کریس کۆڵومبس
کریس کۆڵومبس
کریس کۆڵومبس وەرگێڕان: ژانیار بێستون (کریس جۆزێف کۆڵومبس) لە ١٠ی ئەیلولی ساڵی ١٩٥٨ لە (سپانگلێر- پەنسلڤانیا) لەدایکبووە، بەڵام لە (ئۆهایۆ) گەورەبووە. فیلمساز و بەرهەمهێنەرێکی ئەمریکییە. لە تەمەنی منداڵیدا، حەزی لە کێشانی چیرۆکی وێنەیی بووە و دەستی کردووە بە دروستکردنی فیلمی ٨ میلی مەتری لە قوتابخانەی دواناوەندی. دوای تەواوکردنی قوتابخانەی دواناوەندی، چووەتە شاری "نیویۆرک" تاکو لە قوتابخانەی فیلمسازی (Tisch School of the Arts) بخوێنێت، کە لەوێش هاوڕێ و هاوپۆلی سیناریۆنووس و فیلمسازی ئەمریکی (چاڕلی کوفمان) و ئەکتەری ناوداری ئەمریکی (ئاڵیک باڵدوین) بووە. هەرچەندە دەرفەتی خوێندن وەردەگرێت بەڵام لەبیری دەچێت نوێی بکاتەوە، لەبەرئەوە ناچاردەبێت لە کارگەیەک کاربکات تاکو پارەی خوێندنەکەی دابین بکات. لە کاتی ئاڵوگۆڕی کاردا، بەنهێنی کار لەسەر نووسینی دەقێکی شانۆیی دەکات، تاکو دواتر یەکێک لە مامۆستاکانی بتوانێت یارمەتی بدات لە دۆزینەوەی بریکارێک. کارە پڕۆفیشناڵەکانی ئەم دەرهێنەرە لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٨٠دا دەستیپێکرد، وەکو نوسەری دەقی فیلمی (Reckless/1984) دیاریکرا. لە هەمان ساڵدا و لە کاتێکدا لە هەورەبانی باڵەخانەیەکدا دەژیا، بیرۆکەی نووسینی دەقی فیلمێکی لەلا گەڵاڵە دەبێت لە ژانەری کۆمیدی- ترسناک بەناونیشانی (Gremlins)، کە لە کۆتایی ساڵی ١٩٨١دا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن دەرهێنەری ناوداری ئەمریکی (ستیڤن سپیڵبێرگ) پێدەگات کە پێی دەڵێت زۆر حەز دەکات سکریپتەکەی لێبکڕێت، دواتریش فیلمەکە سەرکەوتنێکی زۆری بەدەستهێنا. لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٨٠، (جۆن هیوز)ـی هاوڕێی کە فیلمسازێکی ئەمریکییە، توانی (کۆڵومبس) قایل بکات تاکو کاری دەرهێنان بۆ فیلمی (Home Alone/1990) بکات. فیلمەکە لە ژانەری کۆمیدییە و لەلایەن خودی (هیوز)ـەوە نووسراوە، باس لە منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵان دەکات کە دەبێت ماڵەکەی بپارێزێت لە دوو دزی ماڵبڕ کاتێک بەڕێکەوت بەتەنها لە ماڵەوەدا بەجێدەهێڵرێت. کاری وێنەگرتنی فیلمەکە چوار مانگی خایاند، لە ١٦ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩٠ لە سینەماکان نمایشکرا، لەڕووی بازرگانییەوە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا. زیاتر لە ٤٧٦.٧ ملیۆن دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسدا قازانج کرد، هەم لەلایەن بینەران و ڕەخنەگرانەوە پێشوازییەکی زۆری لێکرا و زۆر پەسنی فیلمەکەیان کرد. شایانی باسە بۆ دوو خەڵاتی ئۆسکار و دوو خەڵاتی "گۆڵدن گڵەب" پاڵێورا. لەوکاتەوە (Home Alone) بەیەکێک لەو فیلمە کلاسیکانە دادەنرێت کە پێشنیار دەکرێت لەماوەی پشووەکانی جەژنی سەری ساڵدا بینەری ببیت. لە ساڵی ١٩٩٢ کاری دەرهێنانی بۆ بەشی دووەمی فیلمەکە کرد بەناونیشانی (Home Alone 2: Lost in New York) و زیاتر لە ٣٥٩ ملیۆن دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسدا قازانج کرد. دواتر کاری دەرهێنانی بۆ فیلمی (Mrs Doubtfire/1993) کردووە، کە بیرۆکەی ئەم فیلمەشی لە ڕۆمانەکەی نووسەری ناوداری ئینگلیز (ئانا فاین) وەرگرتووە، باس لە ئەکتەرێک دەکات کە دوای جیابوونەوە لە هاوسەرەکەی خۆی وەکو دایەنێک دەردەخات تاکو بتوانێت کات لەگەڵ منداڵەکانی بەسەرببات. فیلمەکە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، بوو بە براوەی خەڵاتێکی ئۆسکار بۆ باشترین مەیکئاپ، و دوو خەڵاتی "گۆڵدن گڵەب" بۆ باشترین ئەکتەر و باشترین فیلم. لەدوای خوێندنەوەی ڕۆمانە خەیاڵییەکەی (جەی، کەی، ڕۆوڵینگس) لەساڵی ١٩٩٧ بەناونیشانی (Harry Potter and the Philosopher's Stone)، (کۆڵومبس) بیرۆکەی ئەوەی بە مێشکدا هات بیکات بە فیلم، بۆ ئەم مەبەستەش لە ساڵی ٢٠٠٠دا توانی کۆمپانیای (Warner bros) قایل بکات تاکو وەک دەرهێنەری فیلمەکە دەستنیشانی بکەن. فیلمەکەش یەکەم بەشی زنجیرە فیلمەکانی (هاری پۆتەر) بوو، کە لەلایەن (ستیڤ کڵۆڤس) نووسراوە و لەلایەن (دەیڤد هێیمان) کاری بەرهەمهێنانی بۆ کراوە. چیرۆکەکەش باس لە (هاری پۆتەر)ی تەمەن حەوت ساڵان دەکات، کە دوای ئەوەی بۆی دەردەکەوێت جادووگەرە بانگهێشت دەکرێت بۆ قوتابخانەیەکی جادوویی بەناوی "هۆگوارتس"، و چەندین کێشەی بۆ دروست دەبێت. (کۆڵۆمبس) لەگەڵ خێزانەکەی بڕیاریدا ماڵەکەی بگوازێتەوە بۆ "شانشینی یەکگرتوو" تاکو سەرنج بخاتە سەر کارەکەی. کە خۆی لەوبارەیەوە گوتی "پڕۆسەی هەڵبژاردنی کارەکتەرەکان زۆر چڕ بوو، بەڵام لەکۆتایدا (دانیاڵ ڕادیکلیف)، (ئێما واتسۆن)، (ڕەپێرت گرینت) بۆ ڕۆڵی سەرەکی هەڵبژێردران". فیلمەکە بۆ یەکمجار لە شاری "لەندەن" لە ٤ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٠١دا نمایشکرا، سەرنجی بینەرانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا و لەڕووی بازرگانییەوە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، زیاتر لە ٩٧٥.١ ملیۆن دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسدا قازانج کرد و بۆ سێ خەڵاتی ئۆسکار پاڵێورا. لەساڵی ٢٠٠٢دا کاری دەرهێنانی بۆ بەشی دووەمی کرد بەناوی (Harry Potter and the Chamber of secrets)، کە لە بەشی دووەمی ڕۆمانەکەی (ڕۆوڵینگ)ەوە وەرگیراوە. باس لە ساڵی دووەمی (هاری پۆتەر) دەکات لە قوتابخانەکە، کاتێک دەرگای ژوورێکی نهێنی دەکرێتەوە و دڕندەیەک بەڕەڵا دەبێت. لەم بەشەدا زیاتر کامێرای دەستی بەکارهێنا تاکو بەئازادی خۆی بجووڵێتەوە. بۆ سێ خەڵاتی "بافتا" پاڵێورا و ٨٧٩ ملیۆن دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسدا قازانج کرد. لە ساڵی ٢٠٠٤دا کاری نووسین و بەرهەمهێنانی بۆ فیلمی (Christmas With Kranks) کرد، کە لە ڕۆمانەکەی ڕۆماننووسی ئەمریکی (جۆن گریشام) وەرگیراوە بەناوی (Skipping Christmas). داهاتێکی زۆری کۆکردەوە لە بۆکس ئۆفیسدا، بەڵام بەشێوەیەکی باش لەلایەن بینەرانەوە پێشوازی لێنەکرا. لە هەمان ساڵدا، دەستی کرد بە کارکردن لەسەر بەشی سێیەمی زنجیرە فیلمەکانی (هاری پۆتەر)، بەڵام بەهۆی ماندووبوونی بە دوو بەشی سەرەتای فیلمەکە، بڕیاریدا کاری دەرهێنانی بۆ نەکات بەڵکو وەک بەرهەمهێن شانبەشانی (دەیڤید هێیمان) و دەرهێنەری مەکسیکی (ئەلفۆنسۆ کوارۆن) کاربکات. لەم بەشەدا (هاری) دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەی "هۆگوارتس" بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵێکی نوێی خوێندن، بەڵام بەندکراوێک لە بەندینخانەی جیهانی جادووگەرەکان هەڵدێت و دەبێت بە مەترسی بۆ جادووگەرەکانی تر. نزیکەی ٧٩٦.٩ ملیۆن دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسدا قازانج کرد. دوای گەڕانەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەساڵی ٢٠٠٥دا، (کۆڵۆمبس) بەنیازبوو کاری بەرهەمهێنان بۆ فیلمی سوپەرهیرۆی (Fantastic Four) بکات، بەڵام بەهۆی دەمەقاڵێیەک لەگەڵ دەرهێنەری فیلمەکە، دەرکرا. لە ساڵی ٢٠٠٦ کاری بەرهەمهێنانی بۆ فیلمی (Night At The Museum) کرد، کە فیلمێکی خەیاڵییە و باس لە باوکێک دەکات کە ئەرکی ئێشکگری مۆزەخانەیەکی مێژوویی سروشتی دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام دوای ماوەیەک بۆی دەردەکەوێت کە ئاژەڵەکان و بونەوەرە نمایشکراوەکانی ناو مۆزەخانەکە بە شەو زیندوو دەبنەوە. لە ساڵی ٢٠٠٩دا کاری بەرهەمهێنانی بۆ بەشی دووەمیش کرد. فیلمەکانی (کۆڵومبس) بەگشتی باس لە چیرۆکی خێزانه جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا و ئەو کەسانە دەکات کە خۆشەویستەکانیان لەدەستدەدەن، و بە فیلمسازێکی "سۆزدار" دادەنرێت بەهۆی تیشک خستنەسەر کێشەکانی ژیانی خێزانی کە خۆی لەوبارەیەوە دەڵێت " یەکێک لەو بابەتانەی کە هەمیشە سەرنجم ڕادەکێشێت، چیرۆکی کارەکتەرێکە کە تووشی چ ئاستەنگێک دەبێتەوە لەدوای لەدەستدانی خێزانەکەی و ئەوەش چ واتایەکی هەیە". لە ساڵی ١٩٨٣ هاوسەرگیری لەگەڵ دیزاینەری سەما (مۆنیکا دێڤێرکس) کردووە و باوانی چوار منداڵن، لە شاری "سان فرانسیسکۆ"دا نیشتەجێ بوون.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی