ئەلفرێد ھیچكاك
ئەلفرێد ھیچكاك
(ئەلفرێد جۆزێف ھیچكاك) لە بەرواری ٣١ی ئابی ساڵی ١٨٩٩ لە (ئینگلتەرا)ی (لەندەن) لە دایك و باوكێكی ئێرلەندی كاثۆلیكی لەدایكبووە، دووەم كوڕ و بچووكترین منداڵی سێ منداڵەكەی (ویلیام ھیچكاك)ی سەوزەفرۆش و و باڵندەفرۆش و (ئێما جەین ھیچكاك) بووە. ھیچكاك ھەمیشە باسی لەوە كردووە كە تەمەنی منداڵی بە ناخۆشییەكی زۆرەوە تێپەڕاندووە، ھەمیشە تەنھا و بێ لانە و ترساو بووە و بەشێكی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ قەڵەوییەكەی. بەردەوام دایك و باوكە تووندووتیژەكەی سزایان داوە و ئەزموونەكانی منداڵیی لە فیلمەكانیدا دەبینرێن، دەگێڕێتەوە جارێكیان باوكی بە نامەیەكەوە ڕەوانەی بنكەیەكی پۆلیسی ناوخۆیی دەكات و تێیدا نووسیوویەتی كە بۆ ماوەی ١٠ خولەك وەكوو سزایەك بەندی بكەن چونكە گوێڕایەڵ نەبووە و خراپ ڕەفتاری كردووە، دایكی بۆئەوەی سزای بدات ناچاری دەكرد لە تەنیشت جێخەوەكەیەوە بۆ ماوەی چەندین كاتژمێر لەسەر یەك پێ ڕابوەستێت (ئەم ئەزموونە دیمەنێكی فیلمی سایكۆ دەگرێتەوە). ھەڵسووكەوتی تووندووتیژانەی دایك و باوكی و كاریگەرییەكانیان بەسەر ھیچكاكەوە دواتر لە فیلمەكانی دەرھێنەرەكەدا ڕەنگ دەدەنەوە. ھیچكاك لە خوێندنگەی (Jesuit St. Ignatius) خۆی ناونووس دەكات، لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا باوكی كۆچی دوایی دەكات و خوێندنگەكە بەجێدەھێڵێت و بۆ خوێندنی ئەندازیاری و دەریاگەری ڕوو لە زانكۆی لەندەن دەكات. لەوێشدا كۆرس و وانە ھونەرییەكانی دەخوێند، پاش تەواوكردنی زانكۆش لە كۆمپانیایەكی تێلیگرافدا وەكوو نیگاركێش و دیزاینەری بڵاوكراوەكان دەستی بە كاركردن كرد. پاشان ئارەزووی بە لای كاری وێنەگریدا زیاتر دەجووڵێت و ساڵی ١٩٢٠ لە كۆمپانیای (players-Lasky) بە كاركردنی بەردەوام دەست دەكات بە كاری دیزاینكردنی كارد بۆ فیلمە بێدەنگەكان، چەند ساڵێك دواتریش وەكوو یاریدەدەری دەرھێنەر دەست بە كاركردن دەكات. ساڵی ١٩٢٣ دەست دەكات بە نووسینی دیمەن و سیناریۆ بۆ ستۆدیۆكانی (Gainsborough Film) و وەكوو دەرھێنەر یەكەم فیلمی بە ناوی (The Pleasure Garden) بەرھەم دەھێنێت كە لە (ئەڵمانیا) كاری وێنەگرتنی بۆ كرا، پاشان ساڵی ١٩٢٥ فیلمی دووەم بە ناوی (The Lodger) بەرھەم دەھێنێت و ئیدی دەست دەكات بە نووسینی چیرۆكە ھەست بزوێنەكان و بەرھەم ھێنانی فیلمەكانی خۆی، ساڵی ١٩٢٦ فیلمسازەكە لەگەڵ (ئاڵما ڕیڤێڵ)دا ھاوسەرگیری دەكات، كە لە كاری دەرھێناندا یاریدەدەری خۆی بوو و چەندین سیناریۆی لەگەڵدا نووسیووە و بەنزیكەیی لە ھەر فیلمێكی فیلمسازەكەدا دەستی ھەبووە و دەبن بە خاوەنی كچێك بە ناوی (پاتریشا). ساڵی ١٩٣٠ فیلمی (Blackmail) دەھێنێتە سەر شاشەی سینەماكان كە یەكەم فیلمی بەریتانی بوو قسەی تێدا بێت. ساڵی ١٩٣٩ ھیچكاك و ھاوسەر و كچەكەی ئینگلتەرا بەرەو ھۆڵیوود بەجێدەھێڵن و ساڵی ١٩٤٠ یەكەم فیلمی بە ناوی (Rebecca) بەرھەم دەھێنێت، فیلمەكە لە یەكێك لە پڕفرۆشترین ڕۆمانەكانەوە وەرگیراوە و براوەی خەڵاتی ئەكادیمی بوو بۆ باشترین وێنە. ساڵانی چلەكان و یەكەم دە ساڵی دەرھێنەرەكە لە ھۆڵیووددا ساڵانێكی پڕ بەرھەم بوو بۆ ھیچكاك و ھەریەكە لە فیلمەكانی (Suspicion/1941) و (Lifeboat/1944) و (Spellbound/1945) و (Notorious/1946) و (The Paradine Case/1947) و (Rope/1948) بەرھەم دەھێنێت. ساڵی ١٩٥١ و بە بەرھەمھێنانی فیلمی (Strangers on a train) فیلمسازەكە دەستیكرد بە بەرھەمھێنانی زنجیرە فیلمێك كە بووە ھۆی ئەوەی لە ڕیزی گرنگترین فیلمسازەكانی فیلمی مۆدێرندا ئەژمار بكرێت. گرنگترین فیلمەكانی ئەو سەردەمەیشی بریتی بوون لە (I Confess/1953)، (Rear Window/1954)، (To catch a thief/1955)، (The Trouble with Harry/1956)، (The Man who knew too much/1956)، (Vertigo/1958)، (North by northwest/1959). بەشێكی زۆری بابەتی فیلمەكانی ھیچكاك بە دەوری كەسانێكی ئاساییدا دەسوڕێنەوە دووچاری بارودۆخگەلێك دەبن كە لە توانای كەسەكاندا بەدەرە و ناتوانن بەسەریاندا زاڵ ببن، فیلمسازەكەش لە دیمەنێكی كورتی ھەر فیلمێكیدا دەركەوتنێكی كەمی ھەیە. ساڵی ١٩٦٠ فیلمی (Psycho) بەرھەم دەھێنێت، كە یەكێك بوو لە تۆقێنەرترین و جێ باس و خواسترین فیلمەكانی فیلمسازەكە، ھەریەكە لە (The Birds/1963)، (Marnie/1964)، (Family plot/1976) بریتی بوون لە دواین فیلمەكانی فیلمسازەكە. ھیچكاك بەردەوام بوو لە فراوانكردنی پیشەی دەرھێنان و زنجیرەیەكی ھەست بزوێن بۆ تەلەفزیۆنێكی ئەمریكی كە لە ساڵی ١٩٥٥ ھەتاكوو ١٩٦٥ بەردەوام بوو بەرھەم دەھێنێت. بەھۆی خراپی بارودۆخی تەندرووستییەوە پاش فیلمی (Family Plot/1976) ھیچكاك خانەنشین دەكرێت. بەدرێژایی ماوەی كاركردنی، ھیچكاك كاری دەرھێنانی بۆ زیاتر لە ٥٠ فیلم كردووە، فیلمی (Rebecca/1940) براوەی خەڵاتی ئەكادیمی بوو بۆ باشترین وێنە، ھەرچەندە خەڵاتەكە درا بە (دەیڤد ئۆ سێلزنێك)ی بەرھەمھێنەر. وەكوو بەرھەمھێنەر؛ ھیچكاك پاڵێورا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئەكادیمی بۆ باشترین وێنە بۆ فیلمی (Suspicion/1941)، ھەروەھا بۆ پێنج لە فیلمەكانی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین دەرھێنەر پاڵێورا كە ئەوانیش فیلمەكانی (Rebecca/1940)، (Lifeboat/1944)، (Spellbound/1945)، (Rear Window/1954)، (Psycho/1960) بوون. ساڵی ١٩٦٨ خەڵاتی ئۆسكار و ساڵی ١٩٧٩ خەڵاتی (The American Film Institute’s Life Achievement)ی وەرگرت. پاش ساڵێكیش و لە بەرواری ٢٩ی نیسانی ١٩٨٠ لە (بێل ئەیر)ی (كالیفۆڕنیا) لەنێو جێخەوەكەیدا ئیدی بە یەكجاری چاوەكانی لێك دەنێت. سەرچاوەكان: Biography. Com New world encyclopedia.org World Biography وەرگێڕان: چرۆ عیزەت.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی