Law) و (Mystery Train) بەرھەم دەھێنێت و لەگەڵ فیلمی (Stranger Than Paradise)دا سێینەیەكیان لێ درووست دەكات، ھەردوو فیلمەكەش خەڵاتی دیكەیان بۆ فیلمسازەكە بردەوە و لە فێستیڤاڵی فیلمەكانی (كان)دا خەڵاتی (Golden Palm)یان بۆ بردەوە. لەو نێوەندەدا و ساڵی ١٩٨٧ لە فیلمی (Straight To Hell)دا وەكوو نواندنكار لە ڕۆڵی سەرۆك مافیایەكدا دەردەكەوێت، ھەمان ساڵ و لە فیلمی (Helsinki Napoli All Night Long)دا بە ڕۆڵی پاسەوانی مەیخانەیەك دەردەكەوێتەوە. شاكاری دواتری فیلمسازەكە (Night On Earth/1991) بوو، كە بە ھەمان تەكنیكی فیلمی (قاوە و جگەرەكان) كاری وێنەگرتنی بۆ كرابوو، ئەم فیلمەش لە پێنج كورتە چیرۆك پێك دێت كە ھەریەكەیان باسێكی ئاسایی و باو لەخۆ دەگرن. ساڵی ١٩٩٥ یەكێك لە گرنگترین كارەكانی فیلمسازەكەی لەخۆ گرت، فیلمێك بوو كە مشت و مڕێكی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا ئەویش فیلمی (Dead Man) بوو بە ڕۆڵگێڕانی نواندنكاری بەناوبانگ (Johnny Depp)، بەھۆی پەیامی فیلمەكەوە كە دژی (ئەمریكی)یەكان بوو بەرھەمھێنەرە (ئەمریكی)یەكان ڕەتیان كردەوە سپۆنسەری فیلمەكە بكەن، ھەربۆیە (جارمووش) بەشێكی پارەی فیلمەكەی لە گیرفانی خۆی بۆ تەرخانكرد و بەشێكی دیكەیشی لە ئەستێرە ناودار و دەوڵەمەندەكانی ھۆڵیوود وەكوو (ڕۆبێرت مێتكام) وەرگرت. پاشان ساڵی ١٩٩٩ فیلمی (Ghost Dog: The Way Of The Samurai) بەرھەم دەھێنێت، ئەم فیلمە ناوبانگێكی زۆر و فراوانی بە فیلمسازەكە بەخشی. ساڵی ٢٠٠٥ (Broken Flowers) پێشكەشی ھەوادارانی دەكات و گوڵە ژاكاوەكان لە ھێمنترین فیلمەكانی فیلمسازەكەیە كە لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا سیناریۆكەی نووسیووە. پاشان فیلمی (The Limits Of Control/2008) لە ژانەری فیلمێكی سەرجادەییدا و پێنج ساڵ دواتریش یەكێك لە كاریگەرترین فیلمەكانی بە ناوی (Only Lovers Left Alive/ 2013) لە سینەماكاندا پەخش كران. دواین كاری دەرھێنەرەكە فیلمی (Paterson/2016) بوو، (جیم جارمووش) بۆ ئەم فیلمە ڕووخسارە بێ وێنەكانی ھەڵبژارد، ئەو نواندنكارانەی بەدرێژایی فیلمەكە سەیری ڕەنگ و ڕوویان دەكەیت و بێزار نابیت، ھەربۆیە ھەریەكە لە نواندنكاران (ئادەم درایڤەر) و (گلشیفتە فەراھانی) ھەڵبژارد، فیلمەكە باس لە ژیانی شاعیرێك دەكات كە وەكوو شۆفێری پاس كار دەكات و لە فێستیڤاڵی فیلمەكانی (كان)دا پاڵێورا بوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی (Palme d’Or). یەكێكی دیكە لە خوولیاكانی (جیم جارمووش) مۆسیقا بوو، فیلمسازەكە باندی مۆسیقای ڕۆكی (SQÜRL)ی دامەزراند و مۆسیقاژەنی باندی (Del-Byzanteens) بوو. ژیانی تایبەتیی فیلمسازەكە چەشنی ژیانە سینەماییەكەی نائاسایی و جۆربەجۆرە، كۆمەڵێك ئافرەتی زۆر و جوانی لەخۆ گرتووە، بەڵام پێدەچێت خانمە نواندنكار (سارا درایڤەر) تاكە خۆشەویستی ڕاستەقینەی بووبێت، ھاوسەرگیرییەكی كاتی لەنێوانیاندا ھەبوو و پاش ماوەیەكیش جیادەبنەوە، ھیچ منداڵێكیشان نەبوو، وا پێدەچێت (جیم جارمووش) ھیچ كاتێك ئارەزووی نەبووە ببێت بە باوك. ئەو فیلمانەی وەكوو دەرھێنەر كاری تێدا كردوون: ١- فیلمی (Permanent Vacation/ 1980) ٢- فیلمی ( Stranger Than Paradise/ 1984) ٣- فیلمی (Down By Law/ 1986) ٤- فیلمی (Mystery Train/ 1989) ٥- فیلمی (Night On Earth/ 1991) ٦- فیلمی (Dead Man/ 1995) ٧- فیلمی (Ghost Dog: The Way Of The Samurai/ 1999) ٨- فیلمی (Coffee And Cigarettes/ 2003) ٩- فیلمی (Broken Flowers/ 2005) ١٠- فیلمی (The Limits Of Control/ 2008) ١١- فیلمی (Only Lovers Left Alive/2013) ١٢- فیلمی (Paterson/ 2016) ٣- فیلمی (The Dead Don’t Die/2018) ئەو فیلمانەی وەكوو نواندنكار بەشداری تێدا كردوون: ١- (American Autobahn/1984) ٢- (Straight To Hell/1987) ٣- (Helsinki Napoli All Night Long/1987) ٤- (The Golden Boat/1990) ٥- (In The Soup/1992) ٦- (Sling Blade/1996) ٧- (Cannes Man/1996) ٨- (Bored To Death/2009)

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی