ئیساو تاکاهاتا
ئیساو تاکاهاتا
ئیساو تاکاهاتا وەرگێڕان: ژانیار بێستون دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر و سیناریۆنووسی ژاپۆنی (ئیساو تاکاهاتا) لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٣٥ لە شاری "ئیسی" سەر بە پارێزگای "می" وڵاتی ژاپۆن لەدایکبووە. باوکی (ئاساجیرۆ تاکاهاتا) بەڕێوبەری قوتابخانەیەکی دواناوەندی بووە، لەدوایدا بوو بە وەزیری پەروەردە لە پارێزگای "یۆکۆهاما" لەدوای جەنگ. کاتێک تەمەنی نۆ ساڵان بووە، خۆی و خێزانەکەی لە هێرشێکی بۆمبارانی فڕۆکەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر شاری "یۆکۆهاما" ڕزگاریان بووە، کە لەوکاتەدا هێزی ئاسمانی بە بۆمبی ئاگرین بۆردومانێکی چڕی ئەو شارە و شارەکانی تری ژاپۆنیان کردووە. لە ساڵی ١٩٥٩ بەشی ئەدەبیاتی فەڕەنسی زانکۆی تۆکیۆی تەواوکردووە. لەدوای بینینی ئەنیمەیشنی فەڕەنسی (The king and the Mockingbird) سەرسامی فیلمی ئەنیمەیشن بوو. هاوڕێیەکی پێشنیاری کرد لە ستۆدیۆکانی (Toie Animation) دەست بەکارکردن بکات، بۆیە لەدوای دەرچوونی لە تاقیکردنەوەی وەرگیران، وەکو یاریدەدەری دەرهێنەر بەشداربوو لە چەندین فیلمی ئەنیمەیشن و زنجیرەی تەلەفزیۆنی لەوانەش (Wolf Boy Ken)، کە لەو کاتەدا سوودی لە ڕێنماییەکانی ئەنیمەیتەری ژاپۆنی (یاشو ئۆتسوکا) وەردەگرت. هەر لەوێوە پەیوەندی هاوڕێیەتی لەگەڵ دەرهێنەر و ئەنیمەیتەری ژاپۆنی (هایاو میازاکی) دروست دەکات. لەکۆتایدا (ئۆتسوکا) داوای لێکرد خۆی بەتەنیا کاری دەرهێنان بۆ فیلمێکی ئەنیمەیشن بکات، بۆیە لە ساڵی ١٩٦٨ یەکەمین فیلمی ئەنیمەیشنی بەرهەمهێنا بەناوی (The Great Adventure Horus, Prince of the Sun) (میازاکی) وەکو سەرپەرشتی وێنەکێشان بەشداردەبێت. بەڵام فیلمەکە لەڕووی بازرگانییەوە شکستی هێنا، و (تاکاهاتا)ش پلەی نزم کرایەوە. بۆیە لە ساڵی ١٩٧١دا لەگەڵ (میازاکی)ی هاوڕێی ستۆدیۆکەیان بەجێهێشت و دەستیان کرد بە کارکردن لە چەند زنجیرەیەکی ئەنیمەیشن بۆ کۆمپانیای (Nippon Animation) لەوانەش (Heidi, Girl of the Alps\1974) و (3000Leagues in Search of Mother\1976) و (Anne of Green Gables\1979). لە ساڵی ١٩٨٥دا بەیەکەوە ستۆدیۆی (Ghibili)یان دامەزراند و چەندین فیلمیان پێکەوە بەرهەمهێنا لەوانە (Grave of the Fireflies) لە ساڵی ١٩٨٨دا، کە لە ڕۆمانێکەوە وەرگیراوە لەژێر هەمان ناونیشاندا. فلمەکەش چیرۆکێکی خەمناکی سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم دەگێڕێتەوە و باس لە کوڕێکی هەرزەکار دەکات کە دەبێت لەم کاتە ناخۆشەی ژیاندا ئاگای لە خوشکە بچووکەکەی بێت، بەوهۆیەوە تووشی چەندین مەینەتی و ئازار دەبن. سەرکەوتنێکی زۆری بەدەستهێنا و بە شاکارێکی سینەمایی دادەنرێت، و شایەنی باسە لە سایتی IMDB لە ڕیزبەندی ٤٨ەمین باشترین فلمەکانی مێژوو دادەنرێت. لە ساڵانی دواتردا فلمەکانی (Only Yesterday\1991) و (Pom Poko\1994) و (My Neighbors the Yamadas\1999) بەرهەمهێنا. دوایین فیلمیشی لە ساڵی ٢٠١٣دا بەرهەمهێنا بەناوی (The Tale of the Princess Kaguya) کە توانی ببێت بە پاڵێوراوی خەڵاتی ئەکادیمایی ئۆسکار بۆ باشترین فیلمی ئەنیمەیشن. لە ساڵی ٢٠١٨دا لە نەخۆشخانەیەکی تۆکیۆ، بەهۆی شێرپەنجەی سییەکانەوە، لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی