مەجید مەجیدی
مەجید مەجیدی
مەجید مەجیدی وەرگێڕان: باران محەمەد مەجید مەجیدی ( بەناوی ئەسڵی مەجید تالش مەجیدی ) لە ١٥ی ٤ی ١٩٥٩ لە خێزانێكی تالشی لەشاری تاران لەدایكبووە. دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی دیبلۆم بەردەوام بووە لە خوێندن لە بەشی هونەرە جوانەكان. مەجیدی چالاكی هونەری لە پێش شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە بواری شانۆ دەستپێكردووە. یەكەم كاری لە شانۆی شاری تاران ڕۆڵێك بوو لە نمایشی (شۆڕشی حروفیە) لە دەرهێنانی (داوود دانشور). دواتر لە ساڵەكانی دەیەی ٨٠ و ٩٠ زاینی ڕۆشتووەتە ناو بواری ئەكتەری لە سینەمادا .ئەو لە فیلمی (بایكۆت)لە دەرهێنانی (موحسین مەخمەلباف)ڕۆڵی كۆمۆنیستێكی گێڕاوە. لە فیلمی (تیرباران) ڕۆڵی شەهید (سەید عەلی ئەندەرزگو)، و لە فیلمی (دوو چاوی بێ دید) ڕۆڵی مامۆستایەكی تودەیی گێڕاوە. مەجیدی هەروەها لە بەشی (ئەندێشە و هونەری ئیسلامی) و لە بەشی (هونەری ڕێكخراوی بڵاوكراوەی ئیسلامی) وەك ئەكتەر هاوكار بووە. لە ساڵانی دواتر مەجیدی ڕوویكردووەتە كاری دەرهێنەری. مەجیدی لە زۆربەی بەرهەمەكانیدا نووسەر و دەرهێنەر بووە. هەروەها ئەندامی هەمیشەیی (فەرهەنگستانی هونەرە). یەكەمین فیلمەكانی مەجیدی كورتە فیلم بوون، و یەكەمین فیلمی درێژی بەناوی (بدوك) لە ساڵی ١٩٩١ بووە براوەی خەڵاتی فیستیڤاڵی فەجر. (منداڵانی ئاسمان) سێیەمین كاری سینەمایی، براوەی خەڵاتی باشترین فیلمی (فیستیڤاڵی مۆنتڕاڵی كەنەدا) بووە بۆ ساڵی ١٩٩٦.و پاڵێوراوی یەكێك لە پێنج باشترین فیلمی زمانی بیانی ئۆسكاری ١٩٩٨ بوو. درەوشانەوە لە سینەمای ئەمریكا لە ساڵی ١٩٩٨ بە فیلمی (ڕەنگی خودا) دووبارە لە (فیستیڤاڵی مۆنتڕال) درەوشایەوە و ڕیكۆردی فرۆشی فیلمێكی ئاسیایی شكاند. فرۆشی فیلمەكە لە سینەمای ئەمریكا دوو ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا وە براوە و پاڵێوراوی چەندین خەڵاتی نێوخۆی و جیهانییە. مەجیدی بۆ فیلمی (باوك) خەڵاتی باشترین فیلمی لە چواردەهەمین (فیستیڤاڵی فیلمی لەندەن) بەدەستهێنا. وە پاڵێوراوی خەڵاتی ئاڵتوونی (خەڵاتی ستلایت) بوو بۆ فیلمی (باران)لە ساڵی ٢٠٠١. هەروەها مەجیدی خەڵاتی تایبەتی (دەستەی نەتەوەیی پێداچوونەوەی فیلم)ی بۆ فیلمی ( ئاوازی چۆلەكەكان)بەدەستهێنا و پاڵێوراوی (ورچی ئاڵتوونی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین) بوو بۆ هەمان فیلمی (ئاوازی چۆلەكەكان) لە ساڵی ٢٠٠٨. جگە لەو فیلمانەی خۆی كاری دەرهێنانی بۆ كردووە، كتێبێكیشی بەناوی (لالە و پونە) بڵاوكراوەتەوە. مەجیدی تا ساڵی ٢٠١١ی زاینی، تاكە دەرهێنەری ئێرانی بووە كە فیلمێكی پاڵێوراو بووە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسكار. هەروەها دوو جار براوەی خەڵاتی باشترین فیلم و خەڵاتی كڵێسای جیهانی لە (فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مۆنتڕال) بووە كە پێشتر لە مێژووی ئەم فیستیڤاڵەدا ڕووینەداوە. مەجیدی نزیكەی ٨ ساڵ (٢٠٠٧ تا ٢٠١٥) لە تەمەنی سەرقاڵی بەرهەمهێنانی فیلمی (محمد رسول اللە) بووە كە ئەم فیلمە گەورەترین پڕۆژەی سینەمای ئێرانە و پاڵێوراوی چەندین خەڵاتی نێوخۆیی و جیهانی بووە بۆ باشترین فیلم. و براوەی خەڵاتی باشترین دەرهێنەرە لە (فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی سلێمانی ٢٠١٦) و براوەی خەڵاتی دوانەی سینەمایی (فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی كامریمیج ٢٠١٥) لە ئۆتۆبەری ٢٠١٨ گەورەترین ئەكادیمی فیلمسازی ئاسیا لە پەكین نازناوی پڕۆفیسۆری شانازی ئەم ئەكادیمییەی بەخشی بە مەجید مەجیدی دەرهێنەری بەناوبانگی ئێران. لە ساڵی ٢٠١٩ براوەی خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بوو لە فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی قونیە. ئەم خەڵاتە دەدرێت بەو دەرهێنەرانەی كە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی كاری سینەمایین لەسەر بنەمای باوەڕی دینی و مەعنەوی. كۆتا فیلمی مەجیدی فیلمی (خۆر)ە لە ساڵی ٢٠١٩ و بووەتە براوەی (سیمورغی بلورینی باشترین فیلم و باشترین فیلمنامە لە ٣٨ ەمین فیستیڤاڵی فیلمی فەجر.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی