وەرگێڕان: ژانیار بێستون
فیلمسازی ئەمریکی (وێسلی وەیڵز ئەندەرسن) لە ١ی مایسی ساڵی ١٩٦٩ لە شاری "هیوستن، تەکساس" لەدایکبووە. دایکی (ئان ئەندەرسن) شوێنەوارناس بووە و باوکیشی (مێلێڤەر لیۆنارد ئەندەرسن) لە بەشی ڕێکلام کردن و پەیوەندییە گشییەکاندا کاری کردووە. دووەم منداڵە لە سێ کوڕەکانی دایکوباوکی. کاتێک تەمەنی هەشت ساڵان بووە دایکوباوکی لەیەکتر جیابوونەتەوە. برا گەورەکەی پزیشکە و برا بچووکەکەی (ئیریک چەیس ئەندەرسن) نووسەر و نیگارکێشە کە دیزاین و نیگارەکانی لەچەند فیلمێکی (ئەندەرسن)دا پیشان دراوە، وەکوو (The Royal Tenenbaums). (ئەندەرسن) سەر بە نەژادێکی ئینگلیز و سویدی و نەرویجییە.
لە قوتابخانەی "ست. جۆنز" لە "هیوستن" لەساڵی ١٩٨٧ دەردەچێت، کە دواتر دەیکاتە شوێنێکی سەرەکی بەرهەمهێنانی فیلمی (Rushmore). لە تەمەنی منداڵیدا (ئەندەرسن) فیلمی بێدەنگی بەرهەمدەهێنا بە کامێرا هەشت میللیمەترەکەی باوکی، کە تیایدا براکانی و هاوڕێکانی ڕۆڵیان دەگێڕا، هەرچەند یەکەمین ئاواتی ئەوە بووە ببێت بە نووسەر. (ئەندەرسن) وەکوو نەخشە دروستکەر لە سینەمادا کاری کردووە لە (Hogg Memorial Auditorium). لەکاتێکدا دەچێت بۆ زانکۆی "تەکساس" لە "ئیوستن" لەوێ ئەکتەری بەناوبانگی ئەمریکی (ئوین ویڵسۆن) دەناسێت و دەبن بە هاوڕێ و هاوژوور لە ساڵی ١٩٨٩، و دەست دەکەن بە بەرهەمهێنانی کورتە فیلم، یەکێک لەو کورتە فیلمانە بەناوی (BottleRocket\1996) کە (ئوین) و براکەی (لوک ویڵسۆن) ڕۆڵی تێدا دەگێڕن. لە ساڵی ١٩٩١، بڕوانامەی بە کالۆریۆس بەدەست دەهێنێت له بەشی هونەر و پسپۆڕی لە بەشی فەلسەفە.
لەساڵی ١٩٩٨ یەکەمین فیلمی درێژی خۆی بەناوی (Rushmore) بەرهەمهێنا و کە لەساڵی ١٩٩٩دا توانی خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بباتەوە لە خەڵاتەکانی (Independent Spirit Awards). فیلمی دواتری بەناوی (The Royal Tenenbaums) لە چەشنی درامی، کۆمیدی لەساڵی ٢٠٠١دا بەرهەمهێنا، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و بوو بە سەرکەوتووترین فیلمی لەڕووی داراییەوە تا فیلمی (Moonrise Kingdom\2012)، ٧١.٤ ملیۆن دۆلاری لە بۆکس ئۆفیسدا قازانج کرد و بۆ خەڵاتێکی ئۆسکار پالێورا و لەلایەن گۆڤاری (Empire) لە ڕیزبەندی ١٥٩یەمین باشترین فیلمەکان دێت کە تائێستا بەرهەم هێنرابێت. لەساڵی ٢٠٠٩دا ئەنیمەیشنی (Fantastic MR. Fox) بەرهەمهێنا، ڕەخنەگران ستایشێکی زۆری فیلمەکەیان کرد و بۆ خەڵاتێکی ئەکادیمیای ئۆسکار پاڵێورا بۆ باشترین ئەنیمەیشن، هەرچەندە بەئەستەم بودجەی بەرهەمهێنانەکەی بەدەستهێنایەوە. لەساڵی ٢٠١٤دا فیلمی (The Grand Budapest Hotel) بەرهەمهێنا، کە بە یەکێک لە سەرکەوتووترین فیلمەکانی ئەم فیلمسازە دادەنرێت، نزیکەی ١٧٥ ملیۆن دۆلاری لە سەرانسەری جیهاندا قازانج کرد و بۆ چەندەها خەڵاتی گرنگ پاڵێورا، لەوانەش نۆ خەڵاتی ئەکادیمیای ئۆسکار، کە توانی ببێتە براوەی چوار خەڵات.
لەساڵی ٢٠١٨دا ئەنیمەیشنی (Isle of Dogs) بەرهەمهێنا و بۆ دوو خەڵاتی ئەکادیمیای ئۆسکار پاڵێورا. (ئەندەرسن) کاری دەرهێنانی بۆ کۆمەڵێک کورتە چیرۆکی نووسەری بەڕیتانی (ڕۆواڵد داهل) کردووە، بەناونیشانی (The Wonderful story of Henry Sugar) و سێ فیلمی تر بۆ کۆمپانیای "نێتفلێکس"، (The Wonderful Story of Henry Sugar)، کە لە ڤیستیڤاڵی فیلمی "ڤێنیس"ی ساڵی ٢٠٢٣ پەخشکرا. شایەنی باسه ئەم کورتە فیلمە لە ئاهەنگی ٩٦ـەمین خەڵاتەکانی ئەکادیمیای ئۆسکار بوو بە براوەی خەڵاتی باشترین کورتە فیلم، یەکەمین خەڵاتی ئۆسکاری (ئەندەرسن) بوو بەڵام خۆی لەوێ ئامادە نەبوو تا وەریبگرێت بەهۆی خشتەی بەرهەمهێنانی فیلمەکانییەوە. دواتر سێ کورتە فیلمی تری بەرهەمهێنا بەناوی (The Swan)، (The Rat Catcher)، (The Poison). (ئەندەرسن) پەیوەندی لەگەڵ نووسەری لوبنانی و دیزاینەری جلوبەرگ و ئەکتەری دەنگ، (جومان ماڵۆف) دانا، و وەکوو ئەکتەری دەنگ بە ڕۆڵێکی بچووک لە فیلمەکەی (ئەندەرسن)، (Fantastic MR. Fox) بەشدارە. لەساڵی ٢٠١٦دا کچێکیان بوو بەناوی (فرێیا).
فیلمەکانی
زنجیرەکانی
نییەتی