دێنیس ڤیڵۆنۆڤ
دێنیس ڤیڵۆنۆڤ
سەرچاوە: Britannica.com وەرگێڕان: بارین ئیدریس. (دێنیس ڤیلۆنۆڤ) نووسەر و دەرهێنەری (فەڕەنسی-کەنەدی) لە بەرواری ٣ـی تشرینی یەکەی ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (جێنتڵی)ی سەر بە (کوەبێک) لە وڵاتی (کەنەدا) لەدایک بووە. بە لێهاتوویی و کارامەییەکەی ناسراوە لە دروستکردنی وێنای خەیاڵی و هەستیار و بوێرانە بۆ فیلمەکانی، کە زۆربەی جار تیشك دەخاتە سەر ئەو كارەساتانەی بەسەر مرۆڤەكاندا دێن و تووشی تاسانیان دەكەن و كار لە پێناسیان دەكەن. (ڤیلۆنۆڤ) هەر لە منداڵییەوە خولیای بۆ فیلم هەبووە و لە قۆناغی ئامادەییەوە دەستی کردووە بە دروست کردنی کورتە فیلم. هەرچەندە لە بەشی زانستی دەیخوێند بەڵام دواتر چووە بەشی فیلمسازی لە زانکۆی (کوەبێک) لە (مۆنتریال) و لەوێ خوێندنی تەواو کرد. لە دوای دەرچوونی لە زانکۆ بەشداری لە پێشبڕکێیەکی فیلمسازی کرد لە ڕادیۆی کەنەدا لە ساڵی ١٩٩٠-١٩٩١ و لەسەر ئاستی ئاسیا و ئەوروپا توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بێنێت. لە پاشان دەستی کرد بە کارکردن لەگەڵ لێژنەی ھەڵسەنگاندنی فیلمی نێودەوڵەتی كەنەدیی. سەرەتا گەشتی کرد بۆ دوورگەی (ئێڵسمیر) لەگەڵ دەرهێنەری بەتوانا پیێر پێرۆڵت بۆ کارکردن لەسەر دروستکردنی یەکێک دۆکیومێنتارییەکانی بە ناوی Cornouailles، دواتر لێژنەی ھەڵسەنگاندنی فیلمی نێودەوڵەتی كەنەدیی توانی هاوکاری تەواوی مادیی ڤیلۆنۆڤ بکات لە بەرهەمهێنانی یەکەمین فیلمی لە ساڵی ١٩٩٤ REW FFWD کە دۆکیومێنتارییەک بوو سەبارەی بە ژیانی وێنەگرێک کە لە ناوچەیەکی هەژاردا لە (جامایکا) گیر دەخوات. (ڤیلۆنۆڤ) یەکەمین فیلمی درێژی لە نووسین و دەرهێنانی خۆی لە ساڵی ١٩٩٨ دا بەرهەمهێنا بە ناوی August 32nd on Earth کە فیلمێکی خەیاڵییە سەبارەت بە ئافرەتێكە پاش ڕزگاربوونی لە ڕووداوێكی ھاتوچۆ لەگەڵ پرسیارەكانی "ھەبوون و وجودیەت"دا دەكەوێتە گینگڵەوە. دواتر کاری نووسین و دەرهێنانی بۆ فیلمێکی تری سوریالی کرد بە ناوی Maelström، سەبارەت بە ئافرەتێک بە ناوی Marie-Josée Croze کە بەتەواوی جڵەوی ژیانی لەدەست دەدات لەدوای ئەوەی بەڕێکەوت ماسیفرۆشێک دەکوژێت، فیلمەکە بووە براوەی چەندین خەڵات و لەوانەش خەڵاتی تایبەتیی بۆ باشترین فیلمی درێژی کەنەدی لە فیستیڤاڵی فیلمی تۆرۆنتۆ. لەدوای ئەوەوە چەند ساڵێک لە بەرهەمهێنانی فیلم دوورکەوتەوە و ڕێگای بازرگانیی و توانایی خۆی دۆزییەوە. ڤێلێنۆڤ کاتێک دەستی کردەوە بە بەرهەمهێنانی فیلم، هەستا بە دەرهێنانی ئەو فیلمانەی لەلایەن کەسانی ترەوە نووسراوون، بە كورتە فیلمێکی کۆمێدی دەستی پێکرد لە ساڵی ٢٠٠٨ بە ناوی Next Floor و دوا بەدوای ئەوەش فیلمی Polytechnique لە ساڵی ٢٠٠٩، وە لە ساڵی ٢٠١٠ دەرهێنانی بۆ فیلمێک کرد سەبارەت بە ڕووداوێکی ڕاستیی کوشتار و وێرانکاریی لە زانکۆی مۆنتریال لە ساڵی ١٩٨٩ بە ناوی Incendies، فیلمەکە توانی ببێتە براوەی خەڵاتی باشترین فیلمی درێژی کەنەدی لە فیستیڤاڵی تۆرۆنتۆ و هەروەها خەڵاتی ئەکادیمیای ئۆسکار بۆ باشترین فیلمی بیانی. فیلمی Enemy فیلمێکی دەرونییە کە بە زمانی ئینگلیزی دەرهێنانی بۆ کردووە و سیناریۆکەی لە یەکێک لە ڕۆمانەکانی نووسەری پرتوگالی (هۆسەی سەرەماگۆ) وەرگرتووە، باس لە پیاوێک دەکات کە بۆی دەردەکەوێت کارەکتەرە لاوەکییەکە بە تەواوەتی وەک دوانەیەک هاوشێوەی خۆیەتی و چاودێری دەکات، وە تێیدا هەردوو کارەکتەرەکەش ئەکتەری ناوداری ئەمریکی (جەیک جیلێنهۆڵ) ڕۆڵیگێڕاوە. یەکەمین فیلمی درێژی ڤێلێنۆڤ لە هۆڵیود Prisoners بوو لە ساڵی ٢٠١٣ کە فیلمێکی ئاڵۆز و نهێنییە سەبارەت بە ون بوونی دوو کچی بچووک و بووە براوەی خەڵاتی کریتیکاڵ پرایز، هەر وەک چۆن فیلمی Sicario لە ساڵی ۲٠۱٥ ھەمان خەڵاتی بردەوە کە باس لە ھێرش و پەلامارێكی توندوتیژانە دەكات دژی ماددەی ھۆشبەر. لە فیلمی دواتریدا لە ساڵی ۲٠۱٦ ڤێلێنۆڤ سەرکێشی دروستکردنی فیلمێکی زانستی خەیاڵی کرد بە ناوی Arrival کە لە کورتە چیرۆکێکی (تێد چیانگ)ەوە وەرگیراوە بە ناوی “Story of Your Life”، کارەکتەری سەرەکی (ئامی ئادەم) وەک زمانەوانێک مامەڵە لەگەڵ بوونەوەرە ئاسمانییەکان و ئەو کەسانە دەکات کە لە جیهانەکانی ترەوە سەردانی زەوی دەکەن. ڤێلێنۆڤ بۆ ئەم فیلمە کاندیدی خەڵاتی ئۆسکار بوو بۆ باشترین دەرهێنەر و توانی ببێتە براوەی خەڵاتی باشترین فیلم. لە پاشاندا لە ساڵی ٢٠١٧ دەستدەکات بە سەرلەنوێ دروستکردنەوەی یەکێک لە فیلمە ئاکشنە کلاسیکییە بەناوبەنگەکانی (ڕیدڵی سکۆت) بە ناوی Blade Runner و لە دوای تێپەڕبوونی ٣٠ ساڵ بەسەر فیلمە ڕەسەنەکەدا ڕۆڵی سەرەکی دەداتە (ڕیان گۆسلینگ) و بەشێکیش لەو دیمەنانە لادەبات کە لە فیلمە ڕەسەنەکەدا هەبوون کە بەبێ گومان ئەمەش هیچ لە ناوازەیی فیلمەکەی کەم نەکردبوەوە.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی