پاوڵ تۆماس ئەندەرسن
پاوڵ تۆماس ئەندەرسن
پاوڵ تۆماس ئەندەرسن وەرگێڕان: ژانیار بێستوون دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر و سیناریستی ئەمریکی (پاوڵ تۆماس ئەندەرسن) لە ٢٦ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٠ لە "لۆس ئەنجلۆس، کالیفۆڕنیا" لەدایکبووە. چوار برا و چوار خوشکی هەیە، باوکی (ئیرنی ئەندەرسن) کەسایەتییەکی بەناوبانگی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و بێژەر و پێشکەشکاری نمایشی ترسناک بووە. لەکاتێکدا (ئەندەرسن) پەیوەندییەکی خراپی لەگەڵ دایکیدا هەبووە، بەڵام بەپێچەوانەوە لەگەڵ باوکیدا پەیوەندییەکی باشی هەبووە، و هەمیشە پاڵپشتی کردووە و هانی کوڕەکەی داوە بەدوای پیشەیەکدا بگەڕێت لەبواری فیلمسازیدا. هەر لە منداڵییەوە حەز و خولیای بواری سینەما بووە، لە تەمەنی هەشت ساڵیدا یەکەم فیلمی خۆی بەرهەمهێنا. لە تەمەنی هەرزەکاریدا دەستی بە نووسینی سکریپت کرد و کامێرای هەشت میللیمەتری بەکارهێنا، لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا بۆ یەکەمین جار کامێرای "بۆڵێکس"ی شازدە میللیمەتری بەکارهێنا. (ئەندەرسن) لە چەندین قوتابخانەدا خوێندویەتی، لەو ماوەیەی لە قوتابخانەی (Montclair Prep) بووە، یەکەمین کورتە فیلمی خۆی بەرهەمهێنا بەناوی (The Dirk Diggler Story) لەساڵی ١٩٨٨دا. دوای تەواوکردنی ئامادەیی، لە کۆلێژی (Santa Monica College) دەستی بە خوێندن کرد و دواتر گۆڕی بۆ کۆلێژی (Emerson College) تاکو لە بەشی ئادابی زمانی ئینگلیزی بخوێنێت بەڵام لەدوای خوێندنی دوو وەرز وازی هێنا. دواتر دەستی بە خوێندن کرد لە کۆلێژی (New York University Film School) بەڵام دوای ماوەیەکی کەم لەوێش وازی هێنا. لەساڵی ١٩٩٣، دووەمین کورتە فیلمی بەرهەمهێنا بەناوی (Cigarettes & Coffee)، ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا کە وایکرد لە ڤیستیڤاڵی (Sundance Film Festival)ی ساڵی ١٩٩٤دا بانگێشت بکرێت. بیرۆکەی ئەم کورتە فیلمە بووە هۆی ئەوەی (ئەندەرسن) لەساڵی ١٩٩٦دا یەکەمین فیلمی درێژی خۆی بەرهەم بهێنێت بەناوی (Hard Eight) لە ژانەری چیرۆکی هەستبزوێن و تاوانکاری، بەبەشداری چەندین ئەکتەری بەناوبانگ. دووەمین فیلمی درێژی لەساڵی ١٩٩٧دا بەرهەمهێنا بەناوی (Boogie Nights)، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، کە لە حەفتایەمین خەڵاتەکانی ئەکادیمیای ئۆسکار پاڵێوراوی سێ خەڵات بوو و بۆ دوو خەڵاتی "گۆڵدن گڵەب" پاڵێورا. دواتر لەساڵی ١٩٩٩ فیلمی (Magnolia)ی بەرهەمهێنا، کە لە ٧٢یەمین خەڵاتەکانی ئەکادیمیای ئۆسکار پاڵێوراوی سێ خەڵات بوو. لەساڵی ٢٠٠٢دا، فیلمی (Punch- Drunk Love)ی بەرهەمهێنا، کە (ئەندەرسن) توانی خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بباتەوە لە ڤیستیڤاڵی فیلمی کان. لەساڵی ٢٠٠٧دا کاری دەرهێنانی بۆ فیلمی (There Will Be Blood) کرد، بەبەشداری ئەکتەری ناوداری بەڕیتانی (دانیاڵ دەی لویس)، کە لەڕووی بازرگانییەوە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، ٧٦.٢ ملیۆن دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسدا قازانج کرد، بۆ هەشت خەڵاتی ئۆسکار پاڵێورا و توانی دوو خەڵات بباتەوە بۆ باشترین ئەکتەر و باشترین سینەماتۆگرافی، و توانی خەڵاتێکی "گۆڵدن گڵەب" بۆ باشترین ئەکتەر و دوو خەڵاتی "بافتا" بۆ باشترین ئەکتەر و سیناریۆی وەرگیراو بباتەوە، هەروەها توانی خەڵاتی (Silver Bear Award) بۆ باشترین دەرهێنەر بباتەوە لە ڤیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی "بەرلین" لەساڵی ٢٠٠٨دا. لەدوای بڵاوبوونەوەی، لە لیستی یەکێک لە باشترین فیلمەکانی سەدەی بیست و یەکدا دادەنرێت. لەساڵی ٢٠١٢دا فیلمی (The Master)ی بەرهەمهێنا بەبەشداری ئەکتەری ناوداری ئەمریکی (خواکین فینیکس)، لە ڤیستیڤاڵی فیلمی "ڤینیس"دا نمایشکرا، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، بۆ سێ خەڵاتی ئەکادیمیای ئۆسکار و سێ خەڵاتی "گۆڵدن گڵەب" و چەندین خەڵاتی جۆراوجۆری تر پاڵێورا و خودی (ئەندەرسن)یش ڕایگەیاند لەناو فیلمەکانیدافیلمی (The Master) دڵخوازترین فیلمیەتی و زۆر شانازی پێوە دەکات. لەساڵی ٢٠١٤دا دووبارە لەگەڵ (خواکین فینیکس) کاری کردەوە لە فیلمی (Inherent Vice) کە بۆ دوو خەڵاتی ئۆسکار پاڵێورا، و لە هەمان ساڵدا فیلمی (Phantom Thread)، فیلمەکە سەرنجی بینەران و ڕەخنەگرانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا و بۆ شەش خەڵاتی ئۆسکار پاڵێورا و توانی یەک خەڵات بباتەوە بۆ باشترین دیزاین. لە ساڵانی ١٩٩٧ بۆ ٢٠٠٠ ژووانی لەگەڵ خانمە میوزیکژەن (فیۆنا ئاپڵ)دا دەبەست. لەساڵی ٢٠٠١دا پەیوەندی لەگەڵ خانمە ئەکتەر و کەسایەتی کۆمیدی (مایا ڕودۆڵف) دانا، باوانی چوار منداڵن و لە دۆڵی "سان فێرناندۆ"دا نیشتەجێ بوون. (ئەندەرسن) کەسێکی گیاخۆرە. شایانی باسە لەگەڵ دەرهێنەری مەزنی ئەمریکی (کوێنتین تارانتینۆ) دوو هاوڕێی باشی یەکترین و (تارانتینۆ) ستایشی کارەکانی (ئەندەرسن) دەکات و بە "هونەرمەندی فیلمسازی" بانگی دەکات.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی