بیڵی وایڵدەر
بیڵی وایڵدەر
بیڵی وایڵدەر وەرگێڕان و ئامادەکردن: ژانیار بێستون فیلمسازی ئەمریکی- نەمساوی (بیڵی وایڵدەر)، ناوی ڕەسەنی (ساموێل وایڵدەر) لە ٢٢ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٠٦ لە شارۆچکەی "سوچا بێسکیدزکا"ی وڵاتی پۆڵەندا لەدایکبووە. کارەکانی ئەم فیلمسازە بۆ ماوەی پێنج سەدە لە هۆلیود ماوەتەوە و بەیەکێک لە بلیمەترین و بەهرەدارترین فیلمسازەکان دادەنرێت لە جیهانی سینەمای کلاسیکی هۆلیود. دایکی بە (بیڵی) بانگی کردووە و ئەم نازناوەی لێناوە، بەهۆی سەرسامبوونی بە پاڵەوان و سەربازی ئەمریکی (بافلو بیڵ)، هەروەها بە "منداڵێکی هاروهاج" وەسفی کردووە. برا گەورەکەی (وو. لی وایڵدەر) بەهەمان شێوە فیلمساز بووە. دایکو باوکی دوکانێکی کێک و شیرینەمەنی ناسراویان هەبووە لە وێستگەی شەمەندەفەری "سوچا" و دواتر لەهەمان وێستگەدا چەند قاوەخانەیەکیان لە فارگۆنی شەمەندەفەردا کردۆتەوە. باوکی کۆچی دوایی کرد کاتێک تەمەنی ٢٢ ساڵ بوو. دوای ئەوە لەگەڵ خێزانەکەیدا چووەتە شاری "ڤیەننا"، لەوێ لە زانکۆیەک دەستی بە خوێندن کرد، بەڵام زوو وازی هێنا و دەستی دایە کاری ڕۆژنامەنووسی، و دەبێتە سەرنووسەری ڕۆژنامەی "ڤینیس" لە نەمسا. لەپێناو بەرەوپێش بردنی پیشەکەی، بڕیاریدا ڕووبکاتە شاری "بەرلین"ی پایتەختی وڵاتی ئەڵمانیا. لەدوای نووسینی چیرۆکگەلی تاوانی و وەرزشی بۆ نوێنەری ڕۆژنامەیەکی ناوخۆیی، لەکۆتایدا لە ڕۆژنامەیەکی "بەرلین"دا پێشنیاری کاری بۆ کرا. لەوێوە حەز و خولیای بۆ پیشەی فیلمسازی وردە وردە پەرەی دەسەند و لەسەرەتادا وەکوو سیناریۆنووسێک دەستی پێکرد. لەدوای سەرکەوتنی (ئەدۆڵف هیتلەر)، (وایڵدەر)، کە خۆی جوولەکە بوو، بەناچاریی ڕوودەکاتە شاری "پاریس"، و لەوێشەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لەدوای ئەوەی لەساڵی١٩٣٣دا گەیشتە هۆلیود، لەگەڵ هاوڕێیەکی خۆی باڵەخانەیەک بەکرێ دەگرن، وەکوو سیناریۆنووسێک بەردەوام دەبێت. لەساڵی ١٩٣٤دا ڕەگەزنامەی ئەمریکی وەردەگرێت و لەوێ نیشتەجێ دەبێت. یەکەمین سەرکەوتنی گەورەی لە فیلمی (Ninotchka)دا تۆمارکرد، بە هاوکاری هاوڕێ کۆچبەرە ئەڵمانییەکەی (ئرنێست لوبیتسچ). لەساڵی ١٩٣٩دا بڵاوبۆوە و لەلایەن ڕەخنەگران و بینەران پێشوازییەکی گەرمی لێکرا. هەروەها (وایڵدەر) بۆ یەکەمین جار پاڵێورا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئەکادیمیای ئۆسکار. دواتر لەدوای بەرهەمهێنانی فیلمی (Double Indemnity\1944) زیاتر ناو و ناوبانگی پەیداکرد، بەبەشداری چەندین ئەکتەری ناوازەی ئەو سەردەمە، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، بۆ حەوت خەڵاتی ئەکادیمیای ئۆسکار پاڵێورا لەوانەش باشترین فیلم و دەرهێنەر و سیناریۆ. چیرۆکی فیلمەکەش لە ڕۆمانێکی نووسەری ئەمریکی (جەیمس، ئێم کەین)ـەوە وەرگیراوە. لەساڵی ١٩٤٥دا، بەشی پسپۆڕانی جەنگی دەروونی سەر بە سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فیلمێکی بەڵگەنامەیی ئەمریکیان بەرهەمهێنا بەناوی (Death Milles) کە (وایڵدەر) خۆی کاری دەرهێنانی بۆ کرد، تایبەت بۆ بینەرانی وڵاتی ئەڵمانیا تاکو بەچاوی خۆیان ئەو کارە دڕندانە و بێبەزەییانەی کە لەلایەن سیستەمی حوکومەتی نازییەکانەوە ئەنجامدراوە بیبینن. دوو ساڵ دواتر، (وایڵدەر) ڕۆمانەکەی نووسەری ئەمریکی (چاڕڵز، ئاڕ جاکسۆن)ـی کردە فیلم (The Lost Weekend) لەژێر هەمان ناودا، و دواتر لە ڤیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی "کانس"دا نمایشکرا و توانی خەڵاتی (Palme d'or) ڤیستیڤاڵەکە و چوار خەڵاتی ئەکادیمیای ئۆسکار بباتەوە لەوانەش باشترین فیلم و باشترین دەرهێنەر. لەساڵی ١٩٥٠دا فیلمی (Sunset Boulevard) لە ژانەری کۆمیدیای ڕەش بەرهەمهێنا، چیرۆکی فیلمەکەش باس لە ئەکتەرێکی فیلمی بێدەنگ دەکات کە خەون بەوەوە دەبینێت بگەڕێتەوە ناو جیهانە مۆدێرنەکەی سینەما، بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە سیناریۆنووسێک دەکات دەقێکی بۆ بنوسێت و یارمەتیدەری بێت لەپێناو بەدیهێنانی ئەم ئامانجەدا، بەڵام ڕووداوەکان ئاڕاستەیەکی تر وەردەگرن. شایانی باسە بۆ وەرگرتنی یازدە خەڵاتی ئۆسکار پاڵێورا و توانی سێ دانەی بباتەوە. ساڵانی پەنجاکان و شەستەکان ساڵانی پڕ بەرهەمی ناوازەی ئەم فیلمسازە بووە، هەریەکە لە فیلمەکانی (Sabrina\1954) و (The Seven Year Itch\1955) و (Love In The Afternoon\1957) و (Witness For The Prosecution\1957) و (Some Like It Hot\1959) بەرهەم دەهێنێت، کە هەریەکەیان بۆ وەرگرتنی چەندین خەڵاتی ئۆسکار پاڵێوران. لەساڵی ١٩٦٠دا، فیلمی کۆمیدی، ڕۆمانسی (The Apartment) بەرهەم دەهێنێت، کە یەکێک بووە لە فیلمە زۆر سەرکەوتووەکانی دەرهێنەر، بۆ وەرگرتنی دە خەڵاتی ئۆسکار پاڵێورا و توانی پێنجیان بباتەوە، و هەریەکە لە (Fedora\1978) و (Buddy Buddy\1981) بریتی بوون لە دواین فیلمەکانی فیلمسازەکە. لە ژیانیدا چەندین خەڵاتی گرنگی بەدەستهێناوە لەوانەش (American Film Institute Life Achievement) لەساڵی ١٩٨٦دا، هەروەها (Irving G. Thalberg Memorial Award) لەساڵی ١٩٨٨دا، و (Kennedy Center Honors) لەساڵی ١٩٩٠دا، و (National Medal of Arts) لەساڵی ١٩٩٣دا. لە ٢٢ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٣٦دا هاوسەرگیری دەکات و لەساڵی ١٩٣٩دا دەبێتە باوکی دووانەیەک (ڤینسێنت و ڤیکتۆریا) بەڵام (ڤینسێنت) دوای ماوەیەکی کەم لە لەدایکبوونی دەمرێت. لەساڵی ١٩٤٦دا لە هاوژینەکەی جیادەبێتەوە. لەکاتی بەرهەمهێنانی فیلمی (The Lost Weekend)دا خانمە ئەکتەر (ئۆودری یەنگ) دەناسێت و لەساڵی ١٩٤٩دا هاوسەرگیری دەکەن. لە بەرواری ٢٧ـی ئاداری ساڵی ٢٠٠٢دا، بەهۆی ناڵاندنی بە نەخۆشی شێرپەنجەی سییەکانەوە کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەشی (Pierce Brothers Westwood Village Memorial Park and Mortuary) لە شاری (لۆس ئەنجلۆس، کالیفۆڕنیا) بە خاک سپێردرا.

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی