ئەسغەر فەرهادی
ئەسغەر فەرهادی
ئەسغەر فەرهادی، دەرهێنەر و سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەری دیاری سینەمای ئەمڕۆی ئێران، لە دایکبووی ڕۆژی حەوتەمی مانگی ئایاری ساڵی ١٩٧٢، لە شاری (خومەینی شەهر)ی سەر بە پارێزگای (ئەسفەهان)ـە. فەرهادی لە ساڵی ٢٠١٢دا شانازییەکی گەورەی بەخشی بە نەتەوە و گەلەکەی، کە شانازیی ئەکادیمیای ئۆسکار بوو، بۆ باشترین فیلمی دەرەکیی زمان، بۆ یەکەمینجار لە مێژوودا، لە چەقی زلهێزی سینەما و لە هەمان کاتدا سیاسەتی دژیی، کە ئەمەریکا بوو بە فیلمی سینەمایی (جدای نادر از سیمین). فەرهادی بۆ گەیشتن بە لوتکەی سەرکەوتن بە ڕێچکەیەکی درێژخایەندا تەی کردووە، لە تەمەنی ١٣ ساڵییەوە چووەتە بواری سینەماوە، لە پاش چوونە ناو (ئەنجومەنی سینەمای گەنجی خومەینی شەهر) دەستیکرد بە بەرهەمهێنانی کورتە فیلمی ١٦ میلی مەتری و ٨ میلی مەتری. لە ساڵی ١٩٩١، چووەتە زانکۆی تاران بۆ خوێندن، لە هەمان کاتدا دەستیکرد بە نووسینی چەندان نمایش نامەی شانۆیی، سێ ساڵ دواتر و لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا، یەکەمین نمایش بە دەرهێنانی خۆی و ڕۆڵگێڕانی هاوکڵاسەکەی نمایش کرد. لە پاڵ نمایشدا فەرهادی دواتر پێی نایە ناو بازنەی تەلەڤزیۆنەوە و لە ماوەی ٥ ساڵدا بەشدار بووە لە بەرهەمهێنانی هەشت زنجیرەی تەلەڤزیۆنیدا، یەکێک لە زنجیرە دیارەکانیش زنجیرەی (پزشکان) بوو. فەرهادی، ١٠ ساڵ دواتر دەچێتە بواری کارکردن لە سینەمادا و یەکەمین بەشداری خۆی لە فیلمی (ارتفاع پست) لە دەرهێنانی (ئیبراهیم حاتەمی کیا)بوو، کە کاری نووسینی سیناریۆکە خۆی ئەنجامیداوە. لە پاش پەخشکرانی ماڵپەڕی (ئێران ئاکتۆر) فیلمەکەی کاندید کرد بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین سیناریۆ. یەکەمین فیلمی درێژی فەرهادی فیلمی سینەمایی (رقص درغبار)بوو، کە بووە جێی سەرنجێکی تایبەت لای بینەران و ڕەخنەگران، فەرهادی توانی بۆ فیلمەکەی ببێتە براوەی خەڵاتی باشترین دەرهێنان لە فێستیڤاڵی (ئاسیا پاسیفیک)، خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە جەژنی (خانه سینما) و چەند خەڵاتێکی دیکەی دەرەکی و نێوخۆیی. دووەمین فیلمی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٤ بەناوی (شهر زیبا)، فیلمەکە توانی خەڵاتی فێستیڤاڵەکانی وارشۆ و هندستان و مۆسکۆ بەدەست بهێنێت. دوو ساڵ دواتر فیلمی سینەمایی (چهارشنبه سوری) گەیاندە پەردەی سینەما و لە پاڵ کۆکردنەوەی داهاتێکی گەورە و بوون بە پڕداهاتترین فیلمی ساڵ، بووە جێی سەرنجی ڕەخنەگرانی ئێرانی و دەرەکی و خەڵاتی سیمورخی بلورینی هێنایە بوون بۆ فەرهادی. یەکێک لە فیلمە سەرکەوتووەکانی فەرهادی، بە ڕۆڵگێڕانی ئەکتەری دیار وەکو شەهاب حوسەینی و تەرانە عەلیدۆستی و پەیمان مەعادی، فیلمی سینەمایی (دربارە الی)ـە. فیلمەکە بووە براوەی چەندان خەڵاتی گەورەی نێوخۆیی وەکو فەجر، دەرەکی وەکو بەرلین و چەندانیتر. پێگەی (ئێندی وایر) لە لیستی ١٠ باشترین فیلمەکانی ساڵی ٢٠١٥ی دانا. شاکاری سینەمای جیهان و ئێران دێتە بوون، کە فیلمی سینەمایی (جدایی نادر از سیمین)بوو لە دەرهێنانی خۆی و ڕۆڵگێڕانی لەیلا حاتەمی و پەیمان مەعادی، فیلمەکە لەلای بەشێک لە ڕەخنەگرانی سینەما بە باشترین فیلمی ساڵی ٢٠١١ دانرا، فیلمەکە بووە براوەی ٥٠ خەڵاتی گەورەی نێودەوڵەتی، بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار گەورەترین دەستکەوت بوو بۆ ئێران و فەرهادی. بە داهاتی ٢٠ ملیۆن دۆلار بووە پڕ داهاتترین فیلمی ئێران لە نمایشی جیهانیدا. پێگەی (بی بی سی) فیلمەکەی خستە ناو لیستی باشترین فیلمەکانی سەدەی ٢١ لە پلەی نۆیەم. یەکەمین فیلمی فەرهادی، کە بە زمانی فارسی نییە فیلمی سینەمایی The Past بوو، کە ساڵی ٢٠١٣ بووە کاندیدی فێسیڤاڵی گەورەی کان، هەروەها توانی ببێتە براوەی دوو خەڵاتیان. لەدوای ئەوە جارێکیتر فەرهادی، هەڵستا بە پیشاندانی چەکی زلهێزی خۆی و سینەماکەی بە جیهان، کە فیلمی سینەمایی (فروشنده)بوو لە ڕۆڵگێڕانی شەهاب حوسەینی و تەرانە عەلیدۆستی، دووبارە بەم فیلمە فەرهادی، کردەوە خاوەنی خەڵاتی ئۆسکار و بۆ دووەمینجار لە مێژووی ئێراندا، لە پاڵ ئۆسکاردا فیلمەکە بووە براوەی خەڵاتی کان. ساڵی ٢٠١٨ فیلمێکی دیکەی هێنایە بەرهەم، ئەمجارە بە زمانی ئیسپانی و بە بەشداری (خافێر باردم). دوایین بەرهەمی دەرهێنانی ئەسغەری فەرهادی، تاوەکو ئێستا، فیلمی سینەمایی (قهرمان) بوو، بە ڕۆلگێڕانی سەرەکی (ئەمیر جەدیدی) لە چەندین فێستیڤاڵی گەورەی نێودەوڵەتی نمایشکرا و بووە جێی سەرنج و ڕەزامەندی ڕەخنەگرانی فێستیڤاڵەکان. نوسین و ئامادەکردن: زانیار حەسەن

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی