فێدریكۆ فێلینی
فێدریكۆ فێلینی
(فێدریكۆ فێلینی) گەورە فیلمساز و سیناریۆنووسی (ئیتاڵی) لە بەرواری ٢٠ی كانوونی دووەمی ساڵی ١٩٢٠ لە (ڕیمینی) وڵاتی (ئیتاڵیا) لەدایكبووە. كوڕە گەورەی (ئەربانۆ فێلینی) باوكی و (ئیدا باربیانی) دایكی و ھەروەھا برا گەورەی (ڕیكاردۆ) و (ماریا مادالێنا) بوو. ساڵی ١٩٢٦ لە خوێندنگەی (كارلۆ تۆنی) دەست بە خوێندن دەكات، كاتە بەتاڵەكانی بە وێنەكێشان و دیزاینكردن و تەماشاكردنی كارتۆنە ئەمریكییەكانەوە بەسەر دەبرد. دایك و باوكی سوور بوون لەسەر ئەوەی لە بەشی یاسا بخوێنێت، ھەربۆیە ساڵی ١٩٣٩ بۆ خوێندنی یاسا ڕوو لە زانكۆی (ڕۆما) دەكات، بەڵام ھەرگیز ئامادەی وانەكان نەدەبوو، لەجیاتی ئەوە لەگەڵ وێنەكێش و ھاوڕێ نوێیەكەیدا (ڕیناڵدۆ جێلینگ) كە دواتر دەبێتە ھاوڕێی ژیان و گیانی بەگیانی كاتەكانی بەسەر دەبات. ھەر زوو دەبێتە یەكێك لە دەستەی سەرنووسەرانی گۆڤاری (Marc’Aurelio)، گۆڤارەكە دوو ھەفتە جارێك ژمارەیەكی نوێی لێ بڵاودەكرایەوە و (فێلینی)ش بابەتی سادە و ئاسایی دەنووین، بەمەش كارێكی جێگیر و ئاشنایەتی لەگەڵ سیناریۆنووساندا پەیدا كرد. پاشان نواندنكاری بەناوبانگ (فابریزی) بۆ بەردەوامیدان و تەواوكردنی كارەكانی لەگەڵ (فێلینی)دا كار دەكات و لەنێوان ساڵانی ١٩٣٩-١٩٤٤ پێكەوە كار لەسەر چەندین فیلمی كۆمیدی دەكەن. ساڵی ١٩٤٥ بە ھاوبەشی لەگەڵ (سێرجیۆ ئەمێدی)دا سیناریۆی فیلمی (Roma, Open City) دەنووسن كە لە لایەن گەورە فیلمساز (ڕۆبێرتۆ ڕۆسیلینی)یەوە كاری دەرھێنانی بۆ كراوە و بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسكاریش پاڵێورا. لەنێوان ساڵانی ١٩٤٦ و ١٩٤٨دا وەكوو سیناریۆنووس و یاریدەدەری دەرھێنەر لە فیلمی (Paisan) و (L’Amore)ی (ڕۆسیلینی)دا كاری كرد. ساڵی ١٩٥٠ لەگەڵ (لاتودا)دا بە ھاوبەشی كاری بەرھەمھێنان و دەرھێنانیان بۆ (Variety Lights) كرد و بووە ھۆی مایەپووچبوونی كۆمپانیاكە. ساڵی دواتریش یەكەم فیلمی كە بەتەنیا دەرھێنانی بۆ كرد بە ناوی (The White Sheik) بەرھەم ھێنا، فیلمەكە لە لایەن ڕەخنەگرانەوە ڕەخنەیەكی زۆری لێ گیرا. ساڵی ١٩٥٣ فیلمی (I Vitelloni) بەرھەم دەھێنێت، سیناریۆی فیلمەكە بە ھاوبەشی لەگەڵ (ئینیۆ فلایانۆ) و (تولیۆ پێنیلی)دا دەنووسن. فیلمەكە ناوبانگ بۆ فیلمسازەكە دەگەڕێنێتەوە و لە فێستیڤاڵی فیلمی (ڤێنس) خەڵاتی شێری زیوین دەباتەوە و بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسكاریش دەپاڵێورێت. ساڵی ١٩٥٤ فیلمی (La Strada) بەرھەم دەھێنێت، كە سیناریۆی فیلمەكەی بە ھاوبەشی لەگەڵ (پێنیلی) و (فلایانۆ)دانووسیووە و ٥٠ خەڵاتی نێودەوڵەتی بردووەتەوە، سەرباری ئەوەش لەلایەن ڕەخنەگرانەوە بە "ھۆنراوەیەكی تەواونەكراو" پێناسە كراوە. ساڵی ١٩٦٠ فیلمی (La Dolce Vita) بەرھەم دەھێنێت و لە لایەن (Entertainment Weekly)ەوە بە شەشەم گرنگترین فیلمی مێژوو دانراوە. ساڵی ١٩٥٧ چیرۆكی فیلمی (Nights Of Cabiria) دەنووسێت و كاری دەرھێنانی بۆ دەكات. ساڵی ١٩٦٣ فیلمی ( Eight and A half) بەرھەم دەھێنێت و ھەتاكوو ڕۆژگاری ئەمڕۆش بە یەكێك لە گرنگترین فیلمەكانی فیلمسازەكە ھەژمار دەكرێت. ساڵی ١٩٦٥یش بە ھاوبەشی سیناریۆی فیلمی (Juliet of the Spirits) دەنووسن و كاری دەرھێنانی بۆ دەكات. ساڵی ١٩٧٣ فیلمی (Amracord) بەرھەم دەھێنێت و ساڵی ١٩٨٢ لە (پاریس) و (بڕۆسڵس) و (نیویۆرك) پێشانگایەك بۆ وێنە و تابلۆكانی دەكاتەوە كە سەرجەمیان ھەڵقوڵاوی خەون و خەیاڵ و كارەكانی بوون. ساڵی ١٩٨٩ش فیلمی (The voice of the moon) دەھێنێتە سەر شاشەی سینەماكان. ساڵی ١٩٩١ و ١٩٩٢ لەگەڵ فیلمسازی (كەنەدی)، (دامیان پێتیگریو)دا گفتوگۆیەكی ورد تۆمار دەكەن سەبارەت بەو فیلمانەی دەبنە ھۆی ھاتنەكایەی دۆكۆمێنتارییەكەیان بە ناوی (Fellini: I’m A Born Liar) و پەرتووكێك. ساڵی ١٩٤٣ لەگەڵ خانمە نواندنكاری فیلم و شانۆكار (جویلیتا ماسینا)ی (ئیتاڵی)دا ھاوسەرگیری دەكەن و دەبن بە دایك و باوكی كوڕێك بە ناوی (پیێرفێدریكۆ)، خانمە نواندنكارەكە لە چەندین فیلم و كاری ھاوژینەكەیدا بەشداری كردووە. بەڵام كوڕەكەیان بەھۆی نەخۆشی ھەڵئاوسانی مێشكەوە تەنھا یەك مانگ دەژی و پاش مردنی كوڕە كۆرپەكەیان منداڵی دیكەیان نابێت. دوو ھاوژینەكە ھەتاكوو دواین ساتەكانی ژیانی فیلمسازەكە ھەر پێكەوە دەمێننەوە و پاش مردنیان لەگەڵ كوڕەكەیاندا لە گۆڕستانی (ڕیمینی)دا لە گڵكۆیەكی بڕۆنزیدا دەنێژرێن كە گڵكۆكە لە لایەن (ئارناڵدۆ پۆمۆدۆرۆ) ھەڵكۆڵراوە. (فێلینی) چوار خەڵاتی ئەكادیمی بۆ باشترین زمانی بێگانە بۆ ھەریەكە لە فیلمەكانی (La Strada)، (Nights Of Cabiria)، (Eight and half)، (Amarcord) بردەوە. ھەروەھا لە فێستیڤاڵی فیلم لە (ڤیێنس) خەڵاتی شێری زیوینی بۆ ھەریەكە لە فیلمەكانی (I Vitelloni) و (La Strada) بردووەتەوە. لە فێستیڤاڵی فیلمەكانی (كان)یشدا خەڵاتی (Palme d’Or)ی بۆ فیلمی (La Dolce Vita) و لە (مۆسكۆ) و (بەرلین)یش بۆ فیلمی (Eight And A Half) بردەوە. ھەروەھا ساڵی ١٩٩٣ خەڵاتی ئۆسكار و چەند جارێكیش خەڵاتی (Lifetime Achievement)ی پێ بەخشراوە، لەوانەش لە فێستیڤاڵی فیلمەكانی (كان)، فێستیڤاڵی فیلمەكانی (ڤێنس)، خەڵاتی فیلمە ئەوروپییەكان... سەرچاوە: TheFamousPeople.com وەرگێڕان: چرۆ عیزەت.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی