گۆر ڤێربنسکی
گۆر ڤێربنسکی
گۆر ڤێربنسکی وەرگێڕان: ژانیار بێستون گرێگۆر جەستن ڤێربنسکی کە بە (گۆر) ناسراوە، فیلمساز و سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەر و میوزیکژەنێکی ئەمریکییە، لە ١٦ی ئاداری ساڵی ١٩٦٤دا لە (ئۆواک، تێنێسی) لە ئەمریکا لەدایکبووە، و چوارەم منداڵە لە پێنج منداڵەکانی دایک و باوکی. دایکی ناوی (لاورێت ڤێربنسکی)یە و باوکیشی ناوی (ڤیکتۆر ڤینسێنت ڤێربنسکی) کە پسپۆڕ بووە لە بواری فیزیایی ناوکی، بە ڕەچەڵەک پۆڵەندی بووە. لەساڵی ١٩٦٧، بنەماڵەکەی گواستویانەتەوە بۆ "کالیفۆڕنیا"، و (گرێگۆر) لە نزیک (سان دیێگۆ) گەورەبووە. لە سەرەتادا وەکوو گیتارژەنێک دەستی بە پیشەکەی کرد بۆ کۆمەڵێک باندی میوزیکی لەوانەش (The Daredevils) و (The Little Kings)، و فیلمەکانی سەرەتاشی لەگەڵ هاوڕێکانی بەرهەمهێنا. لەدوای دروستبوونی حەز و خۆشەویستی بۆ پیشەی فیلمسازی، ناچاربوو گیتارەکەی بفرۆشێت لەپێناو کڕینی کامێرایەکی ٨ میللیمەتری. بۆ ئەم مەبەستەش، لە کۆلێژی فیلمسازی (UCLA) لە لۆس ئەنجلۆس، کالیفۆڕنیا دەستی بە خوێندن کرد، هەروەها لەساڵی ١٩٨٧ لەدوای تەواوکردنی کۆلێژ، یەکەمین کاری پڕۆفیشناڵی، بەرهەمهێنانی ڤیدیۆ میوزیک بووە بۆ چەندین باندی جۆراوجۆر لەوانەش (L7)، (Bad Religion)، و (Monster Magnet). دواتریش دەستی کرد بە بەرهەمهێنانی ڕیکلامی بازرگانی بۆ کۆمپانیاکانی (Nike)، (Canon)، (Skittles)، (United airlines)، (Coca-Cola). لەبەرامبەر هەوڵ و ماندووبوونەکانی لە ڕیکلامە بازرگانییەکان، (ڤێربنسکی) چوار خەڵاتی (Clio) و خەڵاتێکی شێری زیوی لە ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی "کانس" بۆ داهێنەری و ڕیکلام بردۆتەوە. لەساڵی ١٩٩٧، یەکەمین فیلمی درێژی خۆی بەرهەمهێنا بەناوی (Mousehunt) لە ژانەری خێزانی، کۆمیدی. دواتریش لەساڵی ٢٠٠١دا، (The Mexican) بەرهەمهێنا، لە بۆکس ئۆفیسدا ١٤٧.٨ ملیۆن دۆلاری قازانج کرد. فیلمی دواتری لەساڵی ٢٠٠٢دا (The Ring) لە ژانەری ترسناک بەرهەمهێنا، کە زیاتر لە ٢٣٠ ملیۆن دۆلاری لە سەرانسەری جیهاندا قازانج کرد. لەساڵی ٢٠٠٣دا سەرکەوتووترین فیلمی خۆی لەگەڵ کۆمپانیای "دیزنی" بەرهەمهێنا بەناوی (Pairates of The Caribbean: The Curse of The Black Pearl)، بەبەشداری ئەکتەری ناوداری ئەمریکی (جۆنی دێپ) و چەندان ئەکتەری بەتوانای تر، فیلمەکەش زیاتر لە ٦٥٠ ملیۆن دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسدا قازانج کرد، هەروەها بۆ پێنج خەڵاتی ئۆسکار و چەندین خەڵاتی جۆراوجۆر پاڵێورا. لەدوای بەدەستهێنانی ئەم سەرکەوتنە گەورەیە، کۆمپانیای "دیزنی" داوای بەرهەمهێنانی دوو بەشی تریان لێکرد، کە (ڤێربنسکی) کاری وێنەگرتنی هەردوو بەشەکەی لە دوورگەکانی "کاریبی" دا بۆ کردووە. بەشی دووەم بەناوی (Pairets of the Caribbean: Dead Man's Chest\2006) زیاتر لە ١.٠٦٦ بلیۆن دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسدا قازانج کرد، بەشی سێیەمیش (Pairets of the Caribbean: At World's End\2007) زیاتر لە ٩٦٣.٤ ملیۆن دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسدا قازانج کرد. لەساڵی ٢٠١١دا، کاری دەرهێنانی بۆ ئەنیمەیشنی (Rango) کرد، کە سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمارکرد، هەم لەڕووی بازرگانییەوە، و هەم لەلایەن ڕەخنەگرانیشەوە پێشوازییەکی باشی لێکرا، و توانی خەڵاتی ئەکادیمیای ئۆسکار و خەڵاتێکی "بافتا" بۆ باشترین فیلمی ئەنیمەیشن بباتەوە، هەروەها بۆ خەڵاتێکی "گۆڵدن گڵەب" پاڵێورا. گۆر ڤێربنسکی هەمیشە خۆی لە چاوی ڕاگەیاندنەکان بەدوور دەگرێت، لەگەڵ هاوژینەکەی و دوو کوڕەکەی دوور لە سەرنجی میدیاکان، لە شاری (لۆس ئەنجلۆس، کالیفۆڕنیا)دا دەژین.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی