سام ڕەیمی
سام ڕەیمی
وەرگێڕان: چرۆ عیزەت، بارین ئیدریس سەرچاوەكان: Filmibeat.com Superstarsbio.com ساموێڵ مارشاڵ ڕەیمی، دەرھێنەری فیلم، بەرھەمھێنەر و نواندنكار و نووسەری ئەمریكی لە (ڕۆیاڵ ئۆك)ی (میشیگان) لەدایكبووە و لە (بێرمینگھام) گەورە بووە، دایكی ناوی (سیلیا باربارا)یە خاوەنی فرۆشگەیەكی جلوبەرگی ژنان بووە، باوكیشی ناوی (لیۆنارد ڕۆناڵد ڕەیمی)یە و خاوەنی فرۆشگەیەكی كەلوپەلی ناوماڵ بوو، بنەماڵەكەی لە ڕووسیاوە بەرەو ھەنگاریا كۆچیان كردووە و لەناو جوولەكەكاندا گەورە بووە، سام ڕەیمی چوارەم منداڵە لە پێنج منداڵەكانی دایك و باوكی. (ساندەر)ی برا گەورەی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بە ڕووداوێكی مەلەكردن كۆچی دوایی كردووە، (ئیڤان ڕەیمی) برایشی پزیشك و سیناریۆنووس بوو كە ھەندێكجار لە بواری فیلم و سیناریۆدا یارمەتی (سام ڕەیمی) برای دەدا، براكەی دیكەیشی (تێد ڕەیمی) نواندنكار بوو و لە ھەر سێ بەشەكانی (Spider man)دا بەشداربووە. خوشكە گەورەكەیشی (ئەندریا ڕوبین ڕەیمی) نووسەر بووە و لە بواری فیلمدا ھیچ بەشدارییەكی نەبووە. (سام ڕەیمی) لە خوێندنگەی ئامادەیی (ویڵای ئی گرۆڤیس) و كۆلێژی (میشیگان) دەخوێنێت و بەشی ئینگلیزی دەخوێنێت، پاش سێ وەرز خوێندن دەستبەرداری خوێندنەكەی دەبێت و بەرەو بەرھەمھێنانی فیلم ھەنگاو دەنێت. كاتێك دایك و باوكی (سام ڕەیمی) كامێرایەك دەكڕن حەزی درووستكردنی فیلم تێیدا سەرھەڵدەدات و لەگەڵ (بروس كامپبێڵ)ی ھاوڕێی منداڵییدا دەست بە بەرھەمھێنانی فیلم دەكەن، لە خوێندنگە لەگەڵ (ڕۆبێرت تاپێرت) و (بروس كامپبێڵ)دا تیمێك پێكدەھێنن فیلمێكی ٣٢ خولەكی بەناوی (Within the woods) و بەدوایدا كورتە فیلمی كۆمیدی (It’s Murder) بەرھەم دەھێنن. لێرەشەوە ڕێچكەی فیلمسازی دەگرێت و پاشان لەڕێگەی خانەوادەكەی و ھاوڕێكانی و كۆمەڵێك وەبەرھێنەوە توانی لایەنی دارایی فیلمی (The Evil Dead/1981) چارەسەر بكات و بەرھەمی بھێنێت كە سەركەوتنێكی گەورەی بەخۆوە بینی. ساموێل ڕەیمی وەک دەرهێنەرێک زیاتر بە هەرسێ بەشەکەی فیلمی ‘Spider Man’ ناسرا کە لە ساڵی ٢٠٠٢ تا ٢٠٠٧ پەخشکرا. لەپاڵ ئەوانەشدا بەرهەمهێنانی فیلمێکی تاوانکاریی و ترسناک بە ناوی ‘Darkman’ . فیلمی ‘A Simple Plan’ لە ساڵی ١٩٩٨ و فیلمی ‘The Gift’ لە ساڵی ٢٠٠٠ و چەندانی تر. ساموێل ئێم ڕەیمی بە درێژایی کارکردنی، خاوەنی ناوبانگێکی زۆرە و توانیویەتی متمانە و ستایشی بینەران بەدەست بهێنێت بەهۆی نمایشە سەرسوڕهێنەرەکانییەوە. ساموێل بە نمایش و نواندنە بێ وێنەکانی فیلمەکانییەوە ناسراوە و ئەمەش وای لێکردووە هەمیشە دەرهێنەرێکی دیار و درەوشاوە بێت . ڕەیمی کاری لە هەردوو فیلم و تەلەڤزیۆنیشدا کردووە و چەندین نمایشی ناوازەی پێشکەشکردووە لە فیلم و زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکادا. لە ساڵی ١٩٧٧ـەوە لە فیلم و زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکان کار دەکات، لەو ساڵەدا توانی زیاتر خۆی دەربخات وەک نووسەر و دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر لە ڕێگەی فلیمێکەوە بە ناوی ‘It’s Murder’ کە خۆی ڕۆڵی تێدا دەبینی. دواتر بەبێ وەستان بەردەوام بوو لە کارکردن لە فیلم و تەلەڤزیۆندا. کاری لەسەر زیاتر لە ٢٠ فیلم و ٢٤ زنجیرەی تەلەڤزیۆنی (وەک بەرهەمهێنەر) و ١٥ کورتە فیلم و ٧ زنجیرەی تەلەڤزیۆنی (وەک دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر و نووسەر)، و ١٨ زنجیرەی تەلەڤزیۆنی و کورتەفیلم (وەک بەرهەمهێنەری جێبەجێکار) و ٢٧ فیلمیشدا کردووە وەک ئەکتەر . ڕەیمی کارەکەی خۆی فراوانتر کرد بە ئیشکردن لەسەر چەندین پڕۆژە وەک ئەکتەر و دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر و دەرهێنەر و نووسەر، و چەندین خەڵاتی گەورەی بردۆتەوە. لەوانەش خەڵاتی Critics' Jury لە فیستیڤاڵی Sitges – Catalan International Film Festival لە ساڵی ١٩٨١ وخەڵاتی باشترین دەرهێنەر لە هەمان فیستیڤاڵ لە ساڵی ١٩٩٠ و خەڵاتی Machine Honorary لە ساڵی ١٩٩٢. دواتریش بەردەوام بوو لە سەرکەوتنەکانی و لە ساڵی ١٩٩٣ لە فیستیڤاڵی Brussels International Festival Of Fantasy خەڵاتی Golden Raven و لە Fantasporto خەڵاتی Criticsی بردەوە. لە ساڵی ١٩٩٩شدا لە Cognac Festival du Film Policier براوەی Special Jury Prize بوو. لە ساڵی ٢٠٠٤دا و لە دوای فیلمی Spider Man توانی لە هەردوو فیستیڤاڵی Saturn Award و Empire Award براوەی خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بێت و لەگەڵ بەرهەمهێنانی هەر فیلمێکیدا هەمیشە بەردەوامە لە بردنەوەی خەڵاتە گەورەکان و سەرکەوتنی زیاتر. ڕەیمی لە ساڵی ١٩٩٣ـوە هاوسەرگیری لەگەڵ ‏Gillian Dania Greene کچی ئەکتەری بەتوانا Lorne Greene کردووە و خاوەنی پێنج منداڵن. سێ لە منداڵەکانی (کچێکی بە ناوی ئێما ڕۆز و هەردوو کوڕەکەی کە ناویان لۆرن و هێنرییە) وەک ئەکتەری لاوەکی دەرکەوتوون لە فیلمی ‏Drag Me to Hell و Spider-Man لە کۆتا دیمەنی شەڕی فیلمەکەدا. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەیمی کار لەگەڵ ئیڤانی برا گەورەکەی دەکات کە خۆی پزیشکە و جاروبار سیناریۆ دەنووسێت، و هاوکاری دەکات. پێکەوە سیناریۆی فیلمی ‏Drag Me to Hell و Darkman و Army of Darkness و بەشێکی زۆری دیمەنەکامی فیلمی Spider-Man 3ـیان نووسی.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی