سام مێندێز
سام مێندێز
سام مێندێز وەرگێڕان: ژانیار بێستون دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر و سیناریۆنووسی بەڕیتانی (سێر ساموێل ئەلێکساندەر مێندێز) لە ١ی ئابی ساڵی ١٩٦٥ لە "ڕیدینگ- بێرکشایەر" سەربە وڵاتی ئینگلتەرا لەدایکبووە. دایکی (ڤالێری مێندێز) شاعیر و نووسەرە و باوکیشی (جەیمسۆن پیتەر مێندێز) مامۆستای زانکۆ بووە، باپیریشی (ئالفرێد هوبێرت مێندێز) ڕۆماننوسێکی بەناوبانگ بووە. کاتێک تەمەنی پێنج ساڵان بووە، دایک و باوکی لەیەکتری جیابوونەتەوە، بۆیە لەگەڵ دایکی لە باکوری شاری "لەندەن" نیشتەجێ دەبن و هەندێک کات باوکی سەردانی کردوون و (سام)ی بردووە بۆ بینینی فیلم و شانۆ. هەر لە شاری "لەندەن" خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووە. کاتێک تەمەنی دوازدە ساڵان بووە، لەگەڵ دایکی چوونەتە شاری "ئۆکسفۆرد". لەوێش لە خوێندنگای (Magdalen College School) دەستی بە خوێندن کردۆتەوە و یەکێک بووە لە خوێندکارە بلیمەتەکان و زۆربەی کاتەکانی بە خوێندنەوە و سەیرکردنی فیلم بەسەربردووە. دوای تەواوکردنی قوتابخانە، لە کۆلێژی ئادابی زمانی ئینگلیزی زانکۆی "کامبریج" وەرگیراوە. هەر لەوێ دەبێت بە ئەندام لە گروپێکی شانۆیی و کاری دەرهێنان بۆ چەند شانۆنامەیەک دەکات. لە ساڵی ١٩٨٧، لەدوای دەرچوونی لە کۆلێژ بە پلەی یەکەم، وەکوو یاریدەدەری دەرهێنەر لە "Chichester Festival Theatre" دەست بەکار بووە. لە ساڵی ١٩٩٠ لە "Royal Shakespeare Company" کاری دەرهێنانی بۆ چەند شانۆنامەیەکی "ویلیام شکسپیر"ی شاعیر و نووسەری ئینگلیز کردووە، لەوانە (Troilus and Cresside) و (The Tempest) و (Richard III). (مێندێز) یەکەمین فیلمی درێژی خۆی لە ساڵی ١٩٩٩ بەناوی (American Beauty) بەرهەمهێنا، کە زیاتر لە ٣٥٦.٣ ملیۆن دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسدا قازانج کرد، فیلمەکە بووە براوەی خەڵاتی ئەکادیمیای ئۆسکار و خەڵاتی "گۆڵدن گڵەب" و "بافتا" بۆ باشترین فیلمی ساڵ. (مێندێز)یش توانی خەڵاتی ئۆسکار و "گۆڵدن گڵەب" بۆ باشترین دەرهێنەر بباتەوە، بەوەش هاتە ڕیزبەندی شەشەمین ئەو دەرهێنەرانەی کە بەیەکەمین فیلم ببێته براوەی خەڵاتی ئۆسکار. دووەمین فیلمی لە ساڵی ٢٠٠٢ بەناوی (Road to Perdition)، بۆ شەش خەڵاتی ئۆسکار پاڵێورا و توانی بۆ باشترین سینەماتۆگرافی خەڵاتەکە بەدەست بهێنێت. لە ساڵانی دواتر، کاری دەرهێنانی بۆ فیلمەکانی (Jarhead\2005)، و (Revolutionary Road\2008) بە بەشداری ئەکتەران (کەیت وینسڵێت) و (لیۆناردۆ دێکاپێرۆ)، دوو بەشی فیلمی (James Bond) بەناوی (Skyfall\2012) و (Spectre\2015) کردووە. لە ساڵی ٢٠١٩ فیلمی جەنگی (1917) بەرهەمهێنا، سەرکەوتێکی گەورەی بەدەستهێنا و بە شاکارێکی سینەمایی دادەنرێت، زیاتر لە ٣٨٤.٩ ملیۆن دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسدا قازانج کرد و بۆ هەشت خەڵاتی ئەکادیمیای ئۆسکار پاڵێورا، توانی سێ خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین سینەماتۆگرافی و باشترین ڤیژوەڵ ئیفێکت و باشترین دەنگ بەدەست بهێنێت. بۆ سێ خەڵاتی "گۆڵدن گڵەب" پاڵێورا و توانی دووانیان بباتەوە بۆ باشترین دەرهێنەر و باشترین فیلمی درامی. بۆ نۆ خەڵاتی "بافتا" پاڵێورا و توانی حەوت خەڵات بباتەوە. چیرۆکی فیلمەکە باس لە دوو سەربازی بەڕیتانی دەکات، کە لەماوەی جەنگی جیهانی یەکەمدا هەڵدەستن بە ئەرکێکی ئەستەم کە دەبێت بچنە ناو سەنگەرەکانی بەرەی دوژمن بۆ گەیاندنی پەیامێک بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە کوژرانی ١٦٠٠ هاوڕێی سەربازی خۆیان. لە ساڵی ٢٠٢٢، فیلمی (Empire of Light) لە ژانەری دراما، ڕۆمانسی بەرهەمهێنا. (مێندێز) لە ساڵی ٢٠٠٣دا هاوسەرگیری لەگەڵ خانمە ئەکتەر (کەیت وینسڵێت) کرد و بوون بە باوانی کوڕێک، بەڵام لە ساڵی ٢٠١١دا لەیەکتری جیابوونەوە. لە ساڵی ٢٠١٧دا هاوسەرگیری لەگەڵ خانمە میوزیکژەن (ئەلیسۆن بالسۆم) کرد. لە ساڵی ٢٠٠٨دا، ڕۆژنامەی (The Daily Telegraph) لە لیستی "سەد بەهێزترین کەسایەتییەکانی کلتوری بەڕیتانیا"، پلەی پازدەیان پێداوە.

فیلمەکانی

ئاكشن - ژیانامه‌ - درامی
ئاكشن - سه‌ركێشی - چیرۆكی هه‌ست بزوێن
ئاكشن - سه‌ركێشی - چیرۆكی هه‌ست بزوێن

زنجیرەکانی

نییەتی