ئەلێخاندرۆ گۆنزالێز ئیناریتۆ
ئەلێخاندرۆ گۆنزالێز ئیناریتۆ
وەرگێڕان: ژانیار بێستون (ئەلێخاندرۆ گۆنزالێز ئیناریتۆ) فیلمسازی مەکسیکی لە ١٥ی ئابی ساڵی ١٩٦٣ لە شاری "مەکسیکۆ" لەدایکبووە، بچووکترین مناڵی خێزانەکەیە، باپیری پارێزەر و دادوەرێکی بەناوبانگ بووە لە دادگای باڵای شاری "مەکسیکۆ". لە تەمەنی ١٧ ساڵی بەهۆی نمرەی کەم و بەد ڕەفتاری لە قوتابخانەی ئامادەیی دەرکراوە. دوای ماوەیەکی کەم لەگەڵ کچی خێزانێکی دەوڵەمەند ڕادەکەنە شاری "ئاکاپولکۆ"، بەڵام دوای هەفتەیەک دەگەڕێتەوە شاری "مەکسیکۆ". هەر دوای ئەوە، ماڵەوە بەجێدێڵێت و وەکوو دەریاوان لەسەر کەشتییەکی بارهەڵگر دەست بەکار دەکات، لە تەمەنی شازدە و هەژدە ساڵیدا دوو گەشت دەکات، سەرەتا بە ڕووباری "میسیسیپی"دا و دواتر سەردانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەفریقا دەکات. بەو بڕە پارەیەی کە باوکی بۆی دابین کردووە، لە دووەمین گەشتیدا بۆ ماوەی ساڵێک لە ئەوروپا دەمێنێتەوە. هەر زوو درک بەوە دەکات کە ئەم گەشتانەی لە تەمەنی لاوێتیدا کاریگەرییەکی زۆریان خستۆتە سەری وەکوو فیلمسازێک و هەر لەبەرئەوە زۆربەی کاری وێنەگرتنی فیلمەکانی لەو شوێنانەیە کە لەو ماوەیەدا سەردانی کردوون. دوای ئەوە دەگەڕێتەوە شاری "مەکسیکۆ" و پسپۆڕی لە بەشی گەیاندن بەدەست دەهێنێت لە پەیمانگای "Universidad Iberoamericana". لە ساڵی ٢٠٠٠دا، (ئیناریتۆ) یەکەمین فیلمی درێژی خۆی بەناوی (Amores Perros) بەرهەمهێنا، بۆ یەکەمین جار لە "ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کان" نمایشکرا، و بۆ خەڵاتێکی ئەکادیمیای ئۆسکار پاڵێورا بۆ باشترین فیلمی بیانی. فیلمی دواتری بەناوی (21 Grams) لە ساڵی ٢٠٠٣ بەرهەمهێنا، کە لە "ڤیستیڤاڵی فیلمی ڤینیس" پێشبڕکێی بردنەوەی خەڵاتی شێری زێڕینی دەکرد، هەروەها بۆ دوو خەڵاتی ئەکادیمیای ئۆسکار پاڵێورا. لە ساڵی ٢٠٠٦دا فیلمی (Babel)ی بەرهەمهێنا، کە لە چوار چیرۆکی جیاواز پێکدێت، لە وڵاتانی مەغریب، مەکسیک و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ژاپۆن وێنەی گیراوە، بە چوار زمانی جیاواز. لە "ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کان" نمایشکرا و (ئیناریتۆ) خەڵاتی باشترین دەرهێنەری بردەوە، بەوەش بووە یەکەمین دەرهێنەری مەکسیکی کە ئەو خەڵاتە بباتەوە. لەڕووی بازرگانییەوە سەرکەوتنێکی زۆری بەدەستهێنا و بۆ حەوت خەڵاتی ئەکادیمیای ئۆسکار پاڵێورا، توانی بۆ باشترین میوزیکی ڕەسەن خەڵاتەکە بباتەوە. لە ساڵی ٢٠١٠دا فیلمی (Biutiful)ی بەرهەمهێنا، بە بەشداری ئەستێرەی ناودار (خاڤێیر باردێم)، بۆ دووەمین جار فیلمەکەی پاڵێورا بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین فیلمی بیانی و (خاڤێیر) پاڵێورا بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین ئەکتەر و بۆ خەڵاتێکی "گۆڵدن گڵەب" پاڵێورا بۆ باشترین فیلمی بیانی. دواتر لە ساڵی ٢٠١٤دا فیلمی (Birdman)ی بەرهەمهێنا، لەکۆتایدا (ئیناریتۆ) توانی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین دەرهێنەر و باشترین فیلم بباتەوە. ساڵی دواتر فیلمی (The Revenant)بەرهەمهێنا، بە بەشداری ئەستێرەی ناودار (لیۆناردۆ دێکاپێرۆ)، فیلمەکەش سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، بۆ دوازدە خەڵاتی ئۆسکار پاڵێورا، (ئیناریتۆ) توانی بۆ دووەمین جار خەڵاتەکە بۆ باشترین دەرهێنەر بباتەوە و (لیۆناردۆ)ش خەڵاتەکەی بۆ باشترین ئەکتەر بردەوە، و فیلمەکە توانی سێ خەڵاتی "گۆڵدن گڵەب" بباتەوه. لە ساڵی ٢٠٢٢دا فیلمی (Bardo, False Chronicle of a Handful of Truths) بەرهەمهێنا و بۆ خەڵاتێکی ئۆسکار پاڵێورا بۆ باشترین سینەماتۆگرافی. (ئیناریتۆ) لەگەڵ خانمە گرافیک دیزاینەر (ماریا ئیلادیا هاگێرمان) هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی دوو منداڵن. باشترین هاوڕێکانی (ئەلفۆنسۆ کوارۆن) و (گویلێرمۆ دێل تۆرۆ) دوو دەرهێنەری ناوداری مەکسیکین، هەمیشە پاڵپشتی یەکترین و لە پیشەسازی فیلمدا بە "سێ هاوڕێیەکە" ناسراون.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی