پیتەر جاكسن
پیتەر جاكسن
سەرچاوە: Biography.com وەرگێڕان: چرۆ عیزەت. دەرھێنەر و سیناریۆنووس (پیتەر ڕۆبێرت جاكسن) لە بەرواری ٣١ی تشرینی یەكەمی ١٩٦١ لە (نیوزلەندا) لەدایكبووە، (بێڵ)ی باوكی فەرمانبەری دامودەزگایەكی حكوومی و (جان)ی دایكیشی ژنی ماڵەوە بوو. (پیتەر جاكسن) تەمەنی پێنج ساڵان بوو كاتێك خانەوادەكەی تەلەفزیۆنیان كڕی و دەستبەجێ خەیاڵی فیلمسازەكە داگیردەكات، خولیای فیلمسازەكە بە فیلمەوە لە تەمەنی نۆ ساڵیدا دەست پێ دەكات، كاتێك لەو تەمەنەدا بینەری (King Kong) دەبێت، لەم بارەیەشەوە گوتویەتی "ئێوارەیەكی ڕۆژی ھەینی بوو، تەمەنیشم نۆ ساڵان بوو، لە تەلەفزیۆن سەیری (King Kong)م دەكرد، ئەو شەوە بۆم دەركەوت چیم لێ دەردەچێت". ساڵی ١٩٦٩ ھەمان ئەو ساڵەی (پیتەر جاكسن) بینەری (King Kong) بوو، دایك و باوكی فیلمسازەكە كامێرایەكیان بە دیاری پێ دەگات، لەو كاتەشەوە فیلمسازەكە دەست دەكات بە بەڕاستیكردنی خەیاڵەكانی و لە ساڵە زووەكانی تەمەنی ھەرزەكاریدا ھاوڕێكانی وەكوو نواندنكار و خانووەكەی خۆیان وەكوو شوێنی وێنەگرتن بەكاردەھێنێت، ھەروەھا لە چێشتخانەكەیاندا ھەر شتێكی دەست كەوتبا و توانیبای وەكوو سپێشەڵ ئیفێكت بەكاریان بھێنێت بێگومان سوودی لێ وەردەگرتن. لەم بارەیەشەوە گوتویەتی "كارێكم كرد وەكوو ئەوەی فیلمێكی درامی جەنگی جیھانی دووەم بێت، لەگەڵ ھاوڕێكانمدا بە جلوبەرگی كۆنی سەربازییەوە و لەگەڵ منداڵەكاندا بە كڵاوی ئاسنین و ئەو جلوبەرگانەوە كە بۆیان نەدەبوو، لە باخچەكەی دایك و باوكمدا چاڵمان ھەڵدەكەند". (پیتەر جاكسن) لە خوێندنگەی ناوەندی و لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا واز لە خوێندن دەھێنێت بۆئەوەی پیشەیەكی دەست بكەوێت بۆ كۆكردنەوەی پارە و بەدیھێنانی خولیای فیلم كار بكات، لەم بارەیەشەوە گوتوویەتی "دەمویست واز لە خوێندنگە بھێنم و كارێك بكەم، ئیدی ھەر كارێك بێت، بۆئەوەی بتوانم پارە كۆبكەمەوە و بۆ فیلمی دواتر كە خۆم دەمویست بەكاری بھێنم". (پیتەر جاكسن) لە ڕۆژنامەیەكی ناوخۆییدا وەكوو فۆتۆگرافەری بەردەچاپگەری دەست بە كاركردن دەكات، تەنھا یەك ڕۆژی ھەفتەش پشووی ھەبوو و لە ماڵەوەش دەژیا، بۆئەوەی پارە پاشەكەوت بكات و كامێرایەكی باشی پێ بكڕێت، كاتێكیش كامێراكەی كڕی دەستی كرد بە بەرھەمھێنانی فیلم و تەنھا لە ڕواژانی پشوودا كە یەكشەممان بوو كاری وێنەگرتنی دەكرد، چەند ساڵێك دواتریش كاری نووسین و دەرھێنانی بۆ فیلمێك كرد لە بارەی بوونەوەرە دەرەكییە گۆشتخۆرەكانەوە لە لایەن ئەنجوومەنی فیلم لە نیوزلەنداوە بڕی ٣٠,٠٠٠ دۆلاری وەكوو بەخشیش پێ درا، ئەمەش توانای ئەوەی پێدا كە واز لە كارەكەی بھێنێت و فیلمەكەی تەواو بكات، پاشان بڕی ٢٠٠,٠٠٠ دۆلار بەخیشی پێدرا بۆ دوای بەرھەمھێنانی فیلمەكە، فیلمەكەش (Bad Taste) بوو كە لە فێستیڤاڵی فیلمەكانی كان بۆ ساڵی ١٩٩٨ نمایشكرا و سەركەوتنێكی گەورەی بەخۆوە بینی و لە ١٢ وڵاتی دیكەشدا پەخشكرا. پاش ئەو سەركەوتنەی فیلمی (Bad Taste) بەدەستیھێنا، ساڵی ١٩٨٩ (پیتەر جاكسن)ی دەرھێنەر (Meet the Feebles)ی بەرھەم ھێنا، ساڵی ١٩٩٣ش یەكەم فیلمی ڵایڤ ئەكشنی بە ناوی (Braindead) بەرھەم ھێنا كە بە ناوی (Dead Alive) بڵاوكرایەوە، كە براوەی چەندین خەڵات بوو و لەگەڵ ئەمانەشدا بە یەكێك لە باشترین فیلمەكان ھەژمار كراوە. ساڵی ١٩٩٤ سیناریۆی فیلمی (Heavenly Creatures) دەنووسێت و كاری دەرھێنانی بۆ دەكات، كە دواتر فیلمەكە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئەكادیمی بۆ باشترین سیناریۆ دەپاڵێورێت. لە ساڵانی ١٩٩٠ەكاندا (پیتەر جاكسن) بیرۆكەی ئەوەی بە مێشكدا دێت كە ڕۆمانە خەیاڵییەكانی (J.R.R.Tolikin) واتا (جۆن ڕۆناڵد ڕوێڵ تۆڵكین) بكات بە فیلم، بەتایبەتی (Lord of the rings). لەم بارەیەشەوە گوتوویەتی "كاتێك ئەو پەرتووكەم خوێندەوە تەمەنم ١٨ ساڵ بوو، ئەو كاتە دەمگوت ئارامیم لێ دەبڕێت ھەتاكوو فیلمەكەی دەردەچێت، دوای ٢٨ ساڵ كەس ئەو كارەی نەكردبوو، ھەربۆیە ئارامیم نەما". پاش ساڵ و نیوێك لە وێنەگرتن ساڵی ٢٠٠١ فیلمی یەكەمی سێینەكە (The Fellowship of the Ring) بڵاوكرایەوە، پاشان ساڵی ٢٠٠٢ فیلمی دووەمی سێینەكە (The Two Towers) و ساڵی ٢٠٠٣ فیلمی سێیەمی سێینەكە (The Return Of The King) بڵاو كرانەوە. ئەم سێینەیە تاكە سێینەیە كە زۆرترین داھاتی لە مێژوودا بەدەستھێنا، زیاتر لە ٢.٩ ملیۆن دۆلاری لە بۆكس ئۆفیسدا قازانج كرد، ھەروەھا یەكێك بوو لەو زنجیرە فیلمانەی ١٧ خەڵاتی ئەكادیمی بردەوە و ٣٠ جاری دیكەش بۆ وەرگرتنی خەڵات پاڵێورا. ئەم زنجیرە فیلمە بە یەكێك لە نایابترین فیلمە خەیاڵییەكانی مێژوو دانراوە ولەگەڵ ھەریەكە لە فیلمەكانی (Titanic/1997) و (Benhur/1959) ناوی ھاتووە كە ھەرسێكیان زۆرترین خەڵاتی ئۆسكاریان بەدەست ھێناوە، بێگومان لە ناویاندا خەڵاتی باشترین دەرھێنەر بۆ (پیتەر جاكسن) و (پیتەر جاكسن)ی گەیاند بەوەی ببێت بە یەكێك لە مەزنترین و باشترین دەرھێنەرەكانی جیھان. لە پاش ئەم سەركەوتنە گەورەیەش (پیتەر جاكسن) ساڵی ٢٠٠٥ خەونی منداڵیی خۆی بەدی دەھێنێت كە دووبارە بەرھەم ھێنانەوەی (King Kong) بوو، ئەم فیلمەش لە بۆكس ئۆفیسدا قازنجێكی زۆری كرد. پاش نزیكەی بیست ساڵ كاركردن (پیتەر جاكسن) چەند ساڵێك پشوو وەردەگرێت و ساڵی ٢٠٠٩ بە فیلمی (The Lovely Bones)ەوە دەگەڕێتەوە، فیلمەكەی لە ڕۆمانێكی (Alice Sebold)ەوە وەرگرتبوو. ھەروەھا دەست دەكات بە بەرھەمھێنانی زنجیرە فیلمەكانی (The Hobbit)، كە لە ڕۆمانە خەیاڵییەكانی (J.R.R. Tolkin) بوو، فیلمی یەكەمی سێینەكە (The Hobbit: An Unexpected Journey) ساڵی ٢٠١٢ بڵاوكرایەوە. فیلمی دووەمی سێینەكە (The Hobbit: The Desolation Of Smaug) ساڵی ٢٠١٣ و فیلمی سێیەمی سێینەكە (The Hobbit: The Battle Of The Five Armies) ساڵی ٢٠١٤ بڵاوكرانەوە، بەڵام نە لە لایەن خوودی دەرھێنەرەكە و نە لە لایەن بینەران و ڕەخنەگرانیشەوە ئەو پێشوازی و سەركەوتنەیان بەخۆوە نەبینی كە زنجیرە فیلمەكانی (The Lord Of The Rings) ھەیبوو. (پیتەر جاكسن) لەگەڵ خانمە سیناریۆنووس (فران واڵش)دا ھاوسەرگیری كردووە و باوانی دوو منداڵن بە ناوەكانی (بێڵی) و (كەیت). لە ساڵانی ھەشتەكاندا (واڵش) یارمەتیدەربوو لەوەی پیتەر جاكسن لەگەڵ كۆمپانیای بەرھەمھێنانی فیلم لە نیوزلەندا پەیوەندی ببەستێت و لە نووسینی سیناریۆی ھەریەكە لە فیلمەكانی (Heavenly Creatures) و (The Lovely Bones)دا ھاوكاری (پیتەر جاكسن)ی كردووە.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی