هایاو میازاکی
هایاو میازاکی
(هایاو میازاکی) لە ٥\١\١٩٤٥لە (تۆکیۆ)ی (یابان) لەدایک بووە، ئەو ئەنیمەیتەرێکی بەناوبانگی یابانییە و کارە سەرنجڕاکێشەکانی بە تەواوی جیهاندا بڵاو بووەتەوە لە نێویشیاندا کوردستان، ئەو لە کوردستان بە زنجیرەئەنیمەیشنی عەدنان و لینا (کۆنان، کوڕی داهاتوو) بەناوبانگە، ڕەخنەگران و تەواوی بینەران کارەکانی (میازاکی)یان بەرز نرخاندووە باوکی (میازاکی) بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی بووە بە ناوی فڕۆکەی (میازاکی)، ئەم کارەی خێزان وای لە (میازاکی) کردووە کە خۆشەویستییەکی زۆری بۆ فڕۆکە دروست ببێت و لە زۆرینەی کارەکانیدا ئەو هەستەی پیشان بدات، پاش تەواوکردنی خوێندنەکەی لە ئابووریدا لە زانکۆی (گاکوشوین) لە (تۆکیۆ) لە ساڵی ١٩٦٣، لە کۆمپانیایەکی ئەنیمەیشن دەستی بە کارکردووە، کە ئەو کۆمپانیایەش گەورەترین بەرهەمهێنەری کاری ئەنیمەیشن بووە لە ئاسیادا، ئەو لەوێ چاوی بە (تاکاهاتا ئیساو) دەکەوێت، کە دەبنە هاوڕێی ژیانی یەکتری و پێکەوە دەست بە کار دەکەن، هەروەها لەگەڵ (ئۆتا ئاکێمی)، کە ئەویش بە هەمان شێوە لە بواری ئەنیمەیشندا کار دەکات، ژیانی هاوسەرێتی دروست دەکەن، پاش جێهێشتنی ئەو کۆمپانیایە، لەگەڵ (تاکاهاتا) لە ساڵی ١٩٧١ لە چەندین کۆمپانیای تر دەست بە کار دەبن، ئەو شێوازەی (میازاکی) کاری لەسەر دەکات بە تەواوی لە فیلمی (ناوسیکا لە دۆڵی با) ئاشکرا دەبێت و ئەم فیلمەشی دەنگدانەوەیەکی باشی دەبێت، هەروەها لە ساڵی١٩٨٤ دا فیلمێک لەژێر هەمان ناونیشاندا بڵاو دەبێتەوە، کە ئیلهامی لە فیلمەکەی (میازاکی)یەوە وەرگرتووە، هەر لەو کاتەوە (میازاکی) و (تاکاهاتا) دەست بەکار دەبن و پێکەوە لە ساڵی١٩٨٥ (ستۆدیۆ گیبڵی) دادەمەزرێنن، ساڵی دواتر فیلمی (قەڵایەک لە ئاسمان) بڵاو دەکەنەوە و (ناوسیکا)ش لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی (ئەمەریکا) بڵاو دەبێتەوە، بە هۆی کارکردنی زۆر خراپ لەو فیلمەدا لە ڕووی دۆبلاژ و مۆنتاژەوە، فیلمەکە دەنگدانەوەیەکی باشی نەبوو، هەر بۆیە دەیەیەکی خایاند تاوەکو جارێکی تر (میازاکی) فیلمێکی خۆی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بڵاوبکاتەوە، (میازاکی) و (ستۆدیۆ گیبڵی) بەردەوام بوون لە بەرهەمهێنانی چەندین کاری ناوازە، ئەو (تۆتۆرۆی دراوسێم)ی بڵاو کردەوە، لەپاڵیشدا (تاکاهاتا)... (گۆڕی گوڵەستێرەکانی) بڵاو کردەوە لە ساڵی ١٩٨٨دا، هەردوو فیلمەکە لە لایەن ڕەخنەگرانەوە زۆر بە باشی باس کرا و سەرکەوتنێکی گەورەی لە ڕووی داراییەوە بۆ ستۆدیۆکە هێنا، پاشتر لە ساڵی ١٩٨٩دا فیلمی (خزمەتگوزاریی گەیاندنی کیکی)، کە باس لە چیرۆکی جادوگەرێکی گەنج دەکات، لە ساڵی١٩٩٢شدا فیلمی (پۆرکۆ ڕۆسۆ)ی بەرهەم هێنا، کە باسی لە پسپۆڕێکی فڕۆکەی یەکەم جەنگی جیهانی دەکات، کە بە نەفرەت کراوە و ڕوخساری بەرزای هەیە، ئەم سەرکەوتنانە ڕێگەیان خۆش کرد تاوەکو لە ساڵی ١٩٩٧ فیلمی (شازادە مۆنۆنۆکی) بەرهەم بهێنێت، کە بووە هۆی شکاندنی چەندین تۆمار لە بۆکس ئۆفیسی (یابان)دا، (شاری ڕۆحەکانی) میازاکی لە ساڵی ٢٠٠١دا گەورەترین خەڵاتەکانی بۆ (میازاکی) هێنایەوە، ئەو توانی خەڵاتی فێستیڤاڵی فیلمی (بەرلین) بباتەوە، توانی خەڵاتی باشترین فیلمی ئەنیمەیشنی (ئۆسکار)یش بەدەست بهێنێت، هەروەها بە باشترین فیلمی (ئاسیا)ش دەستنیشان کرا، لە (یابان)یش گەورەترین خەڵاتەکانی بەدەست هێنا و توانی پێش فیلمی (تایتانیک) بداتەوە بە بەدەستهێنانی زۆرترین داهات لە مێژووی (یابان)دا پاش سەرکەوتنە ناوازەکەی (شاری ڕۆحەکان)، (قەڵای جوڵاوەکەی هاوڵ)ی لە ساڵی٢٠٠٤ بەرهەم هێنا، باسی لە چیرۆکی کچێکی لاو دەکرد کە بە هۆی نەفرەتەوە ڕوخساری گۆڕابوو بە ژنێکی پیر، ئەم فیلمەش لە ساڵی٢٠٠٦ پاڵێورابوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین فیلم، دیزنی لە ساڵی ٢٠٠٥دا ڤێرژنێکی تری (ناوسیکا لە دۆڵی با)ی بڵاو کردەوە لەسەر دیڤیدی، کە هەم دەنگە یابانییەکە و هەم دۆبلاژە ئینگلیزییەکەشی لەخۆ گرتبوو، (پۆنیۆ) لە ساڵی ٢٠٠٨دا بڵاو بووەوە، (لە بەرزای گردی ئەفیونەوە) لە نووسینی (میازاکی) و (گۆرۆ)ی کوڕی کاری دەرهێنانی بۆ ئەنجام دابوو، هەروەها فیلمی (دنیای شاراوەی ئێریەتی) لە ساڵی ٢٠١٠دا بڵاو کرایەوە، کە لە پەرتوکە منداڵانەکەی (ماری نۆرتۆن)ەوە سەرچاوەی گرتبوو، (هەڵکردنی با) دواهەمین فیلمی (میازاکی)یە و باس لە ژیانی ئەندازیار (هۆریکۆشی جیرۆ) دەکات، کە دیزاینی فڕۆکە جەنگییەکانی (یابان)ی کردووە لە دووەم جەنگی جیهانیدا، ئەم فیلمە پاڵێوراو بووە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی (ئۆسکار)، (میازاکی) ڕای گەیاندبوو کە ئەم فیلمە دواهەمین فیلمی دەبێت، بەڵام کورتەفیلمێکی بەرهەمهێنا بە ناوی (بۆرۆی کرمۆکە) و دواتر ڕای گەیاند کە ئەو کورتەفیلمەی دەکاتە فیلمێکی درێژ، ئەم فیلمە بە یەکەم فیلم دادەنرێت کە تەواوی کارەکانی لەسەر کۆمپیوتەر کرابن، ئەو لە ٢٠١٥دا (ئۆسکار)ی شانازیی بەدەست هێنا. ........... سه‌رچاوه‌: پەڕاوی میازاکی: ژیاننامەی ئەنیمەیتەر هایاو میازاکی ماڵپه‌ڕى دیدی من لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال ....................... فيلمه‌كانى: - کۆنان کوڕەکەی داهاتوو (عەدنان و لینا) ١٩٧٨ - ناوسیکا لە دۆڵی با ١٩٨٤ Nausicaä of the Valley of the Wind - قەڵایەک لە ئاسمان ١٩٨٦ Laputa: Castle in the Sky - تۆتۆرۆی دراوسێم ١٩٨٨ My Neighbor Totoro - خزمەتگوزاری گەیاندنی ١٩٨٩ Kiki's Delivery Service - پۆرکۆ ڕۆسۆ ١٩٩٢ Porco Rosso - شازادە مۆنۆنۆکی ١٩٩٧ Princess Mononoke - شاری ڕۆحەکان Spirited Away (خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستھێناوە) - قەڵا جوڵاوەکەی ھاوڵ ٢٠٠٤ Howl's Moving Castle - پۆنیۆ ٢٠٠٨ Ponyo - ھەڵکردنی با ٢٠١٤ The Wind Rises - بۆرۆی کرم ٢٠١٨ Boro the Caterpillar

فیلمەکانی

زنجیرەکانی

نییەتی