Image-Description
تیم بۆرتن
تیم بۆرتن
(تیمۆثی واڵتەر بۆرتن)، فیلمساز و بەرھەمھێنەر و دەرھێنەر، نووسەر و ئەنیمەیتەری ئەمریكی، لە بەرواری ٢٥ی ئابی ١٩٥٨ لە (كالیفۆڕنیا)ی (ویلایەتە یەكگرتووەكان) لەدایكبووە، (ژان بۆرتن)ی دایكی خاوەنی فرۆشگەیەك بووە و (بێڵ بۆرتن)ی باوكی یاریزانی بەیسبۆڵ بووە. (تیم بۆرتن) قۆناغی سەرەتایی لە خوێندنگەی (بورباك) دەست پێكردووە، خوێندكارێك نەبوو كە ئارەزووی لە خشتە و وانەكانی خوێندنگە ھەبێت و لە بری ئەوە ئارەزوویەكی زۆری بەلای وێنەكێشان و سەیركردنی فیلمەوە ھەبوو. بەر لە تەمەنی ھەرزەكاری خۆی سەرقاڵ دەكات بە كاری فیلمسازییەوە و تەكنیكی ئەنیمەیشنی نەجووڵاو بەكاردەھێنێت، یەكەم فیلمی (the island of doctor Agor) لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا بەرھەم دەھێنێت. پاش تەواوكردنی خوێندنگەی ئامادەیی ڕوو لە (پەیمانگای ھونەری كالیفۆڕنیا) دەكات و چەند كۆرسێك بۆ خوێندنی كاراكتەرە ئەنیمەیشنییەكان وەردەگرێت، لە ماوەی خوێندنی لەم پەیمانگایەدا بوو كە فیلمەكانی (Stalk of the Celery Monster) و (King and Octopus)ی بەرھەم ھێنا و ساڵی ١٩٧٩ خوێندن لە پەیمانگاكە تەواو دەكات. (تیم بۆرتن) پاش ئەوەی وەكوو بەردەستیكار لە ستۆدیۆكانی "واڵت دیزنی"دا كار دەكات ئیدی دەست بە پیشەی فیلمسازییەكەی دەكات و كورتە فیلمێك بە ناوی (Vincent) بەرھەم دەھێنێت كە لە "فێستیڤاڵی فیلم لە شیكاگۆ" پەخش كرا، فیلمەكە بۆچوونی ئەرێنی و خەڵاتی بە دوای خۆیدا ھێنا. بەدوایدا ھەردوو كورتە فیلمی (Hansel and Gretel) و (Frankenweenie) بەرھەم دەھێنێت و ھەمان ساڵ كۆتایی بە كارەكانی دەھێنێت لەگەڵ "واڵت دیزنی"دا، ماوەی كاركردنیشی لە ستۆدیۆكەدا كورتخایەن بوو بەھۆی ئەو جیاوازییانەوە كە لەگەڵ جێبەجێكارانی ستۆدیۆكەدا ھەیبوو. سەركەوتنی دوو كورتە فیلمەكەی سەرەتای بەرھەم ھێنانی فیلمی (Pee-Wee’s Big adventure)ی لێكەوتەوە، ئەم فیلمەش بووە ھۆی كۆكردنەوە و ھاوڕێیەتی فیلمسازەكە لەگەڵ گۆرانینووس (دانی ئێڵفمان) و چەندین ساڵیش پێكەوە بەردەوام بوون. ئەو سەركەوتنە زۆرەی فیلمەكە بەدەستی ھێنا دەرفەتی پێدا فیلمی دیكەی ھاوشێوە بەرھەم بھێنێت، لەوانەش فیلمەكانی (Bettlejuice) و (Batman) كە ھەردووكیان سەركەوتنێكی زۆریان بەدەست ھێنا و ناوبانگیان بە فیلمسازەكە بەخشی، فیلمی (Batman)یش لە كاتی بڵاوبوونەوەیدا زۆرترین قازانجی لە "بۆكس ئۆفیس"دا كۆكردەوە و ساڵی ١٩٩٢ بەرھەم ھێنانی فیلمی (Batman Returns)ی بەدوای خۆیدا ھێنا. ساڵانی نەوەدەكان ساڵانێكی پڕ بەرھەم و سەركەوتن بوو بۆ فیلمسازەكە، ساڵی ١٩٩٠ فیلمی ڕۆمانسی خەیاڵی (Edward Scissorhands) و ساڵی ١٩٩٢ (Batman Returns) و ساڵی ١٩٩٣ فیلمی ئەنیمی مۆسیقی (The Nightmare Before Christmas) و ساڵی ١٩٩٤ ھەردوو فیلمی (Cabin Boy) و (Ed Wood) بەرھەم دەھێنێت. كە ئەم دوو فیلمەی كۆتایی لە لایەن بینەرانەوە زۆرترین ڕەخنەیان لێ گیرا و لە ڕووی بازرگانییەوە شكستی ھێنا. ساڵی ١٩٩٤ پاشكۆی فیلمەكانی (Batman) بە ناوی (Batman forever) و بەرھەم دەھێنێت كە لە لایەن (جوێڵ سكوماكەر) كاری دەرھێنانی بۆ كرا و زیاتر لە ٣٣٦ ملیۆن دۆلاری لە بۆكس ئۆفیسدا قازانج كرد. پاشان لەگەڵ (دێنیس دی نۆڤی)دا و بە ھاوكاری یەكدی فیلمی (James and the Giant Peach) دەھێننە سەر شاشەی سینەماكان كە لە لایەن (ھێنری سێلیك)ەوە كاری دەرھێنانی بۆ كرا و بۆچوونی ئەرێنی و سەركەوتنێكی باشی بە خۆوە بینی. بە بەرھەم ھێنانی سێ فیلمی دیكە كۆتایی بە كارەكانی ساڵانی نەوەدەكانی ھێنا، كە ئەوانیش ھەر یەكە لە فیلمەكانی (Mars Attacks) و (Superman Lives) و (Sleepy Hallow) بوون. پاشان ھەر یەكە لە فیلمەكانی (Planet of the Apes) و (Big Fish) بەرھەم دەھێنێت، كە ھەردووكیان لە ڕووی بازرگانییەوە قازانجێكی زۆریان كرد و لە لایەن بینەران و ڕەخنەگرانەوە پێشوازییەكی باشی لێ كرا، فیلمی (Big Fish) كە لە ڕۆمانێكەوە بە ھەمان ناو وەرگیراوە جگە لە سەركەوتنە بازرگانییە زۆرەكەی چوار جار بۆ وەرگرتنی خەڵاتی "گۆڵدن گڵەب" و وەرگرتنی خەڵاتی ئەكادیمی پاڵێورا. ساڵی ٢٠٠٥ فیلمی (Charlie and the chocolate factory) و (Corpse Bride) بەرھەم دەھێنێت، ساڵی ٢٠٠٧یش (Sweeney Todd: The Demon Barber of Fleet street) و ساڵی ٢٠٠٩ فیلمی (9) بەرھەم دەھێنێت، كە ھەردووكیان جگە لە سەركەوتنە زۆرەكانیان براوە و پاڵێوراوی چەندین خەڵات بوون. ساڵی ٢٠١٠ فیلمی (Alice in Wonderland)ی ھێنایە سەر شاشەی سینەماكان، كە خەڵاتی ئەكادیمی بۆ باشترین دەرھێنانی ھونەری و باشترین دیزانی جل و بەرگ وەرگرت، و بە دوایدا فیلمی (Dark Shadows)ی بەرھەم ھێنا. ساڵی ٢٠١٢ وەكوو یاریدەدەری بەرھەمھێنەر لە بەرھەمھێنانی فیلمی (Abraham Lincoln: Vampire Hunter) بەشداری كرد، فیلمەكە لە ڕۆمانێكی (سێث گراھام سمیث)ەوە بە ھەمان وەرگیراوە و ھەمان ساڵیش فیلمی (Frankenweenie) بەرھەم ھێنایەوە كە لە ھەمان كورتە فیلمەكەی ساڵی ١٩٨٤ەوە وەرگیرابوو. ساڵی ٢٠١٤ وەكوو یاریدەدەری بەرھەمھێنەر و دەرھێنەریش فیلمی ژیاننامەیی (Big Eyes)ی بەرھەم ھێنا، فیلمەكە ساڵی ٢٠١٥ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئەكادیمی بەریتانی بۆ باشترین دیزانی بەرھەمھێنراو پاڵێورا. ساڵی ٢٠١٥ فیلمی خەیاڵی (Miss Peregrine’s home for peculiar children)ی ھێنایە سەر شاشەی سینەماكان، فیلمەكە سەركەوتنێكی بازرگانی گەورەی بەخۆوە بینی و لە بۆكس ئۆفیسدا ٢٩٦،٥ ملیۆن دۆلاری قازانج كرد. ھەمان ساڵیش فیلمی (Alice Through the looking Glass)ی وەكوو پاشكۆ بۆ فیلمی (Alice in Wonderland) بەرھەم ھێنا. ساڵی ٢٠١٩ فیلمی خەیاڵی سەركێشی (Dumbo)ی بەرھەم ھێنا كە توانی بە بودجەی تەرخانكراوی ١٧٠ ملیۆن دۆلارەوە لە بۆكسی ئۆفیسدا ٣٥٣،٣ ملیۆن دۆلار قازانج بكات. (تیم بۆرتن) ژیانی ھاوسەرگیری لەگەڵ ھونەرمەندی ئەڵمانی (لینا گیسكی) پێكھێنا و پاش شكستھێنانی ھاوسەرگیرییەكەیان لەپێناو (لیسا ماری سمیث)دا بەجێیدەھێڵێت. ساڵی ٢٠٠١یش لە (لیسا) جیادەبێتەوە و لەگەڵ خانمە نواندنكار (ھێلینا بۆھنام كارتەر)دا پەیوەندی دەبەستێت و دەبن بە خاوەنی كوڕ و كچێك و ساڵی ٢٠١٤ جیادەبنەوە. ساڵی ٢٠١٧ لە ٦٤ەمین خولی "فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە ڤێنس" خەڵاتی ڕێزلێنانی (Golden Lion)ی بۆ كارەكانی وەرگرت. ساڵی ٢٠٠٨ خەڵاتی ڕێزلێنانی (Scream Immortal)ی بۆ بەرھەمھێنان و لێكدانەوەی فیلمە ترسناك و خەیاڵییەكان وەرگرت. ساڵی ٢٠١٠ لە فێستیڤاڵی فیلمەكانی (كان)دا وەكوو یەكێك لە ئەندامانی لێژنە ھەڵبژێردرا. ساڵی ٢٠١٠ لە لایەن (فرێدریك مێتەراند)ی وەزیری ڕۆشنبیرییەوە خەڵاتی ڕێزلێنانی پێ بەخشرا. بەدرێژایی ساڵانی كاركردنی چەندین خەڵاتی جیاجیای پێ بەخشراوە، لەوانەش (Emmy Award)، (Golden Globe Awards)، (National Board Of Review Awards)، (Producers Guild Of America Awards) و چەندانی دیكەش. سەرچاوە: Thefamouspeople.com وەرگێڕان: چرۆ عیزەت.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی