دارین ئارۆنۆفسکی
دارین ئارۆنۆفسکی
دارین ئارۆنۆفسکی وەرگێڕان: ژانیار بێستون فیلمساز و بەرهەمهێنەر و سیناریۆنووسی ئەمریکی (دارین ئارۆنۆفسکی) لە ١٢ی شوباتی ساڵی ١٩٦٩ لە شاری "نیویۆرک" ی ئەمریکا لەدایکبووە. سەر بە خێزانێکی جوولەکەیە. خووشکەکەی (پاتی) بەرهەمهێنەرێکی تەلەفزیۆنییە. کارەکانی نامۆیی، سۆزمەندی و هەندێک کات کەشێکی بێزاری لە ژیان پێوە دیارە، زۆرجار لە شێوەی چیرۆکێکی دەروونین. خۆشەویستی بۆ دنیای سینەما درەنگ پەرەی سەند، و بیری لە پیشەی فیلمسازی نەکردۆتەوە تاکو بووبە خوێندکار لە بەشی فیلمسازی و زانستی مرۆڤناسی لە زانکۆی "هارڤارد"، پێش ئەوەی بەشی فیلمسازی تەواوبکات لە پەیمانگای (American Film Institute). لە تەمەنی لاویدا لەگەڵ دایکو باوکی دەڕۆیشت بۆ بینینی ئەو نمایشانەی لە شەقامەکانی "نیویۆرک"دا پێشکەش دەکران، هەر لە منداڵییەوە حەز و خولیای بابەتی زیندەوەرزانی بووە، بۆ ئەم مەبەستەش بەشداری لە خولێکی ڕاهێنان دەکات لە قوتابخانەی (The School For Field Studies) لە "کینیا" لەساڵی ١٩٨٥ و دواتریش لە "ئەلاسکا" لەساڵی ١٩٨٦. دواتر دەچێت بۆ قوتابخانەیەک لە "کینیا" تاکو زیاتر لەبارەی گیانداری سمدار بزانێت. (دارین) یەکەمین فیلمی درێژی لەساڵی ١٩٩٨ بەرهەمهێنا بەناوی (Pi)، کە لە ڤیستیڤاڵی (Sundance Film Festival) نمایشکرا، لەوێ توانی خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بباتەوە. چیرۆکێکی دەروونی ئاڵۆزە و کۆمەڵێک بابەت لەخۆدەگرێت لەوانە ئاین، سۆفیگەری، و پەیوەندی گەردوون بە زانستەکانی بیرکاری. باس لە بیرکاریزانێکی بەهرەمەند دەکات کە بەدوای جێگیری و هاوسەنگی بیرکاریانەدا دەگەڕێت لە ژیانە بەخەوش و نالۆژیکییەکەیدا. فیلمی دواتری لەساڵی ٢٠٠٠ بەناوی (Requiem For a Dream) کە قازانجێکی زۆر کەمی کرد لە بۆکس ئۆفیسدا، بەڵام لەلایەن ڕەخنەگرانەوە پێشوازییەکی باشی لێکرا، بۆ خەڵاتێکی ئۆسکار و "گۆڵدن گڵەب" پاڵێورا. لە ساڵی ٢٠٠٢ لە فیلمی ترسناکی (Blow) وەکوو سیناریۆنووس بەشداربوو. دواتر فیلمی درامی (The Fountain\2006) بەرهەمهێنا، کە بەهەمان شێوە قازانجێکی کەمی کرد لە بۆکس ئۆفیسدا. دواتر لەساڵی ٢٠٠٨ فیلمی وەرزشی، درامی (The Wrestler) بەرهەمهێنا کە بۆ دوو خەڵاتی ئەکادیمیای ئۆسکار پاڵێورا. لەساڵی ٢٠١٠دا فیلمی (Black Swan) بەرهەمهێنا لە ژانەری درامی و چیرۆکی هەستبزوێن، لە ڕۆڵگێڕانی سەرەکی خانمە ئەکتەری ئیسرائیلی- ئەمریکی (ناتالی پۆرتمان)، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا بۆ چەندین خەڵاتی جۆراوجۆر پاڵێورا، لەوانە بۆ پێنج خەڵاتی ئەکادیمیای ئۆسکار پاڵێورا، توانی تەنیا یەک خەڵات بباتەوە بۆ باشترین خانمە ئەکتەر. فیلمەکانی دواتریشی، (Noah\2014)، (Mother\2017)، نوێترین فیلمی بەناوی (The Whale\2022) بۆ سێ خەڵاتی ئەکادیمیای ئۆسکار پاڵێورا بۆ باشترین ئەکتەر و باشترین خانمە ئەکتەر لە ڕۆڵی پاڵپشت و باشترین مەیکئەپ و توانی دووانیان بباتەوە. لە ساڵی ٢٠١٨دا کاری بەرهەمهێنانی بۆ زنجیرەیەکی بەڵگەنامەیی کرد بەناوی (One Strange Rock) کە لە تۆڕی تەلەفزیۆنی (National Geographic) بڵاوکرایەوە، کە تێیدا باس لە پەرەسەندنی ژیان دەکات لەسەر هەسارەی زەوی وسەرنج دەخاتە سەر تێڕوانینی بێوێنەی هەشت ئاسمانەوان کە بۆ ماوەی هەزار ڕۆژ لە زەویەوە دووربوون. (دارین) لە ساڵی ٢٠٠١دا پەیوەندی لەگەڵ خانمە ئەکتەری ئینگلیز (ڕەیچڵ وێیسز) دانا و تا لەساڵی ٢٠٠٥دا هاوسەرگیرییان کرد و بوون بە باوانی کوڕێک بەناوی (هێنری)، لە گوندێکی ڕۆژهەڵاتی "مانهانتن" نیشتەجێ بوون. لەساڵی ٢٠١٠دا ڕایانگەیاند کە جیابوونەتەوە. لەساڵی ٢٠١٦دا ژووانی لەگەڵ خانمە ئەکتەری ئەمریکی (جێنێفەر لۆرێنس) بەست، دوای ئەوەی لە فیلمی (Mother) بەیەکەوە کاریان کرد، بەڵام پەیوەندییەکەیان لەساڵی ٢٠١٧دا کۆتایی هات. شایانی باسە چالاکوانێکی بواری ژینگەپارێزییە کە خەمخۆری خۆی بۆ کێشەکانی ژینگە لە فیلمەکانی (Noah) و (Mother)دا دەربڕیوە. ئەندامی ئەنجوومەنە لە ڕێکخراوی (Sierra Club Foundation) و پڕۆگرامی ژینگەپارێزی (The School For Field Studies).

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی